عەتا قەرەداخی: گریمانەی بوونی کورد لە نێوان خەیاڵ و راستیدا – بەشی یەکەم.
پێشتر لەبارەی رەگوڕیشەی کوردو کۆمەڵایەتیبوون یان سروشتی کۆمەڵایەتی کوردەوە دواین، بەڵام هەروەک باسمان کرد، لەبەر ئەوەی رەگوڕیشەی کورد تەموژاویەو ئەو بۆچوونانەی کە کراون بە بنەما بۆ دەرخستن و هەوڵدان بۆ سەلماندنی ئەوەی کورد کێیە، بنەمای لاوازن و لە چوارچیوەی گریمانە دەرناچن، هەرچەندە دەشێ ئەم بۆچوونەی ئێمە لە لای ئەوانەی کە بە دڵنیاییەوە باس لەوە دەکەن میدییەکان باپیرەی کوردن و دەوڵەتی میدیا دەوڵەتیکی کوردی بووە، رەتبکرێتەوە، بەڵام زۆربەی ئەو بەدڵنیایی قسەکردن و هەڵوێست وەرگرتنانە لە ژێر کاریگەری ئەو هۆکارەدا درووست دەبن کە پێیوایە ئێمە رابردووی گەشمان هەبووەو نەیاران تێکیان شکاندووین، هەروەک بە بارێکی تریشدا دەشێ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی باوک یان باپیرەیەکی دیارو خاوەن مێژوو، دەرئەنجامی هەست بە شکستکردن و هەست بە نائامیدیاەبوونمان بێت لە ئێستادا. لە راستیدا یەکێک لە کێشەکانی کەسێتی کوردی ئەوەیە کە بوێری ئەوەی نیە سەیری خۆی وەکو ئەوەی هەبووەو هەیە بکات و شکست و برینەکانی خۆی ببینێت. بەڵکو بە درووستکردنی بۆچوونی ئەفسانەیی بە دەوری رابردووی خۆیدا، هەوڵدەدات ئامدەبوونێکی بێ بنەما بۆ رابردووی خۆی دروست بکات، ئەوەش وای لێ دەکات لە ئێستای خۆیشی تێنەگات و نەزانێت چی دەکات.
بەهەرحاڵ وەکو گوتمان رەگوڕیشەی کورد تەمومژاوی و لێڵە، تەنانەت لەو مێژووەی کە دەکەویتە پێش روخاندنی دەوڵەتی میدیاەوە، بە وادانان و خەمڵاندن و بە پشتبەستن بە هەندێ بەڵگەی زمانی و بە هاوشێوەکردن و نزیککردنەوەی ناو و وشەکانی وەکو لۆلۆو گۆتی و کاشی و کاردۆخی… لە ناوی کوردەوە هەوڵدراوە کورد بگێڕرێتەوە سەر ئەو رەگەزو رەچەڵەکانە. هەرچەندە لە رووی راستیەوە مەرج نیە ئەگەر پێکهاتەیەک رابردوویەکی گەشی نەبوو، ئیتر ئێستاو ئایندەشی نابێت، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر رابردوویەکی گەش و ئامیدیاەی هەبوو ئەوا ئێستاو ئایندەشی مسۆگەرە. بەهەرحاڵ، میدیاەم کورد وەکو پێکهاتەیەکی ناسراو و دوور لە تەمومژو لێڵی، لە قۆناغی مێژوویی پێش میدیادا نەناسراوەو نەبووەتە پێکهاتەیەکی جیاکراوە لەوانی تر، کەواتە قسەکردن لە سەر باری کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان و ئاستی پەرەسەندنیشی دیسان لە چوارچێوەی ئەوانی تردا قسەی لەبارەوە دەکرێت. بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت، لەو قۆناغەشدا، ئەو پێکهاتانەی کوردیان بۆ دەگەڕێنرێتەوەو ئەو جوگرافیایەی کە دواتر بە کوردستان ناسراوە، دواکەوتووتر بووەو زیاتر خاسێتی کۆمەڵگای سەرەتایی هەبووە. لێرەدا هەوڵدەدەین لێکدانەوەی کورد یان ئەوانەی بە باپیرانی کورد دانراون و شێوازی ژیان و کۆمەڵایەتیبوونیان لە روخانی دەوڵەتی میدیاەوە تا دەرکەوتنی ناوی کورد وەکو پێکهاتەیەکی جیاواز، یان وەکو ئیتنۆسێکی سەربەخۆ، تاوتوێ بکەین.
ئاشکرایە لە مێژووی پێش دەرکەوتنی میدییەکاندا سۆمەرییەکان میلەتێکی خاوەن مێژوون کە لە میسۆپۆتامیادا ژیاون. لەو سەرزەمینەی کە پێشتر بەشی زۆری میدیای پێکهێناوەو دواتر بە کوردستان ناسراوە خێڵەکانی عیلام و لۆلۆو کاسی و میتانی و لە نێو چیاکانیشدا گۆتی و هۆری و سۆباری و کاردۆخی ژیاون. مێژوو باسی ئەوە ناکات ئەمانە لە کوێوە هاتوون. بەڵام ئەوەی لە خوێندنەوەی نوێی مێژوودا پەیوەست بە کورد باس دەکرێت، ئەوەیە گوایە کورد لە رەگەزی ئاریەو لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو ناوچەی میدیا کۆچیان کردووە. هەروەک لە لایەکی تریشەوە باسی ئەوە دەکرێت کوردو میدیا یەکن و لە لایەکی تریشەوە بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە کوردو سۆمەر یەکن، یان سۆمەرییەکان کورد بوون و هەروەها لێکدانەوەی ئەوەش هەیە کە رەچەڵەکی کورد پەیوەندی هەیە بە لۆلۆو مێتانی و کاسی و سۆباری و گۆتی و کاردۆخیەوە. بەهەرحاڵ ئەگەری نزیک ئەوەیە کە کورد لە شوێن و جوگرافیای ترەوە نەهاتبن و نەوەی رەسەنی ئەو پێکهاتانە بن کە لە دەرکەوتنی مرۆڤەوە لەم جوگرافیایەدا ژیاون. تەنانەت ئەگەر گێڕانەوەی کورد بۆ ئەفسانەو بەسەرهاتی نوح و لافاوی نوحیش جۆرێک لە خەیاڵپڵاوی بێت، هێشتا بەپێی ئەو ناوچەیەی کەشتیەکەی لێ جێگیربووە، هەر ئەوە دەسەلمێنێت کە کورد نەوەی راستەقینەی جوگرافیای خۆیانن و لە شوێنی ترەوە نەهاتوون. ئەم بۆچوونەشمان بۆ ئەوە هێنایەوە کە بڵێین دروستترین لێکدانەوە بۆ رەچەڵەک و نیشتیمانی کورد ئەوەیە کە کورد نەوەی ئەو پێکهاتانەیە کە لە مێژووی پێش زایندا لە باکووری میسۆپۆتامیا بۆ چیاکانی زاکرۆس و بانەکانی ئێران، یان بە دەربڕینێکی تر لە سەرزەمینی میدیادا ژیاون. رەنگە پەیوەستبوونی کورد بەم جوگرافیایەوەو دەستبەردارنەبوونی لەم خاکە لە هیچ بارودۆخ و هەلومەرجێکدا ببێتە بەڵگەی ئەوەی کە ئەم پێکهاتەیە لەم خاکەدا دروستبووەو بوونی پەیوەستە بەم خاکەوەو سەرباری هەموو ئەو هێرش و تێکشکاندنانەی لەسەر ئەم خاکە دووچاری بووە، هێشتا هەم پارێزگاری لە بوونی خۆی کردووە، هەم پارێزگاری لە شوناسی خاک یان جوگرفیاکەی کردووە. راستە ئەو پێکهاتانەی تر نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەتی دیار، بەڵام دەوڵەتی میدیا کە بەگشتی ئەو پێکهاتانەو ناوچەکانیانی گرتووەتەوە، سەرباری ئەوەی نە دیاکۆنۆف و نە ئەو مێژوونووسانەی تریش کە لەسەر میدیاو دەوڵەتی میدیایان نووسیووە، بە روونی وەکو دەوڵەتێکی کوردی ناوی نابەن و بە روونیش باسی ئەوە ناکەن کە کورد نەوەی میدیاە یان کوردو میدیا یەکن. بەڵام توێژەرێکی وەکو ئۆ. ل. ڤیلچێڤسکی کە بەشێوەیەکی پڕ وردەکاری لەبارەی نەژادی کوردەوە توێژینەوەی کردووە دەڵێت: خێڵەکانی کاردۆخی لە ناوچەی شاخاوی رۆژئاوای مانا دەژیان. کاردۆخی ئەو میلەتەن لە هەموو لایەکەوە دانی پیانراوە کە راستەوخۆ بەشداری ئیتنۆگێنیزی کوردەکانی ئێستایان کردووەو ئەوەش گەیشتووەتە رادەیەک کە لە هەندێ حاڵەتدا کاردۆخیەکان هەر بە کورد ناودەبرێن(١). بەهەرحاڵ سەرباری کۆی بۆچوونەکان هێشتا رەگوڕیشەی کورد ئەوەندە روون نیە کە مایەی دڵنیایی تەواو بێت. بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە کورد بۆ هەرکام لەو میلەتە دێرینانە یان بۆ زۆرینەیان بگەڕیتەوە یان تێکەڵاوێک بێت لە چەند رەچەڵەکێک، ئەگەر پەیوەندی بە سۆمەرو بە میدیایشەوە نەبێت، ئەوا بۆچوونەکەی گەزنەفۆن لە ٤٠١-٤٠٠ی پێش زایندا سەبارەت بە کاردۆخیەکان و بوونی ئەوان وەکو باپیری کورد، ئەوە دەسەلمێنێت کە کورد یەکێک لە کۆنترین پێکهاتەکانی رۆژئاوای ئاسیایە. بۆیە لێرە بەدواوە ئێمە وا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەین کە پێکهاتەیەکی خاوەن رابردووی دوورودرێژی باکوری میسۆپۆتامیا و چیاکانی زاکرۆس و رۆژئاوای میدیایە. بەڵام ئەوەی هەوڵدەدەین لەسەری رابووەستین ئەوەیە کە ئایا کورد یان ئەو پێکهاتانەی کە باوکی کوردن و لەو رووبەرە جوگرایەدا ژیاون کە دواتر بە کوردستان ناسراوەو نیشتیمانی کوردانە، لە رووی ژیان و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە چۆن بوون؟
بەپێی گێڕانەوەکانی هیرۆدۆت دەوڵەتی میدیا سەدو پەنجا ساڵ فەرمانڕەوایی کردووەو لە ساڵی ٥٥٠ی پێش زایندا لە لایەن هەخامەنەشێەکانەوە رووخێنراوەو لە شوێنیدا دەوڵەتی هەخامەنشی دروستبووە. ئەمەش ئەوەمان پی دەڵێت کە لە دوای دەوڵەتی میدیا کە دەوڵەتێکی پێکهاتوو بوو لە فیدراسیۆنی خێڵەکان و دەسەڵاتی بەسەر ئەو رووبەرەشدا هەبووە کە ئەو پێکهاتانەی تیادا ژیاون، کە کوردیان لێ پەیدابووە، کەواتە بەوپێیە روخاندنی دەوڵەتی میدیا کاریگەری لەسەر ئەو پێکهاتانەو ناوچەکانیشیان هەبووە. هەتا کاتی روخاندنی دەوڵەتی میدیا لە ساڵی ٥٥٠ی پێش زایندا، ئاشکرایە کەیخوسرەوی دووەم کە بە کۆرش بەناوبانگە، چەند ساڵێک پێش رووخاندنی دەوڵەتی میدیا، دەبێتە پاشای پارس و لە ساڵی ٥٥٠ی پێش زایندا هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتی میدیاو دەستی بەسەردا دەگرێت و لەو کاتە بەدواوە هێواش هێواش ناوی ئێران دێتە شوێنی ناوی میدیا و پارس و لە راستیسدا لەوکاتەوە نەک هەر ناوی میدیا بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی شارستانێتی و مێژووەکەشی دراوە. کۆرش بە هەموو لایەکدا هەوڵی فراونکردنی دەسەڵاتی خۆیی داوەو تەنانەت لە ساڵی ٥٣٨ی پێش زایندا دەستی بەسەر بابلدا گرتووەو سنووری دەوڵەتەکەی فراونکردووە. بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە کۆرش کاتێ دەستی بەسەر میدیادا گرتووە، سوپای میدیای کردووە بە بەشێک لە سوپای پارس یان ئێران و لە جەنگەکانیدا بەکاری هێناون. لەبارەی دۆخی دوای روخانی میدیاوە دەگوترێت: هەموو کوردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، یانی میدیاو گوتی تا دەرکەوتنی ئەسکەندەر بۆ ماوەی دوو سەدە ژێردەستەی ئێرانیەکان بوون(٢).
ئاشکرایە لە دەوروبەری ناوەڕاستی هەزارەی یەکەمی پێش زایندا، دەوڵەتە کۆیلەدارە کۆنەکانی میسۆپۆتامیاو رۆژئاوای ئاسیا لە بابل و ئاشوورو ئۆراتۆ روخان. دەوڵەتی میدیایش وەکو دەوڵەتێکی نوێی کۆیلەدار لە ماوەیەکی کورتدا روخاو دەوڵەتی هەخامەنشی کە ئەویش دیسان دەوڵەتێکی کۆیلەدار بوو جێگای گرتەوە. بەڵام وەکو ئاشکرایە ناوچە شاخاوییەکانی زاکرۆس و باکووری میسۆپۆتامیا کە هەمان جوگرافیای کوردستانی ئێستایە، شوێنی خێلە شوانکارەکان بوو، هەروەک لە رۆژهەڵاتیشەوە خێڵی تر بەرەو ئەو ناوچانە کۆچیان دەکردو تێکەڵاوی خێڵە شوانکارەکان دەبوون و شێوازی ژیانیان بەپێی سروشتی ناوچەکە لەوانەوە نزیک دەبووەوە. هەروەک ئاشکراشە تەنانەت دوای روخانی دەوڵەتی میدیایش لە ناوچە چیاییەکاندا جۆرێک لە فیدراسیۆنی خێڵە شوانکارەکان بەردەوام بووە بە تایبەتی بۆ خۆپاراستن و بەرگریکردن لە خۆیان. خاسێتێکی دیاری نێو خێڵە شوانکارەکان نەبوونی سیستێمی کۆیلایەتی بووە، چونکە بە سروشتی ژیانی شوانکارەیی بە تەواوەتی نیشتەجێبوون دروست ناکات ، بەڵکو ئەگەر لە جوگرافیای سنوورداریشدا بێت ئەوە سروشتی کۆچەری دەبێت. لە سیستێمی شوانکارەو کۆچەریدا رژێمی یان سیستێمی کۆیلایەتی بە ئاسانی پێکنایەت. ئەم لێکدانەوەیە سەرنجمان بۆ ئەوە رادەکێشێت کە لەو جوگرافیایەدا کە دواتر بە کوردستان ناسراوە، نە لەسەردەمی دەوڵەتە کۆنە کۆیلەدارەکانداو نە لەسەردەمی میدیاو پارس یان هەخامەنشیدا سیستێمی کۆیلایەتی وەکو سیستێمی کۆیلایەتی میسۆپۆتامیا یان یۆنان پێکنەهاتووە. بە واتایەکی تر دەشێ بگوترێت لە مێژووی باپیرانی کوردو لەسەردەمی کورد خۆیشیدا سیستێمی کۆیلایەتی پێکنەهاتووە.. پێش شەپۆلی کۆچی خێڵەکان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ ناوچە چیاییەکان کە چەندین خێڵی شوانکارە لەوێ دەژیان و- خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بوون-، هاتنی خێڵە نوێیەکان کە دەشێ مەبەست لەوەی کە کوردەکان لە رۆژهەڵاتەوە هاتوون و دەچنەوە سەر رەچەڵەکی هیندۆ-ئێرانی و لە نەژادی ئارین، دەرئەنجامی کۆچی ئەم خێڵانە بێت بەرەو چیاکان، بەڵام لە راستیدا خێڵە لۆلۆو گۆتی و -کاشی و هۆری و میتانی- و کاردۆخیەکان پێش سەپۆلی ئەو کۆچی خێڵە نوێیانە لە ناوچەکەدا بوون کە خێڵی شوانکارە بوون..ئەم خێڵە شوانکارانە زمان و دیالیکتە کۆنەکانی خۆیان پاراست و ئاسەوارەکانیان تا رۆژگارێکی زۆر درەنگیش هەر مایەوە. لەناو ئەو کۆمەڵە خێڵە زۆرانەی لە ناوچە چیاییەکاندا بوون و کۆنفیدراسیۆنی تا رادەیەک بەهێزو چەسپاویان پێکهێنابوو. ئەم خێڵە شوانکارە چیاییانە بەهەمان شێوەی جاران هێزی سەرەکی و پێشڕەوی خێڵەکانی تر بوون(٣).
کەواتە لەم وتەیەوە، یەکەم ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە دواتر خەمڵین و پێکهاتنی کورد وەکو ئیتنۆس لەو خێڵە جۆراوجۆرانە پێکهاتوون کە زۆرینەیان دانیشتووی ناوچەکە بوون و کەمینەشیان ئەوانە بوون کە لە رۆژهەڵاتەوە هاتوون. هەروەها ئەوانەی نیشتەجێی ناوچەکە بوون پارێزگارییان لە زمان و دیالێکتەکانی خۆیان کردووە کە زمان و دیالیکتەکانی باپیرانی کورد بووە. هەروەها ئەم پێکهاتە خێڵایەتیە شوانکارەیە کە سەرباری بوونی فیدراسیۆن و دەسەڵاتی سنوورداری ناوخۆ بە تایبەتی بۆ خۆپاراستن و سەرباری بوونی دەوڵەتە کۆیلەدارەکان لە دەوروبەریاندا، کە هەندێجار پەلاماریان داون و هەوڵیانداوە دەسەڵاتیان بەسەردا بکەن و بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، بەڵام لە نیو ئەم خێڵە شوانکارانەدا سیستێمی کۆیلایەتی دەرنەکەوتووە یان رووبەری جیۆگرافیای ئەو پانتاییەی باپیرانی کوردی تیادا ژیاوە قۆناغی کۆیلایەتی بە خۆیەوە نەبینیووە.. هەروەها بەپێی کزبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆیلەدارەکان و بەپێی گەشەسەندنی پەیوەندی چینایەتی لەناو خێڵە چیاییەکاندا و دروستبوونی دەوڵەتانی بچووک و لەبەرامبەر هێرشی ئیمپراتۆرێتە کۆیلەدارەکان داکۆکییان لە خۆیان دەکرد، ئەم خێڵە شوانکارە چیاییانەش پەرەیان دەسەندو پێشدەکەوتن(4).
تێبینی/ سەرچاوەکان لە کۆتایی دوابەشدا دادەنێین.
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts