ئارام محەمەد غەریب: ڕاپۆرتی شیکار لەسەر ڕووسیاو ئۆکرانیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جەنگی ئۆکرانیاو روسیا، بەهۆی یارمەتیەکانی ئەوروپاو ڕۆژئاواوە، ڕووسیای تووشی تەنگەژەی ئابوری و سەربازی کردوەوە و ئۆکرانیای لەقوناغی بەرگری یەوە بەرەو قوناغی هێرش کردن پێشخستووە. لەم دوایەدا دژە هێرشەکانی ئوکرانیا بەرانبەرڕووسیا سەرکەووبوون بەهۆی یارمەتی هاوپەیمانەکانی یەوە. هەگبەی تەقەمەنی ڕووسیا بەرەوکز بوون دەڕوات، وەک پێویست ناتوانێت بەو خێرای یە تەقەمەنی نوێ بەبەرەکانی شەڕ بگەیەنێت، یاخی بوونەکانی گرووپی ڤاگنەر بەڕوونی ئەوەی بەڕووسیا راگەیاند و کۆتایی بەرەو یاخیبوون برد.
ڕووسیا بانگەوازی شەڕوەستان دەکات لە ئۆکرانیا بەهۆی ووڵاتی تورکیاوە، وەلێ هێشتا بۆ ڕۆژئاوا شەڕ وەستان زووەو کاتی نەهاتووە، چونکە ڕۆژئاوا وەک پێویست ئامانجی بێهێزبوونی ڕووسیایان وەک هێزێکی ڕکابەری بەرانبەر ڕۆژئاوا نەهێناوەتە ئەنجام.

دیدار
لە بەرواری 10 تا 13 ی سەبتەمبەر کۆبوونەوەی مەکۆی ئابوری دەست پێدەکات، ئەوە باشترین هەلە، بۆ پێکگەیشتنی کۆریای سەروو لەگەڵ ڕووسیا بۆ پێهێنانی بەرەیەکی هاوکاریی لەگەڵ یەکدیدا.
سەرۆکی کۆریای باکوور بەڕوونی دەیەوێت هاوکاری ڕووسیا بکات بە پێدانی تەقەمەنی وەک گوولە تۆپ و راکێتی زرێپۆش شکێن و راکێتی دوور هاوێژ،لەهەمان کاتدا کۆریای سەروو دەیەوێت تەکنەلۆژیای نوێ لە رووسیا وەربگرێت بۆ نوێکردنەوەی کەشتی یە ئەتۆمیە ژێر دەریاییەکانی و تەکنەلۆژیای سەر کڵاوەی ڕاکێتە دوورهاوێژەکانی. ئەم ئاڵوگۆرە کۆریای سەروو دەباتە قۆناغێکی نوێوە بۆ گەشەپیدانی کڵاوە ئەتۆمیەکانی بەهۆی تەکنەلۆژیای ڕووسیاوە ئەمەش دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپاو بگرە کۆریای خواروو ژاپۆنیش. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژاپۆن وکۆریای خواروو زیاتر پەنا ببەن بۆ نزیک بوونەوە لەئەمەریکا بۆ پیداویستیە سەربازی یەکانیان. میدیاکانی کۆریای سەروو و ئوروپاو ڕۆژئاوا زیاتر بەڕوونی ئاماژەی ئەم بۆ چوونانە دەخەنە روو لەسەری دەدوێن. لەپاش دابەش بوونی هەردوو کۆریاوە، بەشی سەروی دیکتاتۆری کۆمۆنیستی ماوەی 70 سالە بەرانبەر هیچ شەڕێک نەبۆتەوەو جاران هاوپەیمانی سۆڤیەتی کۆن بوو، هەروەها زۆربەی ئەو تەقەمەنیانەی کەبەرهەمی هێناوە بۆ چەکە کۆنەکانی ڕووسیا دەگوونجێن و هەمووی ماوەیەکی درێژە لە بنکە سەربازیەکانی کۆریای سەروودا پارێزراون و جێگەیان گرتووە، خەریکن بەرانبەر تەکنەلۆژیای چەکی تازە بەسەر دەچن. هەلێکی باشە بۆ کۆریای سەروو ئاڵوگۆڕ بەوتەقەمەنیانە بەرانبەر تەکنەلۆژیای تازە بکات، چونکە بۆ جۆری چەکەکانی ڕووسیا دەگونجێن، لەلایەکی دیکەوە ڕەنگە ووڵاتی چینیش ببێتە بەشێک لەو هاوپەیمانی یە، چونکە ئەمەریکا کۆستێکی گەورەیە لەبەرانبەر پێشکەوتنی پانخوازی چین، هەروەها ئەمەریکا بۆتە هۆی ورووژاندنی تایوان بۆ پەیمانی ناتۆ. سەرباری ئەو هەموو ئابڵووقە ئابووریانەی سەر کۆریای سەروو بەشی هەرەزۆری خواردەمەنی کۆریای سەروو لەوولاتی چینەوە دابین دەکرێت.

ئەنجام
ئەوروپاو ڕۆژئاوا دەیانەوێت بە پاشەکشەی رووسیا شەڕەکە بەرەو کۆتایی ببەن و چارەسەرێک بۆ کۆتایی جەنگ وەدی بهێنن، بەڵام ئەم ڕێکەوتنەی ڕووسیاو کۆریای سەروو زیاتر نەوت دەکات بەئاگری شەڕدەکەداو کڵپەی شەڕ زیاتر توندو تیژتر دەبێت بەڕووی بەشداری بووانی شەڕدا، زیاتر پریشکی شەڕ ئەوروپاو بەشێکی گەورە لەئاسیاش دەگرێتەوە. ئەو کاتە کۆریای سەروو تاوانباردەکرێت بەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئۆکرانیاو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی هەوڵ دەدەن کە ئابڵووقەی ئابووری بەتەواوەتی و بەشیوەیەکی تووندتر بخەنە سەر کۆریای سەروو لەگەڵ ڕووسیا.

بۆچوون
من وای بۆ دەچم ژیان و بەڕێوەبردنی بنەماکانی گەشەکردن و سەرکەوتن و داهێنان وابەستەن بەئابووری یەوە هەرووڵاتێکی هاوبەشی شەڕ ئابووری تێکبشکێت لەشەریشدا تێک دەشکێت و بەندەکانی ژێر کەوتن پەسەند دەکات، وەلێ شەڕی ڕووسیاو ئۆکرانیا لەسنووری دوو ووڵات تێپەڕیوەو دەستی وولاتانی سەرمایەدار دەیبات بەڕێوە، کەس ناتوانێت پێشبینی کۆتاییەکی خێرا بکات، چونکە لەهەموو گۆشەیەکەوە ووڵاتێکی دیکە بزوێنەریەتی. لە دووالێدوانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەڕوونی هۆشیاری دەداتە ڕۆژئاوا لەئەگەری فراوانبوونی شەڕدا ڕوسیا پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی دەبات بەهاوکاری کۆریای باکوور کە دوژمنێکی سەرسەختی ئەمەریکاو ئەوروپایە. ئەو هاوپەیمانییەی کۆریا لەگەڵ ڕووسیادا مەترسی یەکی گەورەیە بۆ فروان بوونی بەرەکانی جەنگ، هەروەها جەنگ بچێتە قۆناغێکی گەورەوترو مەترسیدارترەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت