نەوزادى موهەندیس: لە پەراوێزى کەمبونەوە و چۆڕبڕبوونى هەندێ لەبیرە نەوتیەکانى هەرێم – بەشى یەکەم.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆکار و لێکەوتە نەرێنیەکانى و چارەسەرەکان چین؟
لە ڕووى زانستییەوە پڕۆسەى لێدانى بیرى نەوت و غازى سروشتى وەک دوو سەرچاوەى گرنگى وزە لە ئێستا و بۆ ئایندەیەکى دووریش، پڕۆسەیەکى دوورودرێژ و ئاڵۆز و کارێکى سەخت و زنجیرەیەک هەنگاو و کارى لە پێشینە لەخۆى دەگرێت، هەر لە زانیارى کۆکردنەوە و پلاندانان و بڕیاردان بۆ دەستکردن بە ڕووپێوکردنى ئاسمانى و جیۆلۆجى و جیۆکیمیاوى و گەڕانى فیزیاوى و ڕێگاى کێشکردنى زەوى و ڕێگاى موگناتیسى و گەڕان بە ڕێگاى بوومەلەرزەیى ((سەیزەمى)) سێ دوورى و چواردوورى و هەمەپێکهاتە و کێشانى نەخشەى تۆپۆگرافى زەویەکە و بەدەستهێنانى زانیاریەکان و دواتر ڕاڤەکردنى زانیاریەکان و چارەسەرکردنیان تاگەڕان و دواتر لێدان و هەڵکەندنى بیرەکان و ئینجا پەرەپێدانى و دواتریش بەرهەمهێنان و کۆتاجار و دواى ئەوەى کە تەمەنێکى دیاریکراو لە نێوان 20-40 ساڵیدا بەرهەم دەهێنرێت کە ئەم تەمەنى بەرهەمهێنانەش لەبیرێکەوە بۆ بیرێکى تر دەگۆڕێت و دەوەستێتە سەر چەندین هۆکار وەک: بڕى یەدەگى دڵنیایى و تواناى بەرهەمهێنان و دەرهێنانى ئەو بڕە و سروشتى پێکهاتەى ستراکچەرى بیرەکان و سەخت و دژوارى کەش و هەوا و قوڵى بیرەکە و جێگە و پێگەى بیرەکان لە وشکانى یان لەناو دەریا و زەریاکاندا و بڕى پەستان و پلەى گەرمى ناو بیرەکە و بوونى بڕى ئاو و غاز لەناو نەوتەکەدا یان سەربەخۆ و دواتریش جۆرى بەردە کۆگاییەکان و سیفاتەکانى لە بوونى کونیلەدارى و توناى پیاداتێپەڕبوون و ئینجاش جۆرى نەوتە خاوەکە و سیفاتەکانى کە نەوتى قورسە، یان سوکە و ئەوەش دەوەستێتە سەر لینجى و پێکهاتەى نەوتەکە.
بەم شێوەیە پڕۆسەى دەرهێنان و بەرهەمهێنانى نەوت و غازى سروشتى پڕۆسەیەکى ئێجگار دژوار و ئاڵۆزە ئەمە سەرەڕاى بڕى تێچوونى لێدانى بیرێک کە بەتێکڕا لە نێوان 5-8 ملیۆن دۆلار((کەمتر یان زیاتر)) دەبێت بەپێى جۆرى تەکتنەلۆجیاى بەکارهاتوو و تۆپۆگرافیاى پێگەى بیر و کێڵگە نەوتیەکە، یان غازیەکە.
بۆیە هەموو بیرە نەوتێک تەمەنێکى دیاریکراوى خۆى هەیە وەکو مرۆڤ و قۆناغەکانى گەشەکردن و گەورەبوون لە (منداڵى و دواتر گەورەبوون و گەنجى و دواتریش پیربوون و چۆڕبڕبوون) دەگرێتە خۆى. و لە جیهانیشدا دەیان و سەدان کێڵگە و بیرى نەوتى یان غازى چۆڕبڕبوون و چۆڵکراون و بەجێهێڵراون لەبەر نەمانى بەرهەم و کۆتایهاتنى تەمەنیان.
هەربۆیە لەدواى بڵاوبونەوەى دەنگۆى کەمبوون و نەمانى بەرهەمى چەند بیرە نەوتێک لەهەرێمى کوردستاندا وەکو کێڵگەى تاوگێ و تەق تەق وسارتە و… هتد. وەکو بنەمایەکى زانستى کارێکى ئاساییە و لەهەر جێگەیەکى دونیادا ڕوودەدات، بەڵام ئەوەى نائاساییە لەم پڕۆسەیەدا و لەو بیرە نەوتانەى هەرێمى کوردستاندا بریتیە لەوەى کە ئەو بیرە نەوتانە لەسەرەتادا بڕێکى زۆر باش بەرهەمیان هەبوە و تەنها لەماوەیەکى کەمى نێوان 20 ساڵ و کەمتریشدا بڕى بەرهەمەکانیان بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمیکردوە وەکو کێڵگەى نەوتى تاوگێ کە لە چارەکى یەکەمى ساڵى 2023دا بڕى بەرهەمى 93880 بەرمیل/ ڕۆژ بوە و لە چارەکى سێهەمى 2023دا بڕى بەرهەمەکەى دابەزیوە بۆ 25980 بەرمیل/ڕۆژ کە دەکاتە ڕێژەى 72% یان کێڵگەى نەوتى تەق تەق کە لە چارەکى سێهەمى 2023دا بەڕێژەى 100% کەمیکردوە واتە بڕى بەرهەم بۆتە سفر بەرمیل /ڕۆژ بەبەراوورد بە بڕى بەرهەمى لە چارەکى یەکەمى 2023دا کە3610 بەرمیل نەوت/ ڕۆژ بەرهەمى هەبوە. بەهەمان شێوە کێڵگەى نەوتى سارتەش لە چارەکى سێهەمى 2023دا بەڕێژەى 100% بڕى بەرهەمى کەمیکردوە و سفر بۆتەوە لەکاتێکدا لە چارەکى یەکەمى 2023دا بڕى بەرهەمەکەى 3160 بەرمیل/ڕۆژ بووە.
ئەمەیە جێگەى پرسیار و هەڵوێستە لەسەر کردن؟ جا ئایا هۆکارەکان چین و لێکەوتە نەرێنییەکانى چى دەبن؟
سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە دروستبوونى نەوت و غازى سروشتى پڕۆسەیەکى بەردەوامە و ڕەنگە ملیۆنان ساڵ بخایەنێت لە قوڵایى زەویدا و لە ژێر پەستان و پلەى گەرمى بەرزدا و گۆڕینى پاشماوە ڕوەکى و زیندەگییەکان بۆ نەوتى خاو و پێکهاتە هایدرۆکاربۆنیەکان. بۆیە نەوت کەرەسەیەکى نوێبۆوەیە و بەشێوەیەکى کۆتا چۆڕبڕنابێت.
چەمکى چۆڕبڕبوون: بریتیە لە کەمبونەوە و دابەزینى بڕى بەرهەمى بیر یان کێڵگەیەکى نەوتی لە جوگرافیایەکى دیاریکراودا، هەربۆیە سەرچاوە نەوتیەکان وەکو هەموو سامانە سروشتییەکانى تر ڕووبەڕووى کەمبونەوە دەبێتەوە و لەکۆتایشدا چۆڕبڕ دەبێت.
هەموو پێشبینییەکان لە جیهاندا تایبەت بە چۆڕبڕبوونى نەوت وای بۆدەچن کە لەماوەى 53 ساڵى ئایندەدا بەپێى ئەو تێکڕاى بەرهەمهێنانەى ئێستا نەوت چۆڕبڕدەبێت و غازى سروشتیش بۆ ماوەى 54 ساڵى تر دەمێنێت و خەڵووزى بەردینیش بۆ ماوەى 110 ساڵى تر دەمێنێت کە ئەم پێشبینیانە لەلایەن ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتیەوە لەساڵى 2015دا پێشبینى کراوە.
جا بۆ زانینى وەڵامى ئەو پرسیارەى کەدەکرێت دەربارەى هۆکارى کەمبونەوە و چۆڕبڕبوونى بڕى بەرهەمى نەوت و غازى سروشتى و چارەسەرییەکان چین و چۆن دەتوانرێت بیرە نەوتیەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ تێکڕاى بەرهەمى ئاساییان؟

بەکورتى و پوختى هۆکارەکان بریتین لە:
• گەلێک هێزى پاڵنەر کۆنتڕۆڵى بەرهەمهێنان دەکەن لەسەرەتاى ژیانى بەرهەمهێنانى بیرەکانەوە کە بریتین لە هێزى سروشتى وەکو پاڵنانى ئاوى، یان گومەزى غازى یان غازى تواوە یان تێکەڵەیەک لەو هێزانە. وەک بەرزبونەوەى ڕێژەى ئاو water cut کە چارەسەرەکەى بریتیە لە گۆڕینى perfs بۆئەوەى دوور بکەوینەوە لە ئاوەکە.
• لەگەڵ هەڵکشانى تەمەنى بەرهەمهێناندا ئەوا پەستانى حەشارگە نەوتیەکان دادەبەزێت بەهۆى لەبەر ڕۆیشتنى زۆرەوە و هێزە پاڵنەرەکان دادەبەزێت وەک، gas cap ، solution gas، water driveکە بەبێ پلانى زانستى پڕۆسەى بەرهەمهێنان بەردەوام بێت.
• یان ڕەنگە بەرهەمهێنانێکى زۆر و بەردەوام بێت بۆ نەوت و غازەکە.
• دواتریش کردارى ێیانەکردنى بیرەکان بەشێوەیەکى زانستى و بەردەوام ئەنجام نەدرێن.
• هەروەها دابەزین و کەمبونەوەى ئاستى ڕۆیشتنى نەوت لە کۆگاى نەوتەکەوە بەمەش بڕى بەرهەم ڕوو لەکەمبونەوە دەکات.
• یاخود زیانگەیاندن بێت بە چینى بەرهەمهێنەکە، واتا زیانگەیاندن بە کونیلەکان و تواناى پیاداتێپەڕبوونى بەردە کۆگاییەکان.
• یان گیرانى ڕێڕەوەکانى نەوتە خاوەکە بە کەڵەکەبوونى لم و قوڕ تیایاندا.
• یان یەکگرتنى نەوت و پێکهاتەکانى حەشارگە نەوتیەکە کە دەبێتە تۆپەڵبوون و گرتنى ڕێڕەوى ڕۆیشتنى نەوتەکە.
• یان بەهۆى چۆڵبوونى کۆگا هەڵگرەکانەوە چینە بەرهەمهێنەکە تووشى داڕمان ببێت بەهۆى ئەو پەستانە بەرزەى لە سەرێتى بەهۆى چینەکانى زەویەوە over bordering pressure.
• ڕێگا چارەسەرییەکان چین بۆ هەریەکێک لەو هۆکارانە؟
ئاسایى گەلێک ڕێگاى چارەسەرى هەیە و لەگەڵ هەر هۆکارێکدا چارەسەرییەکانیش دەگۆڕێن،وەکو:
• بەهۆکارى دابەزینى پەستان و پلەى گەرمیەوە کەمبونەوەى بڕى بەرهەم ڕوودەدات و لەو کاتەشدا نەوتەکە جیادەبێتەوە بۆ نەوتى قورس و سوک،نەوتە سوکەکە دێتە دەرەوە و قورسەکەش دەمێنێتەوە و پێویستى بە ڕێگا چارەسەریە بە تێکردنى هەڵمى ئاو بۆ ناو کۆگا و حەشارگە نەوتیەکە steam water بەمەبەستى زیادکردنى پلەى گەرمیەکەى و بەوەش نەوتەکە کە چڕیەکەى بەرزە دەگۆڕێت بۆ نەوتێکى چڕى نزم و بەئاسانى دێتە دەرەوە.
• یان بەهۆى دابەزینى پەستانەوە دەبێت کە دەبێتە هۆکارى دەرچوونى غازەکە و بەوەش نەوتە قورسەکە دەمێنێتەوە و لینجیەکەى زیاد دەبێت و خەستدەبێتەوە و بڕى بەرهەم و هاتنە دەرەوە کەمدەبێتەوە.
• هەروەها بەهۆى زیادبوونى چینى ئاو و زیادبوونى بەرهەم و هاتنەدەرەوەى ئاو لە بیرەکەوە کە دەبێتە هۆى کەمبونەوەى بەرهەمى نەوتەکە و چارەسەریش بریتیە لە ڕێگەگرتن لە بەرهەمى ئاوەکە و تێکەڵبوونى بە نەوتە خاوەکە و گەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆى ڕاوەستانى بیرەکە لەبەرهەم.
لەزۆربەى بارودۆخەکاندا کێڵگەى نەوتى بڕێکى گەورە لە ئاو لەخۆدەگرێت کە پلەى سوێرێتى زۆر بەرزە و پەنگیخواردۆتەوە لەژێر نەوتەکەدا و ڕۆڵ دەبینێت لە پاڵنان بە شلە نەوتیەکانەوە بۆ بیرەکە بەهۆى سیفەتى کشانەوە هەرچەندە بچوکیش بێت، جا کاتێک ئاوەکە هەلێک دەبینێتەوە بۆ گەیشتن بە بیرەکە، ئەوەش ئاسایى، یان بەزۆى لەماوەى 20ساڵدا ڕوودەدات لە دەستپێکى بەرهەمهێنانەوە، هەوڵى پاڵناندەدات بەنەوتەکەوە بۆ دەرچوون،بە ڕێژەیەکى کەم دەستپێدەکات و هێواش هێواش زیاد دەبێت تادەگاتە ڕادەیەکى مەترسیدار و دەگاتە 50-60% ى بەرهەمەکە. جا لەو ئاستەشدا ناوەستێت و ڕێژەى ئاوەکە بەرزدەبێتەوە تادەگاتە وەستاندنى بەرهەمهێنان. جا بەزۆریش پێش ئەوەى بگاتە ئەو ئاستە بەرهەمەکە دەگۆڕێت لە خۆدەرکردەوە بۆ بەکارهێنانى ماتۆڕى هەڵمژێنەر کە لەبنى بیرەکەدا دادەنرێت، ئەمەش تێچووى بەرهەم زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بڕى بەرهەمى نەوت کەم دەکات و بڕى ئاوەکە زیاد دەکات تا دەگاتە قۆناغێک کە ئیدى بەرهەمهێنان هیچ سوودێکى ئابورى نامێنێت.

ئەندازیارى کیمیاوى شارەزا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت