ئەیوب سڵێمان: کاریگەری شۆڕشی بەهاری عەرەبی لەسەر 17ی شوبات لە باشووری کوردستان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شۆڕشی بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایی بوو لە کۆتاییەکانی ساڵی 2010 و سەرەتای ساڵی 2011 لە هەندێک وڵاتی عەرەبی دەستیان پێکرد، لە ڕۆژی 17. 12. 2010 لاوێکی هەژاری وڵاتی تونس بەناوی “موحەممەد بوعەزیزی” گڕی لەجەستەی بەردا، ئەم گڕەش عەرشی دەسەڵاتدارانی هەندێک لە وڵاتانی دیکتاتۆری عەرەبی سوتاند، ئەو ڕوداوە بوو بەدەستپێکی شۆڕشی چەوساوەکانی وڵاتانی عەرەبی، لەکۆتایی ساڵی 2010 کڵپەی ڕاپەڕینەکە هەڵگیرسا و بڵێسەی شۆڕشەکە لەتونسەوە پەرەی سەند گەیشتە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هۆکارە سەرەکییەکانی شۆڕشەکە لەمەڕ گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە، چەقبەستویی ئابوری و خراپی ژیانی هاووڵاتیان، تەنگبوونەوەی دۆخی سیاسی و خراپی باری ئاسایش و تەنگەتاو كردنی دەنگە ناڕازییەكان، ناڕوونی و دەستكاریكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە خەڵكی بەدەروازەی سەرەكی گۆڕانكارییەكانیان دەزانی.

زلـلەیەك بەئەندازەی هەورە بروسکە گڕی بەردایە شۆڕش:
بوعەزیزی سەرلەبەیانی ڕۆژی 17. 12. 2010 دوای ڕێكخستن و دانانی سەوزە و میوەكانی پاڵ بەعەرەبانەكەیەوە دەنێت، بەڵام هەندێك لە پۆلیسەكانی شارەوانی “سیدی بوزید” ناهێڵن بچێتە بازاڕی میوەفرۆشان، ئەویش پەنا بۆ برازایەكی خۆی دەبات تا پۆلیسەكان لە دۆخی تایبەتی “موحەممەد” تێبگەیەنێت و ڕێگەی بدەن كارەكەی بكات، بەڵام بەرپرسی پۆلیسەكان ڕەتی دەكاتەوە، دواتر خانمە پۆلیسی شارەوانی بەناوی “فادیە حمدی” لە بەرچاوی خەڵكێكی زۆردا زللەیەك لە دەموچاوی “موحەممەد” دەدات و پاڵ بە عەرەبانەكەیەوە دەنێت و بەزمانی فەڕەنسی پێی دەڵێت:(Dégage-ارحل – بڕۆ یان بۆ دەرەوە)، ئیدی ئەو دەستەواژەیە بوو بە دروشمی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تونس و دواتریش وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت باشووری كوردستانیشی گرتەوە.
دوای ئەوەی بوعەزیزی بەهۆی زۆری سوتاوی جەستیەوە گیانی لەدەستدا، یەکەم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە تونسەوە دەستیپێکرد، ناڕەزایەتییەکان زۆر زیاتربوون و لە سەرانسەری تونس تەقینەوە و پێکدادانی توند لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا، دوای لەدەست دەرچوونی دۆخی وڵات بەناچاری سەرۆکی تونس “زین العابدین بن علی” زۆری بۆ هات و لەناكاو پەنای بردە بەر وڵاتی سعودیە و بۆ هەمیشەیی ئەو وڵاتەی بەجێهێشت، دادگای تونس بە غیاب دادگایی ناوبراوی كرد و بڕیاری (207) ساڵ زیندانی و سزای (218) ملیۆن دیناری تونسی بۆ دەركرد.
شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە ڕووخاندنی پێنج ڕژێم و سەرۆک سەرکەوتوو بووە، یەکەم وڵات لە تونسەوە دەستیپێکرد، پاشان هاووڵاتیانی وڵاتی میسر وەک دووەم وڵاتی عەرەبی لە 25ی کانوونی دووەمی 2011 دژی سەرۆکەکەیان خۆپیشاندانی ملیۆنیان لە قاهیرە دەستپێکرد و توانیان “موحەممەد حوسنی موبارەک” لە سەرکردایەتی وڵات دوور بخەنەوە.
یەمەن سێیەم وڵاتی عەرەبی بوو لە 11. 2. 2011 شۆڕشی جەماوەری و خۆڕسک سەری هەڵدا، دواتر شۆڕشەکە لە مەدەنیەوە گۆڕدرا بۆ خەباتی چەکداری، هەرچەندە “عەلی عەبدوڵا ساڵح” سەرۆکی وڵات کوژرا.
ئوردن و بەحرەین لە 14ی شوباتی 2011 خۆپیشاندانی جەماوەریان بەخۆیانەوە بینی، ئوردن بە گۆڕانکاری کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیی و بەحرەینیش بەسەرکوتکردن کۆتایی پێهێنا.
لیبیا وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بوو شۆڕشی تێکەوت، لە17ی شوباتی 2011 خەڵکی شۆڕشیان دەستپێکرد، شۆڕشەکە خەباتی چەکداری و توندوتیژی بەخۆیەوە بینی، لە 21. 10. 2011 موعەمەر قەزافی لەشاری سێرت کەوتە بەردەستی شۆڕگێرانی لیبیا و کوژرا، ئەوەش کۆتایی دەسەڵات و سەرکەوتنی شۆڕش بوو.
سوریا لە 26. 2. 2011 شۆڕش تیایدا هەڵگیرسا و گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی سەخت، چەندین ساڵە خەباتی چەکداری بەردەوامە، دەیان هەزار کەس کوژران و سەدان هەزار کەس ئاوارەبوون، تا ئێستا سەرۆکی وڵاتی سوریا “بەشار ئەسەد” ماوەتەوە و کوشتار بەردەوامە.
لەهەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی شۆڕش سەری هەڵدا، بەڵام هەر زوو کۆتایی پێهێنراو گۆڕانکاریش نەکرا. سعودیە و جەزائیر و جیبۆتی و عومان و عێراق و کوێت، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی گرتەوە.

کڵپەی بەهاری عەرەبی باشووری کوردستانی گرتەوە
هاوشێوەی بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە شۆڕشی بەهاری عەرەبی هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، لە ڕۆژی 17 شوباتی 2011 ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كرد لە پارێزگاری سلێمانی بەمەبەستی پشتیوانی لەخۆپیشاندانی وڵاتانی میسر و تونس، بەڵام دوای دوو كاتژمێر لە خۆپیشاندانەكە خۆپیشاندەران بەرەو “بارەگای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان” ڕۆشتن و لەوێ بەهۆی پێكدادانی نێوان پاسەوانەكانی لق و خۆپیشاندەران كەسێك شەهید بوو و ژمارەیەك خۆپیشاندەریش برینداربوون.
ڕۆژانی دوای 17ی شوبات لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دژی خراپی سیستمی حوكمڕانی و گەندەڵی خۆپیشاندانیان كرد، بەكۆی گشتی بەهۆی ڕوداوەكانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواییەوە (10) كەس لەسنووری ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، شەهید بوون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

داواكاری خۆپیشاندەرانی 17 ی شوبات:
خۆپیشاندەرانی 17ی شوبات داوای ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت و كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزب لە زانكۆ و بازاڕ و دادگایان دەكرد، سەرباری ئەوەش داوایان دەكرد بارەگا حزبییەكان لە بینای حكومەت بهێندرێنە دەرەوە و چاكسازی گشتیش ئەنجام بدرێت. بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی حەوت خاڵی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم خستەڕوو و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
پاشان مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و پێشنیاری ئەوەی كرد كەسێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە ئامادەبکات، پەرلەمانی كوردستانیش بریاری ژمارە 17ی دەركرد كە جەختی لە چاكسازی دەكردەوە “ئەگەرچی زۆرینەی خاڵەكانی بڕیارەكە جێبەجێ نەكران” لەبەرامبەردا بەشێكی تری چاودێران پێیان وایە مادام دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی ماوەتەوە و بگرە بەهێزتریش بوون، کەواتە 17ی شوبات ئامانجەكانی لە باشووری کوردستان بەدی نەهاتوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت