عوسمان کەوکەبی‌شاد: هێرشی ئاسمانی ئێران بۆ سەر ئیسرایل.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حەماس لە 7. 10. 2023 ی زاینی هێرشی بۆ سەر ئیسرایل کرد. لەو هێرشەدا زۆر کەسی مەدنی کوژران و زیاتر لە 200 کەسیشیان بە دیل گرت. ‌هێندێک لە دیلەکان ئازاد کراون. بەو هۆی ئەو هێرشە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆز بوو. دوایی ئیسرایل هیرشی کردە سەر کەرتی غەززە، سوریا و لوبنان. هیزی ئاسمانی ئیسرایل بنکە و بارگاکانی سەر بە ئێرانی لە لوبنان و سوریا بوباران کرد.
هەروەها ئیسرایل لە رێکەوتی 1. 4. 2024 هێڕشی ئاسمانی کردە سەر کونسولخانەی ئێران لە شاری دەمێشق لە وڵاتی سوریا. ئێران گوتی تەنیا ئەوە کونسولخانەیەکی دیپلۆماسیە و کاری دیپلپماسی تێدا دەکرێ. بەڵام بە گوێرەی زۆر لە سەرچاوەکان ئەو کونسولخانەیە وەک بنکەی سوپای پاسدارانی قودس بە کار هاتووە. کوشتنی حەوت لە سەرکردەی پاسدارانی سەر بە بنکەی قودس ئەو هەواڵە پشتراست دەکاتەوە. یەکێک لە سەر کردەکانی باڵای سوپای پاسدارانی قودس کە لەو هێرشەدا کوژرا، محەمەد رەزا زاهیدی بوو. کونسولخانەکە بە تەواوی وێران بوو. رژێمی ئێران هەڵویستی توندی لە بەرابەر ئەو هێرشە نواند و بڕیاری تۆلە کردنەوەیدا. ماوەی 12رۆژ خۆیان بۆ هێڕشکردنە سەر ئیسرایل ئامادە کرد. دەسەڵاتدارانی ئێران مێدایای خۆیان چالاکانە بە دژی ئەو هێرشە بە کار هێنا. هێندێک لە لایەنگرانی رژێم بە دژی هێرشی ئیسرایل لە شەقامەکان خۆپێشاندانیان بەرێوە برد.
سوپای پاسدارانی ئێڕان لە رێکەوتی 12. 4. 2024 هێرشی ئاسمانی کردە سەر خاکی ئیسرایل. زیاتر لە 300 موشەک و درۆنی رەوانەی سەر خاکی ئیسرایل کرد. سوپای پاسداران گوتی ئەو هێرشە، وەڵامدانەوە و تۆڵە کردنەوەی ئێمەیە لە ئیسرایل، لە بەرانبەر ‌هێرش کردنە سەر کونسولخانەی ئێران لە دەمێشق. ئەوە یەکەم جارە کە رژێمی ئێران راستە و خۆ هێڕش بکاتە سەر خاکی ئیسرایل. ئێران هەر ئەو لایەنگر و چەکدارانەی شیعەی وڵاتانی تری بۆ هێرش بە دژی ئیسرایل بە کار هێناون. ئەو گروپە چەکدارانەی شیعە، کە ئێران بۆ ئامانجەکانی خۆی بە کار دێنیت، حەماسە لە فەلەستین و حیزبوڵڵایە لە لوبنان و حوسیەکانن لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە ئێراق و چەکدارنی شیعە لە سوریا. ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە رژێمی ئێران لە سەرەتایی هەڵگریسانی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرایل، چەندین جار بە فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر پاپۆر و بنکە سەربازیەکانی ئیسرایل و ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ئۆروپا لە ناوچەدا.
سوپای ئیسرایل بەرگری ئاسمانی باش و بە هێزی هەیە. سوپا سالاری ئیسرایل دەڵێ 99٪ لە موشەک و درۆنەکانی ئێرانی پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکێنن خراونە خوارەوە. هەروەها ئەمریکا و ئۆردۆن و بریتانیا لە تەقاندوەی موشک و درۆنی ئێرانی هاوکاری ئیسرایلیان کردووە.
گەلانی ئێران لە رژێم بێزارن و چاوەراونی هەلێکن بۆ گۆرینی. لە ئێران رێژەی بێکاری و هەژاری زۆر چۆتە سەرێ. نرخی کەل و پەلی پێداویستی رۆژانە گەلێک بەرزە و لە کرین نایەت. هەروەها نرخی دراوی ئێرانی (تمەن) زۆر چۆتە خوارێ. یەک دۆلاری ئەمریکی ئەمرۆ 64.700 تەمەنی ئێرانێیە. گەندەڵیش لە ناو دامو دەستگاکانی حکومەتدا زۆر، زۆرە. لە گەڵ ئەو هەموو کێشانەش حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران رژیمێکی دیکتاتۆرە. مافی کەمە نەتەوەکانی وەک کورد، بلوچ، ئازەری و عەرەب هتد، پێشێل کردووە و بە کەیفی خۆی دەیان چەوسێنیتەوە. مێدیا لە ئێران ئازاد نیە و دەبێ لە چوار چێوەی یاسا و رێسای رژێم کار بکەن. رژێمی ئێران بە هێرش کردنە سەر ئیسرایل دەیهەوێت کە سەرنجی گەلانی ئێران لە سەر کێشەکانی ناو خۆ لابات و بیاگوێزیتەوە دەرەوەی سنورەکانی. رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت بە شەڕ کردن لە گەڵ ئیسرایل، ئیسلام وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە کار بێنێ و خەلکی موسڵمانی پێفریو دات. بەڵام زۆربەی خەڵک لە پلان و دیکاتۆری ئێران گەیشتووە و فریو ناخۆن. حکومەتی ئێران بە ملیارد دۆلار خەرج دەکات بۆ شەڕ کردن. وا باشە کە ئەو بودجە زۆرە بۆ نەهێشتنی بێکاری و هەژاری ناو خۆی بە کار بێنیت. ‌هەروەها بەو درواە زۆرە چاکسازی و ئاوەدان کردنەوەی وڵات بکات.
ئەنجومەنی شەڕی ئیسرایل بریاری داوە کە بە توندی وڵامی هێرشی ئاسمانی ئێران بداتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت؛ ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵام دانەوەی هێرشی ئیسرایل. شەڕی نێوان ئێران و ئێسرایل تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگرێتەوە وڵاتانی دەورو بەر تێوە دەگلێن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت