حەسەن ڕازانی: کاتێک من هەم کە هەموومان هەبین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئوبونتو UBUNTU لە شارستانیەتی XOSA خوسادا واتە: من هەم چونکە ئێمە هەین!
ئەم وتەیە زۆر مانادارە. کورت و کرمانجیەکەی ئەوەیە کە ئێمە هەموومان بەیەکەوە جوانین و بەیەکەوە دەتوانین هەبین و بەختەوەر بین. ئەگەر لە ڕووی ئینسانییەوە بیربکەینەوە دەبێ وابێ. دەبێ وابیر بکەینەوە کە من ناتوانم بەختەوەر بم هەرچەندە هیچ کێشەیەکیشم نەبێ ئەگەر بێت و دەوروبەرەکەم بەختەوەر نەبێ!
ئەمە بۆچوون و ڕێسای ژیانی هۆزێکی سەرەتاییە لە کیشوەری ئەفریقادا، جا بۆ ئەوەی ئەم ڕێسایە بسەلمێنێت لە مەیدانی کاردا یەکێک لە زانا ئەنترۆپۆلۆجیەکان هەستا بە ئامادەکردنی یارییەک بۆ چەند منداڵێکی ئەو هۆزە سەرەتاییەی کیشوەری ئەفریقا.
زاناکە چوو سەبەتەیەک میوەی خۆشی لەولای کۆمەڵێک منداڵەوە لە بن قەدی دارێک داناو پێی گوتن دەی کێ زوو بگاتە ئەو سەبەتە میوەیە هەمووی بۆخۆی دەبێ و دەتوانێ بیبات! بەڵام کاتێک کە زاناکە پێی گوتن دەی ڕاکەن! منداڵەکان هەموویان بەیەکەوەو دەست لەناو دەست تاگەییشتنە سەبەتە میوەکە بەیەکەوە بوون و ئینجا سەبەتە میوەکەیان بەسەر خۆیاندا بە یەکسانی دابەش کرد!
زاناکە بەسەر سوڕمانەوە گوتی: بۆچی واتان کرد لە کاتێکدا یەکێک لە ئێوە دەیتوانی هەموو میوەکە بۆخۆی بەرێت؟ لەوەڵامدا منداڵەکان تێکڕا گوتیان UBUNTU ئوبونتو. واتە چۆن یەکێکمان دڵخۆش و بەختەور دەبێ بە تەنیا ئەگەر بێت و ئەوانەیتر هەموویان داماوو خەفەتبار بن؟
جا هاوڕێیان نهێنی بەختەوەری و دڵخۆشی ئەوەتە لای هۆزێکی سەرەتایییە کە نە ئایینێکی ئاسمانی هەیەو نە سیستەمێکی عیلمانی و لیبڕالیشی هەیە. هەموویان وەک یەک و وەک یەک دەژین،کە یەک برسی هەمووی برسیە. یان هەموومان، یان کەسمان..
لە هەندێک کۆمەڵگای پێشکەوتووش تاڕادەیەک ئەمە پێچەوانەیە، بۆ نموونە لە لای خۆمان لای هەندێک لە خەڵکی بەم شێوەیەیە: دەگوترێت با من هەبم و منداڵی من کۆک و پۆشتەو تێرو تەسەل بن و بەختەوەر بن قیروسیا ئەوانەی تر چیان لێ دێت و چۆن دەژین!.
دنیایەک ڕێز. هەر بەخۆشی بژین

تێبینی:
ئەم چیرۆکەم بۆیە نەهێناوەتەوە تاکو سیستەمە سیاسییەکە بێتاوان بکەم و هەموو ئەرکێک بخەمە سەر خەڵک خۆی..
ئەمە ئەرکی سیستەمە سیاسی و حاکمەکەیە کە نەهێڵێت کەس پێویستی بەکەس هەبێ و هەموو کەس تێرو تەسەل و کۆک و پۆشتەبن و لە ئەمن و ئەمانەتدا بژین. بەڵام تاکو سیستەمێکی بنەم شێوەیە دادەمەزرێت پێویستە خەڵک لە نێو خۆیانداو لەگەڵ خۆیان هەمیشە ئینسانیانە بیرکەنەوە مامەڵەبکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت