نەوزادی موھەندیس: لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم گەڕێن و فریای بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بکەون!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

پێشەکی:
لەھەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتیش دوای ڕاپەڕینە پیرۆزەکەی بەھاری ساڵی 1991ی گەلەکەمان و وەدەرنانی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس و لەجێگەیدا چێکردنی یەکەم ھەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی کوردستان و دواتریش دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەساڵی 1992دا، ئیدی جۆرە دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ دامەزرا و نیوە بەنیوە لەنێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو گەورە حیزب و ھێزی جەماوەری و چەکداری و خاوەن دەیان ساڵەی خەباتی چەکداری بونە شەریکەبەش لە دەسەڵاتی ئەم ھەرێمەدا و ئەوا دە کابینەی حکومی و 6 خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ئەنجامدراون ئەو دوو حیزبە بەبەردەوامی ئەم 34 ساڵەی ڕابووردوو وەکو برا و ھەندێک جاریش ناھاوسەنگ حکومەت و دەسەڵاتەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردوە و داھات و خەرجی و چارەنوسی ئەم ھەرێمەیان پاوانکردوە بەھەموو باشی و خراپیەکانیەوە.
دواتریش دوای چەند ساڵێک ژمارەیەک حیزبی سیاسی نوێ دامەزران کە پێشینەی خەباتی چەکداری و شۆڕشیان نەبوە و خاوەنی جەماوەر و ھێزی چەکداریش نەبوون، لەپاڵ ژمارەیەک حیزبی تردا کە وەک یەکێتی و پارتی خەباتی شاخ و چەکداریشیان ھەبوە. بەڵام ھەموان بەیەکەوە و بەتەنھاش ھیچ کات نەیانتوانیوە ببنە ھۆکارێک بۆ گۆڕانی گەورە لەدەسەڵات یان دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی یەکێتی یان پارتی لە دەسەڵات.
بەم شێوەیە ساڵانی ڕابووردوو و لە ئێستادا چەندین حیزبی بەناو ئۆپۆزسیۆن یان دەرەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دامەزراون لە کەمینە تەنەوەکانی تورکومان و مەسیحی و ئاشوری و ئیسلامی و نەتەوەیی و مەدەنی تر کە ھەندێکیان لە قۆناغێکدا توانیویانە ململانێی توند بکەن لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا و تاڕادەیەک ھێز و گوشار و فشاری گەورەیان کردە سەریان و قەوارە و ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی و پارتیان کەمکردەوە. بەڵام دواجار بەھۆی ململانێ ناوخۆییەکانی خۆیان و ھەڵپەی دەسەڵات و بەشداری لە حوکمڕانی و کۆکردنەوەی ئیمتیازات و پلەو پۆست و سەروەت و سامان، نەیانتوانی ئەو دروشم و ئامانجانەی کەبۆخۆیان دیاریانکردبوو وەدیبێنن و پوکانەوە و بچوک بونەوە و لە ئێستاداکەمترین دەنگ و ڕەنگیان بۆ ماوەتەوە.
ئیدی حیزبەکانی دەسەڵات یەکێتی و پارتی وەکو خۆیان بەکەمێک گۆڕانکاری لە قەوارە و دەنگ و کورسیەکانیان وەکو دوو حیزبی گەورەی خاوەن نفوزو ھێزی چەکداری و دارایی ماونەتەوە و بە ئاشکرا و نھێنی ململانێ و کێبڕکێی یەکتر دەکەن و لەگەڵ حیزبەکانی تریشدا گوشار و فشار بەکاردێنن لەپێناو مانەوەیان لەدەسەڵاتدا.

ھاوکێشەی حوکمڕانی لە ھەرێمدا چۆنە؟
لەدونیای پێشکەوتووی دیموکراتیکدا،ھەمیشە ھاوکێشەی حوکمڕانی بریتیە لە بوونی دوو جەمسەری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،و بەشێوەیەکی دیموکراتیانە ململانێ یان کێبڕکێی یەکتر دەکەن و لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەرامبەر یەکتر ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ھێمنانە و ھەندێک جاریش توند پیادە دەکەن و ئەنجامیش شکستخواردو دانبەشکستەکەیدا دەنێت و دەبێتە جەمسەری ئۆپۆزسیۆن وبراوەش دەسەڵات دەگرێتە دەست و بە ئاشتیانەش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوانیاندا ئەنجام دەدەن و وەک دوو جەمسەری لێپرسراو لە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا و پێشکەوتنی وڵات و پاراستنی ئەمنیەت و سەروەری وڵات کاردەکەن و کێبڕکێ دەکەن لەسەر کارە باش و بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و نیشتیمان و خاوەن بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینی نیشتیمانین و جیاوازی لەنێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و ناوچەییەکاندا ناکەن و بەپێی دەستور و یاساکانی خۆیان مامەڵە دەکەن و تابۆیان بکرێت خۆیان بەدوور دەگرن لەکاری نایاسایی و گەندەڵی و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتیمان.بەم شێوەیە ژینگە و شێوازێکی حوکمڕانی تەندروستیان بۆخۆیان چێکردوە و بۆتە نەریت و کەلتورێکی جوان کە ھەموان ئاواتی بۆ دەخوازن لەوڵاتانی دواکەوتوو و نادیموکراتیدا و توانیویانە بەھەشتێک بۆ ھاوڵاتیەکانیان بنێت بنێن.

حیزبە دەسەڵاتەکانی ھەرێم و شێوازی حوکمڕانیان:
بەڵام لە کوردستاندا،ئەم ھاوکێشەیە زۆر ناھاوسەنگ و لاسەنگەو ھیچ کات جەمسەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نەبوونەتە دووھێزی کێبڕکێکەری ڕاستەقینەی یەکتر،بەپێچەوانەوە بونەتە دوو جەمسەری دژبەیەک و ناتەباو دڕدۆنگ و دوور لەیەکتر و لەسەر بچووکترین بابەت و مەسەلە گرنگ و چارەنوسسازەکانی ئەم ھەرێمە یەک و یەکگرتوو نەبوون لە دەنگ و ڕەنگیاندا.نەدەسەڵات بەشێوەیەکی دیموکراتیانەی پێگەیشتوو و خەمڵیو مامەڵەی کردوە و نە ئازادیەکانی باش دابینکردوە و نە ڕێگەشی داوە کە ھێز و لایەنەکان و دەنگە جیاوازەکان بەباشی گەشەبکەن و پێبگەن بەھۆی قۆرخکاریان بۆ ھەموو جومگەکانی دەسەڵات و ئیدارەی وڵات بەدرێژایی 34ساڵی ڕابووردوو کە ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بۆتە نەریت و نمونەیەکی دواکەوتووی دوو زۆنی جیاوازی دابەشکراو و تەنانەت ھەندێک جار تاڕادەی بێ باکیش مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداو و ئایندە و چارەنوسی ئەم گەل و نیشتیمانەشدا کردوە و نەتوانراوە حوکمڕانیەکی ئۆرگانیکی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و ڕاگەیاندنەکانیش ئازاد و ئازابن لە ئیشوکارەکانیاندا و تەنانەت ھەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەش لەنێوان خۆشیاندا ململانێی توند و خوێناوی و شەڕی ناوخۆشیان ئەنجامداوە و لەسەر پۆست و پلە و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و دونیاش ململانێی نەرێنیان ئەنجامداوە.لەبەرامبەر حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش سیاسەتی ((گۆچان و گوێزەریان ))بەکارھێناوە و جارێک بەنەرمی و جارێکیش بە گوشار و فشاری ھێز و دارایی ترساندویانن و ڕێگەیان نەداوە کە ببنە ھێزی ڕاستەقینە و پێکەوە کێبڕکێ بکەن بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان و ھەمیشە لەھەوڵی پەرتکردن و تێکدانی ڕیزەکانیاندا بوون بۆ مانەوەی دەسەڵات و ھێزی خۆیان.

ئەی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان چۆن بوون و لە ئێستاشدا چۆنن؟
لەماوەی ئەو 34 ساڵەی ڕابووردوودا لەدەرەوەی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ((یەکێتی و پارتی))، زیاد لە 10 حیزبی سیاسی کوردی و حیزبی کەمینە نەتەوە و ئاینەکان ھەبوون.ھەیانە نەرمونیان و میانڕە و ھەشیانە توندڕە نەتەوەیی و ئاینی بوونە،زۆرینەشیان لە ژێر عەبای حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە ئەنجامی جیابونەوە ھاتونەتە بوون و نەزەرورەتی قۆناغەکە و نە مێژووکردیشن، بەڵکو زۆربەیان بەھۆی ململانێی ناڕەوا و بەدەستھێنانی پۆست و پلە و ئیمتیازات جیابونەتەوە و بەناوی حیزبی سیاسیەوە دەستیانداوەتە کار و لە گەڕی ھەڵبژاردنەکاندا ڕەنگە لە ھەنگاوی یەکەمدا کە ھێشتا جەماوەر باشی نەناسیبوون و بەھۆی ناڕەزایەتی زۆریش لەھەردوو ((یەکێتی و پارتی)) و نەبوونی دیموکراتی ڕاستەقینە و دادپەروەری و یەکسانی و وەکیەکی و بوونی قۆرخکاری و پاوانخوازیان بۆ دەسەڵات،کورسی و دەنگی باشیان ھێنابێت، بەڵام ھەرئەوەندی بەشداری حوکمڕانیان کردوە و بەشداری دابەشکردنی کێک و شیرینی و ئیمتیازەتەکانی دەسەڵاتیان کرد،ئیدی ئەوانیش بە شوێن پێی یەکێتی و پارتی کەوتن و بەھۆی نەبوونی ڕەسەنایەتی کار و گوتاریان و نەبوونی ڕەگ و ڕیشە و پێشینەی ڕابووردویان و و نەبوونی بەرنامەی ستراتیژی و نەبوونی سەرکردەیەکی کاریزمای بەھێز و تەنھا بۆ ھەڵپەی دەسەڵات دامەزراون،نەیانتوانیوە لەبەر ھەژموون و گوشارەکانی دەسەڵات خۆڕابگرن و بچوک و بەرەو پوکانەوە چوون و دەنگ و ڕەنگەکانیان کاڵبونەتەوە.
ھەندێکی تریشیان سەرکردەکانیان حیزبەکانیان بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان دروستکردوە و سیاسەتی میراتگریان پیادەکردوە و بەم کارەشیان پێشی ھەریەکە لە ھەردوو یەکێتی و پارتیان داوەتەوە بەخراپترین شێواز،ھەندێکی تریشیان سوار شەپۆلە ناڕەزاییەکانی جەماوەر و شەقامبوون و توانیویانە بەشێک لە متمانەیان بەدەستبێنن.
بەم شێوەیە ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ھەرێم بەھێندەی ژمارەکەیان دابەشبوونەتە سەر دیدوبۆچوون و بەرژەوەندی جیاوازی بچووک و ناتوانن لەناو خۆیاندا بەرەیەکی یەکگرتووی بەھێز لەبەرامبەر یەکێتی و پارتی دەسەڵاتداردا پێکبێنن و ببنە مەترسی بۆ گۆڕانکاری و تەحەداکردنیان و وەک دەڵێن تەنھا خودایان یەکە.ئەو ھێزانە سەڕەرای کەموکوڕیەکانی دەسەڵات نەیانتوانیوە کاری جدی بکەن و ببنە ھێزێکی ڕاستەقینە بەڵکو بونەتە وابەستەی ھێزە دەسەڵاتدارەکان.نەیانتوانیوە کە شەقام بجوڵێنن و ڕابەرایەتیشی بکەن و ئەم پەرت و بڵاویەی ئۆپۆزسۆن شەقامیشی بێھێز و کاریگەر کردوە.

ئەی شەقام و جەماوەر و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکان ڕۆڵیان چییە؟
کاتێک بەو شێوەیە ھاوکێشەی حوکمڕانی ناھاوسەنگ و لاسەنگ بێت،ئەوا بەداخیشەوە شەقام و جەماوەریش ھەرچەندە جەماوەری گەلەکەمان ھوشیار و ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوە و شیکردنەوەشیان بۆ گۆڕانکاریەکان ھەیە،بەڵام ئەوانیش دابەشبوونەتە سەر بیروڕاو و بۆچوون و بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ئەو توانا گەورە و جەماوەری و گوشار و فشارە دیموکراتیانەیان لەدەستداوە و بچوک و بێ کاریگەر ماونەتەوە،بەھۆی دواکەوتنیان بۆ دید و بەرنامەی حیزبەکانیان ھەموو متمانە و ڕەوایەتیەکی زۆرینەیان لەدەستداوە و بەڵگەش دوای ئەو ھەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایی و مانگرتنانەی کە بەشێوەیەی ھێمنانە و ھوشیارانە ئەنجامیان دەدا ،بەڵام بەھۆی ئەجێندای حیزبایەتیەوە نەیاتوانی نە لەلای دەسەڵات گوێلێگیراوبن و نە لەلای بەناو ھێزە ئۆپۆزسینەکانیش ببنە جێگەی متمانە.ھەربۆیە ئەم بەرەیەش بێدەنگ و بێ کاریگەر مانەوە.وڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانیش بونەتە ھەڵسوڕاوی دەست و سیاسەت و بەرنامەی حیزبە سیاسیەکان و کاری پیشەیی و سەندیکایی ڕاستەقینەی خۆیان ناکەن و ئەوانیش نەیانتوانیوە بچووکترین کاریگەریان ھەبێت لەسەر دەسەڵات و گۆڕانکاریەکان.

دەستەبژێر ڕۆشنبیر ئەرکیان چیبوە ؟
بەداخەوە لەم گێژاوی قەیرانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر و تێکچڕژانی بەرژەوەندیەکانیان و نەبوونی متمانە بەھەموویان،دەستەبژێری ڕۆشنبیری ھەرێمیش ھیچ دەنگ و ڕەنگێکی دیار و تۆخیان نیە و ئامادەگی بەھێزیشیان لەکایەکەدا لەدەستداوە و ھەموان بۆ سەلامەتی سەروو زمانیان بێدەنگیان ھەڵبژاردوە.جا کاتێک ئەم نوخبە ڕۆشنبیرەش ھێندە ترسنۆک و خۆپارێز و بێدەنگ بن ،ئیدی ئومێدێک نامێنێت بۆ ڕابەرایەتی کۆمەڵگا و ھەڵگرانی چرای ڕێ ڕۆشنکەرەوە و گۆڕانکاری گەورە لە کۆمەڵگادا. ھەربۆیە تەواوی ھەرێمەکەمان لە بازنەیەکی بۆشی ناجێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیدا دەسوڕێتەوە بێ ئەوەی بتوانێت خۆی دەربازبکات و ئایندەیەکی ڕۆشنتر بۆخۆی دیاری بکات.
لەئێستادا و دوای 200ڕۆژ لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان نەتوانراوە نە لەنێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو حیزبی گەورە و یەکەم و دووەمی براوەی ھەڵبژاردنەکە و لەگەڵ ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیشدا بتوانرێت ھەنگاوی جدی ھەڵبنرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی ھەرێم،کە بۆتە ھۆی دروستبوونی بۆشاییەکی گەورە لە حوکمڕانیدا لەگەڵ بوونی ئەو ھەموو مەترسی و ئاڵنگاریەی کە لەناوچەکەدا ڕوودەدەن و بەردەوامیشن.ئیدی ئەم ھەرێمە لەنێوان بێ باکی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و پەرتوبڵاوی وبێ کاریگەری حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و بێدەنگی جەماوەر و شەقام وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بێھەڵوێستی نوخبەی ڕۆشنبیریشدا،کەوتۆتە بەر چارەنوس و ئایندەیەکی ناڕوون و ھەموان بەنیاز و ھیواوە دەژین لە چاوەڕوانی گۆدادان بۆ ڕزگارکردنیان.
بۆیە چێکردنی گۆڕانکاری و دامەزراندنی دەسەڵات و حوکمڕانیەکی مەدەنی و پێشکەوتوو دیموکراتیانەی دادپەروەری لەم ھەرێمەدا بەم دۆخە ناھاوسەنگ و لاسەنگەی جەمسەرەکانی ھاوکێشەی حوکمڕانی ((دەسەڵات کە ئەو شەیتانە نین کە ئۆپۆزسۆون وێنایان دەکات + ئۆپۆزسیۆنیش ئەو فریشتە بێ تاوان و بێ کەموکوڕییە نین کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن)) کارێکی سەخت و دژوارە و ڕەنگە موسەتەحیلیش بێت و ببێتە خەونێکی زڕی وەدینەھاتوو.