ئەیوب مەحمود ئابڵاخی: سەرەتای دەرکەوتنی ڕێکخستن و گواستنەوەی چالاکی لە سلێمانیەوە بۆ هەولێر و چەند ڕاستیەکی مێژویی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر ڕوداو و بەرخودان لە شۆڕشی باشوری کوردستاندا هەبون کە ونن و نەبونەتە فاکتێکی مێژووی و وەک بەشێک لەو بەرخودانانە بناسرێ، کە ئێستە لەسەر کەناڵەکان و گێڕانەوە مێژووییەکان دەبنە چیرۆکی بەرخودانی شۆڕشی کوردی، لەناو ئەم ڕوداوانەدا بۆ هەولێر گرنگە ڕوبەڕوبونەوەکان و هێزی ڕێکخستن و دەرکەوتنیان لە ناو هەولێردا وەک خۆی بناسرێ تا ڕاستییە مێژووییەکان ون نەبێت، ئەو ڕێکخستنەی بۆ یەکەمین جار لە هەولێردا بەیاننامەی بڵاوکردەوە و دروشمەکانی لە شوێنە دیارەکانی هەولێردا دەنوسی گروپێک بوین کە خوێندکار بوین لە هەولێردا ، لێرەدا وەک خۆی هەمو ڕاستییەکان دەڵێم؛ تا ببێتە بەشێک لەو خەباتی بەرخودانە و ببێتە مێژووی سەلمێنراو.
کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەساڵی 1978پەیوەندیم کرد بە ڕێکخستنەکانی پارتی سۆشیالیستی کورد (پاسۆک)و ناوی نهێنیم (شێرکۆ)بوو، لەڕێگای عبدالله کریم (زەردەشت)ەوە بو، ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم ئەو سەردەمە چالاکی ڕێکخستن زیاتر خۆی لە بڵاو کردنەوەی نوسراوی حیزب و نوسینی دیوارەکان بە دروشمی دژبە ڕژێمی بەعس ئەبینیەوە، ئێمەش وەک ڕێکخستن سەرەتای پایزی 1980مانگێک ئەبوو شەڕی عێراق- ئێران دەستی پێ کردبوو لەگەڵ کاک زەردەشت لە سلێمانی شەوێک چالاکی دیوار نوسینمان ئەنجامدا، دیوارەکانی شێخ محی الدین لەنزیک ئابڵاخ تا مەتحەفەکە و بەیتەرە لەنزیک شەقامی گشتی سالم، لەناوەڕاستی 1980پەیوەندیم کرد بە ئیحسان (هەڵمەت) ـەوە،کوڕێکی تابڵێی بە ئیمان و چاونەترس بو، دڵسۆزبوو لەدەمەو بەهار شەوێک لەگەڵ ئەویش دیوارمان نوسی ئەمجارە لە چوارباخ و نزیک (مزگەوتی عبدالله لوتفی)، لەمەیاندا من بە باشم نەدەزانی و شوێنەکە ترسناک بوو بەشداریم لە دوو، یان سێ نوسین کرد و وتم؛ ئەڕۆم و هەردوکمان ڕۆشتین. دوای ماوەیەک شانەکەی ئێمە (دەمانچەیەکی لامەی بچوک)مان وەرگرت و بەزۆری لای من بوو، چەند پلانێکمان داڕشت بۆ کوشتنی پیاوانی ڕژێم و سەری نەگرت، گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هەولێر ساڵی1981بووە هۆی لەیەک دابڕانمان، چونکە هەڵمەت لە زانکۆ بوو، من لە شەشی زانستی. لە مانگی12ی 1981لە(معهد اعداد المعلمين)لە هەولێر وەرگیرام، مانگی 2ی 1982لەهەولێر لەگەڵ هەڵمەت یەکترمان بینی وتی باش بوو لێرەیت بەرنامەم هەیە و مەگەر تۆ لەگەڵم تەواو بکەیت، وتم چی یە؟
وتی مامۆستایەکی عەرەبمان بۆ هاتووە هەموو سەرەتای محازەرەیەک 20خولەک قسە بە کورد و قیادەی کورد ئەڵێت.! ئەیکوژین، وتم: چۆن؟ ئێمە شارەزانین تۆ ئەڵێیت: ڕێکخستنمان هەیە لە هەولێر، بائەوان بیکەن و ئێمە هاوکار بین. وتی نا با ئازایەتی یەکە بۆ خۆمان بێت. بەڵام لە پێشدا دیوار ئەنوسین و چەند هاوبیرێکی ترمان لەگەڵدایە. ڕاستییەکەی لە دڵەوە ئەترسام، بەڵام ئەوانەی لەگەڵم کاریان کردووە ئەزانن قەت بۆ هیچ کارێک نەم وتووە نایکەم! (داخیشم لێ ئەهات لەهەولێر دیوارێکم نەئەبینی نوسرابێت، لەکاتێکدا لەسلێمانی ببوە شتێکی ئاسایی و گەڕەکێک نەبوو، دەیان جار دیوارەکانی نەنوسرابێت و ئەم چالاکییانە پێش 1980ش ئەبینران. دوای ئەوە خۆیشم بە پاس و تەکسی چەند گەڕەکێک گەڕام، هیچم نەبینی، تەنانەت گەڕەکە دورەکانیش).
سەرەتای مانگی3ی 1982بوو کاک هەڵمەت وتی؛ حەزئەکەم شوێنی مامۆستاکەت پێ بڵێم؛ خۆم بە تەکسی دوای کەوتوم. پێم وابێت 4یان 5ڕۆژ بەیانیان زوو ئەهات بە شوێنما (ڕۆژەکان لەسەر یەک نەئەچوین) بەتەکسی ئەچوینە شوێنەکە وتی؛ گەڕەکی زانکۆیە خانوی تازەی لێ بوو، هەندێ شوێنی چۆڵ و هەندێ خانوو تازە ئەکران.کۆتا ڕۆژ بینیمان وتی؛ تۆ جوان سەیری بکە نەوەک من بناسێتەوە. من ڕێگایەکم دانا بۆ کوشتنی. کاک هەڵمەت وتی پلانەکەت جەهەنەمیە ئاسانت کرد. مەوعیدمان داناو هەینی لە سلێمانی یەکترمان بینی و دەمانچەکەم داپێی وتی کچێک وتویەتی؛ من بۆت ئەهێنم بۆ هەولێر. (ئەمانە ئێستا گێڕانەوەیان ئاسانە). من چەند نوسراوێکی مانگانەی حیزبم لا بوو، بردم لەگەڵ خۆم بەکەتیرە لەگەڵ نوسینەکان، هەڵمواسین بە دیوارەوە. گەڕاینەوە هەولێر، یەکمان بینی. وتی؛ هەموو شتێکم ئامادە کردووە. بۆیاخ و دەستکێشی خوری بۆ ئەوەی دەستمان پیس نەبێت، ئەگەر گیراین. ڕۆژێک پێش ئەنجامدان ئاگادارت ئەکەمەوە. ئەوەبوو17لەسەر 18ی 3ی 1982سەرلەئێوارە چومە بەشە ناوخۆیی ئەوان و پێش 12ی شەو هەڵساین.کاتژمێری سفر 12ی شەوبوو دەستمان پێکرد، دوای چەند خولەکێک گوێم لە دەنگی تەقەیەکی کەم بوو، بەڵام دووربوو. وەستام وتم؛ تەقەیە هەڵمەت وتی؛ ئەتەوێت شارێکی وا تەقەیەکی تیا نەبێت؟ ئەو جێگایانەی سەرەکین و لەبیرم ماون؛ 1
– دیواری بەردی قەڵا سەر شەقامەکە ڕوو لە پارێزگا.
2- دیوای قەڵا دەرگای سەرەوە خشتەکە ڕوی ڕۆژهەڵات.
3- نەقڵیاتی شیمال.
4- ناو حەوشەی سانەوی کوردستان.
5- ناو ئامادەیی پیشەسازی کوڕان.
6- دوو لاندکرۆزەری سپی منظمات نزیک ناوبازاڕەکە.
7- دوو لاندکرۆزەری سپی شباب، لە کارگەی مافور دەرچوین لەسەر شەقامە سەرەکی یەکە دائیرەیەک بوو گەڕاجیان بە بۆری ئاو بۆ دروست کردبوو. تانزیک کاتژمێر 3ی شەو یەکی قتویەک بۆیاخمان تەواو کرد، شایانی باسە دووجار توشی دەوریە بوین هەرجارەو بە جۆرێک ڕزگارمان بوو، کەتەواو بوین هەڵمەت منی بردەوە بۆ بەشە ناوخۆیی خۆم بەرامبەر سانەوی کوردستان بوو، خۆی ڕۆشتەوە. پێم وابێت تابەیانی تەنها نیو کاتژمێر خەوتم کەهەستام هەرچاوم لەسانەوی کوردستان بوو، بینیم ئوتومیلی ئەمن و نەجدە بەخێرایی ئەهاتن و ئەچون. منیش یەکسەر هاتمەوە بۆ سلێمانی. کاک فەرەیدون غفور کەخزمی خۆمە لەگەڵ هەڵمەت لە کۆلیژ و بەشەناوخۆیی بەیەکەوەبون، شەوهات بۆ ماڵمان، باران ئەباری، وتی؛ ئەمڕۆ سەعات سێ ئیحسان لەناو محازەرە گیراوە. ڕۆژی دواتر عەسر، سێ هاوڕێم دوابەدوای یەک هاتن بۆ ماڵمان وتیان ئەمن هاتون بۆ معهد بە دواتا. منیش لە دایک و باوکم ئەشاردەوە چەند ڕۆژێک لە ماڵ دور کەوتمەوە. کاتێک هەواڵم زانی چەند هاوبیرێکمان گیرابون. ئەوەی بۆ من جێگای داخ بوو نەحیزب نە هاوبیرێک لەمنی نەپرسی یەوە تا ئەو کات خۆمم لە ڕژێم شاردەوە تا لێبوردنی گشتی. هەمان ساڵ و مانگی 8لێبوردنی گشتی بوو، خۆم تەسلیم کردەوە، دوایی زانیم ئەوتەقەیەی سەرەتا من گوێم لێ بوو لە شەوی چالاکیەکەی هەولێر، یەکێک لە هاوبیرەکانمان گیرابوو. دوایی ناوی من و چەند کەسی تریان ئاشکرا کردبوو. شەڕە شەقی دوای تەسلیم بوونەوەش دەستی پێکرد، لە ئەمنی شئون تەلەبە زۆریان لێ ئەکردم، کاریان لەگەڵ بکەم. ئیغرایان ئەکردم، زەویم لەسلێمانی ئەوێت، یان هەولێر. وەکالەت وەر ئەگریت. چالاکییان بۆبکەم. من ڕەتمکردەوە! وتیان بادەوام دابنرێت قسەئەکەین، سەرئەنجام وازم لەخوێندن هێناو نەچومەوە.
دوای لێبوردنەکە کاک هەڵمەت لە بەندیخانە دەرچوو، سەردانم کرد. وتی وام زانی تۆش گیراویت.! گەردنم ئازاد بکە تەنها سێ کاتژمێر خۆم گرتووە ئیعترافم لە سەر کردویت. وتم لەوانەیە من بە یەک کاتژمێر هەموو شتێکم بوتایە. ئەوقسانەی لەئیسراحەت ئەمانکرد لەوکاتەدا ناخوات. پێم وابێت پێش تەواوبونی لێبوردنەکە چووە دەرەوە و بوبە پێشمەرگە و دەمانچەکەشی وەک ئەمانەت لەگەڵ خۆی بردبووەوە. مەخابن دوای ماوەیەک شەهیدبوو.
ئێستەش بە هۆی ئەوەی پاسۆک نەما و حیزبەکانی تر باڵادەستن و ڕاگەیاندنیان هەیە، چالاکی حیزبەکانیان دیارە و ئەوانی تریش ون بون. مەبەستم لە ڕێگەی ئەم نوسینەوە ڕاستیەکان وەک خۆی بڵێم بۆ مێژوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت