نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لەنێوان ترسی کۆمپانیاکان و بێ باکی عێراقدا.!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
زیاد لە 2 ساڵی ڕێکە کە پڕۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیراوە بە پێی بڕیارێکی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس و بەمەش مانگانە بڕی 1ملیار دۆلار زیان بە داھات و خەزێنەی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەگات، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکانیشدا. جا ڕاوەستان و دەستپێنەکردنەوەی ئەو پڕۆسە گرنگە ئابوریە بۆ ماوەیەکی زیاتر ھێندەی تر زیانەکان زیاد دەکات و ھەموو لایەنە سەرەکیەکانی پڕۆسەکەش زیانی گەورەتریان پێدەگات لەھەریەکە لە دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتیەکان ( کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستان/ ئەپیگۆر) و دواتریش وەک لایەنی چوارەمی پڕۆسەکە دەوڵەتی تورکیا کە زیاد لە نیوەی بۆری گواستنەوەی نەوتەکە بەخاکی ئەودا تێپەڕدەبێت و دواتریش بەندەری جەیھانی تورکیاش ڕۆڵێکی سەرەکی و گەورەی ھەیە لە عەمبارکردن و دواتر بارکردن و فرۆشتنی نەوتەکەدا.
لەماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابووردوودا گەلێک ھەوڵ درا لەلایەن ھەر چوار لایەنەکەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنێکی کۆنکرێتی و یەکلاکەرەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە.
ھۆکاری نەگەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاوھا بریتیە لە:
* ناڕازی بوونی کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان بە داواکاریەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەربارەی بەسەرداچوونەوەی گرێبەستە نەوتیەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و ئەنجامدانی گۆڕانکاری تیایاندا بەپێی دەستوری عێراقی.
* ترسیان لە پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیدا بەشێوەی مانگانە.
* ترسیان لە نەگەڕاندنەوەی ئەو بڕە قەرزەی کە ھەیانە لەسەر ئەستۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە دەوترێت بڕی ١ ملیار دۆلارە کە پێشتر پێیانداوە یان وەکو خەرجی مانگانە ھەیانبوە و نەگەڕێنراوەتەوە بۆیان.
* ھەروەھا بەشێوەیەک لە شێوەکانیش ناڕازین بەبڕی ئەو 16 دۆلارەی دیاریکراوە لە یاسای بودجەی ساڵی 2025 بۆ یەک بەرمیل نەوتی بەرھەمێنراو و گواستنەوەشی و کۆمپانیاکان بە کەمی دەزانن کە لە پێشتردا داوای بڕی 26 -32دۆلاریان دەکرد.
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی نەوتی عێراقی و کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت ((سۆمۆ)) پێدادەگرن لەسەر :
* ھەڵسەنگاندن و بەسەرداچوونەوەی ناوەڕۆکی گرێبەستە نەوتیەکانیان و گونجاندنیان لەگەڵ دەستوری عێراقدا.
* عێراق بێ باکیەک دەنوێنێت لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، بەھۆی ئەوەی کە خۆی دووەم وڵاتی بەرھەمھێنە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا دوای سعودیە بە 5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و مانگانەش دەتوانێت بڕی 100- 108 ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بکات و خەرجی و پێداویستیەکانی مانگانەی خۆی دابین بکات. بۆیە پێویستی بەو بڕە نەوتەی ھەرێم نیە کە بریتیە لە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل مانگانە و لە ئێستاشدا تەنھا بڕی 180 ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکرێت.
* عێراق، نرخی 16 دۆلاری داناوە بۆ بەرھەمھێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا لە عێراقدا ئەو بڕە بریتیە لە 6- 8 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک، سەرەڕای ھەموارکردنەوەی مادە 12 و بڕگەی 2-ج لە یاسای بودجەی ساڵی 2025 و بەرزکردنەوەی نرخەکە بۆ 16دۆلار، بەڵام بێباکە لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم.
* عێراق، زۆر جاران بەھۆی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بەڕێگەی قاچاغ و زیاد خستنە بازاڕی نەوتی جیھانیەوە لە پشکی خۆی، تووشی ڕەخنە و گلەیی ڕێکخراوی ئۆپیک بۆتەوە، ھەربۆیە لەکاتی ھەناردەنەکردنەوەی نەوتەکەدا بێ کێشە دەبێت، ھەرچەندە بڕی نەوتی ھەناردەکراوی نەوتی ھەرێم بە بەراوورد بە نەوتی بازاڕی جیھانی بریتیە لە 0.5% کە بڕێکی کەمە بۆ بازاڕی نەوتی جیھانی بەڵام بۆ عێراق دەگاتە ڕێژەی 20% نەوتی ھەناردەکراوی عێراق کە بڕێکی کەم نیە.
* عێراق سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەڕووی ڕەخنەو داواکاری قەرەبووی تورکیا دەبێتەوە بەھۆی دواکەوتنی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمەوە، بەڵام ھێشتاش بێ باکە و گەرەکێتی مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت بەسەر ھەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکانیشدا.
کێ و چ لایەنێک زیانی گەورەی پێدەگات ؟
بەم شێوەیە ئەوەی زیانی گەورەی پێدەگات بریتیە لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپلەی یەکەم و دواتریش کۆمپانیا نەوتیەکان و تورکیاش.کەواتە ھیچ لایەک قازانج ناکات لە زیاتر ڕاوەستانی پڕۆسەی ھەناردەکردنەکە. بەڵام ھەرێمی کوردستان لەھەموان زیانی وەبەردەکەوێت بەھۆی ئەوەی کە لە ئێستادا تەنھا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی پێدەدرێت لەبەشە بودجەی مانگانەی شایستەی خۆی کە بریتیە لە ڕێژەی 12.67% کە بریتیە لە شایستە داراییەکانی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی پارێزگاکان و زۆر خەرجی تریش. بۆیە لەماوەی ئەو ٢ساڵ و پێشتریش ھەرێمی کوردستان بێبەشکراوە لە بەشە بودجەی ڕاستەقینەی خۆی. بەوھۆیەشەوە ھەموو پڕۆژە ئاوەدانی و ئەندازیەریەکان وەبەرھێنانەکان و خزمەتگوزاریەکان نیمچە ڕاوەستاون و ئەوەشی ھەیە تێکچوون و بەرەو نەمان و ھەڵوەشانەوە دەچن. سەرەڕای کەڵەکەبوونی قەرزەکان و زیادبونیان بەھۆی سوودی ساڵانەیانەوە.
ھەرێمی کوردستان پێویستە چ کارێک ئەنجامبدات؟
بۆیە گەرەکە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بگاتە ڕێکەوتن و ھەرچی زووە پڕۆسەی ھەناردەکردنەی نەوتەکەی دەستپێبکاتەوە و خۆی قوتاربکات لە فشار و گوشارەکانی کۆمپانیا نەوتیەکان و قەرزە کەڵەکەبوەکانیان و ئەو قەیرانە دارایی و ئابوریەی 10ساڵە تێیکەوتوە و بەرۆکی گرتوە، ئەوەش لەڕێگەی ھاندان و فشار دروستکردنی دەوڵەتانی زلھێزی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیا و چین کە کۆمپانیای نەوتی گەورەیان لە ھەرێمدا ھەیە وکاردەکەن.
چونکە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە بە قازانجی عێراق و ھەرێمە لەکاتێکدا کە نرخەکانی نەوت لە جیھاندا لەماوەی 2 مانگی ڕابووردوودا ڕوو لە داکشانی زیاترە و ھاتۆتە خوار 70 دۆلارەوە کە بودجەی دەوڵەتی عێراقی لەسەر بیناکراوە،بۆیە ھەر دابەزینێکی زیاتری نرخەکان کە ڕەنگە و پێشبینیش دەکرێت بێتە خوار 60 دۆلاریش و زیاترەوە و بەتایبەتی ئەمریکا کاری بۆدەکات ئەوا ھێندەی تر عێراق و ھەرێم زیانیان پێدەگات و ڕەنگە عێراقیش بەھەرێمی کوردستانیشەوە ڕووبەڕووی تەنگژەی دارایی ببنەوە و تەنانەت پێدان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی عێراق بەتەنھا بریتیە لە 8.55 تریلیۆن دینار بۆ4 ملیۆن مووچەخۆر و ھەرێمی کوردستانیش بریتیە لە نزیکەی 1تریلیۆن دینار بۆ زیاد لە 1ملیۆن مووچەخۆر. کە ئەمە بڕێکی زۆر گەورەیە و ئەستۆی خەزێنەی عێراقی قورس کردوە.
لەکۆتاییدا ھەموان پێویستیان بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمە،ھەربۆیە چەندی زووبکرێت لەدەستپێکردنەوەیدا بەڕەزامەندی ھەموو لایەنەکان ھێندە زیانەکان کەم دەبنەوە و داھات و دەرامەتیش بۆھەموان دەگەڕێتەوە و زیاد دەبێت، ئەمەش نەرمی نواندنی گەرەکە لەھەموو لایەنەکانەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی