نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لەسەدەی بیست و کاریگەری و لێکەوتەکانی.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکیەکی مێژوویی
پڕۆسەی جینۆسایدی مرۆڤ مێژووییەکی دێرینی ھەیە لە جیھاندا و ھەرکات ڕژێم، یان دەسەڵاتێکی داگیرکار، یان خۆسەپێن بەسەر گەل و نەتەوەیەکی تردا، ویستبێتی دەسەڵاتی ڕەھای خۆی بچەسپێنێت و بسەپێنێت و خۆی بکاتە تاکە سەرکردە و دەسەڵاتدار و بنەماڵە، ئەوا ڕاستەوخۆ پەنای بردۆتە بەر داگیرکردنی خاک و گەلێکی تر، بۆ فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتەکەی و دواتریش بۆ نەھێشتنی زۆرینەی ئەو نەتەوە و پێکھاتانەی تر. پەنایبردۆتە بەر کوشتن و قاتوقڕکردنیان و ڕاوەدوونان و وەدەرنان و ڕاگواستنیان، بۆ دەرەوەی خاک و نیشتیمانەکەی خۆیان و دابەشکردنیان بەسەر وڵاتانی تر و ئاوارەکردنیان و تەفروتونا کردنیان، بۆ ئەوەی ڕەگەز و نەتەوەکەی خۆیان سەردەستبکەن و ئیدی بە بیروبۆچوونی پوچی خۆیان بە ئارامی و بۆ ماوەیەکی درێژتر دەتواننن بێ کێشە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیە جیاوازەکان بژین و درێژە بەمان و دەسەڵاتە تاکڕەوەکانی خۆیان بدەن.
ئەوەتا ھەموو جەنگە داگیرکاری و کۆنۆلیاکانی ڕۆژئاوا و ئەوروپاییەکان لە کیشوەری ئەمریکاکان و ئەفریقا و ئاسیادا ھەمووان تەژین لەکارەساتی جینۆساید و پاکتاوکردنی ڕەگەزی و ڕاگواستن و کوشت و بڕینی نەتەوە و گەلە ڕەسەنەکانی ئەو جێگایانە، ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەمیش لەناوەخنیاندا ھۆکار و پاڵنەرەکانیان بۆ جینۆسایدکردن و ڕاگواستن و دەستبەسەراگرتنی خاک و نیشتیمان و نەتەوەکانی تربوون بۆئەوەی ھەموانیان لە بۆتەقەی کەلتوری خۆیاندا بتوێننەوە و پڕۆسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستنی زۆرەملێی و ھۆلۆکۆست و قاتوقڕکردنیان لەگەڵخۆیاندا ھەڵگرتوە. وەک جەنگ و داگیرکاریەکانی ئینگلیز و فەڕەنسیەکان و ئیتالیەکان و ئیسپانیەکان و ڕووسەکان و یابانی و عوسمانی و لە بۆسنە و ھەرسک لەلایەن سربیەکان و لە جەزائیر و سودان و نەیجیریا و عێراق و کەمبودیا و ھند و سریلانکا و ھندستان و کۆریا و ئەنگۆلا و دانیشتوانە سوورپێستەکانی ھندیە سورەکانی ئەمریکا و ڕەشپێستەکانی ئەفریقاو… ھتد.
چەند نموونەیەکی جینۆساید لە مێژوودا
1- ھۆلۆکۆستی ئاسیاوی لەلایەن ئیمپراتۆریەتی یابانیەوە
2- وێرانکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤێتیەوە
3- گەمارۆ و برسێتی لەکارە نامرۆڤانەکانی جەنگی ئەھلی نەیجیریا
4- برسێتی گەورە لە چین
5- برسێتی گەورە لە یەکێتی سۆڤیەت لە 1932- 1933
6- برسێتی ڤێتنام ساڵی 1945 برسێتی گەورەی ئێڕلەندا
7- برسێتی کۆریای باکووور

پێناسەی جینۆساید ((کۆمەڵکوژی))
بریتییە لە وێرانکردنی پلان بۆداڕێژراو و بە مەبەست، بەشێوەیەکی گشتگیر، یان بەش بەش، لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یان ئاینی، یان نیشتیمانی.
جا زاراوەی جینۆساید لەساڵی 1944 لەلایەن ڕافائیل لیمکین وە داھێنراـ ھەروەک لە مادەی 2 لە ڕێکەوتنی قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی کۆمەڵکوژی (CPPCG) لەساڵی 1948دا پێناسەکراوە بەوەی کە بریتیە لە ( ھەر کارێک لەو کارانەی لای خوارەوە کە ئەنجامدراون بەمەبەستی وێرانکردنی گشتی، یان بەشی بۆ گروپێکی نیشتیمانی، یان نەتەوەیی، یان ڕەگەزپەرستی و ئاینی، وەکو: کوشتنی ئەندامانی ئەو گروپانە، زیانگەیاندنی جەستەیی، یان عەقڵی توند بەتاکەکانی ئەو گروپانە، سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی قەدەغەکردنی منداڵبوون لەناو ئەو گروپانەدا، گواستنەوەی منداڵ بەزۆرەملێ لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی تر)).
لەسەدەی بیست کە بەسەدەی پێشکەوتن و داھێنانە سەرسوڕھێنەرە تەکنەلۆجیاییەکان دادەنرێت و بەسەدەی ڕزگاری گەلانی ژێر دەستە ناوزەد دەکرێت. بەھەمان شێوە سێ پڕۆسەی گەورە و قێزەونی جینۆسایدی مرۆڤی تیادا بەرجەستە کراوە، وەک جینۆسایدی ئەرمەنەکانی ساڵی 1915 کە زیاد لە یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیاو و پیرەمێرد و لاو و گەنجانی کچ و کوڕی ئەرمەنی تیاداچوون لەسەر دەستی دەسەڵاتی بەناو خەلافەتی عوسمانی و دواتریش تورکە نوێیەکان،کە تەنھا و تەنھا پاڵنەر بریتی بوو لە سیاسەتی قڕکردنی نەتەوەیەک کە ھەزاران ساڵ بووە لەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیان ژیاون، بەڵام تورکەکان ویستویانە لە میانەی پیادەکردنی سیاسەتی بان تورک و تۆرانیزم و نەھێشتنی ھەموو نەتەوەکانی تر و زاڵکردنی توخم و ڕەگەزی بەناو تورک بەسەر ئەوانیتردا بە قێزەونترین شێواز کەوتنە گیانی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوان و تا ئەوپەڕی فاشیەت تاوانیان دەرھەق ئەنجامدان و سیاسەتی ڕاگواستن و کوشتن و بڕین و کاولکردن و سووتماککردنی خاک و ڕەز و باخ و سڕینەوەی شوناس و زمانەکەشیان پیادە کرد.
دووەم گەورەترین پڕۆسەی جینۆساید لە جەنگی جیھانی دووەمدا لەنێوان ساڵانی 1933-1945 ڕوویدا لەسەردەستی ھیتلەر و پارتی نازی ئەڵمانیدا دژی جولەکە و شیوعیەکان و زیاد لە 5- 6ملیۆن مرۆڤی بێتاوانی تیادا سەرەونگوم کران بەناوی (ھۆلۆکۆستەوە) کە تا ئەوپەڕی و دوور لەھەموو بەھا مرۆڤایەتیەکان و دڕندانەترین شێواز تاوانی جەنگیان دژیان ئەنجامدا لە ڕاگواستن و کوشتن و سووتاندن و پاکتاوکردنی ڕەگەزی و تەنھا و تەنھا پاڵنەر نەھێشتنی بەناو ڕەگەز و توخمە پیسەکان و زاڵکردنی توخمی خاوێن و باڵاکەی ئاری ڕەگەز کە ئەمەش بۆخۆی سیاسەتێکی فاشیانەی نامرۆڤانە بوو و ھیچی تر.

جینۆسایدی کوردان
سێیەم پڕۆسەی جینۆسایدی گەل و نەتەوەیەکی زیندوو خاوەن مێژوو و ڕابووردو و کەلتور و شارستانی کە بە ھەزاران ساڵ لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و شاخەکانی زاگرۆس ژیاون و خاوەنی ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتی پانوپۆڕبوون لەناوچەکەدا، کەچی لە کۆتایی سەدەی بیستدا و بە دیاریکراویش لەساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا کە لە ڕێکەوتی 22ی شوبات تا 6 ئەیلولی ساڵی 1988ی خایاند، ڕژێمی بەعسی سەدامی فاشی ھەستا بە پیادەکردنی پڕۆسەیەکی نەگریس و قێزەون بەناوی (ئەنفال) بە ھەشت قۆناغ کە بریتی بوو لە جینۆسایدکردنی نەتەوە و خاک و نیشتیمانی کورد لە کوردستانی باشوور بەبیانووی ئەوەی کە بۆ کۆتاجار کێشە و مەسەلەی کورد لە عێراقی عەرەبی و بەعسدا بنەبڕبکات و چیدی ناوی کورد و کوردستان نەمێنێت.
قۆناغەکانی ئەنفال
ئەنفالی یەکەم/ ناوچەی سلێمانی(سەرگەڵوو) لە 23. 2 تا 19. 3. 1988.
ئەنفالی دووەم/ ناوچەی قەرەداغ و بازیان و دەربەندیخان لە 22/ 3 تا 1. 4. 1988 .
ئەنفالی سێھەم/ ناوچەی گەرمیان و کەلار و باوەنور و کفری و دووز و سەنگاو و قادرکەرەم لە 20. 4. 1988.
ئەنفالی چوارەم/ لە سنووری زێی بچووک کە ناوچەی کۆیە و تەق تەق و ئاغجەلەر و ناوشوانی دەگرتەوە لە 3 – 8. 5. 1988
ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم/ چواردەوری شەقڵاوە و ڕەواندوز لە 15. 5 تا 26. 8. 1988.
ئەنفالی ھەشتەم: کۆتا قۆناغ و ناوچەی بادینان و ئاکرێ و زاخۆ و شێخان و دھۆک لە 25. 8 تا 6. 9. 1988
ئیدی بەعس و سەدام وایان زانی بەم پڕۆسە نەگریسە توانیویەتی کە کورد و کوردستان جڵەوگیربکات و بۆ ھەتاھەتایە دەنگ و ڕەنگی کوردی کپکردوە.
جا ئەم پڕۆسەی جینۆسایدەی بەعسیەکان دژی کوردان لە باشووری کوردستان وەک ئامارێکی جێگیرکراو 182ھەزار کوردی لە ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و لاوی لەناوبردوە و زیاد لە 4500 گوند و شارۆچکەی تەخت و وێرانکردوە و بەدەیان ھەزاران دۆنم زەوی و ڕەز و باخ سووتماککردوەو بە ھەزاران کانیاو و ڕووباری وشککردوە و بە ھەزاران سەر ئاژەڵ و مەڕ وماڵاتی لەناوبردوە. بەھەمان شێوە تەنھا پاڵنەری ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی بەعسیەکان بریتی بوە لەوەی کە گەل و نەتەوەیەک نەمێنێت لەناو عێراقی عەرەبیدا بەناوی کورد و کوردستانەوە و تەنھا و تەنھا نەتەوەی عەرەب زاڵ و باڵادەستبێت و چیدی کورد نەبێتە مایەی سەرئێشە و کێشە و گرفت بۆ دەسەڵاتە تاکڕەو و شۆڤێنی و فاشیەکەی بەعس و سەدامیەکان.
بەعس ھەربەوەشەوە نەوەستاو و لە بێدەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی و دونیای ڕۆژئاوای بەناو دیموکراتیدا دەستیبرد بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی و غازی خەردەلی قەدەغەکراو لەسەر ئاستی دونیادا و ترۆپکی کارەساتەکەی دژی گەلی کورد پیادەکرد لە کیمیاویبارانکردنی چەندین ناوچەی کوردستان ھەر لە سێوسێنان و قەرەداغ و گۆپتەپە و ئاغجەلەر و بالیسان و یاخسەمەر و لوتکەی ئەو تراجدیدیا نامرۆڤانەیەشی لە 16. 3. 1988دا ئەنجامدا و دوای جامی ڕق و کینەی بەسەر ھەڵەبجەی زامدار و برینداردا ڕشت و قڵپکردەوە، کەتیایدا زیاد لە پێنج ھەزار شەھید و زیاد لە دەھەزار برینداری لێکەوتەوە و شارەکەش بەتەواوەتی خابوور و وێران بوو لە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و دارستان و ڕەز و باخ و کانیاوەکانیشیەوە.
بەم شێوەیە کارەساتی جینۆسایدی مرۆڤەکان لەسەدەی بیستدا بێ وێنەبوون لەلایەن دەستڕۆیشتوو و دەسەڵاتدارە نامرۆڤانەکانی تورک و ئەڵمانە نازیەکان و بەعسیە عەرەبەکانەوە و سەدەی بیستیان ھێندەی تر خوێناویتر کرد و بەرگێگی ڕەشی قەترانیان داماڵی بەسەر مێژوو و قۆناغەکە و سەدەکەدا و پڕۆسەی جینۆسایدەکان بونە پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی مرۆڤایەتی و داگیرکار و تاکڕەو و ڕژێم و دەسەڵاتە نازی و فاشی و ناسیونالیست و شۆڤێنیەکانەوە و تەواوی مرۆڤایەتیشەوە. بەڕوویەکی ڕەش و قێزەونەوە ھەنگاویان بەرەو ھەزارەی سێھەمی مێژوو ھەڵنا.

بێ کەسی کوردان لە جیھاندا
ئەوەی جێگەی داخ و کەسەری گەورەیە لای کورد، بریتیە لەوەی کە لەھەردوو پڕۆسەی جینۆسایدەکەی ئەرمەن و جولەکەکاندا، تەواوی دونیای ئەو سەردەمانە کەوتنە بەرگریکاری و مقاوەمەت و پاراستنی ئەو دوو ڕەگەزە و لە ئەنجامیشدا توانیان دەوڵەتی تورک و خەلافەتە 600ساڵیەکەی تارومار بکەن و لەڕەگەوە ھەڵیبوەشێنەوە و نەیھێڵن و دواتریش لە جەنگی جیھانی دووەمیشدا ڕژێمی نازی و ھیتلەر و فاشیەتیان لەجیھان و ئەوروپادا ھەڵتەکاند و تەفروتونایان کردن و بۆماوەی زیاتر لە 70 ساڵیشە نەیانھێشتوە ئەو جۆرە سیاسەتانە سەرھەڵبداتەوە دژی ئەرمەنەکان و جولەکەکانیش و لەدواتریشدا و لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس ساڵی 1920 دەوڵەتێکیان بۆ ئەرمەن و پێشتریش لە ساڵی 1917 دا بەڵێنی بەلفۆریاندا بە جولەکەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان و ئەوەبوو دوای 31 ساڵ و لەساڵی 1948دا دەوڵەتی جولەکەیان بۆ جولەکەی جیھان لەناوەڕاست و دڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد و بەھێزیانکردو و ماوەی زیاد لە 75 ساڵیشە دەیپارێزن. ھەرئەوەش نا، بەڵکو دەوڵەتە زلھێزەکان و لە پەڕلەمانەکانیانەوە یاسایان دەرکردوە و ھەردوو کارەساتی جینۆسایدی ئەرمەن و جولەکەیان بە تاوان دژی مرۆڤایەتی ناساند و گەمارۆی سیاسی و ئابوری و ئەمنیان خسۆتە سەر تورکیا و ئەڵمانیا و تەنانەت قەرەبووی مادیشیان لێوەرگرتونەتەوە. بەڵام بۆ تراجیدیاکەی کورد و پڕۆسەی ئەنفالی بەدناو و جینۆسایدی کوردان ھەر لەکاتی کارەساتەکەدا و تاکو ئێستاش و دوای نزیکەی 40ساڵ تێپەڕبوون بەسەریدا ھێشتاش لەسەر ڕەفەی دەوڵەتانی زلھێزەکان تۆزی لێنیشتوە و ھیچ ھەنگاوێکی یاساییان نەبەرامبەر ڕژێمی بەعسی سەدامی و سەرانی گرتە بەر و نەقەرەبووی مادی و تەنانەت ڕوفات و گۆڕەکانیشیان ھێشتا بەنیوەناچڵی دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو زێد و بنەماڵە و خاووخێزانیان وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی. تەنانەت دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدامیش لەساڵی 2003دا لەلایەن ھاوپەیمانەکانەوەو بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دادگایکردنیسەدام و سەرانی بەعس و لەسێدارەدانیشی لەسەر مەسەلەیەکی واگەورە و جینۆسایدی گەل و نەتەوە و نیشتیمانێک ئەنجامنەدرا، بەڵکو تەنھا لەبەرامبەر کوشتنی 132 عەرەبی شیعە مەزھەب لە قەزای دوجەیلی سەر بە پارێزگای سەلاح الدین بوو. بەمشێوەیە کورد و تراجیدیاکەی بەبێ دەنگی و بە بێ کەسی پەردەپۆشکراو و کرانە پێخۆری بەرژەوەندیە مادیەکانی زلھێزەکان و جەلادەکانیش بێباکانە و ئازادانە بەردەوامبوون لەسەر قڕکردن و خنکاندنی نەتەوەیەک بەڕۆژی ڕووناک.
تائێستاش حکومەتەکانی عێراق نەبڕیاریانداوە و نەھەنگاوی کردارەکی و مرۆڤانەیان ھەڵناوە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و ویژدانانە بۆ قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعەنەوی خێزان و بنەماڵەکانی ئەنفالەکان و تەنھا ساڵانە بە یادکردنەوەیەکی دووبارەی سوا و سارد وسڕ و بێ ناوەڕۆک یادیان دەکرێتەوە و فرمێسکی تیمساحیانەیان بۆ ھەڵدەڕێژن.

مێژووی جینۆسایدی کوردان
پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە تەواوی کوردستانی گەورەدا مێژوویەکی دێرینی ھەیە ھەر لە ئێرانی کۆن و نوێ و بەتایبەتیش لەسەردەمانی ئیمپراتۆریەتی فارسی سەفەوی و دەوڵەتی قاجاری و پەھلەویەکانەوە و تاکو ئێستاش، بەشێوازی جۆراوجۆری ڕاگواستنی زۆرەملێ و قاتوقڕکردنیان و گرتن و کوشتن و لەسێدارەدان و قەدەغەکردنی زمان و کەلتور و فەرھەنگ و جلوبەرگ و شوناسی کوردایەتی و سڕینەوەی مێژوو و جوگرافیا و ناو و …ھتد، دژ بە کوردان پیادە دەکەن.
لە باکوریی کوردستان و دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ بەڕابەرایەتی ئەتاتورکی زاڵم و خوێنڕێژی کوردان لەساڵی 1923وە تاکو ئێستای سەردەمی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی و ئیخوانیەکان بەڕابەرایەتی ئاکاپە و ئەردۆگانەوە قاتوقڕکردنی کوردان ھەر بەردەوامە بەنوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم لە ھێرش و پەلاماری سەربازی و سوپا و درۆن و تیرۆرکردنی سیاسی و گەمارۆی ئابوری نەک تەنھا بۆسەر کوردانی تورکیا بەڵکو بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و باشووریش.
ئەوەی لە سوریای بەعسیەکان و بنەماڵەی ئەسەدیشدا کوردان تاکو ساڵی 011و شۆڕشی گەلانی عەرەبی (بەھاری عەرەبی) خاوەنی ھیچ مافێکی نەتەوەیی و فەرھەنگی نەبوون و ھێشتاش وەکو نەتەوە و گەلێکی دێرینی ئەم ناوچەیە نەبونەتە خاوەن ڕەگەزنامە و شوناسی سوریا. ھەربۆیە کوردان لەدێرزەمانەوە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە سەردەستەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە چەوسێنراونەتەوە و جۆرەھا سیاسەتی قاتوقڕکردن و جینۆسایدیان لە دژدا پیادەکراوە بەمەبەستی نەمان و نەھێشتن و سڕینەوەیان. بەڵام وەک دەڵێن؛ ئاش لە خەیاڵ و ئەشەوان لەخەیاڵێک و دیکتاتۆر و خوێنمژەکانی مێژوو بیریان چووە کە تاسەر نەدەسەڵات و نە ھێز بۆ ھیچ زاڵم و چەوسێنەرێک دەمێنێت و ڕۆژێک دادێت کە خۆیان و دەسەڵاتەکانیان لەبەرامبەر شۆڕش و مقاوەمەتی مەزڵومان و چەوساواندا ژێرەوژووردەبێت و بۆھەتا ھەتایە دەخرێنە ناو زبڵدانی مێژووە و بەناشیرینترین شێوازیش مێژوو تۆماریان دەکات.

کورد و شۆڕش و مقاوەمەت
ھەرواش بوە کوردان ھیچ کات گیانی شۆڕش و مقاوەمەتیان دەستلێھەنەگرتوە و ھەمیشە بەھێز و بازوی خۆیان و پشتبەستوو بە شاخەکانی کوردستان و ڕەوایەتی مافەکانیان و بە قوربانیدان و گیانفیدایی نەوە دوای نەوە بەرگریان لەمان و بوون و شوناس و زمانەکەیان کردوە کە بڕبڕەی پشتی مانەوە و ھێزەکەیان بوە و ھیچ کات ئاوارەبوون و ڕاگواستن و قاتوقڕکردن نەبونەتە مایەی چۆکدادان و تەسلیمبوون و بەزینیان. ھەربۆیەش ماونەتەوە و لەسەر خاک و ئاوی خۆیان وەک داربەڕووە ڕەسەنەکانی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیان بە قوڵایی خاکی کوردستاندا ڕۆچوە و بەھێزتر و خۆڕاگرتر بونە، دوای ھەموو تەنگژە و زوڵم و زۆرداریەک و لەگەڵ ھەڵکەوتنی ھەلی لەبار و گۆڕانکاری ناوچەیی و جیھانیەکاندا کەوتونەتە خۆ بۆ سەندنەوەی مافە ڕەواکانیان و شۆڕش و مقەوەمەت و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی شێخ مەحمودی نەمر 1919- 1922- 1924- 1931 و شێخ سەعیدی پیران 1925و پێشتریش شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵای نەھری 1880- 1881 و دواتریش شۆڕشەکانی ئاگری داغ 1930 و دەرسیم 1937- 1939 و بەدرخانیەکان 1812- 1889 و دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕابەرایەتی قازی محمەد 1946و ھەڵایسانی شۆڕشی ئەیلول 1961- 1975 و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان 1975- 1991 و دامەزراندنی حکومەت و پەڕلەمانی کوردستان 1992 تاکو ئێستا بۆماوەی زیاد لە 33ساڵە لەباشووری کوردستان و بەھەمانشێوە لە ڕۆژئاواش پێکەوەنانی بەڕێوەبەرییەکی خۆسەری 2011 تاکو ئێستا، نموونەی جوان و گەشاوە و سەرکەوتووی مقاوەمەت و مان و پێکەوەژیانی کوردانن لەسەر خاک و ئاوی لە مێژینەی خۆیان و ڕەسەنایەتی کوردانی سەلماندوە و بۆشی و بەتاڵی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی داگیرکارانیش دەرخستوە.

لێکەوتە و کاریگەریەکانی جینۆسایدی کورد
جا پڕۆسەی جینۆسایدی کوردان لێکەوتە و کاریگەری زۆر خراپی بەجێھێشتوە لەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە پڕۆسکە گرتونیەتەوە لەڕووی:
1- دەروونیەوە: تاکو ئێستاش ھەموو ئەو خێزانانەی کە تاکوتەرا کەسیان لێ بەجێماون لە کەش و بارو دۆخێکی دەروونی نائارام و بێئومێدیدا دەژین و ئەمەش کاریکردۆتە سەر ژیان و گوزەران و بیرکردنەوەیان و ھیچ کات ھەست بە ئارامی و دڵخۆشی و بوونی خۆیان ناکەن و ھەمیشە ھەست بە نەبوونی بەشێک یان ونبوونی پارچەیەکی گرنگی جەستەیان دەکەن.
2- کۆمەڵایەتیەوە: ئەو خێزانانە تاکو ئێستاش لە بارێکی کۆمەڵایەتی تێکچوو و نائارامدا ماونەتەوە بەھۆی لەدەستدانی باوک و برا و خوشک و دایک و ھاوسەر و منداڵەکانیان،کە بۆتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و نەمان و چڕاندن و لێکدابڕانی ھەزاران پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی.
3- ئابوورییەوە: لەڕووی ئابوریەوە ئەو ناوچانەی کە پڕۆسەکە گرتونیەتیەوە ھەموانیان بەھۆی وشکبوونی ڕەز و باخ و دارستان و وشکبوونی کانیاو و لەوەڕگا و نەمانی سەروەت و سامان و مەڕوماڵات و گاداری و… ھتد. لەبارێکی ئابوری خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، سەرەڕای بڕینەوەی مووچەیەکی کەمی شەھیدانە و ئەنفالانە. بۆیە ئەو ناوچانە ھەژارترین ناوچە و دانیشتوانی کوردستان پێکدێنن بەھۆی لەلایەک لا نەکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆیان بە دامەزراندنی پڕۆژەی کارگەی بەرھەمھێنەر و ئاوەدانی و گەشتوگوزاری و…ھتد، بۆیان و لەلایەکە تریشەوە حکومەتی عێراقیش نەک کۆمەک ناکرێن بەڵکو ھەر پشتگوێشخراون.
4- خوێندن و پەروەردەوە: ئەم ناوچانە بۆ ماوەیەکی زۆر دابڕاوبوون و ھەموو منداڵەکانیان دووربوون لە خوێندن و پەروەردەیەکی سەردەمیانەی ڕاستودروست، بە پیلانی داگیرکاران و دواتریش بۆخۆشیان لە بارێکی دەروونی ئارامدا نەبوون کە بتوانن بخوێنن، ھەربۆیە ژمارەیەکی زۆری نەوەی ئەو قۆناغە بەنەخوێندەواری ماونەتەوە و ئەوەش کاریگەری خراپی ھەبووە.

جینۆسایدی کوردان بێ وێنە بووە لە جیھاندا
بەم شێوەیە جینۆسایدی کوردان لەباشووری کوردستاندا پڕۆسەیەکی تابڵێی نامرۆڤانەوە و دوژمنکارانە بوە و زەرەر وزیانە گیانی و ماڵیەکانی زۆر گەورە و کاریگەربوون بەدرێژایی زیاد لە 40ساڵی ڕابووردوو. ئەمەش لەلایەک بۆ کەمتەرخەمی و بێباکی و بێ بەرنامە و پلانی حکومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە لەلایەک لەسەر ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و قەرەبووکردنەوەیان و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە لەناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا کاری گەورەی ئەنجامنەداوە بۆ ناساندنی تاوانەکە وەک تاوانێکی دژ بەمرۆڤانە و لەناو کۆڕوکۆبنەوە نێودەوڵەتیەکانیش بەگەرموگوڕی ھەنگاوی نەناوە وەکو ئەرمەن و جولەکەکان و لۆبی بەھێزیان نەکردووە. ھەرچەندە لێرەو ولەوێ و لەڕێگەی ڕێکخراوە مەدەنی و کەسانی خەمخۆرەوە ھەوڵی بچووک ھەڵنراوە، بەڵام ھیچیان بارتەقای گەورەیی و کاریگەری و ترسناکی پڕۆسەکە نین.
لە کۆتایدا ولەیادی 36 ساڵەی پڕۆسەی ئەنفالی بەدناودا کە لە 14. 4 ھەموو ساڵێکدا یادی دەکەینەوە، تەنھا ئەوەندەمان لەدەستدێت کە سەری ڕێز و نەوازش دابنەوێنین بۆ قوربانی ئەو شاڵاوە نامرۆڤانەیەی بەعسیەکان کە دژ بەگەلەکەمانیان لە گەرمیان و تەواوی نیشتیمانە داگیرکراوەکەمان ئەنجامیدا لە باشووری کوردستان، بەوھیوایەی نەوە و پاشماوەکانی ئەنفال بتوانن ژیان و گوزەرانێکی پڕشکۆیان بۆ فەراھەمبکرێت و کەمێک ئاسەواری ئەو تاوانەیان لەدڵ ودەرووندا سووک بکرێت، چونکە ھیچ قەرەبوویەکی مادی و مەعنەوی ناگاتە قولەپێی منداڵێکی بێنازی پاشماوەی ئەنفال و دڵۆپەخوێن و فرمێسکێکی قوربانیان و میراتگر و پاشماوەکانیان.
ھەربۆیە دەڵێین؛ دروود بۆ گیانی بەرزە فڕی قوربانیان و ڕووڕەشی و نەفرەتی ئەبەدیش لە تاوانباران و خوێنڕێژان و فاشیەکانی بەعس و سەدامیەکان.

سەرچاوەکان:
1- https://ar.wikipedia.org
2- https://encyclopedia.ushmm.org/content/ar
3- https://pukmedia.com
4- https://www.skynewsarabia.com
5- https://baghdadtoday.news

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت