زاهیر باهیر: خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەند چەمکێك. لەوانە/ ئیمپریالیزم باڵاترین پلەی سەرمایەدارییە.
1- ئیمپریالیزم باڵاترین پلەی سەرمایەدارییە
ئەم چەمکە لە لایەن لینینەوە هاتە ناوەوە. لە ساڵی 1916 دا لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا کاتێك کە لە سویسرا بووە بە ساڵێك پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ئەم کتێبەی نوسیوە. لینین لە نوسینی ئەم کتێبەدا سوودێکی زۆری لە شیکردنەوە ئابوورییەکانی مارکس بینیوە.
ئەو تۆێژینەوانەی کە لینین کردونی و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ئامادەی کردوە بنەماکەی چەند خاڵ و ڕوداوێکی گەورە بووە لە قۆناخەکانی ئیمپریالیزم کە لای ئابووریناسان و مێژوو نوسەکان تایتڵی جیا جیای پێدراوە. بە گوێرەی پێناسەکانی ئەوان نەتەوەیەکی بەهێز، یا ڕاستتر دەوڵەتێکی بەهێز لە ڕێگەی کۆنترۆڵی سیاسیی، ئابووریی، یان سەربازییەوە کاریگەری خۆی بەسەر ولاتانی، یا ناوچە لاوازەکاندا درێژدەکاتەوە، کە زۆرجار بریتییە لە کۆلۆنیکردن و بەکارهێنان و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و باڵادەستیی بەسەر دانیشتوانی ناوخۆییدا.
ئیمپریالیزم لە مێژوویەکی درێژدا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەبووە، بەڵام ئەو زاراوەیە زۆرترین پەیوەندی بە قۆناغی سەدەی پازدە تا بیستەمەوە هەیە. لەوانەش ئیمپراتۆریەتەکانی سەرەتایی وەك ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و فارس و چین بە داگیرکردنی خاکەکان فراوانتر بوون.
لای لینین ئەم وشەیە فراوانتر بووەوە مەبەست لێی ڕوونکردنەوەی هۆکارە ئابووری و سیاسییەکانی ئیمپریالیزم بوو و چۆن بووە هۆی ململانێ جیهانییەکانی وەك جەنگی جیهانی یەکەم. لینین دەیگوت ئیمپریالیزم پەرەسەندنێکی سروشتی سەرمایەدارییە، کە قۆرخکاریی و سەرمایەی دارایی زاڵ بوون و لە ڕێگەی فراوانبوونی کۆلۆنیالیزمەوە بەدوای بازاڕی نوێدا دەگەڕان.
لینین ئیمپریالیزم بە “قۆناغی قۆرخکاری سەرمایەداری” پێناسە دەکات، کە بازرگانی و بانکە گەورەکان زاڵن بەسەر ئابوورییەکاندا و بەدوای بازاڕ و سەرچاوەی نوێدا لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێن.
لینین پێنج تایبەتمەندی سەرەکی ئیمپریالیزم دەستنیشان دەکات:
یەك : کاپیتاڵیزم چڕبوونەوەی بەرهەمهێنان و سەرمایەی قۆرخکاری دروست دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی پیشەسازییەکان دەکات.
دوو: یەکگرتنی سەرمایەی بانکی و پیشەسازیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئۆلیگارشییە داراییەکان.
سێ: هەناردەکردنی سەرمایە (وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی دەرەوە) گرنگتر دەبێت لە هەناردەکردنی کاڵاکان.
چوار: پێکهێنانی قۆرخکاریی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی کە جیهان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن.
پێنج: دابەشبوونی خاکی جیهان لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا تەواو دەبێت و ناکۆکی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لینین لەو سەردەمەدا بە هاوکاری نوسینەکانی مارکس لەسەر پرسی ئابووریی، دەرکی بەوە کردووە کە سەرمایەداریی بەرەو مۆنۆپۆڵی دەچێت و بزنسە بچوکەکان لە لایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە لووش دەدرێن، پرسی دراو و دەزگە دراوییەکان دەبێتە کاردانەوەیەکی حەتمی دیاردەی کاپیتاڵیزم. جەوهەری کاپیتاڵیزم بەیەکادان و ململانێی نێوانی کۆمپانیاکان و خاوەن سامانەکانە و ئەمەش بەرەو خولقاندنی چەوساندنەوە و جەنگی گەورەی دەبات. لینین جەنگی جیهانی یەکەمی بە بەرەنجامی راستەوخۆی ململانێی ئیمپریالیزم لەسەر کۆڵۆنییەکان و سەرچاوەی کەرەسەی خاو و بازاڕ زانیوە.
ئەوانەی سەرەوە کورتەیەکن لەوەی کە لینین پێناسەی ‘ ئیپمریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە’ بەسەر کاپیتاڵیزم دا بڕیوە، پێشبینی ئەوەشی کردووە کە ئەمە کۆتا قۆناخی ئابووری کاپیاڵیزمە و هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دروست دەبیت. بە کورتی تێبینییەکەی لینین ڕەخنەیە لە ئیمپریالیزمی سەرمایەداریی، کە نیشانی دەدات چۆن قۆرخکارییە ئابوورییەکان دەبێتە هۆی هەژموونی جیهانی و چەوساندنەوەی بێ ڕەحمانە و شەڕ. بەم شیوەیە بیرۆکەکانی لینین کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکان و شۆڕشە سۆسیالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو.
بێگومان ئەوەی کە لینین لێرەدا وتویەتی تێبینی و پێشنیارکردن بووە بۆ ساڵانی ئایندەی پاش سەردەمی خۆی هەر وەك چۆن ئێمە دەتوانین هەندێك پێشبینی گەر چی وەکو خۆشی دەقاو دەق دەرنەچیت بۆ ئایندە دەکەین.
ئایا ئەو چەمکەی لینین دروست بووە؟
پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکە دەبێت ئەوە بڵێم مارکسییەکان وەکو دینییەکان ئایدۆلۆجین ئەوەی کە وتراوە بۆ سەردەمێکی پێشوو لە قۆناخێکی تایبەتی کۆمەڵدا پاش ئەم هەموو ساڵانە، ئەوان هەر ئەوانە دەڵێنەوە و باوەڕیان وایە کە ئستاش ئەو پێناسەیە بۆ کاپیتاڵیزمی سەردەم هەر دروستە. گرفتی گەورە لای ئەوان وەکو دینییەکان شرۆڤە، قسە و چەمك هەموی لە زەمان و لە شوێن و واقیعی خۆی دادەبڕن.
گەر تەماشای واقیع و کاپیتاڵیزمی سەردەم و ئەو پێشەوەچون و گۆڕانکارییەی کە بە خۆیەوە بینوە بکەین، هەڵەی ئەو چەمکەی دەرخستووە و لە ئێستادا کردویەتییە چەمکێکی مردوو. هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکە لە هەنووکەدا گران نییە چونکە ئەو پاسا و بەهانانە بۆ سەلماندنی چەمکەکەی، ئێستا دەتوانرێت وەکو راستییەك یاخود هەڵەیەك بزانرێت .
لەوانە لینین باوەڕی وابووە کە سەرمایەداریی هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دێتە کایەوە هەر بۆیە دوای ئیمپریالیزم قۆناخێك یاخود هەنگاوێکی دیکە نییە تاکو سەرمایەداری بینێت، بەڵام ئەوە دەبینین کە سەرمایەداریی بە کردنی چەند ریفۆرمیکی وەکو گرتنەبەری سیاسەتی خزمەتگوزاری و جیهانگیریی و نوێکردنەوەی تەکنیکی نوێ، دروستکردنی تەکنەلۆجیای نوێ تا ڕادەیەکی زۆر لەبری هەرەسهێنانی، خۆی زیاتر بینا کردووە .
پاساوێکی دیکەی لینین ئەوە بوو کە سەرمایەداریی قۆرخکردنە، بەڵام هاتنی سیاسەتی نیولیبرالیزم و گڵۆباڵی بازرگانی و مامەڵە و ئابوری دیجیتاڵی و دروستکردنی جۆرەها جەنگی کورت و درێژخایەن، نەك هەر ئەوەش بەڵکو توانی خۆی مۆدێرەنایز بکات و نەك هەر سیاسەتی قۆرخکردن بگرێتە بەر بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانیش لە ململانێیەکی زۆر گەورەدا بن تاکو بازاڕی نوێ دروست بکەن و بازارە کۆنەکانیش ئەوەی کە سوودی بمێنێت مۆدێرەنایزی بکەن .
بنەمایەکی دیکەی لینین بۆ چەمکەکەی وەبەرهێنانی بێیانە و فراوانبوونی بوو کە هەندێك جار بە زۆر و لە ڕێگەی داگیرکردنەوە بووە، بەڵام لە ئێستادا دەیبینین کە هەندێك لەو مامەڵە و بازرگانیانە خۆبەخشانەیە و کە جاری وا هەیە کە دەوڵەتەکان لەژێر فشاری یەکدیدا ئەوە ناکەن هەر وەکو چۆن لە ئێستادا چەندەها مامەڵەی بازرگانی و گرێبەستی پیشەسازی لە نیوانی هەندێك لە دەوڵەتەکاندا هەن و بەردەوامیش ئەوە روودەدات. جگە لەمانەش دەوڵەتەکان بە بەکارهێنانی کۆمەڵێك فۆرمیلەی وەکو بەرزکردنەوە و دابەزینی ڕێژەی سوو و هەڵئاوسانی پارە و هەروەها دانانی گومرگ (تاریف) ئەمانەش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە لایەك لەسەر بەهای دراویان و لە لایەکی دیکە لەسەر پرسی بەرهەمهێنا و مامەڵەی بازرگانیی.
خالێکی دیکەش هەیە کە ڕەچاوکردنی زۆر گرنگە لەگەڵ بوونی چەوساندنەوە و دەستی هەرزانی هێزی کار، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا زۆربەی وەبەرهێنانەکان و دروستکردنی پرۆژە جیاوازەکان لە ڕێگای گرێبەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە لەگەڵ دەوڵەتانی کە پرۆژەکانیان دەوێت، یاخود لە نێوانی خودی دەوڵەتەکاندا هەن. ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك ناتوانێت سەراپای پرۆژەکانی بە کۆمپانیاکانی خۆی یاخود خودی دەوڵەتەکەیەوە بکات و بکرێت، بەڵکو پەنا بۆ کۆمپانیا گەورەکان یاخود دەوڵەتەکانی دیکە دەبات تاکو ئەو پرۆژانە جێ بەجێبکرێن.
بۆ نموونە گەلێك لە دەوڵەتەکانی ئەفریقا لە ڕێگای چین و کۆمپانیا چینییەکانەوە پرۆژەکانی وەکو ڕێگا و بان و پرۆژەی سەد و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان و پرۆژەی گەورەتری دیکە دەکەن. ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەتەکان لە ڕێگای قەرزی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی نێو دەوڵەتییەوە گەرچی گرێبەستەکانی نیوانیان زۆر سەخت و قورسە ئەمە دەکەن. ڕاستە کردنی هەندێك پرۆژە یاخود قەرزکردن ناچارییە و دەبێت بکرێت بەڵام تا رادەیەکی زۆریش خۆبەخشانەیە نەك بەزۆر پێیان بکرێت و دەوڵەتێك بێت داگیریان بکات سەروەت و سامانیان بەتاڵان ببات و ئەم پرۆژانەیان بۆ ئەنجام بدات.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئەوەی لینین وتونی هەندێك ڕاستیان تێدایە وەکو مانەوەی هەژموونی وڵاتە زلهێزەکان و جەنگ و چەوساندنەوە و کە تا ئێستاش ئەوانە هەر بەردەوامن لەگەڵ ئەوەشدا سەرمایەداریی خۆی گونجاندووە و گەشەی زیاتر و زۆری کردووە، سەلماندوویەتی کە خۆڕاگرترە لەوەی لینین پێشبینی دەکرد. لە کاتێکیشدا کە هەژموونی ئابووریی هێشتا بوونی هەیە، بەڵام ئاڵۆزترە و بەهێزترە لەوەی کە لینین پێشنیاری کردووە.
بەڕای من ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرماییەداریی نییە ، سەرمایەداریی ئەو قۆناخەی تێپەڕاند و گەیشتە قۆناخی جیهانگیریی. جیهانگیریی و ئیمپریالیزم دوو قۆناخی زۆر لە یەکدی جیاوازن و پێناسەشیان زۆر جیاوازە هەر وەکو چۆن ڕێڕەوی گەشەکردنشیان جیاوازە. ئیمپریالیزم قۆناخێك بووە بەڵام قۆناخی باڵاترین نەبو، کاتێك کە ئێمپریالیزم هەبوو عەولەمە نەبوو ، کە عەولەمەش هات ئیتر ئیمپریالیزم وجودی نەما
2 تیۆری سێ جیهانەکە
بەرای من ئەم تیورە بە تەواوی بەوەی سەرەوە پەیوەست دەبێتەوە، واتە بە پرسی ئیمپریالیزمەوە، گەر چی ساڵانێکی زۆر بەینیان بووە، چونکە بە بڕوای لینین نەك ئیمپریالیزم دوژمنی سەرەکی چینی کرێکارانە، بەڵکو دوژمنی سەرسەختی گەلانی کۆڵۆنایزکراویشە بەوەی کە داگیری کردون و ڕەنج و سامانی سروشتی و ناسروشتیانی بە تاڵان بردووە، ڕێگەی هەموو جۆرە سەربەخۆییەك و پێشکەوتنێکیان لێ دەگرێت. وێڕای ئەوەی کە لینین چەمکی جیهانی سێی بەکارنەهێناوە بەڵام خودی تیۆرەکە هەر ئەو ناوچە و وڵاتەن دەگرێتەوە کە کاتی خۆی بەشی زۆریان لە لایەن وڵاتە ئیمپریالیزمەکانەوە داگرکراون و چەوساونەتەوە و لە جەوهەریشدا بناخەی تیۆری سێ جیهانەکەیە.
لەم بارەشدا لینین باوەڕی ئاوا بووە کە دەبێت خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی دەستبەکار بێت ئەو خەباتەش سەرومڕ بێت و کرێکارانی خودی وڵاتیش دەبێت پایەی گەورەی ئەو خەباتە بن شانبەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. بۆ ئەمەش لینین چەند تێکست و باسی گرنگی نوسیوە لەوانە”‘ مافی چارەنووسی گەلان (1914–)” ئەو لێرەدا دەڵێت گەلانی ستەملێکراو مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە جەختیش لەوە دەکاتەوە کە مارکسیستەکان پێویستە پشتگیری ئەم مافە بکەن لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ یەکێتی پرۆلیتاریا بکەن. ئەو جەختی لەسەر گرنگی پرسی نەتەوە چەوساوەکان کردووەتەوە، لەوانە گەلانی ئاسیا بووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە زلهێزە ئیمپریالیستەکان.
لینین جارێکی تر لە نوسینی ” شۆڕشی سۆسیالیستی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (1916)”‘ – لێرەدا زیاتر پەیوەندی نێوان شۆڕشی سۆسیالیستی و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ڕوون دەکاتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بژاردەی مافی چارەنووسیی مافێکی دیموکراسییە کە یارمەتی یەکخستنی کرێکاران دەدات لە سەرانسەری گەلاندا. ئەمەی لە مانگی دووی ئەو ساڵەدا نوسی . لینین لەو نوسینانەدابە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەسەر بزووتنەوە ڕزگارییە نەتەوەییەکان، دژە ئیمپریالیزم و ڕۆڵی گەلانی ستەملێکراو لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جیهانیدا نووسیوە، لەو گەلانەش کە بەرهەمەکانی لینین باسی لە خەباتی ڕزگاری خەباتی ڕزگاریخوازییانی کردووە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و گەلانی دیکەی کۆلۆنایز کراو بوون.
کاتێکیش کە کتێبی ‘ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە 1917’ نووسی، دووبارە باسی ڕۆڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی لە ئاسیادا کردەوە. ئەم بۆچوونەی لینین و بانگەشەکردنی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەیی لەگەڵ زۆرێك لە بزووتنەوە دژە کۆلۆنایزکردنی ئاسیادا هاتەوە.
دواتر لە ساڵی 1920 دا لینین جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر ئەم باسە و لە “تێزەکان لەسەر پرسیارە نیشتمانی و کۆلۆنیالیزمەکان” کە لە کۆنگرەی دووەمی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستدا پێشکەش کران. لێرەدا دووبارە تێڕوانینی لینینیان خستەوەڕوو کە کۆمۆنیستەکان دەبێ پشتگیری لە بزووتنەوەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بکەن.
ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵە نوسێنێک بوون کە لینین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی نوسیوێتی، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو نوسینانەشدا لەو بارەوە، کەچی هێشتا ئایدیای تیۆری ‘ سێ جیهانەکە’ لە سەردەمی خۆیدا ئەو گەشەیەی نەکرد بۆ ئەوەی ببێتە تیۆرێکی تا ڕادەیەك جیهانیی، بەڵام بناغەی بەهێزی بۆ ئەو تیۆرە دانا، تیۆرەکەش بە قۆناخ و هەوڵی جیا جیادا تێپەڕی و گەشەی کرد بۆ تیۆری سێ جیهانەکە.
تیۆری سێ جیهانەکە دواتر وەکو چەمکێکی سیاسی و ئابووریی لە سەردەمی پێش و دوای جەنگی سارددا سەریهەڵدا، سەرەتا لە ساڵانی 1950 و 1960 سەری هەڵ دا. تیۆرەکە سەبارەت بەو وڵاتانە بوو کە نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوایی (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکردایەتی ناتۆ) هاوتەریب بوون و نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتیی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران و هاوپەیمانەکانی) نەبوون، بەڵکو ئەم گەلانە زۆرتر کۆلۆنییەکانی پێشوو بوون لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیان دەدا ڕێڕەوی سیاسی و ئابووری سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن.
چەمك یا زاراوەی “جیهانی سێیەم” بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەلفرێد سەوڤی، دیمۆگرافیای فەرەنسی، لە ساڵی 1952دا هاتە ناوەوە. ئەو جیهانی سێیەمی بە ‘ئیستەیتی سێ’ ( Third Estate ) بەراورد کردوو. ئەم زاروەش لە فەرەنسای چەرخی نۆزدە و پێش شۆڕش بە مانای خەڵکانی کۆمۆن، نۆرمەڵ ، ئاسایی یاخود ‘خەڵکی باو’ وتراوە، ئەم وڵاتانەی بە ئیستەیتی سێ بەراورد کرد کە خراونەتە پەراویزەوە و چەوسێنراونەتەوە پێویستیان بە راپەڕین هەیە.
پاشان گەشەسەندنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تیۆری جیهانی سێیەم کەوتە قۆناخێکی دیکەوە کە بە نزیکییەوە پەیوەستە بە سەرکردە و بیرمەندانی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان ‘ ‘Non-Aligned Movement(NAM) و خەباتەکانی دژە ئیمپریالیزم. بەم مەبەستەش سەرکردەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە ساڵی 1955 لە کۆنفرانسێك لە ئەندەنوسیا بۆ پێشکەوتن و هاوکاری و دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم کۆبوونەوە. لە ساڵی 1961دا بزووتنەوەی بێ لایەنەکان (NAM) بە فەرمی لە شاری بەلگراد لە یوگۆسلاڤیا دامەزرا. بەم شێوەیە جیهانی سێیەم بوو بە هێمای بەرخۆدان و دژە ئیمپریالیزم و خواستی نەزمێکی نوێی جیهانی.
ڕۆڵی دروستبوونی حیزبی شیوعی چینی و بزوتنەوەکەیان بە ڕابەرایەتی ماوتسی تۆنگ و سەرکەوتنیان لە ساڵی 1949 دا ناکرێت لێرەدا فەرامۆش بکرێت چونکە ڕۆڵی خۆی هەبوو لەسەر پەیوەستبوونەوەی تیۆرەکانی ماوتسی تۆنگ بە بیرۆەکەی نەتەوایەتی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم بە تێزەکانی لینینەوە. لێرەدا ئەم تیۆرە هاندەری گەورەی بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی دیکە و گەشەپیدانی تیۆری سێ جیهانییەکە و کەوتنە قۆناخێکی نوێوە، بووش بە مانیفێستی ئەو بزوتنەوانەی کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووەوە پەیڕەوی لێکرا .
کرۆکی تیۆری سێ جیهانەکە
لەو کاتەوە واتە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیۆری سێ جیهانی لە فۆرم و ناوەرۆکدا مانایەکی گەورەی پیدرا و زۆرێك لە پارتە کۆمۆنینستەکان و ئەوانەشی کە لەژێر ناوی دیکەدا بوون بەڵام هەر کۆمۆنیست بوون بەم شێوەیە گوزارشتیان لە جیهان دەکردو هەر لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاکتیك و ئامانجی خۆیان و بزوتنەوەکەیان دیاری دەکرد. دیدی ئەمان بۆ جیهان مەبەستێکی دیکەی دیاریکرد و پێناسەیەکی نوێی بۆ جیهان کرد. جیهانی یەکەم: زلهێزەکان (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت) کە تیۆرەکە بە دوو ئیمپریالیزمی جیهانی ناساندنی. جیهانی دووەم: وڵاتانی گەشەکردوی پیشەسازیی کە وڵاتانی ئەوروپا و گەلێك لە وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە، واتە وڵاتانێك لە نێوانی ئەو زلهێز و وڵاتانی پیشەسازیی دواکەوتوو وەك وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی کە بە وڵاتانی جیهانی سێیەم درانە قەڵەم.
بە گوێرەی ئەم تیۆرە ناکۆکی سەرەکی لای ئەو حیزبانە بە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە ناکۆکی نێوانی وڵاتەکەیانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئیمپریالیزمەدا بەسەرەکی دەزانی. ئا لەم بارەشدا پێیان وابوو کە جیهانی سێیەم هێزی سەرەتایی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەیە.
فراوانبوونی تیۆرکە و زیانی ئەو تیۆرە گەیشتە ئەو رادەیەی کە بووە پێوەرێك بۆ پێناسەکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە، کە هەر لایەك دژ بە ئیمپریالیزم خەباتی بکردایە ئەوە شۆڕشگێڕ بوو لەمەش خراپتر لەم تیۆرە خەفەکردن و لێگەڕان لە بوژوازی و دەسەڵاتی بەناو نیشتمانی بوو، گرنگی نەدان بەو ململانێیەی کە هەبووە یاخود هەیە لە نێوانی بورژوازی و سەرمایەدارانی ناوخۆی وڵاتدا، کە گوایە ئەوانە سەرمایەداری خۆماڵین پشتگیریکردنیان یانی گەشەکردنی ئابوری نیشتمان لە ڕوی پیشەسازییەوە ئەمەش بە واتەی گرنگبوون و زۆربوونی ژمارەی کرێکاران و وڵاتبردنە بەرەو سەرمایەداریی کە قۆناخێك بە گوێرەی ئەو تیۆرە نزیکترمان دەکاتەوە لە شۆڕشی سۆشیالیستیی.
دوو لایەنی هەر زۆر خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە لە هەندێك وڵاتدا حیزبە کۆمۆنیستە پرۆ ڕوسییەکان پشتگیری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد بە هۆی نزیکییانەوە لە ڕوسیا و لەو لاشەوە کە ئەمان وڵات بەرە و سەرمایەداری دەبەن یا لە هەندێك وڵاتی وەکو عێراق دا وایان لە جەماوەرەکەیان و خەڵکی دەگەیاند کە وڵات دەتوانێت لە ڕێگای دەوڵەتی دیمۆکراسی یا گەلیی یاخود دیمۆکراتی گەلیی، لە ڕێگەی گەشەکردنی ناسەرمایەدارییەوە بگاتە سۆشیالیزم.
لایەنێكی دیکەی خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە تا ئێستاش لەناو چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبەکانی دیکەی وەکو ‘سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ کاتێك کە شەڕی نیوانی دوو دەوڵەتی وەکو عێراق و ئێرانی هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو هەبوو، ئەمان لایەنگری ئێران بوون بە پاساوی ئەوەی گوایە ئەمەریکا ئیمپریالییزمە و ئێران بەرگریی لە خۆیی و نیشتمانی دەکات، ئەمان پشتگیری ئێرانیان دەکرد . ئەم هەڵوێستە بە ئاشکرا لە ‘ سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ ئەو کاتەی بریتانیادا دەبینرا.
لەم شەڕانەی ئیستاشدا وەکو شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، ئەم چەپانە پشتگیریی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەکەن لەبەر ئەوەی کە ڕوسیا ناکۆکی سەرەکییە و ئیمپریالیزمە . هەروەها لە شەڕی حیزبوڵا و حەماس و گروپەکانی دیکە دژ بە ئیسرائیل، چەپەکان هەمان هەڵوێستیان هەیە و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدان و دژ بە ئیسرائیلن، لەبەر ئەوەی پایە و بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکایە. هاوکاتیش هەر بە گوێرە ئەو تیۆرە ‘ تیۆری سێ جیهانییەکە’ ئەمان پشتگیری وڵاتانی وەکو ڤێزیلا و کوبا و هەندێكی دیکە لەوڵاتانی ئەمەریکای لایتن دەکەن کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە چەپەکاندان کە ئەمەریکا دژایەتییان دەکات.
بەم شێوەیە تیۆری سێ جیهانەکە بووەتە پێوەرێك لای ئەم چەپانە لە بوونی جەنگی نیوان دەسەڵاتەکاندا هەڵوێستیان ئاوایە کە کامیان لەگەڵ ئەمەریکادایە ، یاخود نزیکە لە ئەمەریکاوە.
بەڕێکردنی ئەم تیۆرە لە هەر بوارێکدا لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن تییۆرێکە لە خزمەتی سسیتەمی سەرمایەداریدایە، دابەشکردنی کرێکاران و کردن بە دوژمنی یەکدییە و لەتکردنی تێکۆشان و خەباتیانە. سەرەڕای ئەمەش هەر بەکارهێنانی چەمکی ئیمپریالیزم لە ئێستادا هەڵەیە و زەربەیەکی گەورە دەدات بە بزوتنەوەی کرێکاران و جەماوەر .
لە ئێستادا هەموو جیهان سەرمایەدارییە گەرچی دابەشبوون بەسەر وڵاتانی پیشەسازی گەشەکردوو وڵاتانی ناگەشەکردوی پیشەسازیی ، شەڕی نیوانی دەوڵەتەکانیشیان شەڕی پاوانەکردن و لێدانە لە بزوتنەوەی کرێکاران، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لێدانە لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئیتر گرنگ نییە ئەو دەوڵەتانە لە ژێر هەر ناوێکدا بن و هەر حیزبێك حوکمیان بکات و ئیدیعای چی دەکەن. پاساوی پۆلینەکردنی سەمایەدارییە بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ، کە دەکرێت لێرەدا ئەو شرۆڤەیەی بۆ بکەین کە بەشەکەی سەرمایەداری کە ناوی ئیمپیریالیزمە بەشە خراپەکەیەتی و ئەوانی دیکەیان بەشە باشەکەیەتی.
لە ڕاستیدا خەباتی هەمووان دەبێت لێدان بێت لە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، خەباتە دژ بە قەڵا پۆڵاینەکەی سیستەمەکە کە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ هەرەسهێنانی خودی سیستەمەکە، نەك پشتگیریکردنی دەوڵەت لە شەڕەکانیدا بەڵکو یاخیببونە بە هەر شێوەیەك کە خەڵکی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵ دەتوانێت بیکات. پرسی تەواوی خەباتیش یەکاڵاکردنەوەی کێشەی نیوانی دەوڵەتی سەرمایەداری و کرێکاران و چەوساوەکانی دیکەیە، لابەلاکردنەوەی کێشەی کاری کرێگرتەیە و تێشکانی پایە هەرە گەورەکەی سەرمایەدارییە کە دەوڵەتە .
بەداخەوە کە ماکی تیۆری سێ جیهانی تا ئەمڕۆش هەر ماوە و ڕۆڵی گەورەی خۆی دەبینێت لە دابەشکردن و هەڵخەڵەتاندنمان بە متمانەبوون بە ڕژێمی نیشتمانی و شەڕی رەوا و دژ بە ئیمپریالیزم و قەڵاگەورەکەی سەرمایەداریی.
بەڕای من چەمکی ئیمپریالیزم کە هەندێك لە ئەنارکستەکانیش بەکاری دەهێنن هەڵەیە. ئەوە دابەشکردنی سەرمایەداری و دەوڵەتانی سەرمایەدارییە وەکو وتم بەسەر باش و خراپدا، کەرتکردنی چینی کرێکار و جەماوەر و بزوتنەوەکانیانە، شێواندنی دروستی ئەو بیرۆکەیە کە ناسینی کاپیتاڵیزمە وەکو سیستەمێکی جیهانیی و بزونتەوە دژەکەشی هەر جیهانییە. گەڕانەوەیە بۆ تیۆری سێ جیهانەکە و بەکارهێنانیشی بەرگریکردنە لە جەنگی نێوانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی بە ڕەوایەتیدانە بە یەکێکیان و بە شەیتانکردنی ئەوی تریان. کردنی ئەمەش گەر بە هۆشیارییەوە بێت یا ناهۆشیاریی زەرەرێکی زۆر دەگەیەنێت بە بزوتنەوەکەمان هەر وەکو گەیاندویەتی .
3 دەوڵەت- نەتەوە
پێناسەی باوی دەوڵەت-نەتەوە وا هاتووە کە زۆرینەی دانیشتووان هاوبەشی زمان، کولتوور، ئیتنیکین، یان پاشخانێکی مێژوویی هاوبەشیان هەیە. خاکێك و ناوچەیەکی جوغرافی هەیە کە سنورەکانی دانی پێدا نراوە لەگەڵ حکومەتێك کە سەروەری (کۆنتڕۆڵ)ی بەسەر ئەو خاکە و خەڵکی ناوەوەیدا هەبێت. دەسەڵاتێکی ناوەندی هەیە کە یاساکان جێبەجێ دەکات و وەکو دەڵێن ڕێکوپێکی و ئاسایش دەپارێزێت. هەروەها دانپێدانان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە وەك قەوارەیەکی سەربەخۆ لەلایەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە و بوونی نێردە و دیپلۆماسی.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە گوایە ئەم دەوڵەت-نەتەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی دەکات و لەو بارەوە سەربەخۆیە. هەر ئاواش ناونوس کراوە کە دەوڵەت-نەتەوە سەرکەوتنێکی نەتەوەییە و قەوارەیەکی سیاسی بە هاوبەشی خەڵکەکەی هەیە لە شوناسی کولتووریی، زمانەوانیی، یان نەتەوەیی .
لەمانەی سەرەوەش زیاتر لەسەر دەوڵەت-نەتەوە دەوترێت کە هاووڵاتیانی لە هۆکارەکانی وەك زمان یان ڕەچەڵەكی هاوبەشدا تاڕادەیەك یەکسانن. بیرۆکەکە ئەوەیە کە سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەت لەگەڵ سنوورە کولتوورییەکانی نەتەوەدا یەکدەگرنەوە. گوایە هەست بە خاوەندارێتی لە وڵات و حوکمڕانیدا دەکات، دەتوانێت سەقامگیری و یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.
بەڵام ئایە وایە؟
ئەمڕۆ لە واقیعدا لە هەر دەوڵەت- نەتەوەیەك لە جیهاندا بڕوانین، پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکات کە ئایا ئەم چەمکە کە لە لایەن دەسەڵاتداران و پارتە نەتەوەیی و نیشتمانی و سۆشیالدیمۆکراتیەکانەوە تەنانەت لە لایەن هەندێك لە چەپەکانیشەوە بەکاردەهێنرێت ڕاستە؟ ئایا دەوڵەتێك هەیە لەژێر ناوی دەوڵەتی نەتەوەدا؟ تا کەی ئەم بیرۆکەیە سێبەری خۆی بەسەرماندا دەکێشێت تەنها لەبەر ئەوەی لای ئەکادیمیان و ئابووریناسان و ڕۆشنبیران کە لە خزمەتی سیستەمەکەدان باشترین بژاردەیە؟
بەڕای من زۆر بەڵگە هەن کە ئەو زاراوەیە، زاروەیەکی نادروستە بەڵام من لێرەدا پەنا بۆ سێ خاڵی گرنگ دەبەم کە بەڵگەن بۆ ناردروستی ئەو چەمکە.
یەك: هیچ دەوڵەتێك و هیچ وڵاتێك لەم سەردەمەی ئێستەدا سەربەخۆ نییە وەکو سەربەخۆیی ئابووری کە سەربەخۆیی سیاسیش دروست دەکات. تەنانەت دەوڵەتێکی گەورەی وەك ئەمەریکا و یابان و ئەڵمانیا و بریتانیا و هەموو ئەوانی دیکە هەر هەموویان بە جۆرێك لە جۆرەکان، زۆر یا کەم پاشکۆی ئەوانی دیکەن لە ڕوی ئابووریی و تەنانەت هەندێكیان لە ڕوی سیساسیشەوە.
لەم بارەدا پێویست ناکات پەنابەرم بۆ ئامار چونکە ئەوە ئاشکرایە کە بازرگانی نێوانیان و بەشداریکردنیان لە ڕێکخراوە بازرگانی و گرێبەستە ئابووری و پیشەسازییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. هەر کەسێك کە پێویتسی بە کاڵایەك هەبێت کە دەچێتە بازاڕ یاخود بە گەڕانێك لە ئینتەرنێت بۆی دەردەکەوێت کە چەندەها جۆر لە هەمان کاڵا هەن و لە وڵاتانی دیکە هێنراون بۆ وڵاتەکەی ئەو.
کەواتە نە دەوڵەت و وڵاتان سەربەخۆن و نە دەشتوانن بە سەربەخۆیی بمێننەوە، ئەمە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێشەوەچوونی سەرمایەداری و گڵۆبەڵایزەیشنە، ئەگەر هەر دەوڵەتێكی سەردەم و هەر وڵاتێك گەر بیانەوێت لەو بازنەیە بێنە دەرەوە ئەوە گەر هەرەسیش نەهێنن وردە وردە دەپوکێنەوە.
دوو: دەوڵەت-نەتەوە کە بەشی گرنگ و پایەکەی کە حکومەتەکەیە چیانیەتییە، کەواتە نوێنەرایەتی چینێك و توێژاڵێکی تایبەتی دەکات کە لە زۆربەی ئەو دەوڵەت و وڵاتانەشدا نوێنەرایەتی کەمینەیەکی زۆر کەم لە دانیشتوان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دانیشتوان و هاووڵاتیانە مەرج نییە کە بە پێناسەیی نەتەوەیی، لە نەتەوە ئەسڵییەکەی خودی وڵاتەکە بن. لێرەشدا دەبینین کە دەوڵەت-نەتەوە پارێزگاری لە بەرژەوەند و قازانجی کۆمپانیا زەبەلاح و سەرمایەدار و ساماندارە گەورەکان دەکات بە جیاوازی بوونی ڕەگەزیی و جێندەیی، نەك پارێزگاری زۆرینەی کۆمەڵگە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانن.
بە گوێرەی ئەوە سەپاندنی زاراوەی دەولەت-نەتەوە بەسەر دەوڵەتەکاندا هەر بە هۆی ئەوەی کە زمانی فەرمی زمانی نەتەوە سەرەکییەکەیە هەڵەیە. دوای ئەوەش ئەمڕۆ بە هۆی گڵۆبەڵایزەیشنەوە کولتوری ڕەسەنی نەتەوەکان تا ڕادەیەك بەرەو لاوازی و لەناوچوون ڕۆیشتون و دەڕۆن.
سێ: ئەوەی کە لە پێناسەی دەوڵەت-نەتەوەدا کراوە کە خاوەنی کولتور و ڕۆشنبیری زمانی هاوبەشن، ڕاستی تێدا نییە. هەموو ئەو دەوڵەتانە بێ لە نەتەوە سەرەکییەکەی وڵاتەکە، ئەوانەی کە لە ئەسڵدا لەوێ بوون، کەمایەتی نەتەوەیی یاخود ئیتنیکی لێیە و لە هەندێکیاندا لەو کاتەوەی کە لەو وڵاتە گیرساونەتەوە چەند وەچەیەکیان خستۆتەوە. ئەم کەمایەتییەیانە خاوەن کولتور و نەریت و ڕۆشنبیری و دین و ئاینی خۆیانن و نە لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا نە لەگەڵ کەمایەتییەکانی دیکەدا شەیر ناکرێن، ڕەنگە ڕێز لە هی یەکدی بگرن بەڵام شەیر ناکرێن.
لەگەڵ وتنی ئەوەی سەرەوەشدا، نکوڵی لەوە ناکرێت کە بریتانیا زمانی فەرمی ئینگلیزییە و لە ئەڵمانیا ئەڵمانی، هەر ئاوا لە وڵاتەکانی دیکەشدا کە هاوبەشەو هەمووان بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەم زمانە خەڵکانی نائینگلیز بە ویست و ئارەزوی خۆیان فێرنەبوون و یا وەریان نەگرتووە، بەڵکو ناچارییە و سەپێنراوە بەسەریاندا کە دەبێت ئەو زمانە بزانن. خوێندن و نوسین و قسەکردن و کارکردن و شانۆ و مامەڵەی بازاڕ بە زمانە فەرمییەکەیە نەك خودی زمانی زکماکی کۆمۆنێتییە نائینگلیزەکان.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە زۆرێك لە دەوڵەت نەتەوەییەکاندا وەکو ئێران و عێراق و هیدستان و سریلانکە و تورکیا و چین و ڕوانداو کۆنگۆ و زۆری تر توێژاڵی حوکمڕانی سەرەکی نەتەوەی سەردەست سیاسەتی هەڵاواردی و سەرکوتکردنی ئەوانی دیکە بە کوشتن و گرتن و ڕاونان و دوورخستنەوەیان و یاساخکردنی زمان و کولتور و دینیان بەکاردەهێنێت.
ئا لێرەدا ئەوە ڕوونە کە دەوڵەت- نەتەوە شەیری بنەما سەرەکییەکان ناکات و ئەو چەمکانەی سەرەوە بۆی پێناسە کراوە، بەسەریدا جێ بەجێ نابێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە هەر وەکو ناوێکی بێ ناوەرۆك یا ناوێکی هەڵخەڵەتێنەرە نە حەقیقەتێك. سەرمایەداری بە مەبەست ئەم چەمکەی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دابڕیوە، لە زۆر ڕووشەوە سوودمەند بووە لەوە و هاوکاتیش کردویەتییە ویردی سەرزمانی چەپەکان و بزوتنەوە نەتەوەییەکان کە لەژێر ئەو دروشمەدا بۆ ئەو مەبەستە خەباتی ئاشتیانە و چەکدارانە بکەن، کە لە بوونی بزوتنەوەی چەکداریشدا هەر خودی سیستەمەکە براوە و سوودمەندی یەکەم بووە . کەواتە لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەدا سەرمایەداریی لە هەموو ڕویەکەوە قازانجی کردووە.
4 پیاوی سپیی/ پیاوی سپی پێست
چەمکی پیاوی سپی لەدیدی ڕەگەز و کولتور و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە وەکو زۆرێك لە چەمك و دیاردەکانی دیکە بە تێپەڕینی زەمەن و قۆناخە مێژوویەکانی مرۆڤایەتی ئەویش گۆڕانکاری تا ڕادەیەك بەسەردا هاتووە.
شارستانییە کۆنەکان (وەک یۆنانیەکان و ڕۆمانییەکان) مرۆڤەکانیان بەپێی “ڕەگەز” بە مانای مۆدێرن پۆلێن نەدەکرد. ئەوان زیاتر مرۆڤیان بە کولتوور و زمان و جوگرافیا جیا دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دان نراوە بە جیاوازییە جەستەییەکان وەك ڕەنگی پێست، هاوکاتیش ئەمە لای ئەوان بە مانای پلەبەندی کۆمەڵایەتی و سیستمیی نەبوو، وەکو چۆن دواتر بەو واتایە بەکارهێنرا.
ئەوەی کە زانراوە زاراوەی “پیاوی سپی پێست” بە گشتی ئاماژە بووە بۆ پیاوێك کە پۆلێن دەکرێت وەک سەر بە گروپی ڕەگەزی سپی پێست بێت. ئەم چەمکە زۆرجار پەیوەندی بە کەسانی بە ڕەچەڵەك ئەوروپیەوە هەیە. بە تێڕواننی مێژویی بۆمان دەردەکەوێت کە ماناکە تەنیا بایۆلۆژی نییە چونکە لە ڕێڕەوە مێژووییەکەیدا پەیوەست بووە یاخود پەیوەستە بە پلە و پایەی کەسەکە لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەدا کە تێیدایە.
وەکو پرسی ڕەگەزیی، ئەم چەمکەش لە قۆناخەکانی ژیاندا مۆدێرین و گونجاو کراوە تاکو ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبێت لەسەر پلە و پایە کۆمەڵایەتییەکە. بۆ نمونە ئەمە لە سەردەمی کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان و گەلاندا و کردنی بازرگانی کۆیلە لە سەدەکانی 17 و 18 دا بیرۆکەی ‘ ڕەگەز’ دەستی پێکردووە و پەرەی سەندووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان و ئاوارەبوونی گەلانی ئەسڵی ” ڕەسەن ” وڵاتەکە . لەگەڵ وتنی ئەوەشدا کەچی هێشتا کۆچبەرانی ئێرلەندی و ئیتاڵی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکادا بە تەواوی بە “سپیپێست” نەدەزانران و ئەو تایتڵەیان پێنەدەدرا.
زۆرجار کۆلۆنی ڤێرجینیا (لە ئێستادا ئەمریکا) وەك یەکێك لە یەکەم شوێنەکان ناودەبرێت کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی 1600 دا “سپیپێستی” بە شێوەیەکی یاسایی بەکارهێنرا بۆ دروستکردنی دابەشبوون لە نێوان ئەوروپییە هەژارەکان و ئەفریقییە کۆیلەکراوەکان.
بێ گومان یاسا هەمیشە ئامرازێکی کاریگەر بووە گەلان و چین و توێژاڵی باڵادەست توانیویانە بەکاریبهێنن بۆ ئەوەی کە ویستویانە، هەموو زوڵم زۆر و سەرکوتکردن و کۆیلایەتی و تەنانەت لە ئێستاشدا بەکەمگرتنی ژنان لە زۆر وڵاتاندا بۆ بەرژەوند و سوودی ئەو توێژاڵ و چینانە بە یاسایی کراون. لە کۆنیشدا یاسا و سیاسەتەکان لە شوێنەکانی وەک ئەمریکا و کۆلۆنیەکانی ئەوروپا، ئیمتیازاتی یاسایی بۆ خەڵکی “سپیپێست” بۆ مافەکانیان دروست کردوەو لە بەرانبەر دوورخستنەوەی ئەوانی دیکەدا. لێرەدا بە گوێرەی ئەو یاسا و سیاسەتانە پلەبەندیی ڕەگەزیی بۆ پاراستنی دەسەڵات و ڕەوایەتیدان بە نایەکسانی برەوی پێدرا.
بە کورتی دەکرێت بڵێم زاراوەی مرۆڤی ” سپی پێست” لە بەستنەوەیدا بە پرسی ڕەگەزییەوە بە پلەی یەکەم لە کاتی کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتیدا داهێنراوە. یارمەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئیمتیاز و دەسەڵاتی بۆ ئەوروپییەکان و نەوەکانیان دا. ڕەگەز لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە بەو شێوەیەی کە بەکارهێنراوە لەلایەن کۆمەڵگاکانەوە، دروستکراوە و لەسەر بنەمای بایۆلۆژیانە نییە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا، ئایا دەکرێت ئێمە لە ئێستادا بیرۆکەی سپیپێستێتیی یاخود چەمکی پیاوی سپی بەکاربهێنین؟
لە کاتێیکدا لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو چەمکە بەکارهێنراوە پەیوەست بوە بە ئیمتیاز و پلە و پایەی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە بەکارهێنانی ‘ چەمکی پیاوی سپی/ سپیپێست ‘ لای من هەڵەیە هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆکار:
یەك: لەناو ئەو کۆمەڵانەی زۆرینەی ‘ پیاوی سپی یا ژنی سپی / سپی پێست بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ‘سپی ‘ ، سپی پێست، هەن کە بارودۆخی ژیان و پلە و پایەی کۆمەڵایەتییان لە کەسانی ڕەشپێست و ڕەنگی پێستەکانی دیکە باشتر نییە . ئەوانیش وەکو زۆرێکی کۆمەڵ بەدەر لە پێست و نەتەوە و هاووڵاتیبونیانەوە چەوساوە و ستەملێکرا و پەراوێزخراون، بە ڕادەیەك کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئەوانەی دیکە کە سپی یاخود سپیپێستن لە لایەن هەمان سیستمی ئابووری و سیاسییەوە دەچەوسێرێنەوە خەباتیان یەکیان دەخات دژ بە چەوسێنەران و دەوڵەتەکەیان و یاسای دەوڵەتەکەیان.
دوو: لە ئێستادا زۆرێك لەوانەی کە ڕەشپێسیتن پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان هەیە و هەبووە، هەر بۆ نموونە ڕوشی سوناك سەرەکوەزیرانی بریتانیا بووە کە خۆی بە ڕەگەز هیندییە، یاخود یەکەم وەزیری سکۆتلەند هەمەزە یوسف کە بە ڕەگەز پاکستانییە، سەرۆکی حیزبی تۆری ئێستا ( موحافیزینی ) بریتانیا ڕەشپێستە، نەدیم زەهاوی کە کوردی عێراقە ماوەیەك وەزیری دارایی بریتانیا بوو. ئەمە جگە لەوەی بە دەیەها ئەندام پەڕلەمان لە پەڕلەمانی وێست منستەر و سکۆتلەندە و وێڵس دا کە سپیپێست نین هەن دەسەڵاتی سیاسییان هەیە و خاوەن دەنگ و ڕەنگن لە وێنەکێشانی سیاسەتی حیزب و وڵاتەکەیاندا .
بێ گومان ئەمەی کە وتم نەك هەر بۆ بریتانیا بەڵکو بۆ سەراپای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤیش ڕاستە.
کەواتە لێرەدا پرسی ڕەگەزیی و ڕەجەڵەکیی ناکرێت وەکو دیاردەیەکی بایۆلۆجی تەماشای بکەین بەڵکو دەبێت وەکو پرسێکی باڵادەستی و بوونی پلە و پایەی سیاسی و ئابوریی ببینین تەنانەت دەکرێت بڵێین ئەوانە نە ڕەگەزیان هەیەو نە نەتەوە و نە وڵات، پاسپۆرتی ئەوان سەرەوەت و سامانەکەیانە کە ئەو پێگە کۆمەڵایەتیەی بۆ دروست کردون. ئەم چەمکە بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە بەتایبەت کاتێك دەتوانێت قورسایی مێژوویی هەڵبگرێت، کاتێک لە چوارچێوەی داینامیکی دەسەڵات، یان چەشنە چەقبەستووەکاندا بەکاردەهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ناتوانرێت نکولی ئەوە بکرێت کە ڕەگەز پەرستی و گرفتی ڕایسیزم هێشتا گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتانە نییە کە لە راستیدا مانەوەی و بەهێزبوونی هۆکاری سیاسی و یاسایی و ئابووری خۆی هەیە کە دەوڵەت بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەشەی پێدەدات بۆ دابەشکردنی خودی هاووڵاتیان و خەڵکەکەی لە پێناوی بەرژەوەدندی خۆیدا.
5 شەڕی چیانیەتی یاخودی شەڕی دەسەڵات
پێش سەدەی نۆزدەهەم بە شێوەیەکی بەرفراوان زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بەکارنەدەهێنرا، بەڵام بیرۆکەی ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان چەند سەدەیەك بوو بوونی هەبووە. بۆ نموونە لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا ڕاپەڕینەکانی جووتیاران، وەك ڕاپەڕینی جووتیارانی ئینگلیز لە ساڵی 1381 و شەڕی جووتیارانی ئەڵمانیا (1524- -1525)، وەک ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەیەکدا نیشان دراوە گەر چی زمان و چەمکی “جەنگی چینایەتی” بە ڕوونی بەکارنەهێنراوە.
لە فەرەنسەشدا لە سەردەمی شۆڕشی (1789 –1799)، بیرمەندان و شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە زاراوەیەکیان بەکاردەهێنا کە نزیك بوو لە چەمکی “جەنگی چینایەتی”.
زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن پیێر جۆزێف پرۆدۆنی ئەنارکست و بیرمەندی سۆسیالیستی فەرەنسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بەکارهێنرا. ئەو یەکێك بوو لە یەکەم کەسەکان کە بە ڕوونی باسی شەڕی نێوان چینەکانی کرد نەک تەنها “خەباتی چینایەتی”. پرۆدۆن کە لەسەر بیرۆکەی شەڕی نێوان چینەکان نووسیویەتی، ململانێ ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارەکان بە جۆرێك لە شەڕ وەسف دەکات.
بەڵام بیرۆکەی “شەڕی چینایەتی” وەک چەمکێکی ئاشکرای ململانێی توندوتیژ، یاخود شۆڕشگێڕانەی نێوان چینەکان دواتر لەلایەن مارکسیستەکان و سۆسیالیستییەکانی دیکەوە بە تایبەتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا فراوانتر کرا و قسەی زیاتری لەسەر کرا ، ئیتر بە ئاشکرا دەرکەوت کە شەڕی چینایەتی بە بیرۆکەی دەسەڵاتخوازی و دەسەڵاتدارێتی دەبینرێت.
کارل مارکس و فریدریك ئەنگڵس بە پلەی یەکەم دەستەواژەی “خەباتی چینایەتی” کلاسنکامپف بە زمانی ئەڵمانی ((Klassenkampf بەکارهێناوە نەك جەنگی چینایەتی، بەڵام لە کاتی باسکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێڕانەشدا ئاماژەیان بە شەڕی چینایەتی کردووە. ئەو زمانەش لە سەرەتادا لە کتێبی مانیفێستی کۆمۆنیست (1848)دا، دەرکەوتووە و نووسیویانە مێژووی هەموو کۆمەڵگە “مێژووی خەباتی چینایەتییە” و ئەم خەباتە دواجار دەبێتە هۆی ڕووخاندنی بۆرژوازی لەلایەن پرۆلیتاریا. خودی ئەنگڵس لە هەندێک نامە و وتاردا لە کاتی باسکردنی شۆڕشدا، لەوێدا ڕوونتر ئاماژەی بە “شەڕی چینایەتی” داوە.
میخائیل باکونین-ش ، ئەنارکیستی ڕووسی، زۆرجار بیرۆکەی شەڕی چینایەتی بۆ وەسفکردنی کردەوەی شۆڕشگێڕانەی توندوتیژانە دژی دەوڵەت و سەرمایەدارەکان بەکاردەهێنا. لە سەروبەری کۆمونەی پاریس (1871) و پاش کۆمونە ئیتر بە ڕوونی و دیاریکراوی دوای ئەو ڕووداوە بەکارهێنانی زمانی “جەنگی چینایەتی” لە نێو شۆڕشگێڕاندا چەسپاند، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداری فەرەنسا بە شێوەیەکی دڕندانە ڕاپەڕینەکەی کۆمونەی پاریسی سەرکوت کرد.
مارکس و ئەنگلس هەروەها بیرمەندە مارکسییەکانی دواشیان شەڕی چینایەتییان وەکو دیاردەیەکی ڕاستەقینە کە بارودۆخی ماددی دەجوڵێنێت دەبینی . هەموو ئەوان بە خودی مارکس و ئەنگلسیشەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە بۆرژوازی (چینی سەرمایەداریی) و پرۆلیتاریا لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی دژ بەیەکیان هەیە و ئەوەش پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناکۆکی نێوانیانی زەق کردۆتەوە.
هەموو ئەوان ئامانجی پڕۆلیتاریان بەستۆتەوە بە دەسەڵاتگرتنە دەستی سوڵتە بۆ بنەبڕکردنی جیاوازییە چینایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی خودی چینەکانیش.
لە زۆر حاڵەتدا تیۆری شەڕی چینایەتی بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، جەماوەریبوون، بەکاردەهێنرا، بەڵام زۆرجار دەرئەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێ بوو نەک هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەقینەی چینایەتی بوو. زۆرجار سەرکردە شۆڕشگێڕەکان پێویستیان بە پشتیوانی جەماوەریی هەبووە، بۆیە پاساودانی شەڕی چینایەتییان بەکارهێنا بۆ ئیلهامبەخشین بە کرێکاران و جوتیاران.
بەڕای من پێناسەکردنی شەڕەکانی کە لە مێژوودا ڕویداوە بە شەڕی چینایەتی، شەری چینایەتی نەبوون بەڵکو شەڕی دەسەڵات و دەسەڵاتگرتنەدەست بوون بەڵام هەمەیشە بەرگێکیان لەو بەرگانە یاخود نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوە کراوە بە بەردا و هێزی بزوێنەر بوون تاکو شەڕەکان جەماوەریی بکرێن. ئەوە ڕاستییە زۆر کەس بەشداری ئەم شەڕانەیان کردووە نەك هەر ئازاریان چێشتووە و کەمئەندام بوون بەڵکو قوربانییان بە گیانی خۆشیان و خێزانیشیان داوە، بەڵام شەڕەکە لە جەوهەرداململانێی دەسەڵات دەرئەنجامەکەی لە قاڵب دا، خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان دەستەبژێری نوێیان بەرهەمهێناوە نەك کۆمەڵگەی بێ چینایەتی ڕاستەقینە. هەر لەبەر ئەوە کاتێك دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە پێشینەی کارەکانیانەوە بووە لەبری بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینەی چینایەتی.
ئەو شەڕ و جەنگانەی کە بەرگی دیکەی بەبەردا کراوە، زۆر جار بە جەنگی چینایەتی ناوی براوە وەکو شۆڕشی فەرەنسا (1789-1799) کە جاکۆبینەکان ئەرستۆکراسییان ڕووخاند بەڵام لە کۆتاییدا نوخبەیەکی نوێیان دامەزراند، دواتریش ناپلیۆن دەسەڵاتتی وەرگرت.
شۆڕشی ڕووسیا (1917)ی بەلشەفییەکان نموونەیەکی دیکەیە لەو شەڕانەی دەسەڵاتە پاش موتربەکردنی بە پرس و خەباتی چینایەتی، ئەوە بوو لە سەرەتا وەک شەڕێکی چینایەتی درایە قەڵەم، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕی دەسەڵات بوو. بازنەی ئەو شەڕی دەسەڵاتە لە دواییدا ئەوەندە تەسك بووەوە دەسەڵاتی حیزبیشی لەوێ تێپەڕان و بووە تەنها دەسەڵاتی ناوەندی حیزبی بەلشەفی. دواتریش شۆڕشەکەی حیزبی کۆمۆنیستی چینیی، بەسەرۆکایەتی ماوتسیتۆنگ – کە لە سالی 1949 سەرکەوت ململانێ و خەباتی دەستەبەرکردنی خودی دەسەڵات بوو.
دەتوانین ئاماژە بە نموونەی کۆن لەم بارەیەوە بکەین وەکو شەڕی نێوانی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانیی، شەڕەکانی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرئیل دا ، 1967 و 1973، شەڕەکانی خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، شەڕی فۆکلەند، شەڕی ئێران و عێراق ، هەردوو شەڕەکەی کەنداو و تەنانەت شەڕی ئیستای حەماس و حیزبوڵا لەگەل ئسرائیل داو شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاش. ئەوە ئاشکرایە کە هەموو شەڕە چینایەتییەکان، دینیەکان، قەومییەکان، شەڕی دەسەلات بوون تەنانەت شەڕی بەرگریکردن لە خۆ جەنگی دەسەڵاتە چونکە ڕێگە نەدراوە کە دەسەڵاتی دەرەکی جێگای دەسەڵاتە ناوخۆییەکە یا خۆماڵییەکە بگرێتەوە.
ناکرێت هچ کام لەم جەنگانە بە جەنگی چینایەتی دابنرێن بەڵکو جەنگی دەسەڵات و دەسەڵاتوەرگرتن بوون، ئیدی ئەوە گرنگ نییە لایەك هێڕشی کردۆتە سەر لاکەی دیکە و لاکەی دیکە بەرگری لە خۆی کردووە، تەنانەت بەرگریکردن لە خۆ بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە بووە کە هەبووە.
وەکو لە سەرەتای ئەم خاڵەدا وتم پرۆدۆن و باکۆنین-یش لەسەر شەڕی چینایەتی یا خەباتی چینایەتی یاخود توندوتیژی چینایەتی قسەیان کردوە بەڵام هەرگیز قسەی ئەوان لەسەر جەنگی دەسەڵاتخوازیی نەبووە. هەر ئاواش کە ئەنارکستەکان گەرچی باوەڕیان بە خەبات و جەنگی چینایەتی هەیە بەڵام لە پێناوی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەبووە و نییە. لای ئەوان خەباتی سیاسی نە وەسیلەیەکە و نە پردێکە بۆ دەسەڵاتی سیاسی، یاخود بۆ باڵادەستی چینێك لە چینەکان، بەڵکو پرد و وەسیلەیەکە بۆ لەناوبردنی باڵادەستی هەموو چینەکان، لە ڕیشە هەڵکێشانی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی. کەواتە دەکرێت بڵێین لە هەردوو مەیدانەکەدا، لە مەیدانی تیۆری و مەیدانی پراکتیکی تەنها ئەوان بوون و ئەوانن کە خەباتی چینایەتی و جەنگی چینایەتییان بۆ دەسەڵات بەکارنەهێناوە و نەویستووە.
بە پرسیارێك کۆتایی بە ئەم خاڵە دەهێنم و دەپرسم ئەگەر سەراپای شەڕەکان شەڕی چینایەتی بووە نەك دەسەڵات، دەی بۆچی هیچ کام لەو شەڕانە جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی لەناو نەبردووە ؟ بۆچی پرسی چینایەتی قوڵتر و دەسەڵاتیشی وەکو دەوڵەت بەهێز و بەهیزتر کردووە؟