دڵشاد حامید دەروێش: کێشەی خراپە – بەشی کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیۆدیســـیا
تیۆدیسیا [Theodicy] وشەیەکی لێکدراوی یۆنانییە، لە [Theo] و [Dicy] پێکهاتووە، یەکەمیان واتای خودا و دووەمیشیان واتای دادپەروەری دەدات، کەواتە بەسەر یەکەوە دەبێتە دادپەروەری خودا. فەیلەسووفی مەزنی ئەڵمانی [لایبنتز] یەکەم جار وشەکەی ڕۆناوە، ئاشکرایە شاکارێکی وی تیۆدیسیا [Theodicy]یە کە لە ساڵی [1710ز]دا بڵاوی کردۆتەوە. تیۆدیسیا ئەو هۆیانە دەردەخات کە وادەکەن خودا ڕێگە بە خراپە بدات، یان وەک فەیلەسووفی ئەمەریکایی پلانتینجا لە کتێبەکەیدا [God, freedom, and evil]دا دەڵێت: [بریتییە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی خودا ڕێگە بە بوونی خـــــراپە دەدات]. هەمان نووسەر لە هەمان کتێبدا جیاوازی لە نیوان بەرگری [Defense] و تیۆدیسیا [Theodicy]دا دەکات، دواتر چەندان نووسەر و توێژەر هەمان جیاکارییان کردووە. بەرگری بریتییە لە نیشاندانی هەڵە و کورتهێنانی ئەو بەڵگەکاری و ئارگومێنتسازییانەی کە لە بوونی خراپەوە ئەنجامگیری نەبوونی خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و خێرخوازی ڕەها دەکەن، بەڵام تیۆدیسیا ئامانجی بەرسڤدانەوە نییە، بەڵکو خستنەڕووی پاساوگەلێکە بۆ بوونی خراپە. لەم پاژەدا دوو تیۆدیسیا گەنگەشە دەکەین، تیۆدیسیای ویستی ئازاد و تیۆدیسیای گیانسازی.

1- تیۆدیسیای ویستی ئازاد The Free Will Theodicy
ڕیشەکانی تیۆدیسیای ویستی ئازاد بۆ سانت ئۆگەستین [Augustine of Hippo]، یەکێک لە بەناوبانگترین باوکانی کڵێسا، دەگەڕێتەوە. ئۆگەستین بڕوای وایە جیهان تەواوکۆیە، خودا جیهانی بێ خراپەی ئاکاری و سروشتی ئافراندووە. لە پەرتووکی پەیدابوونیشدا هاتووە: [خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو]. مادام خودا خراپەی نەئافراندووە، ئۆگەستین پێی وایە خراپە بریتییە لە نەبوون یان پێواری چاکە [The absence of good]، وەکچلۆن تاریکی بوونێکی ڕاساوبەخۆی [القائم بالذت] نییە و نەبوون یان پێواری ڕووناکییە، بەهەمان شێوە خراپە بریتییە لە پێواری چاکە. بەڵام خراپە چلۆن خزایە نێو بوونەوە؟ بە گوێرەی کتێبی پیرۆز خودا ویستی ئازادی بە ئادەم و حەوا بەخشی، ئەمانیش بە ویستی ئازادی خۆیان لە فەرمانەکانی خودا یاخی بوون، یاخیبوونەکەشیان دۆخی تەواوکۆیی تێکدا، لێرەوە خراپەی ئاکاری و خراپەی سروشتی دێنە نێو جیهانەوە، لە کریستیانیزمدا بەمە دەگوترێت دۆکترینی کەوتنی مرۆڤ [The Doctrine of the fall of man]. وەک ئاشکراشە بەگوێرەی دۆکترینی تاوانی یەکەم [Original Sin] هەموومان تاوانەکەی ئادەم و حەوامان لە ئەستۆدایە. شایانی هێما بۆ کردنە خودا دادپەروەرە، بۆیە ڕێگری لە خراپە ناکات، چوونکە دواجار تاوانمان کردووە و دادپەروەری وادەخوازێت باجەکەی بدەین. لە لایەکی دیکەشەوە خودا خۆشەویستییە، بۆیە لە ڕێگەی مەرگی مەسیحەوە ژیانی نەبڕاوەمان بۆ فەراهەم کراوە.
هەڵبەت دەتوانین تیۆدیسیای ویستی ئازاد لە بەستێنە کرستیانییەکەی بترازێنین و زۆر بەسادەیی بڵیین خراپە زادەی ویستی ئازادی ئافەریدەکراوە ئازادەکانە. ئێمەی مرۆڤ ئازادین، ئازادیش بێواتا دەبوو ئەگەر نەمانتوانیبا خراپە بکەین. جیهانێک کە ئیمەی مرۆڤ تێیدا ئازادین، با خراپەشی تێدا بێت، بە دڵنیاییەوە باشترە لە جیهانێک کە تێیدا لە ڕۆبۆتێک زیاتر نین.
بێگومان سیۆدیسیای ئازادی ویست لە تیرۆژی ڕەخنە بێبەش نەبووە، بۆ شلايرماخر؛ تیۆدیسیای ئۆگەستین نالۆژیکییە، چوونکە ئەگەر ئادەم و حەوا تەواوکۆن، بۆچی یاخیدەبن و لە دۆخی تەواوکۆیی دەردەچن؟ بە ڕای شلايرماخر دەبێت هۆیەک هەبێت، نالۆژیکییە بڵێین یاخیبوونی ئادەم و حەوا زۆر بەسادەیی لە هیچەوە دێت، چوونکە تەنیا هیچ لە هیچەوە دێت. هەروەتر، ئۆگەستین بە سوودوەرگرتن لە پەرتووکی پەیدابوون، گریمانەی تەواوکۆیبوونی جیهان بەگشتی و مرۆڤ بەتایبەتی دەکات، بەڵام ئێستا تێکڕای بەڵگە زانستییەکان ئاراستەیەکی پێچەوانەیان وەرگرتووە. لە ئایینەکاندا، لانی کەم لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، لە سەرەتادا مرۆڤ لە دۆخی تەواوکۆییدا بووە، دواتر لەم دۆخە دەرچووە. وێناکەی زانست پێچەوانەیە، ئەگەر بەراوردی نیاندەرتاڵەکان بە مرۆڤی هاوچەرخ بکەین، بۆماندەردەکەوێت کە تەواوکۆیی دۆخێک نییە لە ڕابردوودا، بەقەد ئەوەی دەشێت لە داهاتوودا دەستمان پێی بگات.

2- تیۆدیسیای گیانسازی The soul-making theodicy
بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە دواتر بەهۆی نووسینەکانی سانت ئاگۆستینەوە شوێنی خۆی دەگرێت، سانت ئیرینیاوس St.Irenaeus [130 – 202ز] باوەڕی بە تەواوکۆیی مرۆڤ نەبوو، ئەم باوەڕەشی زادەی ڕاڤەکاری دێڕێکی پەرتووکی ئافراندن بوو کە دەڵێت: [با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت]. ئیرینیاوس پێیوابوو خودا سەرەتا مرۆڤ لەسەر وێنە[Image]ـی خۆی دەئافرێنێت، پاشان لە ڕووی ئاکارییەوە گەشەدەکات و بە قۆناغی لە خواچوون [Likeness] دەگات. واتە لەم تەرزە بیرکردنەوەیەدا، تەواوکۆبوون پڕۆسەیە، شتێک نییە لە سەرەتاوە پێماندرابێت، بەڵکو پڕۆسەیە و بەهۆی گەشەی ئاکارییەوە لە داهاتوودا بە دەستی دەهێنین. حاشاهەڵنەگرە ئاکارێک کە بە ڕامان و بیرکردنەوە و ئەزموون و بەکارهێنانی ویستی ئازاد پەرەیپێدراوە، بەنرخترە و ڕەسەنترە لە ئاکارێکی ئامادەکراو و پێدراو. خاڵێک کە لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە گەشەسەندنی ئاکارییانە [Moral growth] تەنیا لە جیهانێکدا مومکینە کە تێیدا ئازار و دەرد و بەڵا ڕاستەقینەبن. لەم بارەوە ئیرینیاوس لە [Against Heresies] دا دەنووسێت: [جیهانێکی خاڵی لە کێشەکان، قورسیەکان، مەترسییەکان و سەختییەکان، لە ڕووی ئاکارییەوە نەگۆڕ و وشکهەڵاتوو دەبێت. گەشەسەندنی ئاکاری و ڕۆحی بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئالانگارییەکان دەبێت].
فەیلەسووفی ئینگلیزی جۆن هێک تیۆدیسیاکەی لەسەر زەمینەیەکی ئیرینیاوسی دادەمەزرێنێت، چەمکێکی سەنتڕاڵی بیرکردنەوەی وی مەودای ئەپستیمیـ [epistemic distance]ـیە کە زۆر بە سادەیی واتە خودا بە ئەنقەست بوونی خۆی نادڵنیا [Uncertain] کردووە. ئەگەر خودا بە هانای هەمووانەوە بێت، ئەگەر وەڵامی نزای هەمووان بداتەوە، ئەگەر ڕێگری لە بوومەلەرزە و لافاوەکان تێکڕای خراپە سروشتییەکانی دیکە بکات، ئەگەر خۆبەخۆ لە بەرژەوەندی قوربانی دەست وەربداتە خراپە ئاکارییەکانەوە، مەودا ئەپستمییەکە نامێنێت و دەکەوینە بەردەمی خودا، لە دۆخێکی وەهادا، بێگومان تەنیا ترس ئاراستەی ڕەوتارەکانمان دەکات، ئیتر هەر قسەکردنێک لەبارەی ئاکار و ئازادی ویست جۆرێک لە دێوانەیی دەبوو. کەواتە بە بی مەودای ئەپستیمی، گەشەکردنی لایەنی ئاکاری مرۆڤ کە هێک بە گیانسازی [Soul- making] ناوزەدی دەکات، ئاستەم بوو. جگە لەوەش دەتوانین بڵیین، ئامادەیی بەردەوامی خودا وایدەکرد پەی بە یاسا سروشتییەکان نەبەین، ئاشکراشە تاوەکو ئەم یاسایانە نەزانین، ناتوانین بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیماندا، کار لەسەر خۆمان و دەورووبەرمان بکەین.

ئۆگەستین ئیرینیاوس
1- خودا مرۆڤی تەواوکۆ ئافراندووە. خودا مرۆڤی تەواوکۆ نە ئافراندووە.
2- مرۆڤ خراپە دەهێنێتە ئاراوە. خودا بە ئەنقەست خراپەی ئافراندووە.
3- خراپە نەبوونی چاکەیە خراپە بوونێکی دەرەکی و ڕاساوبەخۆی هەیە
ڕەخنەگەلێکی زۆر ئاراستەی تیۆدیسیای گیانسازی کراون، لەوانە زۆر جار خراپە ئاکاری و سروشتییەکان لەبری ئەوەی ببنە مایەی گەشەسەندنی لایەنی ئاکاری مرۆڤ، خودی مرۆڤەکە لەنێودەبات، بۆ نموونە لە کەیسی سوودا، خودی سوو مرد، خۆ ناشکرێت سوو بکەینە پێکارێک [وەسیلە] تاوەکو یەکێکی دیکە لە ڕووی ئاکارییەوە گەشەبکات. ڕەخنەیەکی دیکە بریتییە لەو پرسیارەی ئایە جگە لە ئەزموونکردنی سەختی و ئازار و ناخۆشی، خودایەکی زانای ڕەها و توانامەندی ڕەها و چاکەخوازی ڕەها، ڕێگەیەکی دیکەی بۆ پەرەپیدانی لایەنی ئاکاری مرۆڤ شک نەدەبرد؟

ژێدەرەکان
1. Baruch Spinoza, Short treatise on God, man & his well being.
2. Benedict de Spinoza, The Ethics, an 1887 translation by R. H. M. Elwes.
3. Mary Baker Eddy, Miscellaneous Writings, Christian Science Publishing Society, 1896.
4. Emily Cady, lessons in Truth, Unity School of Christianity, 1941.
5. Ernest Holmes, What Religious Science Teaches, Science of Mind Publications, 1974.
6. David Spangler, Revelation: The Birth of a New Age, Lorian, 1976.
7. سامي عامري, مشكلة الشر ووجود اللهو الرد على ابرز شبهات الملاحدة, ط2, تكوين للدراسات والابحاث. 2016.
8. Lee strobel, The Case for Faith, Zondervan, 2000.
9. Ronald H. Nash, Faith and Reason, ZONDERVAN. 1994.
10. John hick, Evil and the God of love, Harper & Row, New York, 1978.
11. David Hume, Dialogues Concerning Natural Religion, 1935.
12. William L. Rowe, the Problem of Evil and Some Varieties of Atheism, American Philosophical Quarterly, Vol. 16, No. 4 (Oct., 1979), pp. 335-341.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت