ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە و گیانی وەرگرتنی ڕەخنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من ڕەخنەی توندم لەکەسی زیرەکەوە پێباشترە لە پشتیوانی کوێرانەی خەڵک – یۆهانس کێپلەر
هیچ گومان نیە لەسەرئەوەی پەروەردەی رەخنەگرانە، دیدێکی سەردەمیانەی پێویستە بۆ پەروەردەو ئایندەی گشت کۆمەڵگەیەک، ئەو دیدەی کەمانای جەوهەری ڕاهێنان و تێبینیکردن و سەرنجدان و خوێندنەوەی ووردە بۆ هەموو کایەجۆربەجۆرەکانی ژیان.
دیدی ڕەخنە وڕەخنەلێگرتن وابەستەی کایەکانی ژیان دەکرێت لەڕێگەی پرۆسەی پەروەردەوە، ئەوەش بەسانایی بەدینایەت پێویستی بە پلان ودانانی ئامانج و ستراتیژی دوورمەودا هەیە.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە(ڕەخنەیی) ئامانجی پێکهێنانی عەقڵە بە شێوەیەک کە بتوانێت بڕیارلەسەر بیرۆکە و تێڕوانین و بڕیاردانەکانی دەربکات بۆ دیاریکردنی ڕادەی یەکگرتوویییان لە ڕووی دەروونییەوە پێش ئەوەی وەریبگرێت، عەقڵی ڕەخنەیی دیاردەو ڕووداوەکان وەک خۆیان قبوڵ ناکات و پەلە ناکات لە باوەڕپێهێنانیان، بەڵکو دەیانخاتە بەردەم تەرازووی دەروون و بەراوردو هەڵسەنگاندنەوە، تاقیاندەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت. ئایا ڕاستن, یان هەڵەن.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە، هەنگاوی گرنگدان و بایەخپێدانەبە گیانی وەرگرتنی جیاوازی و بەراووردکردن تا دەگات بەئامانج، بۆیە دەکرێ ئەم تێزە ناوبنێین(جیاوازی ڕەخنە و ڕق) ئەمەش بەومانایە دێت کە هیچ کاتێک ڕەخنە ناچێتە ناوچوارچێوەی ڕق و کینەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێکی گرنگ لە گەیشتن بە دۆزینەوەی ڕێی ڕاست و دروستی ژیان، لەمبارەوە (مستەفا مەحمود) دەڵێت: (جیاوازی هەیە لە نێوان ڕەخنە و ڕق، لە نێوان ئامۆژگاری و ڕوشکێنی لە نێوان ڕێنمایی و سەرپەرشتیکردن، ژیانی خەڵک بە ناوی تۆ نەنووسراوە تا پێیان بڵێی چۆن بژین).
ئێمە پەروەردەی کەلتورێکی داخراووداگیرکراوین، لەناو هەناوی هەرتاکێکماندا، لەجێی رەخنە دڕکی ڕق و کینە ڕواوە، تاکە هۆکارێکیش کە بتوانین لێی دەربچین هاندان و بەپیرەوەچوونە، ڕووەو پەروەردەی رەخنەگرانە، ئەویش کارکردن و ماندووبونی گەرەکە تا ڕێچکەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بمانگەیەنێت بە ڕێگە ڕاست وفراوانەکەی ژیان، لەڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەگەین بە پەروەردەی ڕەخنەگرانە.
لەناو کۆمەڵگەی کوردی و ڕۆژهەڵاتی تائێستاش بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نەبۆتە نەریت، تا بتوانرێت بخرێتە ناو پرۆسەی پەروەردەوە، لەناو ژانرە ئەدەبیەکانیشدا ڕەخنە هەمیشە بەچاوێکی
دژودوژمن لێی ڕوانراوەو کەم نوسەرهەیە ئەوگیانە بەئاسایی وەربگرێت، بۆیە (مامۆستاهەژار)لەوەرگێڕانی (شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی)ئاماژە بەوەدەدات و دەڵێ من مەمنوونی ئەوانەم کەشڕەکانم بۆپینەدەکەن نەک هەوڵبدەن عەیب و عارم وەدەرخەن.
دیارە خۆی باش کۆمەڵگەکەی دەناسێت و ئەزانێت چۆن لەسەنگەردان بۆشکاندنی یەکتری.
ئاراستەی بەدیهاتنی ئەم بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە، بە کەسانی باش و بیرفراوان دەکرێت (سەلمان عۆدە)دەڵێت: ( دانیشتن لەگەڵ کەسانی ژیر کاریگەری ڕەخنەی خراپ لەسەرت کەمدەکاتەوە، واتلێدەکات بەچاوی ئاسایی لە ڕەخنەبڕوانی).
لەناو پەروەردەدا بەڕەچاوکردنی جیاوازییەکان و کارکردن لەسەربنەماکانی لێهاتوویی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامانجگەلێک بەدیدێنێت، کە هەموولایەنەکان و بەشەکانی ناوپرۆسەکە بگرێتەوە لەپیداگۆجی (فەلسەفەی پەروەردە) و شێوازی گەیاندن، یان وانە وتنەوەی مامۆستایان(دیداکتیک).
ئەوەی جێی شکوسەرنج و تێبینی من و زۆر کەسانی ترە، لەئێستادا مامۆستاکان بەگشتی بەگیانی بیری ڕەخنەگرانە ڕانەهێنراون و هیچ پلانێکی باش لەو جۆرە نەبۆتە بەرنامەی کاریان، کەئەمەش ئەوەندەی لەسەروەزارەتی پەروەردەیە کەمترڕەخنەکە ئەوان، یان مامۆستاکان دەگرێتەوە.
ئەوەی ئاماژەم بۆکردوە، تەنها تیشکێکە و خستومەتە سەرئەوکایە گرنگەی ژیان کە بۆ هەموولایەن وکایەکانی ژیانی کۆمەڵگە گرنگ و پێویستە، جا ئەگەربمانەوێ هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە، پێویستە لەناو پەروەردەدا ڕەنگدانەوەی باشی هەبێت، ئەوەش بەدەست خستنە سەر هەموو کەلێن و کەمووکوڕیەکانی ناو پرۆسەکە، لە دیاریکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ و سەردامییانە، ئینجا پرۆگرامی گونجاو و ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان، دڵنیام ئەوەش کاتی زۆری دەوێ، بەڵام دەستپێکردن زۆر باشترە لەچاوەڕوانی و دانیشتن بەدیاردۆخێکی خراپکراوی ناڕوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت