بەختیار شارەزوری & سەرکەوتی جیهاز: هاتنەکەی ئەردۆغان و چوارچێوەی ستراتیژی و هەرێم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی باسی واژۆکردنی 20 ڕێککەوتنامە بکەین لە نێوان سۆدانی و ئەردۆغاندا، دەبێت ئەو زانیارییانەمان لا بێت کە لە دوای ڕێککەوتنامەی (ئەستانە)وە و دوای سەردانەکەی ڕەئیسی بو ئەنقەرە، ڕێککەوتنێک هەیە بۆ بەرژەوەندی گرێدراوی ئەم دوو وڵاتە کە خۆیان بە خاوەنی زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن. تورکیا و ئێران بەرژەوەندی یەکتر لەبەرچاو دەگرن بە تایبەت لە عێراق و سوریادا، زۆرترین سنور و بەرژەوەندی تورکیا لە سوریادایە و بۆ ئێران هەمان هاوکێشە عێراق بە سی هەناسەدانی خۆی دەزانی، بۆ ئەم ئامانجانەش گڵۆپی سەوزیان بۆ یەکتر هەڵکردوە، بەدەر لەمەش ململانێیان هەیە. هاتنی ئەردۆغان بێ گڵۆپی سەوزی ئێران نەبووە، هەتا سەردانەکەی سودانیش بۆ ئەمریکا بێ ڕەزامەندی ئێران نەبوە. دوای موشەکەکانی سەر ئیسرائی، ڕۆڵی تورکیا دێته سەر ستەیجەکە، ئێران دەیەوێت لە زۆریک له ناوەندەکاندا کە ڕۆڵی هەیە پشویەکی دوای جەنگ وەرگرێ، هەر لە یەمەنەوە تا لوبنان و سوریا و بەتایبەت لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستە تورکیا وەک ڕۆڵی سەرەکی لە چوارچێوەی پێشنیاری چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئیمارات و قەتەر و عێراق بۆ پرسی ئاو بۆ ماوەی 10 ساڵ بخاتە جێبەجێکردنەوە. عێراق زۆر پێویستی بە ئاوی شیرینە و تورکیاش دەیەوێ 30 بۆ 40 کیلۆمتری سنوری وەک سوریا لێبکات، ئەم هاوکێشەیە دەبێتە (کارت بە کارت) لەگەڵیشیدا پرسەکانی ئاسایشی سنور و نەوت و جوڵە بازرگانییەکان، بۆیە هاتنی ئەدۆغان پاڵپشتی زیاتری لێدەکەوێتەوە بۆ ناوەند و پەراوێزخستنی هەرێمە، با بپرسین هاتنی بۆ هەرێم بۆچیە.؟
هەرێم لە دوای ڕیفراندۆمەوە بە دۆخێکی ئاشبەتاڵی شاراوە و نادیاردا تێدەپەڕێ، هیچ قورساییەکی سیاسی و ئابوری و سەربازی نەماوە، تەنها لەبەر دۆخی شلەقاوی عێراق وەک جوگرافیا و ئیدارەیەکی لاوەکی هەژمار دەکرێ، هاتنی ئەردۆغان جگە لە سەردانیکردن هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکراوە بگرە تا ئەو ئاستەی میدیاکانی نزیک لە دەستەڵاتی تورکی نوسیویانە (ئەردۆغان پیشوازی کرد لە سەرۆکی باکوری عێراق) بەم مانایە جگە لە لادان لەسەرەڕێدا بۆ پشویەک هیچی تری لێنەکەوتوەتەوە، بە پێچەوانەوە نامەیەک بو بە سەرانی کوردی باشور وترا، دوای ڕیفراندۆم هیچ قورساییەکی سیاسی و سەربازی و ئابوریتان نەماوە، دەبێت پابەندی ناوەند و ئەو گرێبەستانە بن کە تورکیا لەگەڵ عێراق گەیشتونەتە ڕێککەوتن، هاتنەکەی بۆ هەولێر تەنها بۆ ئەوە بوە کە بڵێ دەبێت پارتی (نەک هەرێم) پابەند بێت بە بەغداد و ڕێکەوتنەکانی نێوان تورکیا و عێراقەوە و هاوکارمان بێت لە ئۆپراسیۆنی وشکانی بۆ سەر پەکەکە و ئاسایشی سنور و دیواربەندکردنی سنوری نێوان عێراق و تورکیا، لێکەوتەکانی هاتنی ئەردۆغان بۆ هەرێم پارتی زیاتر بێهێز دەکات و ناوەند بەهێز دەکات.
بۆ تورکیا لە ئێستادا سەرەڕای بارگرژی لەگەڵ یەکێتی، یەکێتی و زۆنی سەوزی بۆ گرنگترە تا پارتی، چونکە یەکێتی لەناو بازنەی ئێرانی چوارچێوەی ئیتاردایە و تورکیاش ڕێکەوتنی لەگەڵ حکومەتێکدایە کە کۆنتڕۆڵەکەی لای چوارچێوەی ئیتار و تارانە، دواجار کورد دەبێت هەوڵ بدات پێگەی هێزی ناوچەیی و دەستوری لە ناوەنددا بەهێز بکات، نەک خەونی سەربەخۆیی و جارێکی تر دووبارەکردنەوەی هەڵە و لێککەوتەی خیانەت، چونکە زەمینەی گشتی بۆ خەونی سەربەخۆ بون لەبار نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت