بەیان ئیبراهیم: تەڵەی مارکێتین و کۆنتڕۆڵکردنی وزەی تاک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی لە ئێستای دنیادا ئەو سیستەمەی کە کۆنتڕۆڵی جیهانی کردوە، سیستەمی سەرمایەداری جیهانیە کە بە ڕێژەی زۆر لە ژێر هەژمونی بەرژەوەندگەرایی وڵاتانی زلهێز و کۆمپانیا فرەڕە ڕەگەزە زەبەلاحەکانی جیهاندایە و هەموو ئەمانەش پەردەپۆش کراوە، یان بڵێین کەڤەرێک و دێکۆرێک و ماکیاجێکی بۆ کراوە کە بریتیە لە دیموکراسی و مافی تاک و نەتەوەکان و مافی ئاینەکان و مافی مرۆڤ. لە هەناوی ئەم سیستەمی سەرمایەداریەدا یەک دنیا سیناریۆ و پلانی مارکێتین و ئابوری هەیە کە وەک بازنەیەک بە دەوری هەموماندا هاتوە و جۆرە دەرمانێکی حۆل کردن، یان بڵێین گەمژاندیان ڕژاندوە تاک تێدایە خۆی کۆنتڕۆڵی گیرفانی خۆی ناکات. بەڵکو ئەو سیستەمە کۆنتڕۆڵی گیرفانی کردوە، کە دەتوانین بڵێین ( تەڵەی مارکێتین و تەڵەی گیرفان) لێرەوە کە دۆلار چووە ھەر وڵاتێک وەک ئەوەیە سکەی شەمەندەفەری سیستەمی سەرمایەداری تێبچێ، ئیتر ئەم سیستەمە کە هات ئەو بازنەیە دروست دەبێ کە هەمومان مەحکوین بە ئالودەبونی، لێرەوە مرۆڤ دەبێتە پارچەیەکی ڕۆبۆتی لەم کارگە گەورەیەی سیستەمی سەرمایەداریدا، تا وەک ئاسنێک، یان چەقۆیەک تا دەسوێ دەبێ کار بکات. بە مانایەکی ئابوریانە داهاتی تاک و خێزان یەکسان دەبێت بە ( فرۆشتنی وزەی ئێستا و داهاتو بۆ پێداویستیە کۆتا نەهاتوەکان)، لێرەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پێداویستیەکان زیاتر دەبێ، تا دەگاتە ئاستی هەڵئاوسانی پێداویستی.
بە سادەتر قسەبکەین، پلانی مارکێتین بۆ پێداویستی ململانێکانی بازاڕی ئازاد کار لەسەر گیرفانی تاک و خێزان دەکات بەشێوەی قەرز و قیست، ئەمە هەر لە یەکەیەکی نیشتەجێبونەوە تا دەگاتە ناوماڵ و مۆبایلەکانمان و ئایپادی منداڵەکانمان هەیە، وات لێدەکات کە ناچار بیت بێکڕیت ئەگەر پێوانەی گیرفانیش مانگانە بێت، یان سفریش بێت. لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی گیرفانەوە کۆنتڕۆڵی وزە و داهاتی ئێستا و داهاتوشت دەکات، بە جۆرێک ئەو پلانە دەبێت بە خاوەن وەرگر و ژمێریاری داهاتەکەت نەک خۆت، کەم کەس هەیە ئەو جۆرەها قەرزەی لەسەر نەبێت کە بەهۆی زۆربونی پیداویستیەوە ناچارکراوە و ئەمەش زۆرینەی بە قیستی کورت خایەن و مامناوەند و درێژخایەنەوە، کە لە گشتدا یەکسان دەبێت بە کڕینی وزەی ئێستا و داهاتوت بە سویەکی زۆرەوە. واتا بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین هەمو تاکێکمان و هەمو خێزانێکمان قەرزارین و وزەی داهاتوشمان فرۆشتوە. خۆ ئەگەر پێمان وابێت ئەمە هاوکاریە، ئەوا ئەو ڕیکلامی هاوکاریە مادام زیادەی خەیاڵی لەسەرە، دیسانەوە سیناریۆیی بە بازاڕکردنە. ئەم دەردە کوشندە تەنها چینی هەژار و خوارەوە نیە بە تەنها، بەڵکو چینەکانی ناوەڕاست و سەرەوەشی گرتوەتەوە. لە ئێستای هەرێمدا سەرمایەداریش نیە قەرزی لەسەر نەبێت، یان دەبێتە بەشێکی چینە کڕیارەکە کە پارەی لە گیرفانی خەڵکدایە، بەڵام بە قازانجی زۆر. هەمو ئەمانە وا دەکەن هەر یەکیکمان بە چەندین شێوە کرێچین، کرێچی هەر لە ئەنتەرنێتەوە بۆ مۆبایل و کۆمپیتەر و پێداویستی ناوماڵ و… هتد. بە دیوەکەی تریشدا ئەوەی ناو دەبرێت بە بەرەی ئیشتراکی و بلۆکەکەی تری دنیا لە لینینەوە تا ستالین نەیتوانی ئینسان لە کۆیلایەتی و چینایەتی دەربھێنت و لە فۆرمێکی تردا ئینسانی کردە جیھازێک لە ھەڵسوڕێنەری جیھازە گەورەکەی دەوڵەت و دەوڵەتیش پڕ بوو لە گەندەڵی و فەسادی مالی و دواجار لە کۆڵانە تاریکەکانی ستالیندا خۆی بینیەوە لە میخایل غورباتشۆفەوە، ئەویش خزاو کەوتە ناو چڵکاوی سەرمایەدارییەوە. بۆیە لە ئێستادا نەک ھەر تاک و خێزان، ئەمەش لەسەر ئاستی دەوڵەتانیش هەر ڕاستە کە دەبینین چەندین دەوڵەت قەرزاری دەوڵەتە گەورەکانن، یان سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی، یان بازاڕەکان وەک ئەوروپای هاوبەش و… هتد.
بێئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، چەندین تەڵەمان پیا تەقیوە هەر لە تەڵەی مارکێتینەوە تا تەڵەی گیرفان کە لە کۆدا یەکسانە بە کڕینی وزەی ئەمڕۆ و داهاتوشمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت