حەسەن ڕازانی: ڕازان، بیرەوەری پێشمەرگایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمەی سەرەوە ناونیشانی ئەو کتێبەیە کە کاک سدیق مەحمود ڕازانی نووسیویەتی. کاک سدیق کۆپیەک لەو کتێبەی بەدیاریی بۆناردم و لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2023 پێم گەییشت! منیش لە سەرەتای مانگی ئاب، دەستم بە خوێندنەوەی کردوو لە ماوەی یەک هەفتەدا لە خوێندنەوەی بوومەوە! سووپاسی کاک سدیق دەکەم بۆ ئەو دیارییە!
لێرەدا پێم خۆشە کورتەیەک لە سەرنجی خۆم دەربارەی ئەو کتێبە بنووسم. ئەو سەرنجەی من هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبە نیە تا بچم هەموو کەلێن و قوژبنێکی بگەڕێم و بە چراو شەدایان لە کەم و کووڕیەکانی بڕوانم و بە هەمان شێوەش لە باشیەکانی و خاڵە پۆزەتیڤەکانی بڕوانم. نە ئەوە کاری منەو نە پێشم وایە کە ئەو کتێبەش پێویستی بەو جۆرە کارە هەیە! ئەوەی من تەنها سەرنجێکی کورتی خۆمە لەسەر کتێبەکە وەک خوێنەرێک و هیچی تر.
زۆر پێم خۆش بوو کە کاک سدیق هەستاوە بەو ئەرکەو ئەو کتێبەی نووسیوە. ئەوەی ڕاستی بێت پێم وانەبوو کە کاک سدیق بتوانێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات. چونکە ئەوەندەی من ئاگاداری ئەو بنەماڵەیە بم کاک سدیق ئەو هەلەی بۆ نەڕەخساوە کە بتوانێت بخوێنێت و هیچ نەبێت بتوانێت قۆناغی سەرەتایی تەواو بکات. نووسینی کتێبی لەو شێوەیەش کە پڕە لە زانیاریی مێژوویی لەسەر بنەماڵەکەیان و لەسەر بزووتنەوەی کوردایەتی و لەسەر لایەنی جوگرافیی ئەو دەڤەرەی لای پشدەرو تەنانەت ئەودیوی ڕۆژەهڵاتی کوردوستانیش، کارێکی وا ئاسان نیەو کەسێکی وای دەوێت کە هیچ نەبێت قۆناغی سەرەتایی تەواو کردبێت لە خوێندن و هیچ نەبێت دەست و پەنجەی هەندێک جار بەکارهێنابێت لە نووسینی بابەتێک ،وتارێک یان چیرۆکێک و سەرگوزشتەیەک کە خستبنییە سەر کاغەز.
ئەدی کاک سدیق ئەو کتێبە نایابەی چۆن توانی بخاتە بەردیدی خوێنەران؟ ئەمە، بە بڕوای من، کارێکی بەڕاستی ماندووبوونی زۆری ویستووە. من لەوە تێگەییشتم کە بەڕێز ڕێبوار بەکرەجۆیی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کارەدا، بەڵام قسەکە لەوەدایە دەبێ خاوەنی کتێبەکەو نووسەری کتێبەکەش خۆشی بڕێک ئەوهێزەی تێدا هەبووبێت. قسەکەم ئەوەیە، کە من پێم وایە کە کاک سدیق چۆن هێشتا ئەوەندە منداڵ بوو کە باڵای هەر بەقەدەر چەکی کەڵاشینکۆفێک دەبوو کە چەکی کەڵاشینکۆفی کردە شان و چووە سەنگەری پێشمەرگایەتی و هێزو ئیرادەی لە ئاستێکدا بوو کە دەتوانێت ئەو کارە بکات ، لە نووسینی ئەو کتێبەشدا من پێم وایە هێزو ئیرادەی کاک سدیق لە ئاستێکدا بووە کە پێی وابووە دەتوانێت ئەو کارە بکات و گووری داوەتە خۆی و دەستی داوەتێ و ئەوەتە لە کۆتاییشدا گەییشتووە بە ئەنجام. سەدجار دەستی خۆش. جا ئەوەندەی کە لە لێرەدا بۆم بلوێت و دەرفەتم هەبێ من بەم شێوەیە سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو:
یەکەم/ کتێبەکە بیرەوەرییەو بیرەوەریش دەبێ تۆ ئەوە بگێڕیتەوە کە گوێت لێبووە، یان بینیوتە، یان ڕاستەوخۆ خۆت تێیدا بوویت و پەیوەستە بەخۆتەوە، واتە پەیوەستە بە ژیانی خۆتەوە. نووسەری کتێبی ڕازان هەر لەسەر ئەو ڕێسایە ڕۆیشتووەوە. نووسەر لە زووربەی هەرێ زۆری نووسینەکەدا خۆی ڕاستەوخۆ کەسی یەکەمی نووسینەکە بووەو خۆی دەڵێت و دەنووسێت نەک لە دەمی کەسی دووەم، یان سێیەمەوە کە بڵێت دەیان گووت، یان وایان دەگێڕایەوە. واتە لە دەمێکەوە بۆ دەمێکی تر نیە، بەڵک و لە خۆیەوە ڕاستەوخۆ بۆ خوێنەرە. ئەمەش زیاتر نووسین و بیرەوەریەکان وەڕاستر دەگێڕێت..
دووەم/ نووسەری کتێبی ڕازان ئەو بیرەوەریانەی بەشێوەیەکی بابەتیانە نووسیونەتەوە. وەک کوردەکە دەڵێت کەش و فشی بەخۆیەوە نەکردووە، خۆی نەکردووە بە پاڵەوان و خەڵکی تریش بە فسس پاڵەوان. نووسەر، بە بڕوای من، ڕووداوەکانی بەشێوەیەک گێراونەتەوە وەک ئەوەی کە هەبوون نەک وەک ئەوەی خۆی مەبەستی بووە لە گێڕانەوەیان. خۆهەڵکێشان و بەخۆدا هەڵگوتنی تێدا نیە، بەڵکو هەمووی پڕە لە نەگبەتی و دەردەسەری و نەهامەتی و کوێرەوەری و زەبوونی بەدەست ژیان و کوردایەتیەوە.
سێیەم/ کتێبەکە کۆمەڵێک زانیاری مێژوویی، جوگڕافی و سیاسیشی لەخۆگرتووە کە من پێم وایە دەتوانرێت وەک سەرچاوەش سوودی لێببینرێت. بۆ نموونە ناوی پێشمەرگەکانی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ئەو دەڤەرە، ناوی پێشمەرگەکانی تیپی 63ی جوتیاران و هەرێم و کەرت و مەفرەزەکان، ناوی شەهیدەکان و بریندارەکان، ناوی شوێن و گوندەکان و دۆڵ و لوتکە چیاو ڕێگاو بانەکان، ئینجا بابەتی سیاسیانەی وەک شەڕە ناوخۆییەکان و موفاوەزە لەگەڵ حوکەمەت لە 1984و هەروەها ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە دوای ئەنفال و جۆری تەشکیلات و ڕێکخستن و ئەو بابەتە حیزبیانەی تر. ئەمانە هەموویان زانیاریی بەسوودن و دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت. من بۆ خۆم کە وا خەریکی نووسینەوەی بیرەوەریەکانی خۆمم سوودم لەو کتێبەی کاک سدیق وەرگرتووە کە پێویستم بە ناوی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ئەو دەڤەرە بوو، هاتم لە کتێبەکەی کاک سدیقدا دەستم کەوتن.
چوارەم/ جۆری نووسین و گێڕانەوەی ڕووداوەکان و باس کردنی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەیان و تەنانەت کە دەپەڕێتەوە بۆ سەر ژیان و بیرەوەری کەسانی تری نێو بنەماڵەش بەشێوەیەک دەیان گێڕێتەوە کە خوێنەر وا لێدەکات واز لە خوێندنەوەی نەهێنێت تا تەواوی دەکاو تا بزانێت ئینجا دوای ئەوە دەبێ چی ڕوو بدات. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم شێوەی نووسین و گێڕانەوەی ڕووداوەکان بەشێوەیەکە کە تام و چێژێی وای هەیە کە خوێنەر وا لێ دەکا پەڕە بە دوای پەڕە بەردەوام بیت و واز لە خوێندنەوەی نەهێنێت. جا لە لایەکەوە هەمووی مەرگەسات و ناخۆشی و جەرمەسەرییەو لە لایەکی تریشەوە جۆری گێڕانەوەکە وات لێ دەکات بەدووا بکەوی و تەواوی بکەی تا دەگەییە ئەنجام و کۆتاییەکەی.. من بۆ خۆم وام کردوو هەتا تەواوم نەکرد وازم نەهێنا. بۆ نموونە ڕووداوە مێژووییەکەی کوڕکوڕ کە بە مەرگەساتی کوڕکوڕ ناوی هێناوە لە کاتی ئەنفالەکان و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەدا. من پیم وایە هەندێک لە ڕووداوەکان بۆ نموونە ئەوەی کوڕکوڕو ئەو کۆمەڵە کەسەی خزمانی بێگەڵاس کە ژمارەیان دە کەس بووەو چوون بۆ گیا دروین بۆ گوندی شۆڕان لە بەهاری 1980 و لە لایەن سەربازەکانی ڕەبیەی ئەو ناوچەیە ڕەمی کراون و تەنها یەکیان بە برینداری خۆی ڕزگار کردووە. یان بابەتی دایکی نووسەر کە لە دیوی کوردوستانی ڕۆژهەڵات لە گوندی سێوە تاڵە کە بەو سەرماو سۆڵەو سەختی زستانەی ئەو ناوچەیە لەو کاتەشدا تەنها سێ ڕۆژ بووە کە ئێران خانی بووە، عەجەم هاتوونە سەریان و بە زۆری زۆرداریی دەریان پەڕاندوون لەو گوندەو دوایی بەدزیەوە بە هاوکاری کوێخا عەبدوڵای گوندە کەو خەڵکی تری گوندەکە دایکی نووسەرو منداڵەکەو پوورە نازداری هاتوونەتەوەو ئەوانی تریش ڕۆییشتوون بەرەو شوێنەکانی ترو بێ ئاگاماوون لە یەکتری ..
ئایا ئەمە پێویستی بەوە نیە بکرێتە فیلمی سینەمائی. چونکە هەموو ئەو ڕووداوانە چیرۆکی تراژیدیی ڕاستەقینەن و ڕوویان داوە. ژنێک منداڵی سێ ڕۆژەی بە بەرمەمکانەوە بێت و لەو سەرماوسۆڵەداو بە چلەی زستانێ دەرت پەڕێنن بەرەو کێوەکان چ دیمەنێکی تراژیدی و هەست هەژێنە. ئەمانەو چەندین ڕووداوی تر هی ئەوە ن و ئەو گرنگیەیان هەیە لە ڕووی تراژیدییەوە کە بکرێنە فلیمێکی سینەمایی. یان هەر لە گێڕانەوەی مەرگەساتی کوڕکوڕ کە محمدی حاجی ئەحمەدی باوزێ ناسراو بە هاوڕێ منداڵەکانی بەجێدێڵێت لە ناوبەفرداو پێیان دەڵێی خۆ ئیمە هەر دەمرین! ئێوە لێرە بن و وەعدی شەڕەف بێت بەدواتاندا دێمەوە خۆ ئێوە هەموو هەر نامرن خوا بەشی من هەر دەهێڵێتەوە. محەمەد منداڵەکان بەجێ دێڵێ و تەسلیم بە بەفرو بەستەڵکیان دەکاو خۆی لە شاخی بەردەداتەوەو بەرەو خوارەوە دەڕواو لە ناو بەفردا دە
چەقێت!… ئەمە هەمووی تراژیدیایەو بە نووسین ناتوانرێت بخرێتە ڕوو ئەمە دەبێت بکرێتە فلیمی سینەمایی و خەڵکی دەرەوە بزانێت کورد چی بەسەر هاتووە!
پێنجەم/ بە بڕوای من، ڕووداوەکانی ناو کتێبەکە تەواو ڕاستن و درووستکراو نین، بە بەڵگەی ئەوەی چەند کەسێکی تریش لە گێڕانەوەی هەندێک لە ڕووداوەکان بەشداریان کردووە کە خۆیان بەشێک بوون لە ڕووداوەکە بۆ نموونە ڕووداوو مەرگەساتی گەرووی کوڕکوڕ. هەمووان گێڕانەوەکەیان وەک یەکەو وەک یەک تراژیدیەکە دەخەنەڕوو چونکە خۆیان کەسانی نێو کارەساتە تراژیدیاکە بوون…
شەشەم/ دەربارەی بنەماڵەو کەس و کاری خۆی کە نووسەر دێتە سەر ژیان و چۆنیەتی ژیان و لە دایک بوون و خوێندن لە هەندێک شوێندا دەگونجێت وەک پێویست نەیپێکابێت بەڵام ئەوەیان هیچ لە بەهاو نرخی نووسینەکە کەم ناکاتەوەو دەگونجێت وەک هەڵەیەکی نووسین یان چاپ سەیریان بکرێت. بۆ نموونە کە دێتە سەر باسی شەهید محەمەد ڕازانی دەڵێت ساڵی 1963 خوێندی سەرەتایی تەواو کرد. من پێم وایە شەهید محەمەد ڕازانی لە 1974 کاتێک کە هێشتا شەڕ هەبوو لەگەڵ حکومەتی بەعس خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد. وە بۆ کۆتا تاقیکردنەوەی شەشەمی سەرەتاییش چوون بۆ شاری سەردەشتی کوردوستانی ڕۆژهەڵات لەوێ تاقیکردنەوەی وەزاری یان بەکالۆریان ئەنجام دا. من خۆم شەهید محەمەد کە لە سەردەشت هاتنەوە و تاقیکردنەوەی بەکالۆریان ئەنجامدا لەسەر کانی ڕازانێ شتەکانی بۆ باس دەکردم .. شەهید محەمەد لە خوێندن هاوڕێ پۆلی محەمەدی مەلا عوسمانی دەوژانێ و ئازاد سەلیمی گەناوێ و ئەوانە بوو. ئەوەندەی کە من ئاگادار بم ئاهوا بوو.
حەوتەم/ نووسەر هەتا هێزی بیرەوەری هاوکاری بووبێت هەوڵی داوە نووسینەکەی فراوان کات و کەس نەبوێرێت کە لەو مەودایەدا هەبوون و کەسانێک بوون دەکەونە ناو چوارچێوەی ئەو بیرەوەریانە. واتە بەشێک بوون لە ڕووداوەکان و بیرەوەریەکانی نووسەر. چەندین کەس و خێزان و ناویان هاتووە. حەتمەن دەبێ کەسانێکیش هەبن کە ناویان نەهاتووەو لەو نووسینەدا شوێنیان نیەو هەش بوون، بەڵام خۆ ئەوە بە بڕوای من ناکاتە ئەوەی کە نووسەر بە مەبەستەوە ناوی نەهێناون، من پێم وایە ناوی نەزانیون یان لە بیری چووەتەوە..
هەشتەم/ کۆتایی کتێبەکەی بە چەندین وێنەی پێشمەرگەو کەس و خزم و دۆستان تەواو کردووە. کە بەڕاستی من بۆخۆم کە تەماشا هەندێک لەو وێنانە دەکەم و زووربەیان دەناسم و یادگاریم لەگەڵ هەندێکیاندا هەیە، بۆمن گرنگیەکی تایبەتیان هەیە. کەواتە بۆ کەسانیکی تریش بە تایبەتی بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە ئێستا خۆشبەختانە لە ژیاندا ماوون و بەشێک بوون لەو مێژووە بۆئەوان زیاتر لە من گرنگی هەیە. بە بڕوای من ئەمەش کارێکی گرنگە کە نووسەر پێی هەستاوە هەرچەندە ئەوە ماندووبوونێکی زۆری ویستووە، بەڵام وەک کوردەکە دەڵێ: ماندووبوونەکەی بە زایە نەچووە.
نۆهەم/ دیدو بوچوونی هەندێک کەسایەتی نزیک لەو بنە ماڵەیەو نزیک لە هەردووک کەسایەتی گوندەکە لە کاک مەحمود ڕازانی کە خۆشبەختانە ئێستا لە ژیاندا ماوەو لە شەهید محەمەد ڕازانی کە بەداخێکی زۆرەوە لە کۆتایی ئەنفالەکاندا لە 1. 3. 1988 لە شەڕی بەرگریی لە سەرکردایەتی لە ناوچەی شەدەڵە شەهید بوو، ئەمەش زیاتر کتێبەکەی بەهێزتر کردووە. من خۆم یەکێک بووم لەو کەسانە کە دیدو بۆچوونی خۆم دەربارەی ئەو بنەماڵەیە بەگشتی و کاک مەحمود ڕازانی بە تایبەتی و شەهید محەمەد ڕازانی بە تایبەتی تر دەربڕیوە. ئەمەش بۆخۆی کارێکی گرنگە کە نووسەری کتێبەکە پێی هەتساوە.
دەیەم/ خاڵێکی تر ئەوەیە کە بەلامەوە زۆر گرنگە ئەوەیە کە هەندێک سەرچاوەشی دیاریکردوون کە پشتی لە نووسینی ئەو کتێبەدا پێبەستوون!

لە کۆتاییدا دەڵێم
یەکەم/ هیچ کارێک بێ کەم و کووڕی نیەو بە تایبەتی کارێکی لەو شێوەیە و بە تایبەتی تر کارێکی ئەدەبیانە کەکەسێک پێی هەستابێ کە هیچ ئەزموونێکی لەو بوارەدا نەبووە، بەڵام بە هاوکاری هەندێک کەس و دۆست و بە تایبەتی ڕاستەوخۆ بەهاوکاری بەڕێز ڕێبوار بەکرەجۆیی کاک سدیق توانیویەتی ئەو کارە ئەنجام بداو ئەو کتێبە نایابە بخاتە بەر دیدی خوێنەران..
دووەم/ کاتێک کە نووسەر دەچێتە ناو بارودۆخی سیاسی خۆیان لە ناو گوندی ڕازان، دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو کات لە ناوخۆدا دەستێک هەبووە کە زیاتر وای کردووە کە کاک مەحمود ڕازانی کە دەکاتە باوکی نووسەر بکەوێتە ژێر چاودێری دەزگا ئیستیخباراتی و سەربازیەکانی حکومەت لەو ناوچەیەدا و تووشی هەڕەشەو گرتن و ئازاریش ببێت و لە کۆتاییشدا ناچار بەدەربەدەری کراوون. ئەمەش نموونەیەکە کە لە سەرتاسەری کوردوستان و لە زۆرێک لە ناوچەو دەڤەرو گوندو شارەکاندا باوی هەبووە، بەڵام تازە ئەوە وەک بیرەوەرییەو هیوادارم هەروەک کارێک کە دوێنێ ڕوویداوە چاوی لێبکرێت.
سێهەم/ من پێم وایە ئەوەندە نووسینەی کە نووسەرتەرخانی کردووە بۆ باس لە نەهامەتی و نەگبەتی و دەردەسەرییەک کەبەسەر بنەماڵەکەیاندا هاتووە هێشتا کەمەو زۆرتر هەڵدەگرێ، چونکە زۆر لەوە زیاتر بەسەریان هاتووە. ئەوەی کە بەسەر ئەو بنەماڵەو هاوشێوەکانیان هاتووە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دارایی و فیزیکی و سایکۆلۆجیەوە بە نووسین ناتوانرێت بەوەندە نووسینە باسی تەواوی لێوە بکرێت. بەڵام ئەوەندەش لە هیچ زۆر زۆر باشترە. دەست خۆش کاک سدیق
هیوای سەرکەوتن بۆ کاک سدیق دەخوازم.. دەستخۆشی لە بەڕێز ڕێبوار بەکرەجۆیی دەکەم کە ڕاستەوخۆ هاتۆتە نێو بابەتەکەو هاوکاریی نووسەری کتێبەکەی کردووە. من پێم وایە ئەگەر بەڕێز ڕیبوار بەکرەجۆیی هاوکار نەبوایە بە ڕاستەوخۆیی، ئەوا کتێبەکە ئەو تام و چێژەو بەهێزییە ئەدەبیەی ئێستا ی نەدەبوو. بۆیە هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژی بۆ ڕێبوار بەکرجۆیی دەخوازم و هیوادارم نموونەی زۆر بن.
دەستی هەموو ئەوکەسانە خۆش کە هاوکارییان پێسکەش بە نووسەر کردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت