کۆژین بەهادین مەحموود: مەسرور بارزانی: سەرۆکوەزیرانی دواکەوتن، میری خۆشگوزەرانی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

بەخێربێن بۆ وڵاتی بەڵێنە شکاوەکان – هەرێمی کوردستان، کە حکومەت هێشتا بزرە، خەڵک ئازار دەچێژن بە دەست نەبوونی موچە و خزمەتگوزاریەکانەوە و مەسرور بارزانی سەرقاڵە بە ڕۆڵبینینی وەکو فریاد ڕەسێک لە کۆشکە مەڕمەڕییەکانیەوە و خۆی بێ ئاگا کردووە لە هەموو شت .
لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ـەوە، هاوڵاتیانی کوردستان چاوەڕێی کابینەیەکی نوێیە – نەک کابینەیەکی کارا، نەک کابینەیەکی دووربین – تەنها هەر کابینەیەک ئەگەریش لەوەی ئێستاش وێران تربێت. بەڵام مەسرور، کە وەکو مودیر عامێک زیاتر هیچی تر نیە ، زۆر سەرقاڵە بە جوانکردنی وێنەی خۆی، فراوانکردنی شارە تایبەتییەکەی، و ئامادەکردنی کوڕە ناز پێدراوەکەی کە هیچ ئەزموونێکی نییە بۆ داهاتوویەک لە سوپایەکدا کە تاقە رۆژێکیشی تێدا خزمەتی نەکردووە.
چ ستراتیژیەکی مەزنە: وەک سەرۆکوەزیران شکست بهێنە، دواتر حکومەت بکە بە میراتی خێزانی. مەسرور حکومەتی هەرێمی وەک زەویی باپیری بەکارهێناوە – ئیمپراتۆریەتێکی بۆ خوودی خۆی و بەرژەوەندیەکانی، کە دەنگەکانی خەڵک تەنها ژمارەن بۆ پشتگوێخستن، و وەزارەتەکان میراتی خێزانین.
لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان دەڕووخێن، مووچەکان بزر دەبن، و گەنجان هەڵدێن لە وڵات، مەسرور سەرقاڵە بە چاندنی باخچەکانی ئیمپراتۆریەتەکەی و وێنەگرتن لەگەڵ جەناڕاڵ و ئەکتەر و بوکەڵەکانی چواردەورە وەو ڕۆژی فەرشی سووری نمایشکردنی فیلمێکی هۆلیوود. هیچ قەیرانێکی چارەسەر نەکردووە – مەگەر چارەسەری ئەوەت بۆ بژمێرین کە چۆن لەسەر پشتی خەڵک دەوڵەمەندتر بوویت.
هەموو ساڵێک لەم کاتەدا، ڕۆحی سەردەشت عوسمان دەگەڕێتەوە – ئەو ڕۆژنامەنووسە گەنجەی کە ڕفێنرا و کوژرا دوای ئەوەی کە وێرابووی ڕاستی دەربارەی یارییەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بنووسێت. و هەموو ساڵێک، مەسرور وا پیشان دەدات کە ئەوە تەنها ڕۆژێکی ئاساییە، لە کاتێکدا دەستەکانی قووڵتر لە ئامرازەکانی سەرکوت کردندا ڕۆدەچن. ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکات. هەڕەشە لە ڕەخنەگران دەگرێت. هەموو کەسێک بترسێنە کە وێرابێتی بپرسێت،”بۆچی هێشتا چاوەڕێی حکومەتێک دەکەین؟
پاشان “پرۆسەی دانوستان” هەیە. چ گاڵتەیەک. مەسرور و هاندەرەکانی بەردەوام بەڵێنی گفتوگۆ، ڕێککەوتن، و یەکگرتن دەدەن. گفتوگۆ لەگەڵ کێ؟ خۆی؟ تاکە “ڕێککەوتنێک” کە پێدەچێت هەبێت لە نێوان خۆپەرستی و ئارەزووەکانی خۆیدایە.
با ڕاستگۆ بین: ئەمە سەرکردایەتی نییە. ئەمە کارەساتێکی پادشایەتیە، دیکتاتۆریەتێکی ڕوون و دیارە کە بە ڕەنگەکانی دیموکراسی ڕەنگاو کراوە. مەسرور بارزانی بە شێوەیەکی خراپ لە ماوەی یەکەمیدا شکستی هێنا، و ئێستا، بە هەر شێوەیەک بێت، لە لێواری ئەوەدایە دیسانەوە ئەنجامی بداتەوە – ئەمجارەیان تەنانەت بە لووتبەرزی زیاترەوە، ئەنجامی کەمتر، و نەوەکەی کە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە تاجەکە هەڵبگرێت.
کوردستان شایەنی ڕابەرێکە. لە بری ئەوە، کەسێک سەرمەشقی دەکات کە هەوڵ دەدات تا بێت خۆشتر بژی لەگەڵ جلوبەرگی سەربازی، پیاوێک کە شەیدای دەسەڵاتە، ئارەزووی لێپرسینەوە ناکات، و بە تەواوی دابڕاوە لە ئازاری خەڵک. تا مەسرور بارزانی لەسەر تەختی خەیاڵ دانیشت بێت، کابینە ئەفسانەیەکەی دەمێنێتەوە، خەڵک ئازار دەچێژن، و ئەو بە ناو “حکومەتە” هیچ شتێک نابێت جگە لە ئەلبوومێکی وێنەی خێزانی.