عوسمان عەسکەری: شەڕی تونێڵ، لە ڤێتنامەوە بۆ غەززە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1885، فەرەنسا وڵاتانی ئیندۆچینا ( ڤێتنام، لاوس و کەمبۆدیا) ی داگیرکرد، دواتر کۆڵۆنیالیزمی بەسەر هەرسێ وڵاتەکەدا سەپاند. لە دژی کۆڵۆنیالیزم، لە ساڵی 1930 یەکەم هەنگاوی خەباتی ڕەزگاری گەلی ڤێتنام بە مانگرتن دەستی پێکرد، هەتا ناوەڕاستی ساڵی 1940 کە یەکەمین گورزی سەربازیان لە فەرەنسا وەشاند، و شەڕی پارتیزانیان بە سەرکردایەتی هۆچی مین ڕاگەیاند. ئەوکات دانیشتوانی گوندەکان، کونە تەیارەیان دروستکرد بۆ ئەوەی خۆیان لە بۆردوومانی فڕۆکە بپارێزن، ئەوەش ئیلهامی دابووە پارتیزانەکان و بەهاوکاری جوتیارەکان، دەستیان بە هەڵکەندنی یەکەم تونێلی ژێر زەوی کردبوو. دواتر لەهەمان ساڵدا، سوپای یابان ڤێتنامی داگیکرد، بەڵام لەبەرئەوەی هەردوو داگیرکەرەکە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەبوو، یابان ڕێگای دابوو، ئیدارەی کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی حوکمڕانی وڵاتەکە بکات. لە ساڵی 1941 هۆچی مین، بەرەیەکی جەماوەری فراوانی خەباتگێڕانەی لە وڵاتانی ئیندۆچینا ( ڤێتنام و لاوس و کەمبۆدیا) ڕێکخست، و لە دژی کۆڵۆنیالیزمی فەرەنسی و ئیمپراتۆریەتی یابانی جەنگیان بەرپاکرد، بەو هۆیەوە هەزاران خۆبەخشی ڤێتنامیی، حەشارگەو تونێڵیان بۆ پاریتیزانەکان هەڵکەند. لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، دوای ئەوەی لەساڵی 1945، ئەمەریکا دوو بۆمبی ئەتۆمی بەسەر هێرۆشیما و ناکازاکیدا بەردایەوە، یابان خۆی دا بەدەستەوە، ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵاتی لە ڤێتنام بەجێهێشت کە پارتیزانەکان کەڵکیان لێ وەرگرت و فەرەنسایان لە باکوری وڵاتەکەیان دەرکرد. لەو کاتەدا، بەریتانیاو ئەمەریکا تێگەیشتبوون کە فەرەنسا ڕوو لە شکستە، سەدان میسیۆنێری (بانگخواز) کریستیانیان ناردە ڤێتنام و دەیان کەنیسەیان لە وڵاتەکەدا دروستکرد بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئاین و هاوکاری مادیەوە، عەقڵی ڤێتنامیەکان بشۆنەوە و داگیری بکەن.!

جەنگی ڤێتنام.
پاش ئەوەی فەرەنسا لە ساڵی 1954 لە ڤێتنام کشایەوە، ئەمریکا باشوری وڵاتەکەی کردبووە سەربازگە، و هێرشی کردە سەر ڤێتنامی باکور. پارتیزانەکان بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی بەهێزترین سوپای دنیا ببنەوە، هەڵکەندنی تونێڵیان کردبووە پیشەی سەرەکی هەزاران خۆبەخشی ڤێتنامی، و لە ماوەیەکی کورتدا، تونێڵەکانیان گەیاندبووە 250 کیلۆمەتر کە لە کەمبۆدیاوە هەتاوەکو شارۆچکەی کوچی-ڤێتنام درێژ بوو، لەبەر ئەوە تونێڵەکان بە (کوچی تونێڵ) ناسراوون. تونێڵەکان بە سەر چەند بەشێکی سادە و ئاڵۆزدا دابەشکرابوون. سادەکان پێکهاتبوون لە کونی بچووک و کورت، وەک پەناگەیەکی خێرا، بۆ ڕێڕەوێکی نهێنی و نانەوەی بۆسە لە دژی سوپاکانی ئەمەریکا بەکاردەهات. تونێڵە ئاڵۆزەکانیش وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە، لە قوڵایی 20 بۆ 30 مەتر لەبن زەوی هەڵکەندرابوون کە لە هەندێک جێگا چەند نهۆمێک بوون لەسەر یەکتر. لە تونێڵەکاندا نەخۆشخانە و کەمپی مەشق و کۆگا و سەربازگە و چێشتخانە و جبەخانەی چەک و چاپخانە، تەنانەت شوێنی ئاهەنگ و شانۆی ئەماتۆریشیان تیابوو. پزیشکەکانی ناو تونێڵەکان بە ئامێری سەرەتایی نەشتەرگەرییان بۆ پارتیزانە بریندارەکان دەکرد، بریندارە سەختەکانیشیان لەڕێگای تونێڵەکانەوە بۆ کەمبۆدیا و شوێنە ئارامەکان دەگوازتەوە، بەوجۆرە تونێڵەکان وەک بەهێزترین چەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی ڤێتنام، لەلایەکەوە حەشارگەیەکی تۆکمەی پارتیزانەکانی ڤیت کۆنگ بوون، لەلایەکی دیکەوە، جەنگەڵەکانیان کردبووە نەفرەتێکی ڕاستەقینە بۆ سەربازەکانی ئەمریکا، کە لە ڕێگایانەوە، نزیکەی 25 هەزار سەربازی ئەمەریکیان لەناودا. لە ساڵی 1975، گەلی ڤێتنام، بەپشتیوانی تونێڵەکان بەهێزترین دەوڵەتی هەموو سەردەمێکیان تێکشکاند، و شاری سایگۆنیان ئازاد کرد کە پایتەختی ڤێتنامی باشور بوو. بەهای سەرکەتن لەو جەنگە، زیاتر لە چوار ملیۆن کەسی ڤێتنامی ژیانیان بەخشی، لەگەڵ ملیۆنان بریندار، ئەمریکاش نزیکەی 58 هەزار سەربازی لێ کوژرا و سەدان هەزار کەسیشی برینداربوون. لەمێژووی خۆیدا، ئەمەریکا لەپاش جەنگی ڤێتنام هەرگیز نەدۆڕاوە.. ئێستا حوکم بەسەر دنیادا دەکات.

جاڕنامەی ئۆسڵۆ.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1993، ڕێکەوتنامەی ئاشتی نێوان ئسرائیل و فەڵەستین لەلایەن هەر یەک لە شەمعون پیرێس، وەزیری دەرەوەی ئسرائیل لە حکومەتەکەی ئیسحاق ڕابین، و یاسر عەرەفات سەرۆکی بزوتنەوەی فەتح لە ئۆسڵۆ ئەنجامدرا، ڕێککەوتن کە دان بە بوونی ڕەوای یەکتردا بێنن. ڕێککەوتنەکە بەو مانایە بوو کە هەردوولا قبوڵیان کرد کە “فەلەستین” بەسەر دوو دەوڵەتی ”ئیسرائیل و فەلەستین” دا (چارەسەری دوو دەوڵەتی) دابەش بکرێت. ئەمە ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1947دا پێشنیاری کردبوو، بەڵام ئەوکات فەلەستینییەکان و دەوڵەتە عەرەبییەکان پێی ڕازی نەبوون و هێرشیان کردە سەر ئسرائیل. ڕێککەوتنی ئۆسلۆ، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەکێشەی ئسرائیل – فەڵەستین، و دروستکردنی ئاشتیەکی سەقامگیر لە نێوانیاندا، لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 242 و 338ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ماوەی پێنج ساڵی دیاریکرد کە هەردوو لایان پراکتیزە ( مەشقکاری) ی ئاشتی بکەن، هاوکات ئسرائیل ڕێگا بدات دەوڵەتی فەڵەستین دروست بێت، لای خۆیەوە حکومەتی فەڵەستینیش نەهێڵێت هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدرێت. دواتر زەفەی غەربی و غەززە لەچەک داماڵرێت، بێجگە لە پۆلیس کەس چەکی پێنەبێت، پاشان پرۆسەی دیاریکردنی سنوور، و داهاتووی مستوطنات (کۆڵۆنیالەکان)، لەگەڵ دۆخی قودسی ڕۆژهەڵات و کێشەی پەنابەرانی فەڵەستین چارەسەر بکرێن بەڵام تووندئاژۆکانی هەردوولایان لە دژی ڕێکەوتنەکە بوون. لە ئیسرائیل، پارتی ڕاستڕەوی لیکود بە سەرکردایەتی بنیامین نەتانیاهو، ڕەتیکردەوە جاڕنامەکە پەسەند بکات. لە فەلەستینیش تووندڕەوەکان، بەتایبەتی حەماس و هێزە جیهادیەکان، لە نێوان ساڵانی 1993بۆ 1996دەیان هێرشیان لە ناوخۆی ئیسرائیل ئەنجامدا کە بەهۆیانەوە، زیاتر لە سەد و پەنجا هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران، ئەوانەش پرۆسەی ئاشتیان خاو کردەوە. دوای ئەوەی لە نۆڤەمبەری 1995 إسحاق ڕابین، سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل، لەلایەن تووندڕەوەکانی ئسرائیلەوە تیرۆرکرا، تەقینەوەکانی ناو ئسرائیل بەردەوام بوو، هەتاوەکو حکومەتەکەی ڕابین، ی کە شیمۆن پێرێس بووە جێنشینی، لە ئسرائیل متمانەی نەما، ئەوەش دەرفەتی ڕەخساند لە هەڵبژاردنی ساڵی 1993، حکومەتێکی ڕاستڕەو سەرکەوێت، و نەتانیاهو بووە سەرۆک وەزیران و تەواوی جاڕنامەکەی ئۆسڵۆی تێکشکاند. دوای لە بارچوونی ڕێککەوتنەکە، یاسر عەرەفات و بزوتنەوەی فەتحیش متمانەی گەلی فەڵەستینیان لە دەستدا، لەبەرئەوە، حەماس لە هەڵبژاردنی ساڵی 2006 لە غەززە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بزوتنەوەی فەتحی لە دەسەڵات خست. ئاکام، توندئاژۆکان لە هەردوولا.. پارتی لیکود لە ئسرائیل و حەماس لە غەززە دەسەڵاتیان گرتە دەست و درێژەیان بە شەڕو پشێوی نێوان ئسرائیل و فەڵەستین دا، هەتا ئێستا کە شەڕی عەززە بەڕێوە دەچێت.

حەماس و شەڕی ژێر زەوی.
لە ساڵی 2006، دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس گەیشتە دەسەڵات، ئسرائیل و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گەمارۆیەکی چڕیان خستە سەر غەززە، بۆیە حەماس دەبوو ڕێگایەک بدۆزێتەوە هەتاوەکو، لەلایەکەوە ڕووبەڕووی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکە ببێتەوە و ڕێڕەوێکی لۆجستی بۆ پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک و کەرەستەی جەنگ پەیدا بکات، لەلایەکی دیکەوە، دەیانزانی ڕۆژێک دێت ڕووبەڕووی بەهێزترین و ترسناکترین هێزی سەربازی سەدەی بیست و یەکەم دەبنەوە کە ئسرائیلە. سوپای ئسرائیل خاوەندی نوێترین پیشەسازی جەنگ و تەکنۆلۆجیایە و 75 ساڵە باڵادەستی شەڕ ئەزموون دەکات، بۆیە حەماس پلانی داڕاشت هەتاوەکو لەبەرامبەر پیشەسازی جەنگی ئسرائیل شکست نەخوات، جەنگی بەهێزترین سوپا لە سەر زەوی، بگوازێتەوە ژێر زەوی و تونێڵ بکاتە مەیدانی ئەو جەنگە، لەبەرئەوە لە پانزدە ساڵی ڕابردوودا، یەکێک لە کارە هەرە سەرەکیەکانی حەماس بریتی بوو لە هەڵکەندنی سەدان کیلۆمەتر تونێڵ. بەکارهێنانی شەڕی تونێل “مێژوویەکی دوور و تراژیدی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ڤێتنام و بگرە پێشووتریش، بەڵام چەکدارانی فەڵەستین، بەتایبەتی قاچاخچییەکان لە ساڵی 1990وە، چەندین ڕێڕەوی ژێر زەویان بۆ گواستنەوەی پێداویستی بازاڕ، لە نێوان غەززە و میسر دروستکردووە، بەڵام دوابەدوای زریانی ئەقسا، ئسرائیل ئۆپەراسیۆنی ” شمشێری ئاسن” ی ڕاگەیاندو هێرشی چڕو پڕی کردە سەر غەززە، لێ هێرشەکەی ئەمجارەی ئسرائیل بەهۆی تونێڵەکانەوە ئاسان نەچووە سەر، بەپێچەوانەوە تراکسۆد پۆشەکانی حەماس تونێڵەکانیان کردۆتە مەیدانی نەفرەت بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی ئسرائیل کە لەلایەکەوە، بەڵێنی داوە حەماس لەناو بدات، لەلایەکی دیکەوە دیلەکان ڕزگار بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی حەماس لە تونێڵەکانەوە بەرگریەکی هێند سەخت دەکات، لە دوای 48ڕۆژ هێرشی توند کە هەزاران خەڵکی سڤیل و منداڵی غەززەی کردۆتە قوربانی، ئسرائیل نەیتوانیوە، نە حەماس لەناو بدات، نە تەنیا دیلێکیشی ڕزگار بکات.

گۆڕینەوەی بارمتە.
بەوپێیەی حەماس پێویستی بە ئاگربەستە، داوا دەکات ئسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت هەتاوەکو بەشێک لە بارمتەکانیان بگۆڕنەوە، لەبەرامبەردا، نەتانیاهوش بۆ ئەوەی فشارەکان لەسەر خۆی سوک بکات، و هیوایەک بداتە کەس و کاری دیل و بارمتەکان قایل بووە، 300 فەڵەستینی لە بەرامبەر 50 بارمتە ئازاد بکات، لەوە بەدواوە ئیسرائیل ئەگەر شەڕ ڕابگرێت هەیبەت و هەیمەنەی دەشکێت، ئەگەر درێژە بە هێرشەکانیشی بدات، تەنانەت هەموو غەززەش بەسەر یەکدا هەڵگێڕێتەوە، ڕەنگبێت نەتوانێت حەشارگەی تەنیا دیلێک بدۆزێتەوە.! بەپێی ئەزموونی تونێڵەکانی کوچی کە ڤێتنام و کەمبۆدیای پێکەوە گرێدابوو، پارتیزانەکانی ڤێتمین بریندارە سەختەکانیان لە ڕێڕەوی تونێڵەکانەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی کەمبۆدیا دەگوازتەوە. ئەوە ڕوونە کە ڕێڕەوی تونێڵەکانی عەززە دەچێتە میسر، بەڵام ئەوەی جێگای ووردبوونەوەیە، ئەوەیە کە احمد عبدالهادی، نوێنەری حەماس لە لوبنان، لە ساڵی 2020 ڕایگەیاند کە قاسم سلێمانی سەردانی غەززەی کردووە. ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت، گریمانەی ئەوە هەیە کە حەماس لە غەززەوە ڕێڕەوێکی لەبن خاکی ئسرائیلەوە دروست کردبێت بۆ زەفەی غەربی کە دووری نێوانیان لە 45 کیلۆمەتر تێناپەڕێت، لەوێشەوە بۆ لوبنان یان سوریا، لەبەرئەوە، یان هەواڵەکەی احمد عبدالهادی ناڕاستە، یان ڕێڕەوێکی ژێر زەوی لە نێوان غەززە و لوبناندا هەیە کە قاسم سلێمانی، توانیبێتی لێوەی سەردانی غەززەی کردبێت. ئەگەر حەماس ئەو ڕێڕەوەی دروستکردبێت، هەرگیز ئسرائیل ناتوانێت دیلە سەربازەکانی لەڕێگای هێرشەوە ڕزگار بکات.!

سەرچاوەکان
https://www.history.com
https://ar.wikipedia.org/wiki
https://miff.se/osloavtalen
https://www.usatoday.com
https://theweek.com
https://www.alalam.ir/news/4669646

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت