نەوزادی موھەندیس: خۆر عەبدوڵا, ھۆکاری ڕێکەوتن یان ناکۆکیەکی نوێ لە نێوان عێراق و کوێت؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

پێشەکی:
ئاشکرایە دەوڵەتی کوێت تا نەمانی دەوڵەتی عوسمانی لەساڵی ١٩١٨دا و داگیرکردنی ناوچەی کەنداوی((فارسی)) بەھەموو وڵاتەکانی کەنداو لە عەرەبەکان و بە عێراقیشەوە، لەچوارچێوەی پەیکەری بەڕێوەبردن و ئیدارەی دەوڵەتی عوسمانیدا کوێت بەشێک بوە لە خاکی عێراق((میسۆپۆتامیای ئەوکات)) و وەک بەشێک وابوە لە ولایەتی بەسرە لەساڵی ١٨٧٥دا و دواتر وەک قائیمقامیەتێکی سەربەخۆ لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە بەڕێکەوتنی نێوان بەریتانیا و دەوڵەتی عوسمانیدا لەساڵی ١٩١٣دا بنەماڵەی ئال ێەباح یش وەک قائمقام وابوون نەک دەسەڵاتداری سەربەخۆ.کاتێکیش سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی شانشینی بەریتانی مەزن واپێویستی دەکرد کە نەخشەی نوێی ناوچەکە بەپێی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و وزەیی و ئەمنیەکانی خۆی دابڕێژێتەوە،ھەستا بە دامەزراندنی چەند دەوڵەتێکی بچوک لە ناوچەی کەنداوی (فارس)دا وەکو بەحرەین و قەتەر و کوێت لەساڵی ١٩٦١دا و ئیمارات و بەمەش کوێتی جیاکردەوە لە خاکی عێراق.
ئیدی کێشە و گرفتە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەکان لەنێوان ئەم دوو وڵاتە تازە دروستکراوەی کوێت وعێراقیش لەدوای ساڵانی ١٩٢٠وە، دابەشکردنەوەی جوگرافیای ناوچەکە لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا وەکو دوو زلھێزی ئەو سەردەمە. ئەو کێشە و گرفتە سەریانھەڵداوە و تاکو ئێستاش و بۆماوەی ١٠٠ساڵی ڕابووردوو بەردەوامیان ھەیە و تەنانەت بەدرێژایی دەوڵەتی عێراقی تازە لە سەردەمی پاشایەتی ، مەلیک غازی لەساڵی ١٩٣٩ودواتر سەردەمی کۆماریدا لەساڵی ١٩٦١((عەبدولکەریم قاسم)) و دواھەمینیشیان لەسەردەمی حیزبی بەعس ((ێدام حسێندا)) لەساڵی ١٩٩٠دا بەکردارەکی کوێتی داگیرکرد و ھەوڵدرا بگەڕێنرێتەوە سەر عێراق و دوای وەدەنگھاتنی جیھان و پێکەوەنانی ھاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتی عەرەبی و ناوچەیی و جیھانی زیاد لە ٣٣وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کوێتیان ڕزگارکردەوە و سنور و سەروەریان بۆ گێڕایەوە.
بەڵام جارێکی تر و لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە و ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و ێدام حسێن کێشەی نێوان کوێت و عێراق سەریانھەڵدایەوە لەسەر سنورە ئاویە ھاوبەشەکان و بەتایبەتیش ڕێڕەوی ئاوی((خۆر عەبدوڵا)).
جا بابزانین ئەم کێشەیە ڕەگ و ڕیشەی چیە و کێیان خاوەن مافن و تائێستا بەکوێ گەیشتوە؟
خۆر عەبدوڵا، و گرنگی و کاریگەری چییە و ھەڵکەوتەی جوگرافیاییەکەی لە کوێدایە؟
سەرەتا وشەی ((خۆر))بەمانای :ڕێڕەوێکی ئاوی سروشتی دێت کە قەوارەی بچوکترە لە ڕووبار و بەزۆریش جۆگەیەکە لە ڕووبار، یان بریتیە لەدەروازەیەک یان کەنداوێکی بچوک و تەسکتر و درێژدەبێتەوە بۆ ناوەوە زیاتر لە کەنداوێکی بچوک.یانیش وا پێناسە دەکرێت کە ڕێڕەوێکی تەسک یان خواروخێچە.
بەو شێوەیە ((خۆر عەبدوڵا)) بریتیە لەو ڕێڕەوە ئاویە تەسک و خواروخێچە کە دەکەوێتە باکوری کەنداوی (فارسی –عەرەبی))یەوە لە نێوان ھەردوو دورگەی بۆبیان و وەربەی کوێتیەوەونیمچە دورگەی فاوی عێراقیەوە. خۆر عەبدوڵا درێژدەبێتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و بەمەش خۆر زوبێری دروستکردوە کە بەندەری ئوم قەێری تیادا ھەڵکەوتوە،عێراق لەساڵی ٢٠١٠دا ھەستاوە بە دانانی بەردی بناغەی دامەزراندنی بەندەری فاوی گەورە لەبەری کەنارەکانی عێراقەوە.
سنورە نێودەوڵەتیەکان
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە ٨٣٣ لەساڵی ١٩٩٣،خۆر عەبدوڵا دابەشکراوە لە نێوان کۆماری عێراق و دەوڵەتی کوێتدا و سنوری خۆر عەبدوڵا بریتیە لە ھێڵی نێوانیان وەک دەروازەیەکی دەریایی بۆ ھەردوو وڵاتەکە ،و کاری دەریاوانیش بۆ ھەردوولایان کراوەیە و ڕێگەپێدراوە.

ڕێکەوتنامەی خۆر عەبدوڵا
لەڕووی ڕووبەری جوگرافیەوە،خۆر عەبدوڵا دابەشکراوە بە ھێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان عێراق لە ڕۆژھەڵاتەوە و کوێتیش لە ڕۆژئاواوە،و ھەردوو خاڵی سنوری ژمارە ١٥٦ و ١٥٧ لە باکور و خاڵی ١٦٢ لە باشوور لەسەر ھێڵی جیاکەرەوە دیاریکراون.ئەم ڕێکەوتنامەیە لە ٢٩/ ٤/ ٢٠١٢واژۆکۆاوە، و لە ٢٥/ ١١/ ٢٠١٣دا ڕاستێنراوە لەلایەن ھەردوولا لە عێراق و کوێتەوە و لە نەتەوە یەکگرتوەکان دانراوە.
ڕێکەوتنامەی خۆر عەبدوڵا یان ڕێکەوتننامەی ڕێکخستنی دەریاوانی لە خۆر عەبدوڵادا،بریتیە لە ڕێکەوتنامەیەکی دەریایی لە نێوان عێراق و کوێتدا،ڕێکەوتنامەکە واژۆکراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتی دەریایی و بازرگانی و لە مادەی((٦))دا بە دەق ھاتوە کە((ئەم ڕێکەوتنامەیە کاریگەری نابێت لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە لە خۆر عەبدوڵادا کە بڕیاریلێدراوە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە ٨٣٣لەساڵی ١٩٩٣)).

ھۆکار و ئامانجەکانی ئەم ڕێکەوتنامەیە
بەمەبەستی ڕێکخستنی دەریاوانی لە خۆر عەبدوڵادا لە ڕێگەی پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەشەوە کە کاردەکات لەسەر کاراکردنی بەندەکانی ئەو ڕێکەوتنامەیە و ھەروا دانانی پلانی ھاوبەش بۆ سەلامەتی دەریاوانی لە خۆر عەبدوڵادا و ھەروەھا مەسەلەکانی دەریاوانی و ژینگەیی.
بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ھەردوو وڵات و ڕێگرتن لەمافی گوزەرکردنی دەریایی کە دانیپێدانراوە لە ڕێکەوتننامە و دۆکۆمێنت و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکاندا،بە ئامانجی ھاوکاریکردنی لە ڕێکخستنی دەریاوانی دەریایی و پارێزگاریکردن لە ژینگەی دەریایی لە ڕێڕەوی دەریاوانی لە خۆرعەبدوڵادا وەک ئەوەی کە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات دەخوازێت.

کاردانەوەکان دەربارەی ئەم ڕێکەوتنامەیە
لایەنی عێراقی:
بەشێک لە سیاسیە عێراقیەکان وایبۆدەچن کە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە نوری مالکی و پەڕلەمانی عێراقی دەستیان ھەڵگرتوە لە بەشێک لە خۆر عەبدوڵا بۆ بەرژەوەندی کوێت.کە تاکە ڕێڕەوە بۆ ھەموو بەندەرەکانی تری عێراق کە وەک دەڵێن خۆر عەبدوڵا بەتەواوی خاکی عێراقە و ھیچ مافێکی کوێتی بەسەرەوە نیە ، ودابەشکردنەکە بە نیوەیی کراوە نەک لەسەر بنەمای ڕێکەوتنامەی تالوک، بەواتای قوڵترین ڕێڕەوە کە ڕێگە بە گواستنەوەی دەریایی دەدات تیایدا. ھوشیار زێباری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراق ڕایگەیاندوە کە گفتوگۆیان لەگەڵ کوێتیەکان کردوە دەربارەی ھەموو بابەتەکان و دۆکۆمێنتەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، لەنێوانیشیاندا بەندەری موبارەکی گەورە و ڕێکەوتوین کە ھیچ کاریگەری نەبێت لەسەر گواستنەوەی دەریایی لە خۆر عەبدوڵاداو کوێتیەکانیش بەڵێنیانداوە بەرژەوەندیەکانی عێراق بپارێزن.بەڵام بۆخۆی بەھەمان شێوە پڕۆژەی بەندەری موبارەکی گەورە بۆتە ھۆی جێگەی مشتومڕ،بەھۆی دیاریکردنی حکومەتی کوێتی بۆ جێگەگەی لەسەر کەناری ڕۆژئاوای خۆر عەبدوڵا لە دورگەی بوبیاندا،ئەو ڕێڕەوە دەریاییەی کە بەرەو بەندەرەکانی عێراق دێت،و عێراقیەکان داوایان کردوە ئەو بەندەرە بگوازرێتەوە بۆ کەنارەکانی باشووری دورگەکە کە دەڕوانێتە سەر کەنداو،لەجیاتی ئەو شوێنەی ئێستای،بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستکردنی قەرەباڵغی پاپۆڕەکان لەداھاتوودا لە ڕاڕەوەکەدا دوای تەوابوونی ھەر چوار قۆناغەکانی پڕۆژەکە.

لایەنی کوێتی:
کوێت ڕەتیدەکاتەوە کە دەستیگرتبێت بەسەر ھیچ خاکێکی عێراقدا بەھۆی ئەو ڕێکەوتنامەیەوە،و جەختیکردۆتەوە کە کوێت پابەندە بە سنورە دیاریکراوە دەریاییەکانی لەگەڵ عێراقدا.

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی
وەک تاکە دادگای باڵا لە عێراقدا کە بەپێی دەستوری ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ بڕیارەکانی بەھیچ شێوەیەک ڕەتناکرێتەوە و قابیلی تانەلێدانیش نین و ئەرکی ھەموو دامودەزگاکانی عێراقیشە کە جێبەجێیان بکات. جا ئەم دادگایە لە ڕێکەوتی ٤/ ٩/ ٢٠٢٣،بڕیاریدا بە نادەستوری یاسای ڕاستاندن و پەسەندکردنی ڕێکەوتنامەی ڕێکخستنی دەریاوانی لە خۆر عەبدوڵادا لەگەڵ کوێتدا بە ژمارە ٤٢ ساڵی ٢٠١٣،بەھۆی ئەوەی کە دەبێت ھەموو ڕێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی بەزۆرینەی دوولەسەر سێی دەنگی پەڕلەمانی عێراق پەسەندبکرێت. ھەربۆیە لە ١٤/ ٩/ ٢٠٢٣دا دادگای باڵا جەختی لە بڕیارەکەی کردەوە.ھەربۆیە بەپێی ئەو بڕیارەی دادگای باڵای عێراق ڕێکەوتنامەی نێوان کوێت و عێراق دەربارەی خۆر عەبدوڵا پوچەڵە و کاری پێناکرێت لەلایەن عێراقەوە.

وەڵامی حکومەتی کوێتی:
وەک وەڵامدانەوەی دەوڵەتی کوێت لەبەرامبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقدا لە ڕێکەوتی ١٥/٩/٢٠٢٣دا یاداشتێکی ناڕەزایی لەلایەن یاریدەدەری وەزیرەی دەرەوەی کوێتەوە دراوەتە سەفیری عێراق لە کوێت،تایبەت بە پوچەڵکردنەوەی ڕێکەوتنامەی خۆر عەبدوڵای نێوان ھەردوو وڵات.

بەیاننامەی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداو
ھەر لەچوارچێوەی ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەنجومەنی کەنداوی عەرەبی و لەسەر داوای دەوڵەتی کوێت و کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەیان لە نیویۆرک لە ئەمریکا لەپەراوێزی کۆبونەوەکانی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ١٨/٩/٢٠٢٣دا،وەک کارێکی ھاوبەشی نێوان وڵاتانی کەنداو داوایان لە عێراق کردوە کە ھەنگاوی جدی و خێرا بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی دێتە ئاراوە تایبەت بە ڕێکەوتنامەی خۆر عەبدوڵای نێوان عێراق و کوێت بۆ ڕێکخستنەوەی دەریاوانی لە ڕێڕەوی ئاوی ھاوبەشی نێوانیاندا.
سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق وھەڵویستیان لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیلە ١٥/ ٤/ ٢٠٢٥دا سەرۆک کۆماری عێراق داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدڕاڵی کردوە بەھەمان شێوەش سەرۆک وەزیران، بۆئەوەی پەشیمان ببێتەوە لەبڕیارەکەی بە ھەڵوەشانەوەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی نێوان عێراق و کوێت،بە ڕەچاوکردنی مادەکانی دەستوری عێراقی کە داوای (( ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باش ودەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتان و ھەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکان بە ڕێگای ئاشتیانە و پەیوەندیەکانیشی لەسەر بەرژەوەندی ھاوبەش دادەڕێژێت و مامەڵەکردنی وەکویەکی لەگەڵ یەکتردا و پابەندیە نێودەوڵەتیەکانیش ئەنجام دەدات)).دوای ئەم ھەوڵەی سەرۆک کۆمار کوێتیەکان چاوەڕوانی بڕیاری دادگاکە دەکەن. بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی لە ٣٠/ ٤/ ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندوە کە بینینی ھەردوو داواکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماری دواخستوە.
بەم شێوەیە دەبینین کە ئەم کێشەی ڕێڕەوە ئاویەی خۆر عەبدوڵا بۆتە ھۆکاری سەرھەڵدانی ناکۆکیەکی نوێ لەنێوان عێراق و کوێتدا و ڕەنگە سەربکێشێت بۆ گرژی وتوندبوونیش لە ئایندەدا،چونکە لەناو دەسەڵاتدارانی عێراقیدا بۆتە باسوخواسێکی گەرم و تۆمەت و تانە لە ژمارەیەک دەسەڵاتدار دەدرێت کە دەستیانھەڵگرتوە لە خاک ومافی عێراق و ڕەنگە بەرتیلیشیان وەرگرتبێت و تێوەگلابن لە گەندەڵی و بەمەش قەیرانێکی گەورەی متمانە دروست بوە و ڕێکەوتنامەکەی خستۆتە بەردەم ھەڵوەشاندنەوە، دەگوترێت میری کوێت شێخ مشعل جابر الاحمد الصباح ڕەنگە بەھۆی ئەو کێشەیەوە ئامادەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی نەبێت کە بڕیارە لە ١٧/ ٥/ ٢٠٢٥دا لە بەغداد سازبکرێت.چونکە بەو شێوەیەی کە باسکرا لە ئایندەدا دروستکردنی بەندەری موبارەکی گەورەی کوێتی لە ڕێڕەوی ئاوی خۆر عەبدوڵادا دەبێتە ڕێگر و ئاستەنگ دروستکردن بۆ گواستنەوەی پاپۆڕەکان بۆ بەندەری ئوم قەسری عێراق کە وەک قوڕگی عێراق وایە بۆ سەر کەنداوی عەرەبی وەک دەروازەیەکی ئاوی و دەریایی و کاریگەری نەرێنی گەورەی دەبێت بۆ سەر ئابوری و بازگارنی عێراق و گەشە و پێشکەوتن و بوژاندنەوەی.
ھەربۆیە گەر بە پەرۆشی و لێکتێگەیشتنی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیەدا نەکرێت دوور نیە جارێکی تریش دەوڵەتی کوێت لەلایەن دراوسێ گەورەکەی باکوریەوە کە عێراقە وەکو سێ جارەکەی تر لە مێژووی سەد ساڵی ڕابووردوودا پەنا نەبرێتەوە بەر جەنگ و بەکارھێنانی ھێزی چەکداری بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە و بەمەش جارێکی تر ماڵوێرانیەکی تر ڕوودەکاتەوە ناوچەکە بەگشتی و عێراق و کوێتیش بەتایبەتی.