بەیان ئیبراھیم: ژن و قسە کردن لە گەڵ جەستەی خۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدرێژایی مێژوو لە نێوان ھەموو ململانێ و جەنگەکان و قۆناغەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەکان، ژن یەکێکە لەو قوربانیانەی کە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ،کێشەی گەورەی بۆ دروست بوە. لە بەر ئەوەی کە دەستەڵاتی ئابوری و سیاسی و ئاینی و کلتووری بەدەستەوە نەبوە، یان بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەگەر ژن مافی ھەبوو بێت، مافێکی ڕێژەیی بوە و نەیتوانیوە وەکو پیاو لە ھەموو بوارەکاندا بەتایبەت بوارە سەربازییەکاندا و جەنگە گەورەکاندا ڕۆڵی ھەبێت. ئیتر لێرەوە ژن دەبێتە کارئەکتەری کۆمبارس و کارئەکتەری یەدەگ لەسەر ستیجی جیهانی.
ژن دەبێتە ھۆیەک بۆ هاوکارییەکی لاوەکی ئابوری و سەربازی پیاو لە قۆناغێکی تردا، قۆناغی ململانێی ئایدۆلۆژییەکان. دیسانەوە ژن لە ناو ئایدۆلۆژییەکاندا ھەر لە چەپ و ڕاستەوە تا ئایدۆلۆژیای ئاینی و لیبرالیەکانیش، ژن لە ناو بازاڕی ئازاددا دەبێتە کەسێکی قسەکەر نامۆ بە جەستەی خۆی. لە بەر ئەوەی لە نیولیبرالیدا ئەوەی کە بە ماکیاجی مۆدێرنە ماکیاج کراوە، کە پێی دەوترێ سیستەمی سەرمایەداریی، لە ناو بازاری ئازاد و ململانێ ئابورییەکاندا جەستەی ژن دەبێتە ئەو ئایکۆنانەی کە مارکێتینی پێوە دەکرێ. لێرەوە ژن دەبێتە خواستێکی سێکسوالێتی لە سەر ستەیجی ئەوەی پێی دەوترێ نەزمی نوێی جیھان، بۆیە ژن بەردەوام دەکەوێتە ناو بەریەککەوتنێک لە ناو سایکۆلۆژی خۆیی و سایکۆلۆژی گشتی کۆمەڵایەتییدا، یاخود ئەم بەریەککەوتنە وایان لێدەکات بەردەوام لە حیوارێکدا بێت لەگەڵ جەستەی خۆی. لێرەوە ژن لە ناو ئەم دنیای ئابوری و مارکێتینەدا، دەبێتە ئایکۆنێک بۆ مارکێتینی کاڵاکان. دەگەڕێ بەدوای ئەوەی کە بتوانێت خواستی لەسەر بێت وەک کاڵایەک.
ژن بەبێ خواستی خۆی ئەگەر ھۆشیارییەکی زۆر گەورەی نەبێت، دەکەوێتە بەردەم ئەو شەپۆلە مارکێتینە گەورەیە کە بۆ جەستە جوانەکان لەشولارە زیاتر سێکسیەکان، کە ژن بەکار دەھێنرێ بۆ مارکێتین بۆ ڕیکلام، ھەر لە تایەیی سەیارەیەکەوە تاوەکو محاویلەیەک کە ئەمانە ھیچ ڕەبتێکیان نیە بەژنەوە، دەبینی کە ئەوە ئیشی پیاوە، ژن ھەر وەک هۆیەک بەکار دەھێنرێت. لێرەوە ژن لە بەینی ئەم دوو بەرداشەدا سایکۆلۆژیایی خۆیی و سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە حیوارێکی داخراوی خودی لەگەڵ جەستەی خۆیدا، جەستەی خۆی لێ دەبێت بەشوناسی خۆی و بە ناسنامەی بوونی خۆی. هەموو بەها مرۆییەکانی ژنێتیی سفر دەبنەوە و بەها ماددییەکان لە ڕێی جەستەی ژنەوە دەبێتە پێگە و شوناس. ئەوەی کاری زیندووی ژنە وەک دایکایەتی و میهرەبانی، عشق دەبێتە ڕۆڵێکی لاوەکی. لێرەوە ژن دەکەوێتە قسەکردن لەگەڵ جەستەی خۆیی و دەکەوێتە نێوان بەرداشی سایکۆلۆژیای خۆیی و سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵایەتی. جەستەی دەبێتە شوناس و پێگە و ناسنامە. دەچێتەوە ناو خۆی بەردەوام قسە لەگەڵ جەستەی خۆی دەکات، بەشێوەیەک بوونی یەکسانە بە ماکیاجی ناو جانتاکەی. بچێتە هەر شوێنێک دەگەڕێ بۆ ئاوێنەیەک تا بزانێ ماکیاجەکەی تێکنەچوە، تێکچونی ماکیاجەکەی یەکسانە بە تێکچونی شوناسەکەی.
ئەگەر چی وا وێنا دەکرێ کە ژن وەک تابلۆیەک دەتوانێ ڕەنگەکان بەکار بهێنێ، یان لە جلەکانیدا ڕێکپۆش بێت، جۆرێکە لە هونەر. بەڵام دیسانەوە ئەم هونەرە لە ژن دەسێنرێتەوە، جەستەی دەبێتە جوانیەکانی، نەک هونەری خۆگۆڕین و جل و بەرگ. دواجار ماکیاج و ڕوتی جەستە دەبێتە کەڤەرێ بۆ شاردنەوەی بەها مرۆییەکانی ژن، وەک ژن لە هەڵسوکەوتدا و پێگەی دایک لە خێزان و کۆمەڵگادا و لایەنی ئاشتیخوازی و میهرەبانی. ئەمانە وا دەکات ژن لە قسەکردنێکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ جەستەی خۆی. خۆ ئەگەر لەشولاری بە پێوەری دیاریکراو نەبێت، ئەو لەشەڕێکی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ جەستەی خۆی، دەبێتە هۆی ونبوونی خۆی، بۆ دەرباز بوون و دەرچون لەناو ئەم بازنەیە، تاکە چارەسەر و ڕێگا هوشیاری ژنە وەک تاک. واتا لەسەر ئاستی تاکی ژن، نەک ڕێکخراوەیی و گروپی، کە هوشیاری هەبوو، کە تێگەشتن هەبوو لەم دیاردانە ژن دەتوانێ دەروازەکان و دەرگاکانی ئەو قەڵایە تێک بشکێنێ و بێتە دەرێ و خۆی بەها بۆ خۆی دابنێ و خۆی بزانێ پێگەی چۆنە لە ئاست پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت