لالە بەختیار مام حەمید: وەرکوڵێک لە سەر پەیڤی ئێڵ _ئێل _ عێل.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەمە تەنیا سەرەقەڵەمێکی بچووکە لەسەر وشەیەکی ڕیشەدار و ماناداری زمانی کوردیی و ئەکرێت لەم بارەوە؛ دەیان و سەدان لێکۆڵینەوەی وردی مەیدانیی و زانستیی و کۆمەڵایەتیی بکرێت و ئەنجامی باش وەدەست بخەین.
من لێرەدا تەنیا ڕای خۆم یەژم و نایسەپێنم بەسەر کەسدا، ئێوەیش ئەتوانن وردببنەوە و بکۆڵنەوە و ڕای خۆتان بنووسن و بێژن و بڵاوبکەنۆ.
وشەی ئێڵ(ئێل) وشەیەکی کۆنی کوردییە و سەرەتا وەک ئێل_ئیل، گۆکراوە و چووەتە ناو هەموو زارەکانەوە، ئێڵ کە دوور نیە وشەی (هێڵ)یش کە مانای سنووری هۆزێک یان کۆمەڵێ خەڵک دەدات، لەمه وەرگیرابێ. لە زمانی کوردییا بۆ کۆمەڵە خەڵکێک یان کۆمەڵە بنەماڵە و تیرەیەکی کە یەکیانگرتووە وەکارهاتووە وەک ئێڵی جاف کە پێکهاتووە لە تیرە و بەرەکانی هۆری جاف دەگرێتەوە.
هەروەها پێدەچێت کەسایەتیی گەورەی جاف و ئاڵیبەگی (حەزرەتی ئێڵ بەگی جاف، باوەگەورەی مەولانا خالید و نالیی شارەزووری) کە کەسایەتییەکی دیار و گەورە و وشیاری کورد و جاف و ئاڵیبەگییە، ناوەکەی لە بەگ و سەرداری ئێڵی جافەوە هاتبێ بەم جۆرە (ئێڵ_بەگ_ی_جاف) کە دەکاتە سەرداری هۆزی جاف و دواتریش ئەم ناوە بووبێتە ناوە سەرەکییەکەی و ناوی نەوەکانیچی وەک (ئێڵ بەگی، ئاڵی بەگی ئاڵیبەگی ئاڵیوەیی) بڵاوبووبێتەوە.
وشەکانی ئێڵاخ و ئێڵخان و خێڵ و خێڵخانە و ئێڵجاڕیشمان هەن.
ئێڵاخ، پێکهاتووە لە ئێڵ + ئاخ، واتە خاک و وڵاتی خێڵ.
ئێڵخان، واتە خان و سەرۆکی ئێڵ کە دەکاتە سەرئێڵ (سەرعێل) سەرخێڵ، سەرهۆز.
خێڵ، کە دوور نیە لە خۆ_ئێڵ،ەوە هاتبێ کە دەکاتە ئێڵی خۆمانە.
خێڵخانە، واتە ماڵ و بنەوبارگە و یانەی خێڵ و ئێڵان.
ئێڵجاڕ، کە عێلجاڕیشی پێدەڵێن، واتای گەلەکۆمەی کۆمەڵێ تیرەی هەیە لەسەر تیرەیەک و پێدەچێت لێرەدا وشەی جاڕ مەبەست لێی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە بێت، هەروەها لە گەرمیان بە کەسێک کە ڕقاویی و گیر و منجڕە یەژن(جاڕسەخت).
جاڕ واتای بانگەشە و ڕاگەیاندنیشی هەیە. هەروەها مانای ئەو زەویەیە کە دوای درەوکردن سروت و پوشوپەڵاشی دەمێنێتەوە،
ئێلات، واتای ڕەوەند و کۆچەر و جافداری هەیە، فرەتر بەو ماڵانە وتراوە کە لە کوردەماڵ و ڕەشدەواردا ژیاون. ئەم وشانە هەموویان گرێدراوی یەکترن.
ئینجا مایەی سەرنجە کە وشەی ئێل و ئیل و هێڵ و ئێڵ و عێل و ئێلان و هێلان و لانە و لانکەیش هاوڕیشەی یەکترن و ئەکرێت ورد لەسەر ئەمانەیچ بکۆڵینەوە.
پەندێکی کوردیی سەروومان هەیە، یەژێ: ئێلا بێسەروەری، وەکی بەدەنەکا بێسەرە.
ئەم وشە بەم دەنگانە گۆکراوە:
ئیل، ئێل، ئیڵ، ئێڵ، عیل، عێل، ئاڵ، عال، هێڵ، هاڵ.
بەم بۆنەیەوە هەزار درود بۆ ڕەوانی پاکی حەزرەتی ئێڵبەگی جاف، کەسایەتیی وشیار و پێشبینیکاری گەورەی کورد و جاف و باوەگەورەی عەشیرەتی ئاڵیبەگیی و مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و حەزرەتی نالی.
سەرچاوە: ڕەشنووسی فەرهەنگی کوردەجێ، نووسینی لالە بەختیار مام حەمید.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە