موتەلیب سەعید عومەر: لەڕشتەی ئابوورییەوە بۆ پاککردنەوەی ئاودەستەکان.

دیارترین وێنەی ناهوشیاری وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کوردستان، پیسکردنی ژینگەو شێواندنی سروشتی کوردستان و شەقام و سەیرانگاکانە. لەوەش ناهەموارتر هەست نەکردنی تاک و نابەرپرسیارێتی هاوڵاتییانە لە بوونی دیاردەکە و شێواندنی جوانی سروشتی کوردستان. سەرباری بەهەدەردانی سامانی ئاو، پیسکردنی سەرچاوەکانی چەم و ڕووبارەکان و کەمبونەوەی سەرچاوەکانی ئاو.
وڵاتی ئێمە پشت بە بەفر و باران دەبەستێت. ساڵانێکە دیاردەی وشکەساڵی لە کوردستان هۆکارێکە بۆ دیاردەی بەبیابان بوون و نەمانی ڕێژەی سەوزایی و بەرووبومی خۆراکی وەرزی، میوەو درەختی بەردار، ئەگەرچی ئەم بابەتە زۆری لەسەر وتراوە، ئەوەی بەلامەوە گرنگە ناساندن و زانینی پەندو ئەزمونی سەرکردەی ڕۆحی هیندستان ئەندازیار مەهاتما گاندی یە کەهەر وانەیەکی گاندی پەیوەندییەکی گرنگی بەژیان و چارەنووسی گەلانەوەیە ، بۆئەوەی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەشکست و بێئاگایی و خۆ پەسەندی و لوتبەرزی بەئاگا بێین دەبێ ئەزمونی (گاندی ) بکەینە ئاوێنەی ڕووانین و بیرو هوشیاریمان تا لەئاکارو بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە.
ئارون گاندی کوڕەزای مهاتما گاندی لەکتێبی (ئاوەزنامە) دا دەگێڕێتەوە دەڵێ؛ ئەو ماوەیەی لەکۆژینی سیڤاگرام بووم، لەگەڵ باپیرم ڕۆژێک کوڕێکی گەنج گەیشتە ئەوێ. گەنجەکە ناوی شیرمام بوو، تازە لە ئینگلستان گەڕابووەوە دکتۆرای لەڕشتەی ئابووری زانکۆی لەندەن هێنابوو، کەسێکی زیرەک بوو هەوڵی ئەوە بوو ئابووری هیندستان بگۆڕێ. دایک و باوکی شیرمام پێشنیازیان بۆ کوڕەکەیان کردبوو بەرلەوەی دەست بەکار بکات بچێتە لای (گاندی) و پیرۆزی لێ وەربگرێ. کاتێک شیرمام گەیشتە کۆژینەکەی سیڤاگرام نزیکەی نیو سەعات لەبەردەم باپیرەم (گاندی ) خۆی هەڵکێشا، باسی ئەوەی دەکرد کەچۆن دەیەوێ ئابووری هیندستان وەرچەرخێنێ. ئینجا شیرمام پێی گوت تکایە پیرۆزی خۆتم نیشان بدە تا بچمە سەر کار. ئارون دەڵێ؛ باپیرەم بەرسڤی دایەوە و ووتی؛ وەرە ڕیزی ئێمە و ئاودەستەکانی کۆژینەکە پاک بکەینەوە. شیرمان تووڕە بوو؛ ئاخر من دکتۆرام لەڕشتەی ئابووری زانکۆی لەندەن بەدەستهێناوە. باپیرەم پێی گوت، بەڵێ؛ ئەگەر پیرۆزی منت دەوێ دەبێ وابکەی. ووتی؛ ئەوشەوە شیرمام لەگەڵ ئێمە لەکۆژینەکە مایەوە تابەیانی ئاودەستەکانمان پاککردەوە. بەیانی خۆی تەکاندو خێرا چووە بەردەم باپووجی و ووتی؛ ئەوەی داوات لێکردم. دەی فەرموو پیرۆزی خۆتم پێ ببەخشە، باپیرەش بەخەندەوە پێی گوت هەروا بەپەلە نابێ، تۆپەرۆشی ئەوەی وەک چۆن دەتەوێ ئابووری وڵات بگۆڕی، ئاوهاش دەبێ ئاودەستەکان پاک بکەیتەوە، گاندی سەرسەخت نەبوو. بەڵام بینی شیرمان خۆی بەگرنگ دەزانێ، بۆیە ویستی هەڵسوکەوتەکەی والێ بکات بەئاسانی گۆڕانکاریەکان بەدی بێنێت.
لەوسەردەمەدا لەسەرتاسەری هیندستاندا ئەندامانی توێژی خوارەوەی کۆمەڵ پێی دەوترا(هیندیە گڵاوەکان) کاری خاوێنکردنەوەی ئاودەست و هەڵگرتن و گواستنەوەی پاشەڕۆیان دەکرد، مەهاتما گاندیش هەستیکرد ئەگەر شیرمام بیەوێ ئابووری وڵات بگۆڕێ، ئەوا پێویستی بەوەیە لەژیان تێبگات تایارمەتی هەمووان بدات.
سەرنج بدە سەرکردەی ڕۆحی هیند گاندی چەندە لەخەم و پەرۆشی پاککردنی ژینگەی وڵاتەکەی بووە، هێندەش لەفزوڵییەت و خۆ پەسەندی شیرمام گەیشتووە تافێری بکات لەخۆ ڕازی نەبێ، گاندی لەزۆر هەڵوێستی مەدەنیانەو مرۆڤانەی تردا بەبرسێتی و پێخاوسی پشتیوانی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی هیندستان بووە، کاتێک لەژێر جەورو سیاسەتی کۆڵۆنیالیستی بەریتانیا بوون، لەو کێشەو مەسەلە سیاسی و ئابوورییانەی دووچاری نەتەوەکەی هاتووە بوێرانەو حەقبێژانە بە شێوازی مەدەنیانە بەفکری ناتوندوتیژی برەوی بەڕێبازەکەی داوە. خەڵکەکەی فێری کارو پیشەو ئیرادەو خۆڕاگری کردووە. لەکوردستان دوای سی وچوار ساڵ دەسەڵاتداران و بەرپرسان لەخەمی پێکەوە نانی سامان و باج و سەرانەو ململانێی سیاسی و جەنگی فکرو گەڕانەوەی ئەقڵییەتی خێڵەکی و ناوچەگەریدان، گەورەیی و نەمری سەرکردەکانی مێژوو لەڕەوشت و تێکۆشان و ئاکاری بەرزیاندا ڕەنگ دەداتەوە، مرۆڤە گرگنە هەڵتۆقیوەکانیش لە نەفسی برسیان چاودەبڕنە قوت و دەرامەتی توێژی مووچە خۆران و کاسبکاران.