سەرکەوتی جیهاز: ک. ن.ک پڕۆژەیەکی گشتگیر بۆ کۆگوتاری نەتەوەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مێژەوە تا ئێستا ئەگەر کورد یەکێک بوبێت لەو نەتەوانەی زۆرترین خوێن و قوربانی دابێت، ئەوا لە ئێستادا پێویستی بە پڕۆژەیەکە بۆ بەهێزکردنی یەکێتی ناوەکی و چەتری کۆکردنەوەی هەموو هێز و توانا گروپییەکان و ئاراستەکردنی بۆ ئامانجێکی دیارکراوی گشتگیری هەمەلایەنه. کورد لە قوڵایی مێژوەوە ئەگەر فرسەتێکی هەرێمی و جیهانی بۆ هەڵکەوتبێت، ئەوا بە هۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و دابەشبون بەسەر هێزەکانی ناوچەییدا، نەیتوانیوە ببێتە کارت و هۆیەک بۆ ئەوەی سەرەتایەک لە بونی کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی دروست ببێت. کورد ململانێکانی ناوخۆیی و شەڕی برا کوژی و لەسەروی هەمویانەوە خیانەت ئەو دەردە کوشندە بو کە کوردی لە کاروانی مێژوو دواخستوە. کورد لە ئێستا ئەگەرچی فرسەتێکی مێژوویی بۆ دروست بوە. بەڵام خۆی وەک نەتەوە لە دەرەوەی ئەو مێژووە، لەبەرامبەر مێژوودا چی بکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو مێژووەوە.؟
کورد پێویستی بە پڕۆژەیەکی گشتگیر هەیە، تا بتوانێت بە دنیا بڵێت؛ ئێمەی کورد دوای غەدرە مێژووییەکان و لەدەستدانی هەلە مێژووییەکان، دەکرێت دراسەی خۆی بکاتەوە، سود لەو هەڵە مێژووییانە وەربگرێت و بیکاتە پڕۆژەیەک تا بتوانێت سود لەم هەڵانە وەربگرێت و نەهێڵێت هەمان مێژووی شکست دوبارە ببێتەوە. با لە خۆمان بپرسین ئایا ( ک. ن.ک) دەتوانێ ئەو پڕۆژەیە بێت لە ئاست پێویستی ئێستا و مێژویدا.؟
(ک. ن.ک) لە ئێستا وەک چوارچێوە توانیویەتی بە کۆمەڵێک پێشنیاری نەتەوەیی و نیشتمانیەوە وەک سەرەتا و چوارچێوە هیوایەک بێت بۆ دۆزی نەتەوەیەک، دەکرێ (ک. ن.ک) کار لەسەر کۆی تەیارە سیاسییەکان بکات و خاڵی هاوبەشی هەموو هێزەکان بدۆزێتەوە و هێزەکان بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی مێژوییەوە، دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت لە ئێستاشدا سەرەڕای هەڵکەوتەی نەتەوەیی بۆ کورد، لە ناوخۆدا هەمان نەخۆشی کوشندەی یەکخۆری و تەخوینکردن و پاشکۆیەتی بە ڕونی هەیە، دەبێت (ک. ن.ک) کار لەسەر سڕینەوەی خاڵە ڕەشەکان بکات و خاڵە سپییەکان گەورەتر بکات، ئەرکی (ک. ن.ک)یە بتوانێت پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانی و نەتەوەیی درێژمەودای هەبێت، تا بتوانێت ببێتە چەتری کۆکردنەوەی هەمو بیروبۆچۆن و تەیارە سیاسییەکان و لەئاست بەرپرسیارییەتی مێژویدا بێت.
گرنگە (ک. ن.ک) لەم کۆنگریەدا ڕوئیای گەورەتر بکات و بەرهەمی کۆنگرەکانی دەربکەوێت و هاوڵاتی هەستی پێ بکات و بەریەککەوتنی هەبێت لەگەڵ دەرئەنجامەکانی،گرنگە (ک.ن.ک) لە بازنەیەکی بچوکدا نەسوڕێتەوە و کۆنگرەکانی لە ستراتیژی قوڵی نەتەوەیی نەگۆڕێت بۆ بۆنەیەکی تەقلیدی ببێتە مەراسمێک وەک میوانداری و یەکتربینین، گرنگە (ک.ن.ک)کۆنگرەیەک بۆ کۆنگرەیەکی تر گۆڕانکاری چۆنییەتی بکات و ببێتە دەلایەقەیەک بۆ یەکێتی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت