حەسەن ڕازانی: چەند سەرنجێک لەسەرهێرشەکەی ئێران بۆسەرئیسڕائیل و ئاکامەکانی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە تۆڵەی ئەو هێرشەی کە ئیسڕائیل کردیە سەر کونسوڵیەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریاو چەندین گەورە بەرپرسی پاسدارانی کوشت، ئێران لە رۆژی 13 و بەیانی زووی14ی ئەم مانگی نیسانەدا هێرشی تۆڵەی خۆی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا! لە بۆ ئەنجامدانی ئەو تۆڵەیەش پێش وەختە ئێران ئیسڕائیلی ئاگادارکردەوە و کاتێکی دیاریکراوی جێمتمانەشی دانا کە بریتیبوو لە 24 بۆ 48 سەعات کە هێرش دەکاتە سەر ئیسڕائیل و تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە!
ئێران هێرشەکەی ئەنجامدا و بەڵێنەکەی بە ڕاستگۆیانە ڕێک لەو کاتەدا جێبەجێکرد کە بۆ ئیسڕائیلی دیاریکردبوو! بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسڕائیلی و جەزیرەی قەتەڕ و هەروەها بە پێی قسەکانی گیلاد ئەردان Gilad Erdan نوینەری ئیسڕائیل لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە هێرشی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئێران لەو هێرشەدا 170 دڕۆن و 30 ساروخی درێژمەودای کروز و 120 ساروخی درێژمەودای بالیستیکی بەکار هێناوە بە دەیان تەن لە تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە!
بە دەرخستنی چەند سەرنجێک لەسەر ئەو هێرشە دەردەکەوێت کە تەواوی ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە بە قازانجی ئیسڕائیل و زەرەری ئێران خودی خۆی شکایەوە چونکە:
یەکەم/ پێش ئەو هێرشەی ئێران دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە هۆی کێشەی فەلەستینەوە هەم لە ناوخۆیداو هەم لە ڕووی نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی سیاسی و پشگیری نێو نەتەوەیی و تەنانەت هی هەرێ دۆستەکانیشی ڕووی لە خوارێ بوو، بەڵام ئەو هێرشەی ئێستای ئێران هاوکێشەکەی ڕێک پێچەوانە کردەوە. ئیسڕائیل ئێستا لە ڕووی سیاسی و نێو نەتەوەییەوە ئۆتۆریتەی ڕووی لەسەرەو هی ئێرانیش ڕووی لە خوارێیە!
دووەم/ ئەو هەموو ساروخە کروزەو مەودا دوورهاوێژانەو نزیکەی دووسەد فڕۆکەی دڕۆن، کە هەندێک سەرچاوە بە نزیکەی چوارسەد دڕۆنیان دادەنین، بە دەیان تەن تەقەمەنی هەستیارو بەهێزەوە لە چەندین لاوە هێرش دەکرێتە سەر ئیسڕائیل، بەڵام هەموو زەرەری دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ڕووی گیانییەوە بریتیبوو لە برینداربوونی کچێکی بەدەوی منداڵی تەمەن حەوت ساڵ، بە بەسووکی. ئێران بەم هێرشە توانی چی بکات و چی دەویست بیکات لە ئیسڕائیل؟
سێهەم/ بە بڕوای من، ئەو هێرشەی ئێران ناچاریی بوو بۆ ئێران. ئەو هێرشە وەڵام دانەوەی ئاخوندەکان بوو بە فشاری ناوخۆی ئێران و هەروەها وەک وەبەرهێنانێکی سیاسیانەی ناوخۆیی بوو، هەروەها وەڵامدانەوە بوو بە فشاری جیهانی ئیسلامیی بە تایبەتی جیهانی شیعەگەرایی، وەڵام دانەوە بوو بە فشاری حەمساویەکان و بابەتی دیفاع لە قودس و کێشەی فەلەستین و لە لایەکی تریشەوە بەڵێنێکی دابوو کە وەڵامی دەبێ بۆ ئیسڕائیل و ئەو هێرشەش وەک سڕینی ئارەقەی ڕووی سیستەمی ئاخوندگەرایی بوو!
چوارەم/ بە بڕوای من، بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل بابەتی غەززەو خەڵکی داماوی فەلەستین و کێشەی فەلەستین و هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر شارو ناوچەی ڕەفەح کەوتە دواوەو بابەتی ئێران ئیسڕائیل بوو بە بابەتی سەرەکی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی. ئێران بەم کارەی کێشەی غەززەی هێنایە دواەوە. ئەمەش وەک هاوکارییەک بوو بۆ ئیسڕائیل!
پێنجەم/ من پێم وایە بەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل چاوی ناوخۆ و نێو نەتەوەیی ڕووی پێ لە ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و غەززە وەرگێڕاو خەریکی کرد بە ئێرانەوە. ئەمەش هاوکاریی ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسییەوە!
شەشەم/ ئێران بە و هێرشەی بۆ سەر ئیسڕائیل هێزی خۆی نیشانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا کە تواناو هێزی سەربازی چەندە و لە چ ئاستێکدایە ئەگەر بیەوێت شەڕ لە گەڵ ئیسڕائیل بکات؟ ئێران نیشانی ناوخۆ و نێو نەتەوەییدا کە بەو هەموو هێرشە بەرفراوانە مووشەکی و درۆنیە نەیتوانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەیێنێت! نیشانیدا کە هەمووی هاش و هوشی ئیعلامیی بوو! خەڵک وای لە ئێران ڕا دەبینی کە ئیسڕائیل لە یەکەم هێرشدا هەر قوت بدات!
حەوتەم/ بە بڕوای من، ئێران بەو هێرشەی کە کردیە سەر ئیسڕائیل بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕووی ئیسڕائیل ببێتەوە! چونکە بەو هەموو هێرشە گەورەیەی نەی توانی زەرەرێک بە ئیسڕائیل بگەێنێت! هەموو ساروخ و دڕۆنەکانی لە ئاسماندا پێش ئەوەی بگەن و زووربەیان لە نیوەی ڕێ تەقێنرانەوە! لێرەدا زانست و پێشکەوتن و تەکنەلۆجیای سەردەم کەوتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاش و هوشی ئیعلامیی سیستەمی ئاخوندی! هەموو کەسیش شاهیدە کام لا دەیباتەوە.
هەشتەم/ ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسڕئیل وەک پشتگیرییەک شکایەوە بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕئیل، چونکە هەندێک دەوڵەت کە خەریک بوو لە ئیسڕائیل دەتەکینەوە هێنانیەوە بۆلای ئیسڕائیل، تەنانەت ئەمریکا خەریکی تەکینەوە بوو. ئەم هێرشە ئەمریکاو چەندین دەوڵەتی گەورەی تری هێنانەوە مەیدان بۆ هاوکاری ئیسڕائیل! ئێران لێرەدا هاوکاری ئیسڕائیلی کرد لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە!
نۆهەم/ بە بڕوای من، هێرشی حەمساویەکان بۆ سەر ئیسڕائیل بە کتوپڕی و کوشتنی بە سەدان لە خەڵکی بێتاوانی جولەکە و بە دیلگرتنی بە سەدانی تر، هەلی ڕەخساند بۆ دەوڵەتی عیبڕی ئیسرائیل کە ئەوە بکات کە کردی و ئێستاش بەردەوامەو لەوە دەچێت زۆریش لەوە خەراپتر بکات بە خەڵکی داماوی فەلەستین! بە هەمان شێوەش هێرشی ئێرانیش بۆ سەر ئیسڕائیل هەلێک دەدا بە ئیسڕائیل کە لەمەودوا دەستی کراوە بێت لە ژێر بیانووی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل لەوانەیە درەنگ، یان زوو ئیسڕائیل بە هاوکاری لەملاولەولاوە لە ئەتۆمەکەی ئێران بدات و بۆ هەتا هەتایێ لە کاری بخات، یان زیانی گەورەی پێبگەێنێت، یاخود زیانی تر بە ئێران بگەێنێت!
دەیەم/ هەر لە ئێستاوە دەوڵەتانی عەڕەبی ڕایان گەیاند کە ناهێڵن ئێران ئاسمانیان بەکاربهێنێت لە دژی ئیسڕائیل بۆ نموونە ئوردون بە ڕەسمی ڕای گەیاند. ئەمەش هاوکاری ئیسڕائیل دەکات! بەڵام لەبەرامبەردا دۆستەکانی ئیسڕائیل بۆ نموونە بەریتانیاو ئەمریکا بنکەی سەربازییان لە دەریای ناوەڕاست و عێڕاق و قەتەڕدا هەیەو بەکاریشیان دەهێنن لە دژی ئێران بۆ هاوکاری ئیسڕائیل!
یازدەیەم/ چەندین دەوڵەتی عەڕەبی بۆ نموونە سعودیەو ئوردون و میسڕ و دەوڵەتانی وەک فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هاوکاری ئیسڕائیلیان کرد لە خستنەخوارەوەی ئەو موشەک و دڕۆنانەی کە ئێران بۆ سەر ئیسڕائیلی بەڕێکردن. ئەمەش دەری خست کە ئیسڕائیل پاڵپشتی وەڵاتانی ناتۆی هەیەو تەنانەت ئەوەتا هەندێک لە دەوڵەتانی عەڕەبیش هاوکاری ئیسرائیل دەکەن لە دژی ئێران!
دوازدەیەم/ بە نەزەری من ئێران نەی دەویست هیچ زەرەرێک بە ئیسرائیل بگەێنێت. جا لە ترسان بوو، یان بەرژەوەندی و سیاسەتی ئاخوندەکان وای دەخواست، ئەگینا بۆچی کات و ماوە دادەنێت و دەڵێت؛ لە ماوەی 24 بۆ 48 سەعاتدا وەڵاممان دەبێ و هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل دەکەین؟ ئەوە وەک و ئەوە وایە کە ئێران بە ئیسڕائیل و دەوڵەتەکەی بڵێت؛ ئەی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئاگاتان لە خۆ بێت و خۆتان و خەتی دیفاعیتان ئامادە بکەن و مەهێڵن هیچ زیان بگات پێتان وا من ناچارم و دەبێ هێرش بکەمە سەرتان و ئێوەش خۆتان قایم بکەن. واتە ئێمە ناچارین شتێک بکەین و هێرش دەکەین!

ئاکامەکانی کردەوەکانی ئێران لە دژی ئیسڕائیل
ئێران بەو هێرشەی سوودی سیاسی نێونەتەوەیی بە ئیسڕائیل گەیاندو لەبەرامبەریشدا ئاستی خۆی پێهێنایە خوارەوەو زیانیشی بە کێشەی فەلەستین و غەززەی ئێستا گەیاند. هەلیدا بە ئیسڕائیل کە دەست کراوە بێت و هەر کات ویستی گورز لە ئێران بوەشێنێت.
ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوەو بە ئارەزووی خۆیان چیان بوێت دەیکەن لە دژی کورد، بەڵام نابێ وا بزانن کە نەتەوەو دەوڵەتی تر هەمان شێوەی کوردن و دەتوانن هەروا بکەن. ئەوەتا ئێستای ناوچەکە دەری خست کە ئەگەر وابکەن لە بەرامبەر مست درێشەیان لێدەدرێت. بۆ نموونە ئێران لە گەڵ جولەکەو دەوڵەتی عیبری!
دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیل بە شیعارو هاشو هوشی ئیعلامیی لەسەر خەریتە ناسڕێتەوە کە حەمساویی و ئاخوندەکان بۆ فریودانی جیهانی ئیسلامی بەکاری دەهێنن.
لەساڵی 1948 وە هەندێک حیزب و لایەن و دەوڵەت هەن لە جیهانی عەڕەبی و ئیسلامیدا داوای سڕینەوەی دەوڵەتی عیبڕی ئیسڕائیلیی دەکەن و لەسەر خەریتە نەیهێڵن، تەنانەت هەندێک واوەتریشی بۆ دەڕۆن و دەڵێن؛ دەبێ جولەکە هەر نەمێنێت لەسەر زەوی، بەڵام پێچەوانەکەی دەردەکەوێت!
پرسیارێکی سیاسی لێرەدا سەردەردێنێت ئەویش ئەوەیە کە خەڵک دەپرسێت؛ ئەدی ورچە سپیەکە دەبێ کەی وەخەبەر بێت؟ خۆ وردە وردە دەوروبەرەکەی لەدەست دەدات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت