حه‌مه‌ئازاد به‌رزنجی: قه‌ندیل ئه‌نقه‌ره‌ی هه‌ژاند.
هاوئاواز وهاوسۆز له‌گه‌ڵ په‌ڕتوکی یاداشتنامه‌که‌ی شه‌هید ڕێباز ( قه‌ندیل به‌غدای هه‌ژاند )، ده‌توانین، به‌م هه‌نگاوه بوێر و مێژوییه‌ی (په‌که‌که) بڵێین ئه‌وا ئه‌مانیش ، له قه‌ندیله‌وه ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌مبوڵیان هه‌ژاند. زیاد له‌وه، هه‌مو کوردستان و ده‌وڵه‌تانی چوارده‌ور و گشت ئه‌وروپاو ئه‌مریکاو جیهانیشیان هه‌ژاند. وه هه‌ریه‌که‌یان له گۆشه نیگای خۆیانه‌وه ڕای خۆیان ده‌ربڕیوه‌و پشتگیری یان پیرۆز بایی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان کردوه.
کاتێ ( په‌که‌که ) ئه‌نجامی کۆنگره‌ی ( 12 ) ی خۆی ڕاگه‌یاند( له‌نیوان 5 – 7 / 5 / 2025 ) و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ش‌ی پاش چه‌ندڕۆژێ بڵاوکرده‌وه . که پاش خه‌بات و به‌رخۆردانی چه‌کداری زیاد له نیو سه‌ده ، بڕیاریان داوه کۆتایی به خه‌باتی چه‌کداری بهێنن و خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و شیوازی خه‌باتیان بگۆڕن و به شێوازیکی نوێی سه‌رده‌میانه‌و دیموکراسیانه‌وه ، په‌ره به خه‌باتی ئاشیخوازانه بده‌ن که هه‌لو مه‌رجی ناوچه‌که و ده‌وربه‌ر و جیهانیش ئێستا ئه‌م شیوازه خه‌باته ده‌خوازێت . هه‌رزو له هه‌مو لایه‌که‌وه چ له ناوخۆ و چ له‌ده‌ره‌وه هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی و نه‌رێنی و په‌رچه کردار و په‌رچه هه‌ڵوێست دروست بو . ئه‌م په‌رچه هه‌ڵوێستانه‌یش به‌تایبه‌تی له باشور به‌هۆی ئه‌و تاقیکردنه‌وه کۆن و تاڵانه‌وه بوه که‌له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌کاندا هه‌مان بوه ، له‌گه‌ڵ نامۆ بون و که‌م ئه‌زمونی و نه‌خوێندنه‌وه‌ی ویستی سه‌رده‌م و واقعی تاڵی شێوازی خه‌باته کۆنه چه‌کداریه‌که‌ی( په‌که‌که ) دا .
له‌کوردستانی باشور ئێمه تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی تاڵمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی شۆرشی ئه‌یلول ، له ساڵی 1975 که کۆتاییه‌که‌ی به نسکۆ و ئاشبه‌تاڵ و چه‌کدانان و چه‌ک ته‌سلیمکردنه‌وه و خۆ ته‌سلیم کردن و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان بو . به‌کوردی وکورتیه‌که‌ی ئێمه ئه‌مه به ئاشبه‌تاڵ و خۆبه‌ده‌ستوه‌دان و وازهینان و کۆتایی هینان به خه‌بات و به‌رخۆدان ده‌زانین ، که وانیه ! چونکه ئه‌مان وازیان نه‌هێناوه و نه‌چون خۆیان له‌گه‌ڵ چه‌که‌کانیان به‌ده‌سته‌وه بده‌ن و خۆیان ته‌سلیم بکه‌نه‌وه . به‌ڵکه ته‌نها چه‌کیان فڕێداوه و شێوازی خه‌باته‌کیان گۆڕیوه‌و سۆزیان دا و په‌یمانیان داوه که به‌رده‌وام بن .
کۆتایی کۆنگره‌که‌یان به دروشمی سۆزدان بو بۆ به‌رخۆدان و خه‌باتی دیموکراسی و خه‌بات بۆ ئاشتی و به‌رده‌وامی و دروشمی ژن ، ژیان ، ئازادی بو . وازهێنان له خه‌باتی چه‌کداری له ژێر ناوی ( په‌که‌که )، ئه‌میش هۆکاری خۆی هه‌یه بۆ ئه‌م کات‌و سه‌رده‌مه ، چونکه به‌ڕاستی ناوی ( په‌که‌که ) یش بوبو به به‌ڵایه‌ک بۆ خۆیان و خه‌باته‌که‌یان، له تورکیا‌و ئه‌مریکاو زۆربه‌ی ولاتان په‌که‌که به تیرۆرست ناوزه‌ده کرابو هه‌رچه‌ندیشیان ده‌کرد ئه‌وناوی تیرۆره‌یان له( په‌که‌که) بۆ نه‌ده‌کرایه‌وه . هه‌ر چه‌نده ئێمه وه‌ک ڕاستیه‌ک ئه‌وه ده‌زانین که خه‌باتی چه‌کداری (په‌که‌که) خه‌بات بو بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵات و خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رگریکردن له مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک . وه‌ک خۆشیان ده‌ڵێن ئێمه توانیمان ناوی کوردوکوردستان له تورکیادا بپارێزین و بچه‌سپێنین و له گه‌ڵ نکۆڵی به‌رده‌وامی تورکیا له بونی کورد ، کوردمان پاراست و هێنامانه‌وه ناو ناوان و ناو په‌ڕله‌مانیش.
له‌به‌ر باری ئاسایشی ناوچه‌که‌و پارێزگاری ئه‌ندامانی کۆنگره که (232) ئه‌ندام بون، کونگره‌که له ژێر ڕێوشوێنێکی ئاسایشی توند‌و تۆڵ و به نهێنی و له دوشوێن و دو کاتی جیاوزدا له نێوان( 5 تا 7 ) ی مانگی مایسدا له قه‌ندیل گیراوه . وه‌ک ده‌ڵێن سه‌رۆک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش زیاد له نیو کاتژمێر قسه‌ی کردوه و به ته‌له‌فون و ئۆنلاین له گه‌ڵیاندا به‌شداری کۆنگره‌که‌ی کردوه.
هه‌ر ئه‌م به‌شداریه خۆی له خۆیدا جێگه‌ی پرسیاره . چونکه به‌هۆی ته‌کنۆلۆجیاوه هه‌ر به‌شداربونه‌که‌ی شوێن و جێگا و کاتی کۆبونه‌وه‌که ده‌زانرێ . به‌ڵام نه‌یان هێشتوه یان تورکیا خۆی نه‌یویستوه له پێناوی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌که‌دا هیچ په‌رچه کردارێکی سه‌ربازی هه‌بێ . بۆیه ده‌وترێ له ژێرچاودێری و پاراستنی ئه‌مریکاو ناتۆدا کۆنگره‌که به‌ستراوه . که‌واته ئه‌مانیش ئاگاداری ورده‌کاری کۆنگره‌که‌ن و پاڵپشتی هه‌نگاوه‌کانی ئاشتین ، بۆ وه‌ده‌ستهێنای مافه‌کانی کورد له تورکیادا.
ئه‌م هه‌نگاوه له‌لایه‌ن حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی قوڵی تورکیا‌و زۆربه‌ی پارته سیاسیه‌کانی تورکیاش، به‌وانی به‌شداری حکومه‌ت و به ئۆپۆزسیونیشه‌وه پێشوازی باشی لێ‌کرا ، هه‌ر لایه‌نه له گۆشه نیگای سیاسی خۆیه‌وه و به‌و وشه‌و ده‌ربڕینانه‌ی که خۆیان ویستویانه، پێشوازیان له چه‌کدانانه‌که کرد . هه‌ر له ده‌م پارتی و ئاک‌پارتی و جه‌هه‌په و مه‌هه‌په و سه‌رۆکه‌کانیان و سه‌رۆکی تورکیا‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه ، هه‌رکه‌یان لێدوانی خۆی هه‌بوه . تاده‌گاته ئێراق و سوریا‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان و ئه‌مریکاو یه‌کێتی ئه‌وروپا . به‌م شێوازه ( په‌که‌که ) توانی ئه‌نقه‌ره بهه‌ژێنێ . سه‌رکه‌وتن و شۆڕشه‌که‌یان گه‌یانده ئامانج و ، گه‌یشتنه که‌ناری ئارام ، ئێستا چونه‌ته قۆناغێکی نوێی به‌رهه‌مهێنانه‌وه . ئێستا تۆپ له گۆره‌پانی تورکیادایه . ئه‌ویش ناچاره ده‌ست به هه‌نگاونانی ئاشتی بکات و ، کۆتایی به نکۆڵیکردن له بونی کورد بهینێ و کۆتایی به‌و به‌نده ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ناوده‌ستوره‌که‌یان بهێنێ که ده‌ڵێ ؛ ( هه‌ر که‌س له تورکیادا بژی ئه‌وه تورکه ).
له‌وه‌ش ده‌چێ هه‌نگاو بنرێ هه‌رچه‌نده خاوه ، چونکه هه‌ندێ ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه ده‌بیسترێن که ساده‌ن به‌ڵام بۆ سه‌رانی تورکیا زۆره . له‌وانه لێدوانێکی ئه‌ردۆگانه که ده‌ڵێ: ( تورک و کورد، دو نه‌ته‌وه‌ن و هاووڵاتی ئه‌م وڵاته‌ن و ده‌بێ پێکه‌وه بۆ دیموکراسی و ئاشتی له تورکیادا هاوشان هه‌وڵ بده‌ن ). ئه‌مه له‌لایه‌ک له لایه‌کی دی، سوپاسکردنی ئۆجه‌لان بۆ هه‌وڵه‌کانی، که پێشتر به تیرۆرست و سه‌رۆکی ڕێکخراوی تیرۆریست ناوده‌برا.
ئه‌وه‌ی خاڵی ئه‌رێنیشه له‌م پڕۆسه‌یه‌دا زۆربه‌ی لایه‌نکان به تورک وکورده‌وه ، به حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی قوڵ و ئۆپزسیۆنه‌وه ، خۆیان به خاوه‌نی پرۆسه‌ی ئاشتیه‌که ده‌زانن. ده‌ستپێشکه‌ریه‌که له سه‌رۆک و پارتێکی نه‌ته‌وه په‌رستی تورکییه‌وه ده‌ستی پێکردوه ، سه‌رۆکی وڵات پشتگیری کرد ، ئوپۆزسیۆن لایه‌نگیری خۆی پیشاندا، سه‌رۆکی( په‌که‌که) له ئیمراڵیه‌وه هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناو داوای ئاشتیکرد و داوای له هاوڕێکان و هاوخه‌باته‌کانی کرد کۆنگره به‌ستن وخۆیان بڕیار بده‌ن و واز له خه‌باتی جه‌کداری بهێنن و بچنه قۆناغێکی نوێی خه‌بات و ئۆباڵ و ده‌ره‌نجامی چه‌کدانانه‌که‌شی گرته ئه‌ستۆی خۆی . له‌لایه‌ن ده‌م پارتیه‌وه لیژنه‌یه‌کی گفتوگۆ پێکهێنراو ، سه‌ردانی ئیمڕاڵی کرد‌و سه‌ردانی هه‌مو پارت وسه‌رانی پارته‌کانی تورکیا‌و کوردستانی باشوریان کرد . گفتوگۆیه‌کی چڕی هه‌مه لایه‌نه دروست بو . ( په‌که‌که )کۆنگره‌ی خۆی به‌ست و بڕیاره قورس و چاره‌نوسسازه‌که‌یدا. به‌م جۆره هه‌مو لایه‌ک به‌شداره و پشتگیری ئقلیمی و نیوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه . له هه‌مویشی گرنگتر پشتگیریه ناوخۆییه‌که‌یه، که ورده ورده به تێگه‌یشتن له واقعی ئێستای کوردستان و ناوچه‌که، به ده‌ماغێکی سارد و بیرکردنوه‌یه‌کی هێمنانه‌ی دور له گرژی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ، ژماره‌یان ڕو له هه‌ڵکشانه. هه‌ر چه‌نده په‌رچه‌کردارو په‌رچه‌هه‌ڵوێسته‌کان له خه‌مخۆری و دڵسۆزییه‌وه‌یه ، نه‌ک بۆ ڕق و ڕکابه‌ریکردن.
هه‌رچه‌نده ئه‌م پڕۆژه‌ی ئاشتیه، ئیستا وا سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌رده‌که‌وێ، به‌ڵام قوڵییه‌کی میژویی هه‌یه. له سه‌رده‌می تورکۆت ئۆزالیشدا ، ئاپۆ له 17/ 3 / 1993 دا ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند و چه‌ند هه‌نگاویک نرا و به‌ڵام سیاسه‌تی تۆقاندن و له ناوبردن ده‌ستی پێکرده‌وه‌و پرۆسه‌که به کۆتایی هێنان به ئۆزال کۆتایی پێهێنرا . دوای ئه‌و قۆناغه له‌سه‌رده‌ستی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشیشدا ، خه‌باتی دیموکراسی قۆناغێکی باشی بڕی به‌ڵام ئه‌ویش خزێنرایه ناودیواری به‌ندیخانه‌وه . هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌کردنی خه‌باتی چه‌کداری له قه‌ندیله‌وه ، خه‌باتی دیموکراسی و په‌ڕله‌مانیش له‌لایه‌ن پارته‌کوردیه‌کانی دیکه‌وه ، له‌ناو شاره‌کانی کوردستانی باکوره‌وه درێژه‌ی هه‌ر هه‌بوه. ساڵێ 1999 ئاپۆ به پلانێکی تورکی ئیسرئیلی و نێو ده‌وڵه‌تی گوشارێکی زۆر خرایه سه‌ر حکومه‌تی ئه‌وسای سوریا‌و له سوریا وه‌ده‌رنراو، له‌م جیهانه فراوانه جێگه‌یه‌ک نه‌ما بۆ سره‌وتنی تا ده‌سگیرکراو ، خزێنرایه ناو به‌ندیخانه. به‌ڵام هاوبیرو هاوڕێکانی و گه‌ریلا به‌رده‌وام بون له خه‌بات و به‌رخۆدانی چه‌کداری تا ئه‌م کاته‌ی ئێستا. (په‌که‌که)یش ده‌ڵێ: ئێستا ئێمه ئه‌رکی مێژویی خۆمانمان جێبه‌جێکرد. کێشه‌ی کوردمان گه‌یانده ڕێگه‌ی چاره‌سه‌رکردن له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی دیموکراسیه‌وه.