نەوزاد بەندی: لەو دیو خۆتەوە.!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەکە لەوەدایە، بێ ئاگاداریی خۆمان، یەکتری کۆنتڕۆڵ ئەکەین. -بۆ نمونە لە کۆڵانێکا، ماڵێک خانووەکەی ئەڕوخێنێ و بە دیزاینی نوێ خانوویەک دروست ئەکات. ئەمە وا لە هەموو ماڵەکانی کۆڵانەکە ئەکا بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ماڵەوەو پرسیارێکیان لە لا دروست بێ: بۆچی ئێمەیش وەکو ئەو نەکەین؟.
تۆ دەچیتە پێشانگای کتێب، ناچاریت لە ژێر کونتڕۆڵی ئەوانەی چواردەورتا، هەستیت کتێب بکڕیت، یان بە لایەنی کەمەوە وەک نووسەر، یان خوێنەر هەڵسوکەوت بکەیت، قەت بینیوتە کەسێک لە پێشانگای کتێبا بنەڕێنێ، یان جنێو بدات، یان ڕا بکات؟ لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەیان نە نووسەرن و نە خوێنەر.
ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ناڕاستەوخۆیە، لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆ کە کەسێک بە هێز، یان قسە دێتە سەر هێڵی ژیانت، ئازار بەخشترە. چونکە کونتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ ناچارت ئەکات خۆت بگەڕێی بۆ کەسانێک کە کونتڕۆڵت بکەن . ڕیکلام یەکێکە لەو هێزە ناڕاستەوخۆیەی بەردەوام وا دەکات مرۆڤەکان وەک خۆیان نەژین و پۆڵێنیان ئەکات و پلە و پایە و کاڵاکانیان بە سەردا دابەش ئەکا. ئەمەیه بە مێگەلکردنی، یان بە سەربازگاکردنی کۆمەڵگا، کە بێ ئاگای خۆت بوویتە سەربازی بیر وباوەڕ و کاڵایەک کە ڕەنگە خۆت وەک خۆت ساڵەهای ساڵ دژی بوو بیت. شەڕ و ئاشتبوونەوە و ڕق و خۆشەویستی و هەموو ڕووداوەکان، کۆنتڕۆڵکاری دوور و نزیکن و یاری بە مرۆڤەکان ئەکەن.
ئەوەی ئازار بەخشە، زۆرینەی ژیانمان ( بە ئاگا و بە بێ ئاگاداریی خۆمان ) وەک ئەوەی خۆمان ئەمانەوێ، ناژین. بەڵکو وەک ئەوەی ئەوانەی چواردەورمان ئەیانەوێ ئەژین. ئەمە پێی ئەووترێ فەلسەفەی مێگەل.
تەماشا ئەکەی زۆرینەی سەر خوانەکە، برسییان نییە و لە ژێر کاریگەریی ئەوانی تردا، دادەنیشن و خواردن ئەخۆن. زۆرینە حەزیان لە سەیران و سەفەر و میوانداریی نییە، بەڵام بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەوانی ترەوە بەشدارن.
زۆرینە کۆیلە نین، بەڵام کاتێ سیستمی کۆیلەکردن دەبێتە فەرمانڕەوا، هەمووان وەک یاسایەک پەیڕەوی لێ دەکەن و مافەکان و داهاتوو و هەموو ژیانیانی تێدا خەسار ئەکەن. تەماشای ئەوانە بکە کە هەڵئەپەڕن، زۆرینەیان خەمبارن، چونکە خواستی خۆیان نییه و لە ژێر کۆنتڕۆڵدان.
وای لێ دێت، مرۆڤەکان هەموویان لە یەکتر بچن، لە تەوەرە گشتیەکاندا هیچ جیاوازییەک نەبێ، ئەمەیش وا دەکات بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سەد ملیۆن کەسیی وەک بەڕێوەبردنی یەک کەس وابێ، تەنانەت ئاسانتریش بێ، چونکە تۆ بتەوێ کەسێک کۆنتڕۆڵ بکەیت، کاردانەوەی ئەبێ. بەڵام کاتێ بتەوێ سەد ملیۆن کەس کۆنتڕۆڵ بکەی، هەمووان بێکاردانەوە ئەبن، یان ڕاستتر هەر یەکەی چاوەڕێی کاردانەوەی ئەوانی تر ئەکات و ئەڵێ بۆچی من ببم بە سووری بەرلەشکر!؟. لە کۆتاییدا دۆخەکە بە بێ کاردانەوە تێدەپەڕێ، ئەوەیش کارەساتە گەورەکەیە کە تیایدا تەنانەت نیشتمانی تێدا دەفرۆشرێ بە بێ کاردانەوەی هاونیشتمانیان.
تەنانەت خێزانەکان، زۆرینەیان بە خواستی خۆیان دروست نەکراون، لە ژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵگادا و بە بیستنی هەندێ زەنگی ترسناک وەک زەنگی تەنیایی و بەجێهێشتنی شەمەندەرەکە و قەیرە بوون و پەڕاوێزکەوتن و ئەم جۆرە دروشمە کۆنتڕۆڵکارانەدا دروست بوون.
ڕەنگە ئینسان لە هەموو تەمەنیدا، یەک جاریش بە خواستی خۆی نەژیابێ، تێکڕای ڕۆژەکانی و تێکڕای بژاردەکانی، هی خۆی نین. ئیتر ئەم دۆخە، یان لە سەدا سەد کۆنتڕۆڵکراوە، یان کەمتر.گرنگ ئەوەیە خەڵکانێک بەردەوام لەناوەندی بڕیاردانیدان و ئەیکەن بە کەسێکی تر و وای لێ دەکەن وەک خۆی نەژی.
ئەم دۆخە، گەیشتۆتە ئەوەی فەیلەسوفێکی وەک؛ جان پۆڵ سارتەر بڵێت: مردنی باوکم زۆر باش بوو بۆم. یان سامۆئێل پیکێت ساڵەهای ساڵ قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکات و توشی نامۆبوون بێت کە پاشان بە شێت، یان چەپێنراو، یان ئاڵۆزیی دەروونی پێناسە کرا.
لە کاتێکدا تەنانەت تەنیاییش لەو کۆنتڕۆڵکارییە ڕزگارت ناکا و دوور بە دوور، کۆنتڕۆڵی وەهمی دێت و نەخشەکانت بۆ ئەگۆڕن، یان بە لایەنی کەمەوە هەستی ئەوەت لەلا دروست ئەکەن کە تۆ کەسێکی باش نیت و کۆمەڵگا و داب و نەریتت بە لاوە ناوە. وەک بیریارێک ئەڵێت؛ تەنانەت دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش، جۆرێکە لە سیاسەت.!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت