عوسمان عومەر: هەڵویستەیەک لەڕۆمانى داگیرکردنى تاریکى – بەشى یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕاى من گەر سەدەى 20 سەرەتایەک بێت بۆ نوێ بونەوەى ڕۆمانى جیهانى و سەرەتایەک بێت بۆ قۆناغى رۆماننوسین، ئەوا دواى ڕاپەرینیش دەسپێکى قۆناغێکى نوێى ڕۆمانى کوردیە لەسەردەستى رۆماننوسە کوردەکانى وولاتى خۆمان، بەختیار عەلى یەکێکە لەوانە.
هەر دواى خویندنەوەى رۆمانەکە ئەوەم نوسى بەداخەوە لە جەنجالى ناوکۆمپیوتەر بزر ببوو لەم ماوەیە دۆزیمەوە. دەبوایە لەکاتى خۆى بڵاوم بکردایەتەوە. پێش هەموو شتێک دەستخۆشیم بۆ کاک بەختیار عەلى ڕۆماننوسى کورد، بەڕاستى دەتوانم بلێم داگیرکردنى رۆمانێکى واقیعى و مێژووییە، چونکە رووداوەکانى سەردەمانێک باس دەکات و ساڵەکانیشى دیاریکردووە. سەدەیەک زیاترە مرۆڤى کورد خەو بەشۆرش و ئازادى و رزگاریەوە دەبینێت لەهەر چوارپارچەى کوردستان بەتایبەت باکوورى کوردستان، چەندین شۆرشى یەک بەدوا یەکى هەلگیرساندوەو کپ کراوەتەوە من ناچمە ناو هۆکارو کپ بونەوەى ئەو شۆرشانە، بەلام ئەوەى هەستى پێدەکرێت گیانى بەرەنگارى و بەگژا چونەوەى ڕژێمە حوکمڕانەکانى تورک هەر پەرە دەسێنیت و کپ نابێتەوە. هەروەها خۆرهەلاتى کوردستان و باشور و لەم کاتەى ئیستادا لە رۆژئاواى کوردستانیش.
شۆرشى کورد لە باکور بەهۆى دڕندەیی و شۆڤێنیەت و ڕەگەز پەرستى تورک خێرى لەخۆى نەدیوە، هەر جوڵانەوەیەک یا ڕێکخراوێکى کوردى سەرى هەڵدابێت بەتوندترین شێوە بەرەنگارى بونەتەوە نەک هەر لەوڕۆمانەى کاک بەختیار، بەلکو بیرەوەریەکانى موسا عەنتەریش بەهەمان شێوە نەهامەتى و دەردە سەریەکانى کورد و ریکخراوەو کەسایەتیەکانى دەرخستوە.
ئەم ڕۆمانە هەڵوەستە کردنێکى قووڵە لەسەر گەلیک کە بیرى نەتەوەیی وکوردایەتى وزمان پەرستى لەخۆ خۆگرتووە، کاک بەختیار زۆر بەووردى چۆتە ناخى ئەو کەسانەوەو وەک بلێی خویندنەوەیەکى دەرونى بۆکردبن بەتایبەت تورکەکان چونکە هیچ بوارێکیان نەهێشتۆتەوە لە ڕەگەزپەستیەت بەرامبەر کورد ئەوەشیان گوتوە کە کوردێکى مردوو بەکوردێکى باش دەزانێت. ناخى کوردیشى خوێندۆتەوە کە کۆڵنادەن لەژێر هەرکاریگەرى و بارودۆخێک دابێت لەهەوڵ ناکەون و ئەوەشى بەدروستى دەرخستوە کە ڕەگەزپەرستیەت و پەروەردە و روح و ناخى تورکەکانى خوێندۆتەوە و دەڵێى لە نزیکەوە لەگەڵییان ژیاوە و لەنزیکەوە لەگەڵییان دواوە.
ڕۆمانى داگیرکردنى تاریکى لە 721 لاپەرەدا خراوەتە روو، جارى یەکەم کەخوێندمەوە بە نزیک مانگێک تەواوم کردو هەموشى بەسەریەکەوەنا، بەلکو جار هەبووە دوو رۆژ نەچوم بەلاى دا. ڕۆمانەکە هەر لەیەکەم لاپەڕەیەوە سەرنجت ڕادەکێشێت و کێشت دەکات بەدواى خۆى دا کە نەتوانى وازى لێبهێنى بەڕاى خۆم هۆکار دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى باسەکە پەیوەندى بەخودى گەلەکەمانەوە هەیە کە چەند رق وکینەو ڕەگەزپەرستیەتى دەرهەق ئەنجامدراوە و ئەنجامدەدرێت. ناتوانرێت هەموو ڕووداوێکى ناو ڕۆمانەکە تاوتوێ بکەى، بەلام چەند لاپەرەیەک و ڕووداوى سەرنج ڕاکێش نەبێت، بۆیە بەڕاى من پێویستە هەموو کوردێک ئەو ڕۆمانە بخوێنێتەوە تا لەواقیعى ڕەگەزپەرستانەى حوکمڕانى تورک بگات، هەر لەسەدەمى ئەتاتورکى گۆڕبەگۆڕەوە تا دەگاتە حوکمڕانەکانى حەفتاکانى سەدەى ڕابوردوو، حوکمە عەسکەرتاریەتەکەى کینان ئیڤرن و حوکمڕانى ئیستاش.
بەبرواى خۆم ئەم ڕۆمانە پێش ئەوەى وەربگێڕدریتە سەر هەر زمانیکى دیکە، وەربگێڕدریتە سەر زمانى تورکى و بەهەمان هێزى ئەو بەردەوامیەش لەبەردەم هەموو دونیادا لەهەوڵى شاردنەوەو شێواندنى ڕاستیەکان و گۆرینى دیموگرافى و وەرگێڕانى بۆ زمانەکانى دیکە خوێنەرى خۆى دەبێت کە لەتاریکی و دوورەوە دەڕواننە ئازارى گەلیک کەتەنها داواى مافەکانى خۆى دەکات بۆیە قڕ دەکرێت. ئەم ڕۆمانە بەڕاى من بەهاکەى هیچى کەمتر نەبێت لە خەبات و گیانى خۆبەختکردنى کوردانى باکور لە پێناوى مانەوەدا .
لەم ڕۆمانەدا دەلێى کاک بەختیار چەندین ساڵە خەریکى توێژینەوەو دیراسەکردنى کۆمەڵگایەک بووە کە تورک سەردەستەیە لە حوکمڕانى و لەناویان دا ژیاوە و ناخى هەمویانى خۆێندۆتەوە کە پەروەردەکردنیان هەر لەمنالیەوە بۆ ئەوە ئامادەکراون تا ڕەگەز پەرستانە بیربکەنەوەو تەنها باوەڕیان بە بوونى تورک هەبێت گەلانى دیکە بۆیان نییە لەسەر ئەو خاکە بژین کە زۆربەش هى خۆى بێت، بەلکو بەزۆردارى خۆیان خستویانەتە سەر خاکەکەى خۆیان و تا ئێستاش هەرچاوى تەماعیان لەسەرخاک و داگیرکردن و بەزۆر سەپاندنى تورکە بەهۆى سوپاکەیەوە کە سەرەتا تەنها بەرگرى لە هەژمونى شیوعیەت و نەهێڵانى گەیشتنیان بەئاوەگەرمەکان بوو .

بەشى دووەم
قەدەغەکردنى زمانى کوردى و ناوبردنى بەزمانى قەلەباچکە لە رۆمانەکەدا و ناوبردنى کورد بە کێویە دڕندەکان لەناخى تاک بەتاکى کۆمەلگاى تورک چاندووە.
لەڕۆمانى داگیرکردنى تاریکى کاک بەختیار، ئەو ناوانەى بەکارى هێناون تەواو تورکین وەک عیسمەت ئۆکتاى کە مامۆستایەک بووە لە شارۆچکەى نوشەهیر و ئەندامى میللییەتچى هەرەکەت پارتسى تورکێکى توندڕەو و زۆرجار دەچووە لاى ژەنەرال هەقى سۆناى و لەگەڵ گورکەبۆرەکان مێژوییەکى درێژى هەبوو. کاک بەختیار لەرۆمانەکەى دا (داگیرکرنى تاریکى)تەنانەت ناوى پارت و رێکخراوە تورکیەکانى وەک خۆى داناوەتەوە و تەنانەت ناوى چاخانەو ناوى شەقەمەکان دەڵێى شارەزاى کون قوژبنى ئەو ووڵاتەیە و زۆریش تێیدا ژیاوە رۆمانەکە بە ڕۆژژمێرى 12ى تەموزى ساڵى 1977 دەست پێدەکات.
ئۆکتاى ناو لەناو تورکە عوسمانیەکان و تۆرانیەکان زۆرە بۆیەش لە زۆرێک لەو دراما تورکیە دۆبلاژکراوە تورکیەکان کە کەلەکەنالەکانى خۆمان پەخش دەکرێت بەرگوێ دەکەوێت، ترسم هەیە ئەو ناوە وەک سەیاف و رەیان و سفیان و تەلحەو موێعەب و ئەوانە رۆژیک مندالى کوردى پێناوبنرێت. ناوێکى دیکە مەولود ئاکتورک و یەکێکى دیکە لەکارەکتەرە سەرەکیەکانى ناو رۆمانەکە تاریق ئەکانسو و کوڕەکانى ئارسن و عەلى ئیحسان و ئویزار هانم ژنى عیسمەت ئۆکتاى.
رۆمانەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە عیمسەت ئۆکتاى بەیانییەک لەخەو هەڵدەستێت زمانى تورکى بیرچۆتەوە و بەکوردى قسە دەکات بۆ ئویزار هانم کە هاوسەرى عیسمەت ئۆکتایە، ژنەکەى سەرەتا وادەزانێت نواندن دەکات، بەڵام شەوى پێشتر لەگەڵ مەولود ئاکتورک چوبونە لاى پەکشان هانم و نەزیهە هانم کە چەند کچی لەبەردەست بووە بۆ لەش فرۆشى و وادەزانن ئەوان سیحرییان لێکردوە و دەرمان خواردیان کردووە، زۆر بەنهێنى دەیبەن بۆ نەخۆشخانە تاکەس هەستى پێنەکەن و تەنانەت لەکچەکانیشى شاردویانەتەوە کە پشکنینى بۆ دەکرێت دکتۆرەکە دەلێت؛ هەموو پشکنینەکانى پاکن و دکتۆر دەڵێت؛ ئەوە ڤایرۆسێکى نەزانراو و نادیارە و وەک نەخۆشیەکى ترسناک حسابى بۆ دەکرێت و ڕووبەڕووى نەخۆشیەکى سیاسى و دەرونى ترسناکین و ڕەوانەى ئەنکەرەى دەکەن و لەوێشەوە ڕەوانەى نەخۆشخانەیەک دەکرێت لە ئالازیک وەک شێتخانە سەیر دەکرێت و لەوێ کەسێکى سەر بەمیتى تورکى ئەویش داخ لەدڵى پڕ کینە بەرامبەر ئەوانەى بەزمانى کوردى کوردى قسەیان دەکرد ناوى (دیدەم شاهینە) و لەو نەخۆشخانەیەش دکتۆرێک بەناوى( سینان ئوسمان ) کە دەیزانى بەندیەکان ئازار دەدرێن حەبى ئازارى لە ڕێگەى عەلى ئیحسانى تەرچومانەوە دەدا بەزیندانەکان. عیسمەت ئۆکتاى لەخۆى دەپرسیت؛ بۆ دەبێت گەر زمانیچکى ترم هەبێ وەک نەخۆش سەیرم بکەن. ڕوداوەکانى ئەو ماوەیە زۆرن ناکرێت هەموى بخرێتە ڕِوو.
لەشوێنیکى دیکەى رۆمانەکە پرۆفیسۆر تاریق ئەکانسو لە کۆتایی ساڵى 1945 ڕەوانەى باشورى خۆرهەڵاتى تورکیا دەرکرێت(دیاربەکر) چاوى بە عیسمەت ئینۆنۆ کەوتوە و فەرمان و هێزى لێ وەرگرتوە تا زمانى تورکى لەهەموو خۆرهەڵات و باشورى خۆر هەڵاتدا بچەسپێنێت. ئەکانسو خۆى پیاوێکى تێکسمڕاو باڵا بەرز و سمیڵ ئەستور، کورەکانیشى دوو بونەوەرى لەرزۆک و لاوازو نەرمەلۆک دیاربوون، ئەکانسو حەزیدەکرد مندالەکانى خۆى بە مردوویی ببینێت نەوەک تورکێکى زەبون و بەلەنگازو هەر منالێک نەبێتە بەندەو خزمەتکارى جمهوریەت وەک دوژمن سەیرى دەکەم عەلى ئیحسان و ئارسینى کورى کریکارەکان کە کۆشکەکەیان بۆ ئەکانسو چاکدەکرد دیارە کورد بوون، چونکە دەیانویست قسەیان لەگەڵ بکەن نە ئەمان لەوان دەگەیشتن و نەوانیش لەوان دەگەیشتن، بەلام بێدەنگ کارەکانى خۆیان ڕایی دەکرد و دەیگوت؛ ڕەگەزى نزم و عیرقى لاواز مێژوییان هەر کۆیلە بونە و وەزیفەى قورسى ئێمەیە بیانکەین بەتورک و بۆ ئەوە نێردرابوو هەر شتێک تورکى نەبێت بیسرێتەوە. لەگەڵ گەیشتنى بە هەرێمەکە گوتى پێویستم بەسەرباز و مامۆستاو پزیشکى تورک و قامچى و ژەندەرمەى تورک هەیە تا زمانى ئەوانەم بۆ ببڕێت بە تورکى قسە قسەناکەن و گوتى؛ گەر ئەو خەڵکە ئامادە نین لەم دونیایە تورکى فێربن دەیانێنیرین بۆ ئەو دونیا لەوێ دەتوانن باش فێربن گەر لەدۆزەخ یا بەهەشت بەشى پێویست تورکمان هەیە کە دەرسیان پێ بڵێن … ئا ئەوەیە ئەوپەڕى ڕەگەز پەرستى و رق و کینەى تورک.
تاریق ئەکانسو عەلى ئیحسانى کورى لەناوکۆشکەکەیان فێرى زمانى کوردى دەکرا، دواتر عەلى ئیحسان وەک تەرجومانێک لەو شێتخانەیە و وەک فەرمانبەرى دەزگاى میللى ئیستخبارات کارى بۆ دەوڵەتى تورک دەکرد، ئارسینى کوڕى کوڕە گەورەکەى بەردەوام لەگەڵ تاریق ئەکانسوى باوکى و ڕەفتارەکانى باوکى نەبووەو کاتێک بردونى بۆ سەیرکردنى ئەشکەنجەدانى بەندکراوە کوردەکان سەیرى نەکردوون و دواتر لەو کۆشکە هەلدێت و ڕوو دەکاتە گوندە دوورە دەستەکانى کوردەکان و دەیشارنەوە و ناوى دەگۆڕن لە ئارسینەوە بۆ (یەنار) تا نەناسرێتەوە.

بەشى سێهەم
لەڕاستىدا ناتوانرێت سەرجەم ڕوداوەکانى ناو ئەو 721 لاپەرەیە هەموى بخرێتە ڕوو، کەوات کرد واتە؛ ڕۆمانەکە کۆپى بکەیت و بیخەیتە بەردەست خوێنەران چاکترە. دەتوانرێت چەند پەرەگراف و بابەتى گرنگى سەرنج ڕاکێشى ناو ناو ڕۆمانەکە تا خوێنەر ئاشنایی لەگەڵ ڕۆمانەکە پەیدا بکات. هەڵبەتە خوێندنەوەى رۆمانەکە گرنکتر دەبێت تا هەست بە زوڵم و ستەمى تورکە عوسمانیەکان بکات، چەندە دڵڕەق و پڕکینەو ڕەگەپەرستانە بەرامبەر کورد و حەقە هەمو کوردێکیش بیخوێنێتەوە کە تورک نەیانتوانى نەکوردو نە زمانەکەى لە نەخشەى ووڵات بسڕنەوە و خۆیان ڕوبەڕووى گێژاوى شۆرشى کورد ببنەوە تا ئەم سەردەمە چەندین گەنج و لاوى سەربازیان بەو ڕقەوە کوژراون لەبرى بیرکردنەوە لەداننان بەمافى گەلێک کە خاوەن ئەرز و مێژوو و زمانێکە و بیر لەپێکەوە ژیان بکرێتەوە نەک هەر لاى ئەوان، بەلکو نەتەوەى عەرەب و فارسبش بۆیە چەند پەرەگرافێکم لەلاپەرە جیاوازەکان هەلبژاردووە بۆنمونە لە لاپەرە 284: مەهدى ئەوەى مامۆستاى على ئیحسان بوو پێى دەلێت: من زمانێکى جوانم فێرکردیت، زمانێک چەندە تۆ یا باوکت، یا هەر تورکێکى تر ڕقى لێى بێت، بەڵام بۆمن و خەلکى ئامەد و جوتیارەکانى دەوروبەرى خۆشەویسترین سامانێکە هەمانە هیچ شتێکى ترمان نییە وا خۆشمان بوێت. لە شوێنێکى دیکە مەهدى لەهەمان لاپەرە بە عەلى ئیحسان کوڕى تاریق ئەکانسوى گوت ( زمان سندوقێکى سیحراوییە هەم ژەهرى تێدایە هەم دەرمان دەتوانێت خەلکى پێ دەرمانخواردکەیت و دەشتوانى بیکەیتە مایەى بەد بەختى و دەشتوانى بیکەیتە مایەى بەختەوەرى ). عەلى ئیحسان بە پلانى میت چەند ڕۆژێک دەخرێتە بەندیخانە، چەند مامۆستایەکى کورد گیراون تا بزانرێت، ئەوانە کوردن و خەریکى چین ئەو بەسیخوڕى نێردراوەتە بەندیخانە، دواتر ئەو مامۆستایانە گولەباران دەکرێن و دەشزانێت ئارسینى براى لاى کوردەکان خۆى شاردۆتەوە. مەهدى دەلێت: زمانى هەرنەتەوەیەک فێربیت، ناچاریت خۆشت بوێت ئەو نهێنیە لاى باوکت و لاى ئەوتورکانەى وەک باوکت مەدرکێنە، ئەوە بێزارو توڕەیان دەکات. کاتێک ئینسان بەئازادى بە ویستى خۆى زمان فێر دەبێت، هەر کۆمەلێک ووشە نا ئاخنێتە سەرى خۆى، بەڵکو کۆمەڵێک مەحەبەتیش دەخاتە دڵى خۆى، بەڵام باوکت و فەرماندارەکانى تر وایان لەگەڵ ئیمەدا نەکرد، بەشەق و بەکوتەک و بەلێدان تورکییان فێرى ئێمە کرد، بۆیە زمانەکەتان چەند جوان بێت هەتا هەتایە لاى زۆرکەس لە ئێمە بەئازارو ترسەوە گرێدراوە.
مامۆستایەک بەناوى مەتین بوستانچى قوتابخانەیەکى لەناوچەکە کردۆتەوە بۆ ئەوەى زمانى ئاماژە خەڵک بکات تا خۆیان لە فێربونى تورکى بدزنەوە. لەشوێنێکى تردا تورکێک دەلێت؛ ( ئیمەى تورک لە نازیە ئەلمانیەکانەوە فێربوین، بەپێچەوانەوە نازیە ئەلمانەکان لە ئیمەوە فێربون بۆ قڕانى جووەکان ئەوان ئەزمونیان لە ئێمەو لە فتکردنى ئەرمەنەکان وەرگرت، واتە بەهەمان شێوەش قڕانى کورد دەکەین بۆ نەهێشتنى ڕەگ و ریشەى کورد و زمانى کوردى کوردەکانیش لە ژێر ئەشکەنجەدا دەمردن و دەیانگوت ئێمە چەند بەهێزین لەمردن ناترسین. خوێندکارى زانکۆکانیش وا پەروەردە دەکرێن لەسەر ڕەگەز پەرستى خوێنکارێک خەلکى سێواس بوو نەیدەوێرا بڵێت کوردم، جارێک لەدەمى دەرچوو گوتى لەسێواس کورد هەیە کەچى خوێندارەکان وێنەى ئەتاتورکیان پێماچکردو ئاڵاى تورکیایان کردە ملى وو خەریک بیخنکێنن و دەستێکیان شکاند و دوو پەراسوى تەنها بۆ ئەوەى پێى بڵێن نە لە سێواس نە لەهیچ شوێنێک کورد بونى نییە.
ئارسین کوڕى ئەکانسو عاشقى کچێکى کورد ببو بەناوى (سینەم )، بەڵام باوکى ڕێگەى پێنەدا بیخوازێت، کچەش خۆى لێدور دەخستەوە توشى نەخۆشى دەبێت و لەگەل ئیمران کارتال کەڕوچیەکەو پلنگێکى گرتووە دواتر دەبریچتە ئەنکەرە ئارسین ناوى خۆى دەگۆرێت بە یەنارو لەماڵى جەوهەر سیزار لەناوچەى دێرسیم خۆى لەباوکى حەشار دەدات، دواتر بەچاکى فێرى زمانى کوردى دەبێت و فێرى ساز دروستکردنیش دەبێت.
ڕۆمانى داگیرکردنى تاریکى کە دەستتکرد بەخوێندنەوەى ئینجا دەزانیت چی تێدانوسراوە و دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەک بۆ ئەوانەى لیکۆلینەوە لەسەرمانەوە و بەرگرى مانى زمان و بونى گەلێک دەکەن. کاک بەختیار لەخۆیەوە ئەو ڕۆمانەى نەنوسیوە، بەلکو دیارە زۆربابەتى لە سەر کوشتارى دیرسیم و سیواس و دیاربەکرو شوێنى دیکە خۆێندۆتەوە کە مەبەست توانەوەى نەتەوەیەک. کاک بەختیار زۆر سەرکەوتوو بووە لە ڕووداوەکان، هەلبژاردنى کاراکتەرەکان، شوێن و کاتەکانیش و دەتوانرێت بگوترێت ڕۆمانێکى لیکۆلینەوەى ئەدەبیە و لەرووى هونەرییەوە لەئاستێکى بەرز دایە لەکۆتاییش دا عیسمەت ئۆکتاى و ئارسینى کوڕى تاریق ئەکانسو لەباشورى کوردستان یەک دەگرنەوە لەتورکیا هەڵاتووە، چونکە دەزانێت شێتەکانى نەخۆشخانەى ئالازیک چییان بەسەر هاتووە کە هەموو کورد بون و دیدەم شاهین گوتویەتى هەریەک لەخێزانى نەخۆشەکان کۆپى دان پێدانێکیان کە بەزۆر پێیان پرکراوەتەوە و گوتراوە دەنگ مەکەن و نەخۆشەکەتان تیرۆریست بووە و نهێنى 70 ساڵ لە خنکاندنى زمانى ملیۆنەها مرۆڤ، نهێنیەک ئیستا هەموو ئومیدى عیسمەت ئۆکتاى ئەوەبوو ئارسین ئەکانسو بتوانێت بۆ دونیاى بگێڕێتەوە، عیسمەت لە دهۆک گوێى لەگۆرانیەک دەبێت بەناوى دلۆ ئەز بمرم، دلۆ هاڤار ل ڤى بوهارى کاسیتەکە دەکرێت و لەگەل ئارسین گوێى لێدەگرن و دەلین رەزا باکلان فیرى کوردى بووە و مرۆڤ گەربیەوێت دەتوانێت ڕۆژێک لەڕۆژان مرۆڤە خنکاوەکەى ناوناخى خۆى ڕزگار بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت