بورهان شێخ رەئوف: دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران.

دۆسێی ئەتۆمیی ئێران بە بەهێزی گەڕاوەتەوە بەر باسی رووداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی هەڵكشانی رووبەڕووبوونەوە سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران
رۆژی19/ 4/ 2025 گەڕی دووەمی دانیشتن و دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئەمریكا و ئێران لە نێوان ستیف ویتكۆفی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە كونسوڵخانەی سوڵتاننشینی عومان لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بەسترا، دۆخی دانوستانەكانیش باش و بەجێ‌ بوون بە قسەی عێراقچی، لەوەش گرنگتر بڕیاری درێژەدان بە دانوستانەكان و هەنگاونان بۆ قۆناغێكی تر بوو، كە ئەویش دانیشتنی شارەزاو پسپۆڕەكانە.

بەرنامە ئەتۆمییەكە ئاشتیخوازانەیە
ئێرانییەكان دووپاتیان كردووەتەوە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەیان ئاشتیخوازانەیە و ئامادەن باسی هەموو كۆت و بەندێك بكەن، بۆ سنوورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكان، بەمەبەستی سوككردنی سزا ئابورییەكان لەسەر تاران، چونكە ئەوە دۆخی ئابووری ئێرانی شپرزە كردووە.
دەكرێت ئەم خاڵە هاوبەشەش بكرێتە دەرەچەیەك، بۆ بە یەكگەیشتنی دید و بۆچوونە جیاوازەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، چونكە ئەمریكا و ئیسرائیل، وڵاتە ئەوروپییەكانیش كە ئێستا لە دانوستانەكان دوورخراونەوتەوە خوازیاری ئەوە بوون ئێران نەبێت بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی.
گەڕاوەتەوە بەر باس ئێستا جارێكی تر، دۆسێەی ئەتۆمی ئێران بە بەهێزی گەڕاوەتەوە بەر باسی رووداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی هەڵكشانی رووبەڕووبوونەوە سیاسییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، ئەگەرچی بە شێوەی ناڕاستەوخۆش بێت.
فاكتەرەكەنی ئەو هەڵكشانە
1-گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی وەك سەرۆك، چونكە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیەكەیدا لە رێككەوتننامەی (5+1)ی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە 2018 پاشەكشەی كرد، بە گوێرەی ئەو رێككەوتننامەش كە لە ئوكتۆبەری 2015 ئیمزا كرا، دوای دەساڵ ئیتر كەس نایتوانی ئێران سزا بدات، ئەگەر چەكی ئەتۆمیش بەرهەم بهێنێت، كە لە ئۆكتوبەری ئەمساڵدا كۆتایی دەهات، بۆیە ترەمپ دەخوازێت بۆ قۆناغی داهاتوو، بگاتە رێككەوتنێك كە بوار بە تاران نەدات لە هیچ بارودۆخێكدا ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
2- رێژەی پیتاندنی یورانێۆمە، كە ئێســـتا لای ئێرانییـــەكان گەیشـتۆتە 60 %، مەترسییە گەورەكە لێرەدایە، بە گوێرەی رێككەوتننامەی ناوبراو نابێت پیتاندنی یۆرانیۆم 4 % تێپەرینێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئێران نزیك بووەتەوە لەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، واتا رێژەكە نزیك بووەتەوە لە 90 %ی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش هێڵی سوورە بەلای ئیسرائیلەوە، كە دەیەوێت تەنها ئیسرائیل خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل، ئەمریكاش پشتگیری لێ‌ دەكات.
3- گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە لە تەرازووی هێزدا، كاریگەری زۆری كردووەتە سەر هەڵوێست و پێگەی ئێران بە تایبەتی رووخانی رژێمی ئەسەد و لاوازبوونی حزبوڵای لوبنان و شكستی حەماس لە غەززە، لەوەیە هانی ئێران بدات بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و گۆڕینی ئایدیۆلوجیا ئەتۆمیەكەی لە ئاشتییەوە بۆ سەربازی، بۆ چەند جارێكیش بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، ئەمەش مەترسی و كارەساتی گەورە بۆ خودی ئێران و ناوچەكەش دروست دەكات.
ئەگەر ئەم دانوستانانەی نێوان ئەمریكا و ئێران نەگەنە ئاكام، دوور نییە ئیسرائیل بە هاوكاری ئەمریكا گورز لە بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران نەدات، ئەمەش رۆژ و مانگەكانی داهاتوو دەریدەخەن.