بێکەس قادر: بوونی بەرنامەیەکی سیاسی هاوبەش، یان دابەشبوون بەسەر ئەجێندای ئەوانیتر!

لە 4ی ئایاردا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ماوەی تۆماری هاوپەیمانی و حزبەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا 14ی ئایاری 2025 درێژکردەوە. ئەوە دەرفەتێکی دیکەیە لەبەردەم لایەنەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردن دا.
ئەم هەڵبژاردنە لە ڕەوشێکی هەستیار بەڕێوەدەچێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری و پێشهاتی سیاسی نوێ بەڕێوەیە، عێراق لە گاریگەری ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانە بێبەش نابێ، دەرگە و پەنجەرەی بە ڕووی ڕووداوەکان کراوەیە، بۆیە هەڵوەستە و هەڵسەنگاندنی ئەگەرەکانی ڕەوشەکە بۆ هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەکە، گرینگی خۆی هەیە. ڕەنگڕێژکردنی سیاسەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە عێراق پێویستی بە تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ڕەوشەکە و گۆڕانکارییەکان هەیە، ڕەنگە ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاقارێکدا لەنگەر بگرێ، پێشبینیکراو نەبێ، چونکە دەوروبەری عێراق لەبەردەم ئەگەری جودا جودا و گۆڕانکاریی خێرایە.
هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو ڕەوشە و بە کێشە کەلەکەبووەکانی نێوەخۆی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە پرۆسەی هەڵبژادن نزیک دەبێتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە سۆنگەی لێکترازان و نەبوونی کارنامە و بەرنامەیەکی هاوبەشی سیاسی، لایەنە کوردستانییەکان بوون بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق. ئەمەش کارتێکردنی لەسەر ڕۆڵی کورد لە پرۆسەی سیاسی هەبوو، کورد قوڕسایی و پێگەی سیاسی پێشووی لەدەست دا.
ئێستا کە باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێ، چ لە ئاستی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، چ بۆ هەموو پارێزگاکان، زۆرتر قسە لەسەر ڕێژەی کورسی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران و سیستەمی هەڵبژاردن دەکرێت، لە ڕاستیدا زیادبوونی چەند کورسییەک بۆ کورد، یان کەمبوونی چەند کورسییەکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، هیچ لە هاوکێشەکە و پێگە و سەنگی سیاسیی کورد لە پرۆسەی سیاسی و بڕیار و پەسەندکردنی یاساکان ناگۆڕێ، پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ئەم مەبەستە گرینگ نییە، پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد لە بەغدا و بەرجەستەکردنی گوتاری سیاسی کوردستانی گرینگ و پێویستە، لەو قۆناخەدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکان، بۆ بەرجەستەکردنی مافە دەستورییەكان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەعریبی نوێ لە ناوچەكە کوردستانییەکان، بۆ پرسی بودجە، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی بەپێی دەستووری عێراق، پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێویستە، نەک دابەشبوون بەسەر ئەجێندای ئەوانیتر.
ئەگەر پشت لە ناکۆکی لاوەکی و پەرژەوەندیی کاتی بکرێ، ئاوڕێک لە بەرژەوەندیی گشتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بدرێتەوە، هەنگاوێکی دروست بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێ، لەسەر بنەمای کارنامە و بەرنامەیەکی سیاسی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی باشتر، پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە.