عەتا قەرەداخی: گریمانەی بوونی کورد لە نێوان خەیاڵ و راستیدا – بەشی دووەم.
ئەوە ئاشکرایە کە ئاڤێستای بچووک، یان وردە ئاڤێستا کۆمەڵگای ئەو سەردەمەی بۆ سێ ئاست دابەشکردووە کە بریتین لە: ئاتراڤان واتە، خزمەتکارانی ئاگر. راتایسار واتە، خانەدانەکان. ڤاسترایا فیوێنت واتە، ئاژەڵدارو جوتیاران. جگە لەمانە تەنیا لەیەک کاتدا ئاماژە بە”هوتی” دەکات کە بە مانای “پیشەوەر”دێت(٥). بێگومان کۆیلەکانیش هەبوون، بەڵام وردە ئاڤێستا ئاماژەیان بۆ ناکات. ئەم دابەشکردنەی وردە ئاڤێستا تا ئەندازەیەک هاوتەریبە لەگەڵ دابەشکاری یان پێکهاتەی کۆمەڵگای میدیادا کە پێکهاتووە لە کاهینەکان و جەنگاوەران و پیشەوەرو بازرگان و خزمەتکار. واتە لەپاڵ بوونی کۆیلایەتیدا کۆمەڵگای میدیای رواڵەتی کۆمەڵگای چینایەتی هەبووە. هەڵبەت کاتێ مێژوونووسانی ئاشوور یان هیرۆدۆت یان هەر کەسێک لە دەرەوەی سنووری میدیاەوە سەیری میدیای کردووە، سەرباری ئەوەی لە چەندین پێکهاتەو خێڵ پێکهاتووە، بەلام بە هەموویان گوتراوە میدیا، بۆیە دەشێ لە زامواو ئەو شوێنانەی تریش کە ئێستا کوردستانن، بێجگە لە خێڵە شوانکارەکانی نێو چیاکان، ئەم دابەشبوونە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا بە ئاستی جیاواز لە سنووری میدیادا بوونی هەبووبێت یان بینرابێت.
دیاکۆنۆف دەڵێت: نووسراوەکانی داریوشی یەکەم لەسەر بێستوون( کۆتایی سەدەی شەشەمی پێش زاین). ئەوە نیشان دەدەن کە بونیادی کۆمەڵگای میدیا لێکچوونی لەگەڵ بونیادی کۆمەڵگای پارسیا هەیە، بەتایبەتی هەم لە میدیاو هەم لە پارسیاش شتێک هەبوو بەناوی ( گەل-هێز)، ئەمانە بریتیبوون لە هێزی چەکداری مرۆڤە ئازاکان کە گرنگترین فاکتەری بونیادی کۆمەڵایەتی بوون…شیوازی رێکخستنی میدیا لە رابردوودا( رۆژگاری میدیا، یاخود رۆژگاری پێشووتری هەخامەنشیەکان) هاوشێوەی بەڵگە ئابوورییەکانی پارسە لە نیوەی یەکەمی سەدەی پێنجەمی پێش زایندا(٦). هەروەها لەو بەڵگە ئابوورییانەی کە کامیرۆن باسی کردوون و ڤ. ێ. تیورینا جەختی لەسەر کردوونەتەوە، رووناکیەکی کەم دەخەنە سەر کۆمەڵگای میدیا، کە باسی ئەوە دێتە ئاراوە کە بەڵگەی تەرخانکراو هەیە بۆ.. پێدانی مافی کریکاران، یاخود بەخێوکردنی چەندان جۆری جیاوازی کرێکاران کە پێیان دەگوترا کورتاش، وەکو کرێکاری بیناسازی واتە کرێکاری پادشایی تایبەت و کرێکاری بە ئەزموون. یاخود بەپێی پیشەو شارەزاییان پۆلێن کراون بۆ نموونە( بەردتاش، دارتاش، مسگەر..) ئەمانە لە کاروباری بیناسازی پایتەختی هەخامەنشیەکاندا کاریان دەکرد، هەروەها بە گروپی گەورە سەد بۆ هەزار کرێکار(٧). دیارە لەم شێوەی کارکردنەشدا هەندێ بە نانە سکی کاریان پێکراوەو هەندێ خواردن و شەراب و شوانەکانیش مەڕیان پێدراوە. هەروەها خەڵکانی تریش هەبوون لە هەردوو رەگەز لە کێڵگەکانی تایبەت بە پاشادا کاری کشتوکاڵیان بۆ پاشا کردووە. رەنگە ئەو پرسیارەش سەر هەڵبدات ئایا ئەم کارکەرانە کۆیلە بوون یان خەڵکی ئاسایی بوون و بە ئازادی و ئارەزووی خۆیان کاریان کردووە. هەروەک لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانەی سەرەوە باسی ئەوە دەکرێت کە کرێکاران یان کارکەران لە قۆناغی دوای میدیادا لەسەر زەمینی دەوڵەتی هەخامەنشیدا بۆ سێ جۆر پۆلێن کراون کە بریتیبوون لە: یەکەم پیشەوەران و بێگانەکان( سووری و میسری و یۆنانی). دووەم ئەو کرێکارانەی لە کاروباری پاشادا کاریان دەکرد، بەکاری پیشەسازیەوە خەریکبوون. سێیەم دەستەی ئەو کرێکارانەی لە کاروباری کشتوکاڵیدا کاریان دەکرد(٨).
ئاشکرایە لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی شەشی پێش زایندا شەڕی نێوان پارسەکان بە سەرۆکایەتی کۆرش و میدیا بە سەرۆکایەتی ئاستیاک بەردەوام بوو. بەپێی گێڕانەوەکانی هیرۆدۆت و کتسیاس کە دیاکۆنۆف گواستوونیەتیەوە، خانەدانەکانی میدیاو بەشێک لە مۆغەکانی زەردەشتی و هۆزو خێلە جۆراوجۆرەکان پشتگیری و هاوکاری پارسەکانیان کرد بە دژی ئاستیاک و بەرامبەر بە دەوڵەتی میدیا جەنگان، کە سەرئەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی پارسەکان و کۆرش دەستی بەسەر میدیا و تەنانەت ئێکباتانای پایتەختدا گرت و بە پێی مێژووەکەی نابۆنیدی بابلی شارەکە تاڵانکراو بەشێکی دانیشتوانیش کران بە کۆیلە(٩).. بەپێی چیرۆکی نووسەرە یۆنانیەکان خانەدانە میدییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خەڵکانی رێزلێگیراوی نێو ئیمپراتۆرێتی هەخامەنشییەکان بوون(١٠). میدییەکان و پارسەکان نەریتێکی هاوشێوەی نەریتی میسرییە کۆنەکانیان هەبوو، بەپێی ئەو نەریتە، یان کوڕی کچەکە، یانیش هاوژینی کچی پاشای پێشوو دەبوو بە میراتگری یاسایی پاشا. بۆیە زۆرجار پاشاکان هاوسەرگیرییان لەگەڵ خوشکەکانی خۆیاندا دەکرد(١١). بێگومان لە سەردەمی فەرمانڕەوایی هەخامەنشییەکاندا ناوچەکانی میدیا بە گشتی لە ژێردەسەڵاتی ئەواندا بووە، واتە ئەو جوگرافیایە کە دواتر بە کوردستان ناسراوە لەژێرسایەی دەسەڵاتی دەوڵەتی پارس، یان هەخامەنشی یان ئێرانیدا بووە. قەڵەمرەوی ئەو دەوڵەتەش لە رووی کۆمەڵایەتی و ژیان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە تایبەتمەندی خۆیی هەبووەو لەو رووەوە دیاکۆنۆف دەڵێت: ئەو کاتە بێگومان پەرەسەندنی تەواوی شێوازی بەرهەمهێنانی کۆیلەی پێشەنگ بوو، بەئەندازەیەکی زۆر وەک زیادبوونی ژمارەی کێڵگەکانی خاوەن کۆیلەو قوڵبوونەوەی مەودای پرۆسەکانی بەرهەمهێنان بە میتۆدی بەرهەمهێنانی کۆیلەداری… شێوازی کۆیلەداری بۆ بەرهەمهێنان لەو کاتەدا لە هەڵکشاندا بوو، لەگەڵ ئاستی گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێناندا دەگونجا. ئامرازو کەرەستە ئاسنینەکان لەو کاتەدا باوبوون، هێزو دەستی کاری کۆیلەش بە رێژەیەکی زۆرو بە ئاسانی بەردەست بوو(١٢). لەسەردەمی هەخامەنشییەکاندا، کاردۆخیەکان کە هێشتا لە قۆناغی کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا دەژیان، پێدەچێت سەرقاڵی راو و شکارو تەنانەت رەنگە کشتوکاڵیش بووبن… پادشایانی میدیا نەیانتوانی داگیریان بکەن، بۆ یەکەمجار ملکەچی کۆرش بوون(١٣).
ئەو قۆناغەی کە بۆ ئەم باسەی ئیمە لە رووی مێژوویەوە وەکو چوارچێوەیەک دیاریمانکردەووە، لە سەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی میدیاەوە هەتا لە دایکبوونی عیسا یان سەرەتای زاین دەکشێت. بۆچوونی لەوجۆرە هەیە کە ئەو قۆناغە بە قۆناغی پێکهاتن یان بنەغەدانان یان دامەزراندن سەیردەکات. لەم بارەیەوە کارل یاسپرس دەڵێت: مرۆڤ ئێستاکەش لە چوارچێوەی داڕێژراوی ئەو سەردەمەدا دەژی، سەردەمێک کە لەگەڵ کەسایەتیەکانی وەکو زەردەشتی ئێرانی، کۆنفۆسیۆشی چینی، بودای هیندی و فەیلەسەفە یۆنانیەکان و پێغەمبەرە جوولەکەکانی وەکو ئەشعیاو ئەرمیا داڕێژراوە. سەردەمی بناغەیی سەردەمێکە لە رووانگەی مانابەخشی بە مرۆڤ بەکەڵکترین سەردەمی مێژوو بووە. سەردەمێک لە نێوان ساڵانی ٨٠٠ و ٢٠٠ی پێش زاین. هەروەها هەر رووداوێک پێش ئەم سەردەمە روویدابێت پێشەکیەک بووە بۆ داڕشتنی ئەم سەردەمە، هەروەک هەر رووداوێک پاش ئەم سەردەمە روویدابێت خۆی بەم سەردەمەوە گرێدەدات و سەرچاوەکەی بۆ ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە، هەروەهاش ئەو مرۆڤەی کە ئێمە تاکوو ئەمڕۆ لەگەڵی دەژین، بەرهەمی ئەم سەردەمە بووە(١٤). لەم وتەیەوە دەردەکەوێت ئەو قۆناغەی کە بە قۆناغی بنیادنان دادەنریت چ لە رووی کۆمەڵایەتیەوە چ لە رووی ئیتنیەوە زۆر گرنگە، هاوشێوەی ئەو قۆناغەیە کە بنیادی کەسێتی تاکە کەسی تیا بەئەنجام دەگات. بەگوێرەی نەتەوەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان ئەگەر لەو قۆناغی بنیادنانەدا نەیتوانی وەکو پێویست بناغەی چەسپاوی خۆی دابنێت، ئەوا ناتوانێت بە ئاسانی رەوتی سروشتی خۆی بکات و لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا گەشە بکات و پەرەسەندنی سروشتی خۆی ببڕێت تا دەگاتە بەرزترین ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی بەرهەمهێنانی دەوڵەتە.. هەر قەومێک لە بزووتنەوەکانی سەردەمی بناغەییدا بەشدارنەبێت، بەشێوازی قەومێکی سروشتی و بێ مێژوو دەمێنیتەوە(١٥). دواتر دەگەڕێینەوە بۆ باسکردن لە قۆناغی سەرەتایی یان قۆناغی دامەزراندن و بنەرەتی.
بێگومان بۆ ئەوەی بنچینەیەک دابڕێژین بۆ قسەکردن لەسەر سروشتی پێکهاتەی کورد یان باپیرانی کورد لە دوای روخانی دەوڵەتی میدیا، پێویستمان بەوەیە کە بزانین سروشتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای میدیا چۆنبووە. ئەوەی تا ئەندازایەک وەکو بۆچوونێکی جێگیری لێهاتووە ئەوەیە کە دەوڵەتی میدیا لە فیدراسیۆنی خێڵ یان عەشیرەتەکان پێکهاتووە. بەڵام با بزانین ئەم قسەیە تا چ ئاستێک راستی تێدایە. هەروەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی مێژووی کورد ئەوەیە کە نە گۆتی و نە لۆلۆو نە هۆری و نە میتانی و نە کاشی و نە میدیا و نە کاردۆخی نە ئەو پێکهاتانەی تریش کە کوردیان بۆ دەگەڕێتەوە نووسین و هەڵکۆڵین و نە پاشماوەی پڕ بایەخی نەخش و نیگاری خاوەن شوناسی ئەوتۆی خۆیانیان لێ بەجێنەماوە. تەنانەت ئەوەی لە کوردستاندا وەکو پاشماوەی کۆن دۆزراوەتەوە یان ماوەتەوە، ناتوانرێت بسەلمێنرێت کە بەرهەم و دەستکردو داهێنانی هیچ کام لە باپیرانی کورد بووە. بۆ نموونە زۆرێک بە شانازیەوە دەڕواننە پەیکەری نارامسین لە دەربەندگەورەی سەگرمەی ناوچەئ قەرەداخ یان سەرپڵ، لە کاتێکدا ئەوەی هەیە پەیکەری پاشای ئەکەدەو دەردەکەوێت کە وێنەی سەرپڵ هەمان وێنەی دەموچاوی پاشا واتە نارام سین بووە، ئەوەش بەپێی نەخش و نووسراوی بەردینی پاشای ئەکەد کە لە مۆزەخانەی لوردایە(١٦). ئاشکرایە ئەم نووسین و نەخش و پەیکەرانەی ئەکەد دەگەڕیتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە پەلاماری وڵاتی گۆتی باوکی میدیاو باپیری کوردیان داوەو بەسەریاندا سەرکەوتوون و دەسەڵاتیان بەسەر باکووری میسۆپۆتامیادا کردووە، لە خۆشی سەرکەوتن و وەکو دیاریکردنی جێ دەست و هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتی گۆتیدا ئەو پاشماوەو شوێنەوارانەیان بەجیهێشتووە. هەرچۆن نووسراوی بێستوون نووسراوی سەردەمی داریوشەو لە وڵاتی میدیا هەڵکۆڵراوەو بە ئامانجی نیشاندانی ئەوە کراوە کە پارسی هەخامەنشی فەرمانڕەوای وڵاتی میدیا بوووە ئەو سەرزەمینەش سەرزەمینی ئێرانی پارسەو هەڵکۆڵراوی بێستوون پاشماوەی داگیرکاری دەوڵەتی پارسی ئێرانیە لەسەر خاکی میدیا.
تێبینی/ سەرچاوەکان لە کۆتایی دوابەشدا دادەنێین.