سەرکەوتی جیهاز & بەختیار نامیق: لە بەیانی یانزەی ئازارەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و بێ کیانێکی سیاسی لە مێژەوە تا ئێستا نەیتوانیوە هەم یارچەیەکی ناو ساحەی بەریەککەوتن و جەنگەکان و ململانێکان بێت و هەم کەوتوەتە بەردەم غەدری وڵاتە زلهێزەکان و نەیتوانیوە قۆناغەکانی مێژوو وەک خۆی ببڕێت، بە مانایەکی تر لەسەردەمی خێڵی گەورە و تیرەکاندا نەیتوانیوە پێکهاتەی خێڵی هەبێت بەرامبەر بە خێڵەکانی تر بوەستێتەوە، پاشان لە قۆناغی ئیمپراتۆرەکاندا دیسانەوە نەیتوانیوە ببێت بە ئیمپراتۆرێک یان بەشێکی کاریگەر لە ئیمپراتۆرە گەورەکان، لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەکان و ناسیونالیزمدا نەیتوانیوە بە یەک پاکێج ئامادەی قۆناغی ڕزگاری نەتەوەکان بێت و ببێتە یاریچی یەکی باشی ئەم قۆناغە و بونی خۆی لەناو هاوکێشەی بەریەککەوتن و ململانێکان و هاوپەیمانیە ئابوری و سەربازی و ئایدۆلۆژیاکاندا بسەلمێنێ ، ئەم نەتوانینە هۆکاری زۆرە کە دەکرێ بە هۆکاری سەرەکی و هۆکاری لاوەکی پۆلێن بکرێت ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان یەکێتی ناو ماڵی کورد بوە، کە ئەمە بابەتێکە دەکرێت خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ بکرێت، کورد بەم هۆکارانە دابەش بوە بەسەر چوار پارچەی سەرەکیدا هەر یەکەیان لە ژێر ڕەحمی وڵاتێکی دژەکوردایە ، کە ئەگەر فارس و تورک و عەرەب لە سەر زۆر دۆسیە ناکۆک بوبێتن تا ڕادەی جەنگیش، ئەوا کە هاتوەتە سەر دۆسیەی کورد هاوبەرژەوەندی بون نەیان هێشتوە کورد هیچ پێگەیەکی هەبوبێ، خۆ ئەگەر ئەمە بە پیلانی نەعلەتی سایکس بیکۆ یان سیڤەر و لۆزان بزانین ئەوا بۆ خۆی دووبەرەکی ناو ماڵی کورد هۆکارە سەرەکییەکە بوە، لێرەوە کاتێک کورد بۆشاییەکی سیاسی و مێژووی بۆ دروست بوە شانسی دەرکەوتنی هەبوە هەر لە میرنشینەکانەوە تا ئێستا، بەڵام لەبەر دابەشبونی کورد بەسەر جەمسەرەکانی هێزدا نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێ کە قۆناغەکە بۆ کورد پێویستی پێی هەبوە.
لە باشوری کوردستاندا لە چاو پارچەکانی تردا کورد بۆشایی و هەلی مێژووی زێڕینی بۆ هەڵکەوتوە، دیسانەوە وەک دەڵێن؛ کورد مەحکومە بە دوو بارەبونەوەی مێژوو، هەمان هەڵەی ستراتیژی گەورەی کردوە، بە شێوەیەک تاک سەرکردە نەبوە. کورد بە یەک پاکێج داخڵی یاریەکان نەبوە، بەڵکو بووە بە دوو، یان سێ پارجە و دژی یەک بونەتە کارتی دەستی دوژمنەکانی خۆی. لێرەوە ئەگەر سەیری ئەمڕۆی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی بکەین و سەیری دەستکەوتەکانی ئێستای کوردی باشور بکەین، بەراوردکاریەکی زانستی بکەین، ئەوا کورد نەیتوانیوە دەستکەوتەکانی یانزەی ئازاری ساڵی 1970 تێپەڕێنێ لەوەش خراپتر وەک خاک، هەمان ئۆتۆنۆمی کارتۆنیە کە حکومەتی بەعس دروستی کردبو، بگرە کەزۆر کەمتریش. ئێستای دادگای فیدڕاڵی ئەگەرچی لە ژێر حکومی تاراندایە، بەڵام دواجار ناوەندچێتی تۆختر دەبێتەوە کە دەکاتە ئەوەی بڵێین؛ ئایا لەم ناوەندچێتیەدا کە دەکاتە دەستوری عێراقی پێگەی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی عێراقی چی ماف و ڕۆڵێکی دەبێت؟ بە مانایەکی تر ئەوەی پێێ دەوترا ئابوری سەربەخۆ، یان دەوڵەتی کوردی لە دوای قۆناغی ڕیفراندۆمەکەوە کۆدەنگی و کۆیەکناگیری دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەییدژە کورد هەیە؟ بۆ ئەوەی هەرێم تەواو لاواز بکرێت تا ئاستی ئۆتۆنۆمی بە کارتۆنیش فیدڕاڵی و هەر چوار دەستەڵاتە گەورەکەی هەرێمیش، هەمان کۆپی مەجلیسی تەنفیزی و مەجلیسی تەشریعی حکومەتی عێراقی بێت.
خۆ ئەگەر لە 11ی ئازاردا کورد توانیبێتی تا ئاستێک بگات بە مافە سەرەتاییەکانی ئەوا بە بەراورد بە ئێستا کە کورد لە ڕوی خاک و پێگەی ناوەند و ئابوری هەتا سیاسی و دبلۆماسیشەوە زۆر گەڕواوەتەوە دواوە، دادگای فیدڕاڵی ڕۆڵی پاشەکشەی کورد دەگێڕێت بۆ ناو چوارگۆشەی یەکەم کە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانی باشور، جۆرێک لە پێشوازی هەیە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کە هۆکارەکەی بەرهەمەکانی دەستەڵاتی کوردیە کە زیاتر خێڵەکین و نەیان توانیوە دامەزراوەییان هەبێت و سیستەم هەبێت تا تاکی کورد هەست بکات لە سایەی ئەم دەستەڵاتە خاوەنی ماف و ئەرکی خۆیەتی.
خۆ ئەگەر لە 11ی ئازاردا وەفدی کوردی ئەوەی کە دڵسۆز بوە کاری لەسەر دەستوری عێراقی کردبێت، ڕێککەوتنەکەیان بە 22بڕگە نوسی بێت و 15یان ئاشکراو 7 یان نهێنی، ئەوا د کتۆر مەحمود سۆرانی ڕۆڵی گرنگی بینیوە، ئەگەرچی مەلا مستەفا هەم سەرۆکی پارتی بوە هەم واژۆی ڕێککەوتنەکەی کردووە، بەڵام وەفدەکە خەڵکانێک بون شارەزا و ڕۆڵی گرنگیان هەبوە.
دوای 54ساڵ لە ئێستادا داگای فیدڕاڵی رۆڵی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی 1974 دەبینێ، کورد بیەوێ و نەیەوێ ناتوانێ بەرامبەر بە ناوەندگیری هیچ بکات. چونکە سەرکردایەتی کوردی فاشیل بون لە ئیدارەی ناوخۆێی و یاری چێتی لەسەر ئاستی دەرەکی، تاکە کارتێک دوای دۆڕاندنی کورد لە باشور مافەکانی کوردە لە دەستوردا، ئەمە جگە لەوەی کە دانوستانەکانی بەرەی کوردستانی و ناوەند تەواو فاشیل بو، واتا دەستور تاکە هێز و کارتە کە کورد پشتی پێ ببەستێت و ڕوبەڕوی دادگای فیدڕاڵی ببێتەوە. لێرەوە ڕۆڵ و پێشبینی تاکە سەرکردەیەک دەردەکەوێت کە چۆن لە دوای ڕوخاندنی سەدامەوە دەرکی بەوە کردوە کە کورد تاکە هێزێکی گەورەی هەبێت هێز و کارتی دەستورە. ئەویش نەوشیروان مستەفا بوە کە یەکێک بوە لە وەفدی دانوستکاران و ڕۆڵی سەرۆکی وەفدەکەی بینیوەو کاری زۆر گەورەی لەسەر مافەکانی کورد کردوە لە دەستوری عێراقی داوی سەدامدا لە گەڵ هاورێکانی. ئەوەی ئێستە هەر باس ناکرێت و سەرکردایەتی کوردی وەک تاکە پەناگایەک بۆ مافەکان بەکاری دێنن، دەستکەوتی نەوشیروان مستەفا و تیمی نوسینەوەی دەستوری عێراق و هاوڕێکانی بوە کە پێشبینی ئەمڕۆی ئابوری و سیاسی و جوگرافی و دەکرد و وەک پاشخانێکی بەهێز بۆ ئەمڕۆ کاری لەسەر کرد.
لە کۆتایدا کورد تا ئێستا لە ناو بازنەی 11ی ئازاردا دەخوڵیتەوە، ئەوەی ماوەتەوە دوای شکستی دەستەڵاتی کوردی مافەکانی کوردی باشورە لە دەستوردا، کە دەتوانین بڵێین کارەکتەری سیاسی سەرەکی نەوشیروان مستەفا و تیمی نوسینەوەی دەستوری عێراق و هاوڕێکانی بوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت