چێنەر عەوڵا: شەڕی ئیسرایل و حەماس – هۆکارەکان (خوێندنەوەکی جیاواز).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ئەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەی خوێنەری کورد فراوانبێت و تەنها لە یەک دیوی بەرتەسکەوە سەیری ڕوداوەکان نەکەین.. با من بە پشت بەستن بە چەند بەڵگە و ڤیدیۆیەک بۆتان ڕونکەمەوە کە ئەوەی ئێستا لە نێوان ئیسرایل و فەلەستینیەکان ڕوودەدات گەمەیەکی هەرێمی و جیهانیە کە لە تورکیا و هیندەوە تا دەگاتە چین و پاکستان و ئێران و رۆژئاواشی تێوەگلاوە، پێکدادانی جەمسەرە هەرێمیەکان و ڕێگا تجاریەکانە. چۆن؟!
ماوەیەک بەر لە ئێستا سەرانی وڵاتانی (جی 20) لە هیندستان لە دواین کۆبونەوەیاندا مێمۆراندومێکیان ئیمزا کرد کە ڕێگای (بەهاراتی نوێ) بنیاد بنێنەوە کە هیند لە ڕێی کەنداوی فارسەوە بە ئیمارات و سعودیەو ئوردن و ئیسرایلدا بۆ یۆنان تا ناوجەرگەی ئەوروپا دەبەستێتەوە، قازانجی ئەم رێگا نوێیە خۆی لە 400 بۆ 600ملیار دۆلار ساڵانە دەدات و وەکو شازادە محمد بن سەلمانی سعودیە لە دواین چاوپێکەوتنی بۆ فۆکس نویزی ئەمریکی باسی کرد ماوەی بازرگانی هیند و ئەوروپا ماوەی 6 ڕۆژ کەمتر دەکاتەوە لەوەی ئێستا هەیە وە فشار لەسەر نۆکەندی سویس لادەبات و ئیسرایل و ئەوروپا و جیهانی عەرەبیش لێک نزیک دەکاتەوە لەو چوارچێوەیەشدا بە چاودێری ئیدارەی بایدن سعودیەو ئیسرایل لە گفتوگۆ و لێک نزیکبونەوەدا بوون. چوارچیوەی گفتوگۆکان گەشبوو بە باس و خواس لەسەر مافی داهاتووی فەلەستینیەکان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ! ئەمە لە وتەکانی ناتانیاهۆی سەرۆکی ئیسرایل لە یوئێن تەئکیدی لەسەر کرایەوە.
ئەم ڕێگا تازەیە گورزێکی ڕۆژئاوایە دژی چین. وە گورزێکی هیندیشە دژی تورکیا کە هیند دەمێکە تورکیا بە یامەتیدانی جوداخوازە ئیسلامیکەکانی کشمیر و پاکستان تۆمەتبار دەکات وە دژی پێدانی درۆن بە پاکستان تورکیای ئاگادار کردۆتەوە. چونکە ئەم هێڵە تورکیا بایپاس دەکات ناڕەزایی رەسمی سەرۆکی تورکیا رەجەب ئەردۆغانی لێکەوتەوە تا ئەوەی لە لێدوانێکی هەڕەشە ئامێزدا گوتی ئاسیا بە ئەوروپا نابەسترێتەوە ئیلا بە تورکیادا نەبێ وە کەوتە هێرشکردن بۆسەر هیندستان و بە لانکەی توندرەوی و جینوسایدی موسڵمانان تۆمەتباری کرد! وە ئەمە وەکو گورزێکی سعودیەشە دژی ئێران و قەتەر لێکدانەوەی بۆ دەکرێ چونکە بە ئیماراتدا بۆ سعودیە و ئوردن و ئیسرایل تێدەپەڕێ ئەمە لەکاتێکدایە ئەم هێڵە تیجاریە تازەیە رەنگە ببێتە بەدیلێکی وزەش بۆ ئەوروپا و وابەستەیی ئەوروپای بە روسیاوە کەمتر دەکردەوە. بۆیە ئەم وڵاتانەی بە تەواوی تەنگاو کردوە.
خالێ لاوازی ئەم هێڵە نوێیەی تیجارەتە پەیوەندیەکانی ئیسرایل و جیهانی عەرەبیە بە رابەرایەتی بن سەلمانی سعودی چاودێران گەشبین بوون بەوەی لە وڕوەشەوە هەندێک پێشکەوتن بێتە گۆڕێ بەتایبەت ئەوەی بن سەلمان مەبەستیەتی کۆمەڵگای سعودی بە ئاقاری کرانەوەدا ببات و سعودیە لە 20 ساڵی داهاتوو ببێ بە 17 هەمین وڵاتی زلهێز لەڕوی (جی دی پی) وە. بەڵام بۆ لێک نزیک بونەوەی ئیسرایل و جیهانی عەرەبی دەبێ بزوتنەوەکانی حەماس و ئەوانی تر کە نزیکن لە ئێران و تورکیا چارەسەر بکرێن یان رازی بکرێن. زانراوە کە لەم ساڵانەی دوایدا سەرکردەکانی حەماس و لایەنگرانیان لە تورکیا رەگیان داکوتاوە لەلایەن ئەردۆغان و ئێرانەوە بەردەوام یارمەتی دەدرێن بۆیە لە کاتێکدا کە هەرەشەی دورخستەنەوەی ئەو دوو وڵاتە لە گەمە هەرێمیەکاندا دروست بوو یەکسەر شەڕی نێوان ئێسرایل و فەلەستینیان خۆش کرا و گفتوگۆکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرایل پەیکی کەوت و هێڵی بەهاراتی تازەش بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون هەنگاو دەنێ!
ئەم بابەتە دەکرێ زۆر درێژتر و ورتر لەسەر بنوسرێ، بەڵام دەزانم خوێنەر ئەوەندە درێژدادڕی ناوێ بۆیە لینک و ڤیدیۆ و وێنەکانتان دەخەمە بەردەست

دەتوانن زیاتری لەسەر بزانن.
———————
چاوپێکەوتنەکەی بن سەلمان لەو بارەیەوە
https://youtu.be
کێشەی هیند و تورکیا
youtu.be
دژایەتی ئەردۆگان بۆ ئەم پرۆژەیە
middleeasteye.net/news
دژایەتی چین بۆ ئەم پرۆژەیە
tfiglobalnews.com
وردەکاری پرۆژەکە
hindustantimes.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت