زەبەنگ بەهادین: سروشتی مرۆڤ و سروشتی سروشت.

لە دروستبوونی مرۆڤەوە بەپێی بەڵگەنامە مێژویەکان سروشت و مرۆڤ هاوتای یەک بوون و هەمیشە هاوتەریب بە یەک گوزەریان کردوە، مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەشێکی تواوە بووە لە سروشت، هەمان خەسڵەت و کارلێکەکانی سروشت تێیدا رەنگی داوەتەوە.
لە دوای دۆزینەوەی کشتوکاڵ و پەیدابونی زێدە بەرهەم و گواستنەوەی دەسەڵات لە ژنەوە بۆ پیاو سەرتاپای ژیان گۆرانکاری بنەرەتی گەورەی بەسەردا هات، مرۆڤ دەستی دایە دروستکردنی سروشتی مرۆڤی کە لە هەندێک ویستگە هاوتەریبی سروشتی سروشت بوو لە هەندێکیش جیاواز، رۆژ لە دوای رۆژ مرۆڤ بۆ زانینی نهێنیەکان گەران و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دەکرد تا بگاتە وەڵامی پرسیارەکانی، مرۆڤ بۆ دروست بووە، چۆن دروست بوو، بەرەو کوێ دەروات و ئامانجی چییە؟
ئەو پرسیارانەی بە درێژای مێژوو زانا و فەیلەسوف و پێغەمبەر و ئاینەکان وەڵامی جیاجیان بۆ خوڵقاندوە، جیاوازی مرۆڤ و ئاژەڵ، یان مرۆڤ و سروشت تێگەیشتنە، مرۆڤ تا تێنەگات ئارام نابێت کە ئەمەش هەر خۆی بەشێکە لە دروستکراوەی مرۆڤ کە ناوی لێنا تێگەیشتن، کە لە راستیدا ئەویش بەشێکە لەو دروستکراوەی کە خۆی دروستی کرد و خۆشی گیرۆدەی بوو لە ئێستادا، مرۆڤ بۆ تێبگات؟ لە کاتێکدا سەگێک پێویستی بە تێگەیشتن نییە و هەردوکیشاین هاوتەریب ژیان بەرێدەکەن، ئەو خەسڵەتانەی لە کیسەڵێکدا هەیە بۆ مانەوە و بەردەوامی هەمان خەسڵەتەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەو فەلسەفە وئاینی دا نەهێنا تا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە خۆی دایهێناوە. مرۆڤ بیرکردنەوەی بە ژیری دانا و کردیە خاڵی جیاوازی نێوان خۆی و سروشت، ووتی ئێمە عەقڵمان هەیە بۆیە دەبێت جیاواز لە سروشت بیر بکەینەوە لە کاتێکدا مەیمونێکیش عەقلی هەیە وەک مرۆڤ خۆی شپرزە نەکردوە بۆ زانینی ژیان، رەنگە ئەو باشتر تێگەیشتبێت وە بڵێت هەرچی بکەیت هەر وەک ئێمە دەژیت وەک ئێمە دەمریت وەک ئێمە وەڵامی پرسیارەکان ناگاتێ و تا ماویت لە ترسی زانینی خۆتدا دەبیت و لە ترسی زانینی نهێنیەکانی بون و مردن دا دەمێنیتەوە.
ئەوەی مرۆڤ کردی لە دروستکردنی سروشتی تایبەت بە مرۆڤ تا تێدێت زیاتر دەبێت بە نەهامەتی بۆ ژیانی خۆی وە زۆرتر دوری دەخاتەوە لە ئارامی، هەندێک جار کە دەڵێین جاران خۆشتر بو لە ئێستا دڵنیابن پێشتریش هەمان قسەیان کردوە وتا دەگاتەوە نیادەرتاڵەکان، ئەگەر وا بێت رەنگە بڵێین نیادررتاڵەکان سەرەتای خۆشی مرۆڤ بوون لە دوای ئەوان کە مرۆڤ سروشتی مرۆڤی دروستکرد هەموی بەسەر یەکدا تێکدا وئارامی نەهێشت، هەرچی فەلسەفەو ئاین وزانست نەیاتوانی وەڵامی پرسیارە نهێنیەکان بدەنەوە ئێمە کێین و لە کوێوە هاتوین و بۆ لێرەین؟. کەواتە هەمان ئاراستەی سروشتمان هەیە جیاوازیمان نییە لەگەل دار زەیتونێک کە وەک ئێمە دەژی و رەنگە کەم سەرئێشەتریش بێت لە سەفەری ژیانیدا، مرۆڤ چەندێک پەرە بە ژیانکردنی سروشتی مرۆڤیە دەستکردەکەی بدات ئەوەندە دور دەکەوێتەوە لە ژیانکردنی راستەقینە، وەک دەبینی ئێستا مرۆڤ لە تەکنەلۆژیا دەرون ناسی فەلسەفە زانست زیاتر گەشەی کردوە، بەڵام نا ئارامتر و نا جێگیرتر بوەە پرسیارە بێ وەڵامەکانی زۆرتر بوون.
ئەم رێگایەی مرۆڤ گرتویەتی تا ئێستا کارلێکی خراپی زۆری نییە بۆ سەر سروشتی سروشت ئەو کاتەی دەگاتە ئەوەی مەترسی بێت بۆ سروشتی سروشت لەوێدا سروشت خۆی تەرازوەکە رێک دەکاتەوە ئەگەر بە لە ناوبردنی مرۆڤیش بێت.
ئەوەی مرۆڤ کردویەتی تا ئێستا جگە لە ماندوێتی و ونکردنی مانای راستقینەی ژیان هیچی لێ بەرهەم نەهێناوە و نەگەیشتۆتە وەڵامی پرسیارە بنەرتیەکانی بەمشێوەش بەردەوام بێت سروشتی زیاتر بۆ مرۆڤ دروست دەکات و زۆرتر مرۆڤ لە سروشتی سروشت دور دەخاتەوە و سەرنجام ناگەتە هیچ وەڵامێک و ناتوانێت ژیانێکی ئارام و هێمن بەدی بهێنێت لە کۆتادا.