رەووف محەمەد ئالانی: بناغەی پەروەردەی سەردەم، خۆشەویستییە.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ئەوەی بۆتە هۆکاریی نوسینی ئەم وتارە لای بەندە، کەمبایەخی و بەهەند وەرنەگرتنی خۆشەویستییە لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا، یان وەدەرنانی هەست و سۆزە لە و بوارەدا.
ڕۆژانە لەڕێی تۆڕەکانی سۆشیالمیدیاوە، چەندین هەواڵی ناخۆشی شکاندنی هەستی خوێندکاران دەبیستین، بەڵام کاردانەوەکان بۆ چارەسەرکردن و بنەبڕکردن، جێی ڕەزامەندی دڵی خەڵک نین، ئەوەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، بەشێکیان دروستکراون و بەشێکیشیان پەیوەستن بە شێوازو سستمی پەروەردەی ئەم هەرێمەوە.
لەبەر ئەوەی پرۆسەی پەروەردە مامەڵەکردنی مرۆڤە لەگەڵ هەست و سۆزدا، هەرکاتێ بە گیانێکی مرۆڤدۆستانە و لەبەرچاوگرتنی شکۆی مرۆڤ، ئەو پرۆسەیە خرایە بواری پڕاکتیکییەوە، ئاکام و ئەنجامی باش بەدیدێنێت.
دەکرێ پەروەردە وا پێناسە بکەین کە پرۆسەی ئاراستەکردنێکی پەروەردەیی ڕێنماییە لە پێناو ئامانجێکی گەورەی ژیان، ئەویش گەشەپێدانی تاک و بەرزکردنەوەی توانا و کارامەییەکان و لێهاتووییەکانی.
پەروەردەکردنیش لایەنی جیاواز لەخۆدەگرێت بۆ تاک لەوانە: لایەنەکانی دەروونی و سۆزداری و جەستەیی.
پێمباشە خۆشەویستیش هەڵویستەی لەسەر بکەین و بزانین چیە و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لەناو پرۆسەکەدا چین؟
دەکرێ بڵێین خۆشەویستی هەستێکی ئەرێنی ڕوحی بەهێزە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
یان دەکرێ بڵێین هەستێکی دڵخۆشکەری پڕ ڕێزی ئەرێنییە، دەردەبڕدرێت بۆ کەسی بەرامبەر.
خۆشەویستی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی تاکدا، وادەکات ڕوناکییەکەی وەک تیشکی خۆر پەخش ببێت بەسەر زەویدا و ناو کۆمەڵگەش ڕوناک بکاتەوە، بەو پێیەی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەست و ڕەفتاری تاک و کۆمەڵ هەبێت.
ئەکرێ نزیکی و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پەروەردە و خۆشەویستیدا هەبێت، چونکە پرۆسەی پەروەردە بەبێ بونی خۆسەویستی ناگاتە ئاکام.
لەم روانگەیەوە ئەبێ پەیوەندی گرنگ و بەهێز لە نێون فیرکار(مامۆستا) و فێرخواز(قوتابی) هەبێت لەسەر بنچینە و بنەمای ڕێز و خۆسەویستی، کە ئەمەش هەنگاوەکانی پرۆسەی فێربون خێراتر و باشتر دەکات.
ئەوە سەلمێنراوە کە خۆشەویستی بەرکەماڵ، ژیانیش پڕ دەبێت لە ئومید و هیوا و متمانە و سەرکەوتن. بۆیە نوسەری گەورەی ئینگلیز(شکسپیر) وتوێتی: (خۆشەویستی ئومێدە، هیواش ژیانە).
پەروەردەکردن لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت زۆر سەرکەوتوو بێت، بەو پێیەی خۆشەویستی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەپێدانی تاک و بەرزکردنەوەی توانا و لێهاتووییەکانی. لێرەدا چەند هۆکارێک دەخەینەڕوو کە بۆچی پەروەردەکردنی خۆشەویستی کاریگەرە و بەسودە بۆ مناڵان لە پەروەردەدا، کە ئەمانەن:
1- دروستکردنی متمانە: خۆشەویستی دەتوانێت متمانە لە نێوان تاکەکاندا بونیادبنێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست.
2- بەهێزکردنی پەیوەندییەکان: پەروەردەکردنی مناڵ لەلایەن دایک و باوک لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت پەیوەندی نێوان تاکەکان باشتر بکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ.
3- جێگیرکردنی هەستی ئارامی: خۆشەویستی دەتوانێت هەستی ئارامی تاک بەرز بکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی بەهێز.
4- ڕەخساندنی تەندروستی دەروونی: پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای خۆشەویستی دەتوانێت تەندروستی دەروونی تاک باشتر بکات، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ و نائارامی.
پەیوەندی نێوان پەروەردە و خۆشەویستی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزە، و دەتوانین بەم خاڵانە ئاماژەی بۆ بکەین:
1- خۆشەویستی یارمەتیدەرە لە پەروەردەکردندا: بە دابینکردنی ژینگەیەکی پاڵپشت و هاندەر بۆ تاک.
2- پەروەردە خۆشەویستی بەرز دەکاتەوە: پەروەردە دەتوانێت خۆشەویستی بەرز بکاتەوە بە فێرکردنی بەها تاکە کەسییەکان و بنەما ئاکارییەکان.
خۆشەویستی و پەروەردەکردن بەیەکەوە گرێدراون، بەو پێیەی خۆشەویستی دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالیتی فێرکردن هەبێت، فێرکردنیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالیتی خۆشەویستی هەبێت.
نوسەران و شارەزایانی بواری پەروەردە و کۆمەڵناسی پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی و سۆز لەگەڵ پتەویی و بەهێزی منداڵ دروست دەکەن کە لە ژیانی داهاتوویاندا سەرکەوتووترئەبن، چونکە فێرکردنی منداڵان لە ڕوانگەیەکی خۆشەویستییەوە چەمکی پابەندبوون و دیسیپلین، یارمەتیان دەدات بۆ گەیشتن بە توانا تەواوەکانیان بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بەکارهێنانی شێوازی پەروەردەکردنی ستەمکارانە هەبێت. کەواتە ئەو بنەمایانە دەبنە سەرچاوەی دروستبونی هەستی مرۆڤی ئاشتیخواز و ڕەخنەگر لە چەوسانەوە و ئازاردان و نادادی کۆمەڵایەتی لە داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
هەر بۆیە ئەگەر ئێمە مەبەستمان بێت ببین بە کۆمەڵگەیەکی شارستانی و سەردەمیانە، پێویستە هەنگاو بنێین بۆ دامەزراندنی سستمێکی پەروەردییانەی وابەستە و گرێدراو بە خۆسەویستی، نەک ڕق و کینە و ئازاردان و شکاندنی هەستە پاکەکانی مناڵان.
ئەوەی گرنگە بەشێوەیەکی ورد کار لەسەر شێوازی دروستکردنی سستمێکی پەروەردیی گونجاو بکرێت، کە خۆسەویستی بکرێتە بنچینەی پەروەردە، ئەو کاتە پرۆسەی فێربون و ئاستی بەرزی کوالیتی خوێندن بەدیدێت.
نەک هەر پەروەردە بەڵکو ژیان بەگشتی بەبێ بونی خۆسەویستی تام و بۆی خۆشی و ئارامی و ئاسودەیی نادات.
وتارەکەم بە وتەیەکی ئەرستۆ فەیلەسوفی یۆنانی کۆتایی پێدەهێنم کە وتوێتی: (خۆشەویستی ژیانە، ژیانیش خۆشەویستییە).
سەرچاوەکان:
1- التربية بالحب : اهمية وضرورة الاجتماعية (شبكة المعارف الاسلامية).
2- احمد حسن (اثر الحب في التربية).
3- اقوال المشاهير عن الحب mawdoo3.com
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە