بورهان شێخ رەئوف: سودانی لە واشنتۆن، گەڕان بەدوای هاوبەشیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی بەڕەسمی راگەیەنراوە لە سەرووی خشتەی سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانە، ئەكتیڤكردنی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكایە، ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆ پتەوكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بوارەكانی گەشەپێدان و ئابووری و وەبەرهێنان و پەروەردە و فێركردن و تەكنۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد و كەشوهەوا.

شاندێكی باڵای عیراق
سەرۆك وەزیرانی عیراق كە شاندێكی باڵای لەگەڵدایە بە نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەوڵدەدات هەموو ئەو دۆسێیانە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا باس بكات، بە جۆرێك كە هاوسەنگی و لێكتێگەیشتن بگێڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكان و هاوبەشیی نێوانیان قووڵتر بكاتەوە، نەخشەڕێژیی سروشتی پەیوەندییە هاوبەشەكان و ناسنامە و ناوەڕۆكەكەی لەڕێگەی پابەندبوون پێوەی جێگیر بكات، جگە لە زۆر دۆسێی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی هاوبەشی دیکە.
ئەوەی جێی سەرنجە هیچ بەرپرسێكی سەربازی و ئەمنی لە وەفدەكەدا نییە، پێدەچێت پرسی ئەمنی و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە خشتەی كارەكانی وەفدەكەدا نەبێت، كە هەندێك لایەنی بەرەی نەیار بە ئەمریکا بەنیازی ئەوەن سودانی ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە.

پرسی ئابووری
ئەوەی روونە سودانی زیاتر بۆ پرسی ئابووری و سووككردنی سزای سەر بانكەكان و باشكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان سەردانی واشنتۆن دەكات، هەرچەندە ئەم سەردانە زۆر دواكەوت لەكاتی خۆی و لە سەرەتای دەستبەكاربوونی سودانییەوە بڕیاربوو بكرێت، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی زۆر كێشەوە سەردانەكە دواخرا بۆ ئێستا و كۆشكی سپیش ئەوكات ئامادە نەبوو پێشوازیی لێبكات.
كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوانن، وەفدەكەی حكومەتی عیراق پرسی دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەرێگەی توركیاوە لەگەڵ ئەمریكییەكان باس بكات و رێگەچارەی بۆ بدۆزێتەوە.
ئێستا سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا و سەردانی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ عیراق لە 22. 4. 2024 باسی گەرمی رۆژن و كاریگەرییان لەسەر رووداوەكانی عیراق و ناوچەكە دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت