عەبدوڵا کەریم مەحمود: گوڵە گەنمەکانی کچان.

لەساڵی 1988، ئەنوەر عەبدوڵا رەباتی خاوەنی( ئەسواق خانەقا )بوو، لە نزیک خانەقای سلێمانی، وەکیلی ئەسواق مەرکەزی ئۆرزدی باکی سلێمانی بوو، ( فەخفووری و کەرەستەو کەلوپەل )ی ناوماڵی لە ئۆرزدی باکی سلێمانی وەردەگرت، بە نرخێکی دیاری کراو دەیفرۆشتەوە.
بە هۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، (عەباس)ی لێپرسراوی پاسەوانەکانی بارق حاجی حنطەی دەناسی.
لە ئەنفالی سێی گەرمیان، (ئەنوەر عەبدوڵا رەباتی) و (لەتیف ئەحمەدی حاجی عەبدوڵا دەروێش رەباتی)و (عەدنان ساڵح نامیق رەباتی)، چەندان پارچە( فەخفوری و کەرەستەو کەلوپەل)ی ناوماڵیان خستە ناو تویتا فەلاحیەکەی لەتیف و ( 100نەفەر کەباب)ی سەفەرییان لە گەڵ خۆیاندا برد، چوون بۆ لای (عەباس) ی لێپرسراوی پاسەوانەکانی تارق حاجی حنطە، لە خاڵی پشکنینی (مەنیلە)، لای ماڵی کەریم ئاغای هەمەوەند لە چەمچەماڵ.
ئەنوەر هەمووئەو کەرەسانەو 1500 دیناری سویسری دا بە (عەباس ) و پێی وت: ڕێگەمان پێ بدە یت، بچین بە هانای کەسوکارمان و خەڵکی گوندەکانی سەنگاو، بۆ ئەوەی دەربازیان بکەین.
عەباس وتی: رۆح جبیە عوساد، لا تخاف کاکە ئەنوەر.
ئەنوەرو عەدنان و لەتیف )جامانەکەیان لە روخساری خۆیان پێجا، بۆ ئەوەی هیچ کەس نەیان ناسێتەوە. بە تویتاکەوە بروسکە ئاسا بە جادەی سەنگاودا کەوتنە رێ، تا گەیشتنە بەردەم فەوجەکەی( شێخ تەیب ی شێخ محەمەد بەرزنجی )، مستەشاری فەوجی 203، ئەوان لەوێ پاسەوانی ترێڵەیەکی گەورەبوون، پڕ بوو لە ژن و پیاو منداڵی گەرمیان، لە قەراغی جادەکە وەستا بوون.
ئەنوەر، رووی کردە شێخ تەیب و پێ وت: یا شێخ ئەو ژن و پیاوی و منداڵانە بە من پێ بسپێرە، دەیانگەیەنمە لای عەباسی لێپرسراوی پاسەوانەکانی تارق حاجی حنطە، من لە گەڵ عەباس رێکەوتووم دەتوانم هەموویان دەرباز بکەم.
شێخ تەیب وتی: من ئامادەم، بەڵام (عەلی حەسەن مەجید و بارق حاجی حنطە ) بزانن، ئەو 245 ژن و پیاو منداڵەی ناو ئەم ترێلەیەمان رزگار کردووە، هەردووکمان گولە باران دەکات.
ئەنوەر پێی وت: ئێستا فرسەتە کەس نازانێت، با دەریان کەم.!
شێخ تەیب رووی کردە چەکدارەکانی فەوجەکەی و وتی: کەس رێگریی لە ئەنوەر رەباتی نەکات. لای هیچ کەسێک باسی ترێلەکە نەکەن.
ئەنوە رەباتی رووی کردە شۆفێری ترێلەکە ووتی: با ىڕۆین بۆ لای سەیتەریەکەی عەباس.
شۆفێرەکە وتی: دەتەوێت بە ئیعدام کردنم بدەیت.
ئەنوەر چەند 25 دیناریەکی بە شۆفێرە عەرەبەکەدا، لە خۆشیا هەرپێ دەکەنی، ئەنوەر لەگەڵ شؤفێرەکەدا سەرکەوت، کەوتنە رێ تا گەیشتنە خاڵی پشکنینەکە، عەباس ئەم لاو ئەولای ئەنوەری ماچ کرد وتی: کاکە ئەنورە دیارییەکانت بەنرخ و جوانن.
عەباس بە ئیشارەت بە شۆفێری ترێلەکەی وت بڕۆن، ئەنوەر ترێلەکەی گەیاندە لای مزگەوتی ماڵە پیریادییەکان، لای ماڵی جوعە عەلی حەسەن عەزەم، هەموویانی لەوێ ئازاد کرد. لوقمان کەریم ئاغای هەمەوەند هاوکاری زۆری کردن.
ئەنوەر بە ژن و منداڵ و پیاوی ناو ترێڵەکەی وت: خێرا خۆتان بگەیەننە ماڵە خزم و ناسیاوەکانتان، خۆتان بشارنەوە.
لەو کاتەدا ژن و پیاوێکی بینی، پیاوەکە باوەشی کرد بە تایەی توێتاکەداو ژنەکەش لە ئەنوەڕ دەپاڕایەوە، بەکوڵ دەگریان، فرمێسک بە چاوەکانیاندا دەهاتە خوارەوە، نەیان دەزانی چۆن ئازارەکەی ناخی خۆیان دەربڕن، ژنەکە بە دەم گریانەوە رووی کردە نەنوەر و تی: ئێمە لە ترسا ناو پەڵە گەنمەکەی خوار قەبرسانەکەی کچان خۆمان مت کردبوو، لە ناکاو ئوتۆمۆبیلێکی تویتامان بینی، بە پرتاو بە شپرزەیی خۆمان گەیاندە ناوەڕاستی جادەکە، ئۆتۆمۆبیلەکە وەستاو سەری خستین، بە خیرایی کەوتە ڕی، دڵمان لە مشتماندا بوو، کاتێ بە ئاگاهاتەوە، رووم کردە هاوسەرەکەم: کوا کوڕەکەمان؟
هاوسەرکەم رووی کردە من وتی؛ کوا؟ ئەی کوڕەکە بە باوەشی تۆوە نەبوو؟
ئەمجا زانیمان، لە کاتی راکە راکەدا، منداڵەکەمان لە ناوپەڵە گەنمەکانی گوندی کچاندا بە جێ ماوە، لە گوندی کجان دوورکەوتبوینەوە،ویستمان دابەزن، بگەڕێینەوە بۆ کچان، شۆفێرەکە توڕەبوو وتی: ئەو هەموو تانک و ئیڤا سەربازیانە نابینن لە پێشمانەوە، کەسمان دەرناچین، هەموومان دەگرن.
هەموومان لە بارێکی دەروونی ئاڵۆزی ترس و گوماندا بووین، بە رێکەوت لەو هێزە سەربازییەی سەنگاو دەرباز بووین.
ئوتۆمۆبیلەکە بە خیرایی دەرۆیشت، لە سەر ئەو جادە چاڵ و چاڵی یەکە، باڵی گرتبوو، دە فڕی.
ئەنوەر و لەتیف ، کە گوێیان لە چیرۆکی ئەو منداڵە بوو، هەردووکیان بڕیاریاندا بە خێرایی رێگای سەنگاوبگرنە بەر، تا کچان نەوەستن، کە گەیشتنە کچان.
لە قەراغ جادەکەی خوار کچان وەستان، نم نم باران دەباری، بە پێی ناونیشانی دایکەکە، ئەنوەرو لەتیف ناوی هەموو ئەو پەڵە گەنمانە گەڕان، لای قەبرسانەکەو قەراغ چەمەکەی کچان هیچیان نەبینی، ئەنوەر بست بە بست، بە وردی، بن هەموو پەڵە گەنمەکانی خوار قبرسانەکەی دەپشکنی، لە ناکاو هەستی بە جوڵەی پەڵە گەنمەکانی پێشەوەی خۆی کرد، بە خیرایی رووی کردە ئەو شوێنە،
منداڵێکی قژ زەردی چاوشینی بینی، دانەوەیەوە و گرتیە باوەش، ئەوەندە گریابوو، نوزەی تیا نەمابوو، دەنگی دەرنە دەچوو، لە برساو سەرما هەڵدەلەرزی، هەموو جلەکانی و دەم و چاوی قوڕ بوو.
ئاوی مەتارەکەی کرد بە دەم و چاویدا، دەمی تەڕکرد، چەند پارچە پسکیتێکی بۆ خواسان و پێی دا، بۆ ئەوەی وزەیەکی بە بەردا بێتەوە، بە تویوتاکەوە بە خێرایی رووی کردە گوندی هەزارکانی رەبات، (فایەق ئاغای رەباتی) و ( نەجیمی کەریمە سوور) و ( حاجی حەمۆمین ئاغای رەباتی) لەوێ لە دەرەوەی هەزارکانی بینی، ئەوان وتیان: ئێمە سەرمان لێ تێک چووە، جارێ لەم دەوروبەرە دەمێنینەوە، نازانین روو بکەینە کوێ؟ ئەنوەرو لەتیف بە توێتاکەوە گەڕانەوە، ئەفسەری خاڵی پشکنینەکەی سەنگاو گۆڕابوو، تویتاکەیان وەستاند،ئ ەنوەر وتی:
ئێمە بە بڕیاری شێخ تەیب هاتووین.
ئەفسەرەکە وتی:مئەی ئەو مداڵە هی كێ یە؟
ئەنوەر وتی: لە رێگا ئەو منداڵەمان بە تەنیا بینی، بۆ ئەوەی نەمرێت، هەڵمان گرتوەتەوە.
ئەفسەرەکەوتی: خۆتان و منداڵەکە بچن بۆ ناو ئەو تەلبەندە.
لەو کاتەدا ئەفسەرەکە ئاوڕێ دایەوە، لە گەڵ ئەفسەرێکی تردا ، قسەیان دەکرد، پشتیان لەوان بوو، سەربازەکە ئیشارەتی بۆ ئەنوەر کرد، (بە خێرایی خۆتان دەربکەن.
ئەنوەر بە لەتیفی وت: بەگێ دانێ ، بەرەو ناوکەلاوەکانی سەنگاو.
لەو کاتەدا کەوکەب خانی هاوسەری عیزەدین رەباتی و دوو منداڵیان بینی، سەربازەکان بە چەکەوە چوار دەوریان گرتبوون، دەیانبردن بۆ ناو ئەو تەلبەندەی پڕ بوو لە ژن و منداڵی گەرمیان، هیج بوارێکیان لە بەردەمدا نەمابوو، بتوانن دەربازیان بکەین.
تویتاکەی وەستا لەتیف بروسکە ئاسا، لە سەنگاو دەرچوو، گەیشتن بە (عەباسی حاجی مەحمودی رەباتی) و گەڵابە زەردەکەی، ماڵیان لە قەڵای شێخ رەشید بوو.
عەباسی حاجی مەحمود، رووی کردە ئەنوەر وتی: بەقوربانت بم، گەڵابەکەمان ( 73 ) ژن و پیاو منداڵی تیایە، دەمێکە لێرە وەستاوین، لە بەر سەیتەرییەکان، ناوێرین بڕۆین بۆ چەمچەماڵ، دەمانگرن.
ئەنوەر وتی: ئێمە بە خێرایی بە جادە قیرەکەدا دەڕۆین، ئێوەش بە گڵابەکەتانەوە دوامان کەون.
تا دوا سەیتەرییەکەی عەباس نەوەستان، عەباس سەیرێکی تویتا فەلاحیەکەی کرد، سەری سوڕما، وتی: چییە، وەجبەی ئەمجارەت، تەنیا ئەو منداڵەت لە گەڵدایە.
ئەنوەر وتی: ئەو گڵابە زەردەی لە دوامانەوە وەستاوە ، کەسوکارمن.
عەباس وتی: ئەنوەر هەقی ئەمانە، بەخشیشی زۆرم دەوێت.
ئەنوەر وتی: سەیدی بەسەرچاو.
لەو کاتەدا، عەباس پێنج جاشی بە چەند ئوتۆمۆبیلێکی پر لە بار گرتبوو.
یەکێک لە جاشەکان لە ئەنوەر دەپاڕایەوە؛ بەقوربانت بین فریای ئێمەش بکەوە.
ئەنوەر رووی کردە عەباس ووتی: ئەی ئەمانەتان بۆ گرتوە، خۆ سەر بە خۆتانن.
عەباس وتی: ئەمانە تاڵانچین، ئۆتۆمۆبیلەکانیان پر کردووە لە فەرش و لبادو شڕو شیتاڵی ئەو گوندانەی سەرنگاو هەموویان تاڵان کردووە.
تویتاکە و گەڵابەکە کەوتنە رێ، تا لای گەیشتنە لای ژن و پیاوەکە، ژنەکە لە دوورەوە، هەردوو دەستی بەرزکردەوەو بەرەو لای تویتاکە، باڵی گرت، ئەنوەر منداڵەکەی لە باوەشی خۆیەوە، گەیاندە باوەشی دایکی.
چادری سەر گەڵابەکەیان لابرد، هەڵم لە جەستەی ئەو هەموو ژن و مداڵانە هەڵدەستا، هەندێکیان لە هۆش خۆیان چووبوون، چەند سەتڵیک ئاویان بەسەریاندا کرد، هۆشیان هاتەوە. بروسکە ئاسا لەو دەورەوبەرەنەمان.
ئەنوەر، تاماوەیەک نە دەچووە بۆ ماڵی خۆیان، نەک یەکێک لەو ئەنفالانەی کە دەربازی کردون، دەسگیر بکرێن و بڵێت: ئەنوە رەباتی ئێمەی رزگار کردوە. ئەنفالی بکەن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *