بەیان ئیبراھیم: ژن لە نێوان دروشم و قوربانیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو شۆڕشانەو ئەو گۆڕانکاریانەی کە بونەتە هۆیەک بۆ بەرەو پێشچونی ڕەوشی ژنان لە ڕووی مافەکانەوە، لە فەزای مێژویی خۆیدا کاریگەریی گرنگی هەبووە، ئاستی مافەکانیان هەنگاوێک بردویانەتە پێش. بەڵام بە حوکمی کاریگەری رۆژ، دەبنە یاد و دروشم.
با لێرەوە ئەو پرسیارە جەوهەریانە لە خۆمان بکەین کە ئایا لە ژینگەی ئێستاماندا و خولانەوە بە دەوری بەرواری یادەکاندا و بەرزکردنەوەی دروشمە مێژوییەکان بۆ مافەکانی ژن دەتوانێ چی بکات، چەندێک دەتوانێ ئێمەی ژن لە دەوری یەک یەکێتی ناوەکی کۆبکاتەوە، چەندێک دەتوانێت قوربانییەکان لەژێر ڕەحمی کەلتور و توندوتیژی و تیرۆردا کەمبکاتەوە.
لە ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراقدا دروشمەکان هەر لەدەسەڵاتی دادوەرییەوە تا دەستەڵاتەکانی جێبەجێ کردن و یاسادانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تا دەگاتە یاسای باری کەسێتی وەک نوسراو و دروشم بوونی هەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێ، بەڵام هەر ئەم دروشم و یاسایانە بهێنین و بەراوردی بکەین بە داتای قوربانیانی ژنان چی دەبینین، دەبینین داتاکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژن ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێ، قوربانیەکان زیاتر و زیاتر دەبێت و دروشمە خوێناوییەکانی خوێنی ژن تایتڵی هەموو هەواڵەکانی سور کردوە. لە ڕویەکی ترەوە یادەکانی وەک 25 نۆڤمبەر و 8 مارس و دەیان یاد و پانێڵ و ئاهەنگی بۆ ساز دەکرێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێکخراوەکانی ژنان ژمارەیان زیاتر دەبێت. بەڵام دەبینین ژن لە بینای چەندین قاتەوە وەک شتێکی بێبەها فڕێ دەدرێتە خوارەوە، دەبینین ڕۆژانە مافی سەدان ژن پێشێل دەکرێت، ژنان تیرۆر دەکرێن. بەڵام لەبەرامبەردا تاوانباران سزا نادرێن، بە ناوی ڕەوتی ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە دەیان گوتار دژی ژن پەخشدەکرێ، تا ئەو ئاستەی بەهۆی نەبوی پاشخانێکی ڕۆشنبیری ژنانەوە، ژن خۆی لەژێر هەژمونی گوتارێکی نێرینەی باڵادا دەبێتە بەشێک لە پێشێلکردنی مافەکانی مێیینە، وەک هاوڕەگەزی خۆی.
ڕەوشی ژن لەسەر ئەرزی واقع ڕۆژ بە ڕوژ لە پاشەکشەدایە و بووەتە یەکەم قوربانی، بەڵام لەسەر ئاستی دروشم و یادەکاندا وەک ماکیاژێکی درۆینە قیڕەقیڕێکی گەورەی سەناعی دروستکردوە. لەم یادەدا دەبێ چیتر لە بازنەی بۆشی یادکردنەوەدا نەخولێینەوە بێینە دەرێ و دەبێ چیر بەس دروشم بەرزنەکەینەوە و ئاوڕ لە خوێنی قوربانییەکان بدەینەوە، دەبێت ئیتر ئەم یادانە تەنها پانێڵ و ئاهەنگ و دروشم نەبێت، پێویستە مانگانە خۆپیشاندانی مەدەنیانە ڕێکبخرێت و ژنان و ئازادیخوازان بێنە سەرشەقام و گوشار بۆ دەستەڵاتەکانی کەلتوری و یاسایی و جێبەجێکردن دروستبکەن، چیتر یادەکان تەنها دروشم نەبێت، بەڵکو ببێتە هەڵسانەوەیەک لە هاواری گشتی تا قوربانی زیاتر نەدرێت و ئازادییە گشتییەکانی ژنان پێشێلنەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت