نەوزاد بەندی: ئاین و ئەفسانە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

پێکەوە گرێدانی هەندێ زاراوە لە لایەن هەندێ لە لێکۆڵەر و نووسەرەوە جێگای لەسەر وەستان و هەڵوەستەیە، چونکە ناکرێت بێویژدانیی, یان بە زۆر پۆڵێنکردن بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و کەس و شتێک بکرێت و لێی بێدەنگ بین، لە کاتێکدا عەقڵ و لۆژیک دوو پێوەری گرنگن لە مرۆڤدا، پێویستە لە خوێندنەوەکانماندا بەکاریان بێنین، ئەگینا وای لێ دێت وەک چۆن لە بازاڕە میلییەکان تەماتەی شکاومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، بە دیکۆرێکی تەماتەی جوان و ڕیزکراو هەڵمانئەخەڵەتێنن، بە هەمان شێوە لە بواری بیر و بۆچوونەکانیشدا، کاڵای بێ سوود و شێوێنراومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، ئەوەیش کردەیەکی ترسناکە، چونکە تەماتە شکاوەکە ئەگەر بتوانین فڕێی بدەین، بەڵام ئایدیایەکی شێواو ناتوانین فڕێی بدەین بەڵکو بەرە بەرە ئەبێتە بەشێک لە هەڵوێست و کەسایەتیمان و کاری پێدەکەین. بۆ نمونە ئەم پیتانەی ئێستا من پێیان دەنووسم دەیان ساڵ پێش ئێستا لە ئەلف و بێکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار وەرمگرتوون و تا هەنوکەیش کاریان پێدەکەم، بە هەمان شێوە دیدگا و بۆچوونەکانیش لەوانی تر وەریاندەگرین و کاریان پێدەکەین، بە هەر کەسێک بڵێین ئەدۆڵف هیتلەر چۆن کەسایەتییەک بوو، یەکسەر پێت ئەڵێ دیکتاتۆر بوو، چونکە لە ڕێی تەلەفزیۆن و خوێندنەوە و سینەماوە ئەو بۆچوونەی تێدا چێنراوە کە ئەو کەسایەتییە تاکڕە و دیکتاتۆر بووە.
هەر بۆیە ڕاگەیاندن ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت و حیساب بۆ هەر وشە و پێناسەیەکی بکرێت.
بەرگریی لە لەشەوە هەتا کۆمەڵگا، کردەیەکی کاردانەوەیه، واتا بەرگری کاتێ دروست دەبێ کە هێزێکی دژ دێت بە گژتا ، بۆ نمونە کاتێ بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان دێنە ناو لەشمانەوە ، بەرگری لەشمان زیاد ئەکات و پلەی گەرمامان بەرز ئەبێتەوە، ئەمە هۆکاری بەکتریا و ڤایرۆسەکانە، ناکرێت ڕەخنە لە لاشەمان بگرین کە بۆچی گەرم بووە، چونکە بەرگری لەش لە پێناوی مانەوە و ڕزگار بوونە، نەمانی بەرگریی لەش، نەخۆشییەکی ترسناکە پێی دەووترێت ئایدز. بە هەمان شێوە کاتێ دەست بۆ شانەی هەنگ و هێلانەی هەر گیاندارێک ببەین، کاردانەوەی خێرا و هیستیریی ئەو گیاندارانە دێن بە ڕووماندا، ئەمە شتێکی سروشتییە و ئەوەی کە سروشتیی نییە ئەوەیه ئەو گیاندارانە بەرگرییان تێدا نەبێ.
هەر بۆیە کاتێ داهاتی وڵات و هیوا و ئومێدی خەڵک ئەفەوتێنرێ، نیشتمان ئەفرۆشرێ و هەڕاج و پاوەن ئەکرێ، ئەبێ کاردانەوە هەبێ، ئەبێ بەرگریی و بەگژداچوونەوە هەبێ، ئەگینا ئەو کۆمەڵگایە بە گەمژە و مردوو ئەژمار ئەکرێ.
ناکرێ بە بەرگری و بەگژداچوونەوە بووترێ تیرۆر یان سیخوڕ و تابووری پێنج و ئەو تاواندواخستنە بێ بنەمایانەی کە گەمژەیی و ڕەشۆکییان لێ ئەتکێ. شایانی باسه ماوەیەک پێش ئێستا تەماشای فیلمێکی خەیاڵیی!! هۆلیودم کرد تیایدا بە حیساب کۆریای باکور، نیۆیۆرکی داگیر کردبوو، کۆمەڵێک لاو کۆبوونەوە و شانەی چەکدارییان دروست کرد، کەوتنە لەناوبردنی سەربازەکانی داگیرکەرانی شارەکەیان و تەقاندنەوە و گڕتێبەردانی دامەزراوەکانیان، کەچی کاتێ کەسێکی داگیرکراوی لای خۆمان بە ئاسپایی گردبوونەوە و ناڕەزاییەک دەرببڕێت، دەیان تاوانی تیرۆر و سیخوڕیی دوا دەخەن. کاتێ موسوڵمانێک کە هەموو کۆمەڵگا لەسەر ئاین و قورئانەکەی کۆکن، بیەوێت ئایەتەکانی خوا لە ژیانیدا پەیڕەو بکات، پێی دەووترێ تیرۆریست و کۆنەپەرست!
دووری بۆ نەڕۆین، خەباتی پێشمەرگایەتیی کە هەمووان بەشدار بووین تیایدا چ لە شاخ، چ لە شار و زانکۆکاندا و قوربانیمان بە ژیان و خوێندن و خوێندنی باڵای خۆمان داوە بە ترساندن و کوشتنی پیاوانی ڕژێم و زیانپێگەیاندنی ئوتومبیل و دام و دەزگاکانیان، ئەمانە هەمووی چوونەتە قاڵبی بەرگری نیشتمانیی و بەرخۆدان و شانازیی و جوامێریی و مەردایەتییەوە، کەچی ئەمڕۆ هەمان هاووڵاتیی و لەسەر هەمان خاک، ناڕەزایی و توڕەیی و هەڕەشەیەک بکات لە دژی مافە خوراوەکانی (کە لە ژماردن نایەن) یەکسەر ئەیخەنە قاڵبی تیرۆر و ئاژاوەچێتیی و گێرەشێوێنیی و ئەو زاراوە لاستیکییانەوە. کار گەیشتۆتە ئەوەی لەم ماوەیەدا کابرایەکی دانیشتووی ناوەندی عێراقم بە ڕێکەوت لە فرۆشگایەکدا بینی، بە بزەیەکەوە پێم ووت: ئەرێ کەی ئەڕۆنەوە شارەکانی خۆتان؟ کوردستانتان کرد بە عەرەبستان.
پێی ووتم : وەڵاهیی مامۆستا، پڕ بە دڵ حەزئەکەین بڕۆینەوە، بەڵام سوێند بەخوا بارودۆخێکیان دروستکردووە بچوکترین داواکاریت هەبێ، یەکسەر تاوانی گێرەشێوێنیی ئەدەنە پاڵتەوە و سەرنگونت ئەکەن!
بە ڕاستی جێگای داخە و خەسارەتێکی گەورەیە تەنانەت بۆ دەسەڵاتداران خۆیشیان، سیستمی بەرگریی لە هاووڵاتیەکانیاندا نەهێڵن، هاووڵاتییەکی کۆیلە و ترسنۆک و بێ هەڵوێست بخوڵقێنن، چونکە سبەی ڕۆژێ ئەگەر جەنگێکی چارەنوسساز یەخە بە نیشتمانەکە بگرێت، تازە ئەو کۆمەڵگایە مردووە ،تازە بەرگریی تێدا قەڵاچۆکراوە، بە گژداچوونەوەی تێدا حەرام کراوە، ناتوانێ بەگژ هیچ دوژمنێکدا بچێتەوە، ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشیی ئایدزی کۆمەڵایەتیی، چونکە ئایدز ڤایرۆسێکە لە بەرگری لەش دەدات و ئەیگەیەنێتە ئاستی سفر، بەو جۆرە لەشێکی بێ بەرگری و لاواز و بودەڵە دێتە ئاراوە بە بچووکترین نەخۆشی کەفتەکار ئەبێ، هەر بۆیە پێویستە بەرگریی و تاوان لە یەکتریی جیابکرێنەوە، هاووڵاتی توڕە و هاووڵاتی تاوانبار جیا بکرێنەوە، ڕەخنەی بنیاتنەر و ڕەخنەی ڕوخێنەر، هەنگ و زەدەواڵە، بەرگریی چارەنوس و شەڕی ناوخۆ لە یەکتری هاوێر بکرێن.
ئەگینا کۆمەڵگای گۆڕستان دێتە ئاراوە، تیایدا هەموو مافێکی هاووڵاتیی ئەخورێت و دەسەڵاتێکی ناشیرین هەڵئەتۆقێ کە بەکاری هیچ شتێک نایەت و ڕووی هیچ مەجلیسێکیشی نییە، تەنیا و قێزەون و کەنارگیر، وەک تارماییەکی ترسناکی لێ دێت و ناتوانێت ساتێک بە ئاسودەیی ویژدانەوە بگوزەرێنێ، ناتوانێ خۆی نیشانی هاووڵاتییەکانی بدات، لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا ئەبن بە دوو دوژمنی سەرسەختی یەکتریی، لە دوو دۆڵی جیاوازدا ژیان ئەگوزەرێنن.
لەم دواییەدا هەندێ ڕۆشنبیر پەیدا بوون، زاراوەی سەیر و سەمەرە فڕێ دەدەن، وەکو ئاین و ئەفسانە، واتا هەوڵ دەدەن بەرگێکی ئەفساناویی و خەیاڵاویی بکەن بە بەری ئاییندا، هەوڵەکەیشیان لە بێدەنگبوونی خەڵکیدا جۆرێک سەرکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا پێکەوە گرێدانی ئەو دوو زاراوەیە بێ ویژدانیی و نەزانیی لێ ئەچۆڕێ.
ئاین تا ئێستا چ ئەفسانەیەک توانیوێتی دەسەڵات بگرێتە دەست و شارستانیی پێک بێنێ ؟ لە گلگامێشەوە هەتا زیۆس و ئەفرۆدێت و کوڕە کەچەڵە و حەمەدۆک و هاری پۆرتەر و هەموو تێرمە ئەفساناوییە کۆن و نوێکان؟ لە کاتێکدا ئاینی کریستیان، ساڵەهای ساڵ فەرمانڕەوایی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد و بە شۆڕش ڕوخێنرا.. هەروەها ئاینی ئیسلام سەدان ساڵ فەرمانڕەوایی لە بەشێکی گەورەی جیهاندا کرد و شارستانییەکی گەورە و فراوانی لە ئەندەلوس و غەرناتە و بەلەدوەلید و تورکیا و جۆرجیا و ئاسیا و ئەفەریقیادا بەجێ هێشت، ئیتر چۆن ئایین و ئەفسانە ئەکرێن بە دووانە و پێکەوە گرێ ئەدرێن؟
ئایا هیچ لۆژیکێکی تێدایە کەسانێکی گەورە و بیریار و بەناوبانگی وەک مالکۆڵم ئێکس و محمد عەلی کلایی و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەریی و جەنەڕاڵ کۆستۆ دوای ئەفسانە کەوتبێتن و ئاینی ئیسلامیان هەڵبژاردبێ؟
هەر بۆیە ئەو نووسەرانەی کە ( شەلم کوێرم ) تەقە لە ئایین ئەکەن و بەجۆرەها زاراوەی ترەوە ئەیبەستنەوە، پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و چیدی حوکمی قەرەقۆشیی نەدەن، چونکە لە ئاستی لۆژیک و بەهای ئەکادیمیی و بیریاریی خۆیان کەم دەکەنەوە و ئەبنە جێگای پێکەنین و لاقرتێ.
شایانی باسە یەکێک لەو نووسەرانە پێناسەی پلاتۆ بۆ شیعر دێنێتەوە کە دەڵێت شاعیرەکان درۆزنن، بەڵام لە یادی ئەچێ یان نازانێ یان ئەیەوێ نەزانێ کە پێش پلاتۆ بە سەدان ساڵ، لە قورئاندا پێناسەی شاعیران کراوە بە ( یقولون ما لا یفعلون ) واتا قسەکانیان و کردارەکانیان یەک ناگرنەوە، واتا درۆزنن. لەگەڵ ئەوەی لە قورئاندا هەموو شاعیرەکانی لەو پێناسەیە نەترجاندووە، شاعیرانێکی خاوەن بیر و باوەڕی لێ دەرکردووە، بەڵام پلاتۆ بە ڕەهایی هەموو شاعیرانی بە درۆزن ناوزەد کردووە.