هیوا سابیر: هاوسەنگیکردنی بڕوانامە و داهێنان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی (بڕوانامە) گەیشتووەتە ئاستێک، هەڵپە و پەلەکردن زۆر لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە دیارە. ئەم جەختکردنەوەیە زۆرجار تاکەکان خۆیان لە نێو گێژاوی بەدەستهێنانیدا دەبیننەوە. بە مانایەکی تر ئەوەندەی پەلەی بە دەستهێنان هەیە، ئەوەندە گرینگی بە فێربوون و داهێنان نادەن.
‏‎ڕاستە گرینگی بڕوانامە حاشا هەڵنەگرە بۆ وەدەستخستنی کار، بەڵام لە جیهانی پێشکەوتوودا ئەزموون و پڕۆژە پێداویست ترە، هەروەها هەل و هاندان بوونی هەیە. لە کاتێکدا ئەم جەختکردنەوەیە لەلای ئێمە، دەتوانین بڵێین ئاستی داهێنان سنووردار کردوووە. وا دەکات تۆ، گەر بڕوانامەت نەبێت، هەلی ئەوەت بۆ ناڕەخسێت لە شوێنێک کار بکەیت، کە خۆت حەزت لێیەتی. لێرەدا کلتوورێکی بڕوانامەگەرایی دێتە ئاراوە، کە تاکەکان زیاتر بەهۆی بڕوانامەکانیانەوە بەهایان هەیە، نەک توانا ڕاستەقینەکانیان، یان توانای داهێنانیان.
‏‎یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم کلتوورە، بە سەنتەر کردنی بڕوانامەیە، پێشێلکردنی بەهرەی ئەو کەسانەیە، کە خاوەنی نین. ئەمەش فرەجۆریی بیرکردنەوە سنووردار دەکات. ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیدگای نوێ و بیرۆکەی داهێنەرانە لەنێو هێزی کاردا دەکات.
‏‎ڕەنگە مەنهەجی ستاندارد و شێوازەکانی هەڵسەنگاندن لە ناوەندە پەروەردەییەکان، هەمیشە هاندەری بیرکردنەوەی جیاواز، یاخوود چارەسەرکردنی کێشەکان، یان ڕەسەنایەتی نەبن.
‏‎چونکە فشارەکان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە، بوونەتە هۆی مۆدێلێکی ناشیرین، وەک دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان، یان جێبەجێکردنی مەرجەکانی بڕوانامەدان، نەک پەروەردەکردنی خود و داهێنان و فێربوونی بەردەوام. ئەم ڕێبازە کورتبینە، زۆرجار ڕێگری لە داهێنان دەکات، بە هۆکاری ئەوەی هەمیشە تاکەکان بەشێوازێکی تەقلیدی فکرەی کار و خۆ بەرەو پێشبردن پێڕەو دەکەن.
‏‎جگە لەوەش، بارگرانی دارایی پەیوەست بە بەدەستهێنانی بڕوانامە، بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم خوێندنی ئەو کەسانە باری داراییان لاوازە. لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی تێچووی خوێندنی باڵا، دەستڕاگەیشتن بە بڕوانامە تادێت چینبەندی تێدا دەکرێت، ئەمەش نایەکسانی و گەندەڵی لەنێو پەروەردە و لە نێو هێزی کاردا زیاتر دەکات.
‏‎بەڵام زۆر گرنگە دان بەوەدا بنرێت، کە بڕوانامە بە تەنیا گەرەنتی داهێنان ناکات. داهێنانی ڕاستەقینە لە تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە دیدگای جۆراوجۆر، هاوکاری نێوان هێزی جەستە و هێزی بیرکردنەوە.
‏‎بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگاریە، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان، خاوەنکارەکان و داڕێژەرانی سیاسەت، بیر لەو چەمکە تەقلیدییەی بڕوانامە بکەنەوە و پێشوازی لە ڕێبازێکی گشتگیرتر بۆ پەرەپێدانی بەهرە و توانا خودیەکان بکەن. ئەم ڕێبازەیش نابێت تەنها پشت بە بڕوانامەی ئەکادیمی ببەستێت، بەڵکو کارامەیی پراکتیکی، ئەزموونی ڕاستەقینە و پابەندبوون بە فێربوون و داهێنان لە تەواوی ژیان لە پێشینەدا دابنێت.
‏‎دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ پێشخستنی هەمەجۆریی و گشتگیری لەناو هێزی کاردا، دڵنیایی بدرێت لەوەی، کە تاکەکان لە هەموو پاشخانەکانەوە دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ بەشداریکردنیان لە دیدگا و بەهرە جۆراو جۆرەکانیان.
‏‎لە کۆتاییدا، پێویستە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بیریان لەلای داهێنان و بەرەو پێشبردنی وڵات بێت، نەک بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمان. پێویستە خەمی هەموومان ئەوە بێت، کە گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بەردەوام بۆ وڵات مسۆگەر بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت