عەتا قەرەداخی: گریمانەی بوونی کورد لە نێوان خەیاڵ و راستیدا – بەشی چوارەم.
لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات، ئایا ئەو کۆمەڵگایانەی کە سیستێمی کۆیلایەتیان نەبووە، یان بە سیستێمی کۆیلایەتیدا وەکو سیستێمێکی خەمڵیو بە هەموو خاسێتەکانیەوە تینەپەڕیوون، چیان لە رابردوودا تۆمارکردووە؟ یان تا چ ئاستێک بەشداریان هەبوو لە بنیادنانی شارستانێتی دێریندا؟ ئەی چیان بۆ نەوەکانی داهاتوویان بەجێهێشتووە؟
رەنگە وەڵامی قایلکەری ئەم پرسیارانە بە ئاسانی دەستەبەر نەکرێن، ئەویش لە ئاستی یەکەمدا لەبەرئەوەی ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە رابردوودا یان لە مێژووی دێریندا نەیانتوانیووە ئامادەبوونی خۆیان بسەلمێنن، خاوەنی مێژووی نووسراوی سەربەخۆی خۆیان نین، تۆمارو هەڵکۆڵین و نەخش و نیگاری سەر تاشەبەردو تاوێرو گۆزەو دیزەو ئامرازە سادە بەکارهاتووەکانی ئەو سەردەمەیان لێ بەجێنەماوە. هەروەها نەبوونەتە خاوەنی نووسین و تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیشیان درووستکردبێت وەکو کۆمەڵگای میدیا، ئەوا دەوڵەتێکی بێ تۆماربوون. کۆمەڵگای بێ تۆمار واتای کۆمەڵگای بێ رابردوو یان رابردوو ون، یان بە دەربڕینێکی تر کۆمەڵگای بێ یادەوەری رابردوو. رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین کە بڵێین کۆمەڵگای میدیا و تەنانەت کۆمەڵگای لۆلۆو گۆتی و کاسی و هۆری و میتانی و سۆباری و کاردۆخی کە بە باپیرانی کورد دادەنرێن لەم جۆرە کۆمەڵگایەن کە هیچی خۆیان لێ بەجێنەماوە هەتا لەسەر بنەمای ئەوە وەکو پاشماوەی ئەوان لێکدانەوەی بوون و ئامادەبوون و چۆنێتی ژیان و داب و نەریت و کەلتوورییان بەگشتی بکرێت.
بێگومان بەگشتی ئەوانەی لەسەر کۆمەڵگای میدیا یان رەچەڵەک و نەژادی کوردیان نووسیووە بە میدیاو لۆلۆو گۆتی و کاسی و کاردۆخیەوە، لە لێکۆڵینەوەی مێژووی ئەوانی تردا هەوڵیانداوە بەڵگە لەسەر بوون و ژیان و سرووشتی پێکهاتن و زمان و ئایین و دەسەڵاتی باپیرانی کورد کۆبکەنەوە. بە واتایەکی تر هەوڵدان بۆ دیاریکردنی سرووشتی کۆمەڵگای میدیا و پێشینەکانی لە میسۆپۆتامیاو زنجیرە چیاکانی زاکرۆس بەگشتی بە دوو شێوە کراوە. یەکەمیان دۆزینەوەی بەڵگەو زانیاری لە سەر باپیرانی کورد لە مێژووی دراوسێکانی ئەم جوگرافیایەدا کە دواتر بە کوردستان ناسراوە، ئەویش لە مێژوو یان لە تۆماری رابردووی ئەواندا، یان لە نووسراو و هەڵکۆڵێنی سەر بەردو کاسەو پاشماوەکانیاندا، کە ئەمەش لەسەر بنەمای پەیوەندی باپیرانی کورد بە دراوسێکانیەوە دەبێت بە دوو بەشەوە، باسکردن بە ئەرێنی و باسکردن بە نەرێنی، کە لە هەردوو لایەنەکەدا دەشێ بنەمای بابەتیبوون لاواز بێت، چونکە دۆستەکان زیاتر لایەنی ئەرێنی دەبینن و دەبیستن، نەیارەکانیش هەمیشە نەیارانە دەبینن و هەر بەوجۆرەش شتەکان بە نەرێنی تۆمار دەکەن. دووەم رێگای لێکدانەوەو شیکردنەوەی رابردووی باپیرانی کورد بە تایبەتی کۆمەڵگای میدیا و ئەوانی تریش بەهاوشێوەکردن بووە، واتە خوێندنەوەی مێژوو بە هاوشێوەکردن(٣٠). مەبەست لەمەش دانانی هەمان پێوانەو میتۆدە بۆ خوێندنەوەی رابردووی کۆمەڵگاکان، بێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگا جیاوازەکان. بۆ نموونە تەنانەت زانایەکی وەکو دیاکۆنۆف کە ئەستەمە کەسێکی تر توانیبێتی وەکو ئەو لەسەر مێژووی میدیاو کۆمەڵگای میدیا لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام لە هەندێ شوێندا بەشێوەیەکی گشتگر بۆچوونەکانی فریدریک ئینجلیسی لەسەر خێزان و خاوەندارێتی تایبەتی و دەوڵەت وەکو پێوانە بەکارهێناوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانی خۆی، لە کاتێکدا تێزەکەی ئینجلس بۆ کۆمەڵگای گەردوونی بەگشتی دانراوەو زیاتریش کۆمەڵگا ئاساییەکانی کردووە بە بنەما بۆ لێکدانەوەکەی.
بەشێک لە لێکۆڵەران پێیانوایە هەموو کۆمەڵگاکان لەسەر یەک هێڵی پەرەسەندن بوون و ناکرێت کۆمەڵگایەک هەبێت قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی یان قۆناغی کۆیلایەتی نەبووبێت. ئەم بیرۆکەیەش دەرئەنجامی خوێندنەوەی رابردووی کۆمەڵگا جیاوازەکانە بە میتۆدی هاوشێوەکردن. هاوکات کە دەگوترێت فڵانە کۆمەڵگا قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی یان کۆیلایەتی یان فیودیالی بەخۆیەوە نەبینیووە، دیسان بەڵگە پێویستە بۆ سەلماندنی بۆچوونێکی لەم جۆرە. ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە کە کۆمەڵگای میدیا سیستێمی کۆیلایەتی بەخۆیەوە نەبینیووە، یان بە قۆناغی کۆیلایەتیدا تینەپەڕیووە. سەرباری لێکدانەوەکانی دیاکۆنۆف و ئیقرار عەلی یێف و توێژەرانی تر تا دەگاتە قادری، بەڵگەیەکی تریش هەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەم بۆچوونە، ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگای میدیا کۆمەڵگایەکی خێلایەتی بووە، بە سرووشتی سیستێمی کۆمەڵگای خێڵایەتی سیستێمێکی هەرەمیە، لە لوتکەدا سەرۆکی خێڵ هەیەو لە دوای ئەو پیاوماقوڵانی خێڵ و بنکەی هەرەمەکەش جەماوەری خێڵە، کە خەڵکانی ئاساین، بەڵام ناشێت کۆیلە بن. بە تایبەتی پایەی سەرەکی دامەزراوەی خێڵ خوێن و دەمارە، واتە خزمایەتی. کە سەرخێڵ و ئەندامانی خێڵ لە هەمان خوێن و دەمارن. بێگومان جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان لوتکەی هەرەمی خێڵ و بنکەی هەرەمی خێڵدا لە رووی دەسەڵات و بڕیارەوە، بەڵام بنکەی هەرەمی خێڵ نابێت بە کۆیلەو لە هەرەمی خێلایەتی و دەسەڵاتی سیستێمی خێڵایەتیدا سیستێمی کۆیلایەتی پێکنایەت.
سیستێمی خێڵایەتی زیاتر وەکو بەشێک لە سیستێمی فیودیالی دەردەکەوێت، بەڵام پەیوەندی بەرهەمهێنانی فیودایالی پەیوەندی نێوان خاوەن زەوی و زارو جوتیارە، واتە شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵە، بەڵام لە سیستێمی خێلایەتیدا بە پێی سرووشتی جیۆگرافی شوانکارەیی، واتە بەخێوکردنی ئاژەڵ پایەیەکی سەرەکی ئابووری و سەرچاوەی ژیانە. ئاشکرایە لە شێوەی ژیانی شوانکارەیدا، جێگای سیستێمی کۆیلایەتی نابێتەوە. هەرخۆی لە راستیدا ژیانی شوانکارەیی بۆ جیۆگرافیای وەکو باکوری میسۆپۆتامیاو زنجیرە چیاکانی زاکرۆس کە ئاسایی بریتی بووە لە ژیانی کۆچەری، واتە گەڕان بە دوای لەوەڕگاو پاکژو ئاودا هاوشان لەگەل گونجاندن لەگەڵ ئاو و هەوای وەرزەکاندا، جۆرێک لە ئازادی تێدابووە، کە ناشێت ئەو ئازادیە لەگەڵ سیستێمی کۆیلایەتیدا بگونجێت، ئەگەرچی مەبەست ئازادی نیە بە چەمک و تێگەیشتنی ئەمڕۆ. کەواتە ئەم لێکدانەوەیە پشتگیری ئەوە دەکات کە لە کۆمەڵگاو دەوڵەتی میدیاو پێشینەکانی میدیایشدا لەو رووبەرەی ئێستا کوردستانە، سیستێمی کۆیلایەتی بوونی نەبووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە جیۆگرافیای میدیادا لە بری یەک سیستێمی کۆیلایەتی کە سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتی بێت، سیستێمێکی دەوڵەتی خێڵایەتی هەبووە کە لە فیدراسیۆنی خێڵەکان پێکهاتووە کە واباس دەکرێت بریتی بوون لە حەوت خێڵی سەرەکی. ئاشکرایە سەرباری درووستبوونی فیدراسیۆن یان یەکێتی و گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان خێڵەکان هێشتا دەوڵەتی میدیا نەبووەتە دەوڵەتێکی سرووشت هەرەمی یان پێکهاتە هەرەمی، کە یەک کەس لە لوتکەی ئەو هەرەمەدا بووبێت و خۆی بە تەنها خاوەنی هەموو بڕیارێک بووبێت. بێگومان ئەوەش هاوشان لەگەڵ نەبوونی سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتیدا دەوریان هەبووە لەوەی کە سیستێمی دەوڵەتی میدیا لەو قۆناغەدا کە بە گوێرەی دواتر بە قۆناغی بنچینەیی یان بناغەدانان دادەنرێت، سرووشتی یەکەیەکی نەبێت، بەڵکو سرووستی پێکهاتەیەکی لە بەشی جیاواز پێکهاتووی هەبێت کە خێڵەکان بوون. هەموو پێکهاتەیەکی یەکخراوی لەوجۆرە کە دەشێ هەلومەرچ و مەترسی دەرەکی هۆکاری درووستبوونی ئەو یەکێتیە بووبێت، ئەگەر هەڵوەشاندنەوە یان لاوازبوونی زیاتری بنەمای ئەو یەکگرتنەی هەیە. لێرەوە دەشێ بەهۆی درووستبوونی دەوڵەتی میدیا لە فیدراسیۆنی خێڵەکان لە بری درووستبوونی سیستێمی دەوڵەتی کۆیلایەتی کە لە سەرەوە هێزو فشار یەکیخستووەو یەک بڕیاری هەیە، وەکو خاڵێکی لاوزی دەوڵەتی میدیا دەربکەوێت و ئەو ترادیسیۆنە نەک هەر لە ترازانیدا دەوری هەبووبێت لەسەر رووخاندنی دەوڵەتەکە، بەڵکو نەوە لە دوای نەوەی میدییەکان گواسترابێتەوە. ئەگەر ئەو بۆچوونە راستیەکی تێدا بێت کە کورد نەوەی میدیەکان بن، ئەوا بۆ ئەوانیش گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەو وتانەی لەسەرەوە خرانە روو، دەوڵەتی میدیا هەر لە درووستبوونیەوە کە دەوڵەتی فیدراسیۆنی خێڵەکان بووە، پشتی بە جەماوەری یان پێکهاتەی بنکەی هەرەمی خێڵ بەستووە، کە وەکو جووتیاران پێشکەش دەکرێن، هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە بەشێکی پێکهاتەی خێڵەکان وەکو ئاماژەمان بۆ کرد سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوون و زیاتر لە کۆچ یان لە گەرمیان و کوێستاندا بوون، کە ئەم بەشەی خێڵەکان دەشێ بە ژیانی خۆیانەوە خەریکبووبن و هێزی پاراستنی خۆیشیانیان هەبووبێت. بە سرووشتی ئەوەی کە لە کۆچ یان لە گەرمیان و کوێستاندا بووە نەک بۆ سەردەمی دەوڵەتی میدیا، بەڵکو بۆ قۆناغەکانی دواترو هەتا مێژووی نوێش بەئاسانی ملکەچی یاساو رێساکانی دەوڵەت نەبوون. کەواتە لەبارێکی وەهادا دەوڵەتی میدیا زیاتر پشتی بەوانە بەستووە کە خەریکی کشتوکاڵ بوون، واتە جووتیاران. ئاشکرایە جووتیاران وەکو توێژێکی کۆمەڵایەتی ناجێکیرن و بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و تا ئەندازەیەکیش خۆپارێزن. لە مێژوودا راپەڕین یان شۆڕشی جووتیاران کەمتر توانیوێتی بەردەوامی بەخۆی بدات بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەکانی، رەنگە نموونەی سەرکەوتوو هەرە دیاری شٶڕشی جووتیاران لە مێژووی نوێدا شٶڕشی چینی میللی بێت بە سەرۆکایەتی ماوتسی تۆنگ.
دەوڵەتی میدیا بەپێی سیستێمی چینایەتی ئەرستۆکراتەکان دانەڕێژراوە، بەڵکو بە پاڵپشتی جووتیاران پێکهاتووە(31). ئەوە ئاشکرایە کە دامەزراوەی دەوڵەت لە مێژووی دێریندا کە چەندین ئیمپراتۆرێتی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، شێوازی پێکهاتنیان ئەگەر هاوشێوەش نەبووبێت تا ئەندازەیەک نزیک بووە لە یەکترەوە، کە ئەویش یان بنەماڵەیەک دایمەزراندووە، یان کەسێکی هەڵکەوتوو، یان خاوەن کۆیلەیەکی هەژمووندارو بەدەسەڵات، یان رابەرێکی ئایینی یان بە پشتی رابەرێکی ئایینی، یان سەرۆک خێڵێکی بەهێز کە توانای هەبووبێت خێڵەکانی تر بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، یان لە قۆناغەکانی دواتردا دەوڵەتی فیودیالی و ئایینی درووستبوون، دیارە لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی و دەرکەوتنی چینی ناوەندیشدا چینی بۆرژوا دەوڵەتی نەتەوەیی درووستکردووەو لە تێزی مارکسیزمیشدا دەبوا چینی کرێکار دەوڵەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای درووستبکردایە. لە هەموو شێوازەکانی پێکهێنانی دەوڵەتدا، سەرۆکی دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەت پشتی بە دەوڵەمەندان و ئەرستۆکراتەکان و پیاوانی ئایینی و دەرەبەگەکان و چینی ناوەند بەستووە، تەنیا لە دیکتاتۆری پرۆلیتاریادا نەبێت، کە ئەویش لە راستیدا تاکو ئێستا پێکنەهاتووەو ئەگەری پێکهاتنیشی نیە، دیارە ئاشکرایە ئەو دەوڵەتەی لە ئەنجامی شۆڕشی بەلشەفیک درووستبوو، سەرباری بانگەشەی لینین و رابەرانی تری بەلشەفیک، بەڵام بەپێی تێزی مارکسیزم ئەوە دەوڵەتی پرۆلیتاریا نەبوو، چونکە لە نەبوونی چینی پرۆلیتاریای پیگەیشتوودا ناشێت دیکتاتۆری پرۆلیتاریا پێکبێت. کەواتە دەگەینە ئەو بۆچوونەی کە بێجگە لەو دەوڵەتانەی کە وایان نیشانداوە بەپێی تێزی مارکسیزم و لینینیزم درووستبوون و گوایە دەوڵەتی کرێکاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگان و دژی بۆرژواو خاوەن سەرمایەو دەوڵەمەندەکانن، هەموو دەوڵەتانی تر زیاتر دەوڵەتی بنەماڵەو ئەرستۆکراتەکان و دەوڵەمەندەکان و خاوەن سەرمایەکان بوون، یان لە لایەن ئەمانەوە پشتگیری کراون و هەرئەوەش هۆکاری سەرکەوتن و مانەوەیان بووە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە دەوڵەتی میدیا دژی ئەرستۆکراتەکان و مۆغەکان یان پیاوانی ئایینی بووەو لە لایەن جوتیاران بە تایبەتی و ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگا بە تایبەتی پشتگیری کراوە. کە بە بڕواو لێکدانەوەی ئێمە ئەم بارە تایبەتەی دەوڵەتی میدیا بارێکی نائاساییەو گومانی تیادا نیە سەرباری جاوتێبڕین و دەستدرێژی دەوروبەر، پشتگوێخستنی ئەرستۆکراتەکان و دەوڵەمەندو خاوەن پێگەو هەژموونەکان یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکیەکانی روخانی ئەم دەوڵەتەو ئەو شێوە نەریت و ترادیسیۆنەی میدییەکان پەیڕەویان کردووە، دواتر هاوشێوەی لە راپەرین و دەسەڵاتە ناوچەیی و سنووردارەکانی کورددا دەبینرێت. واتە ئێمە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پشتکردنی دەوڵەتی میدیا لە ئەرستۆکراتەکان و پیاوانی ئایینی نەک خاڵێکی ئەرینی نەبووە بەڵکو وەکو لاوازی و تێنەگەیشتن لە چەمکی دەسەڵات و پێداویستیەکانی سەیر دەکرێت و ئەو تێگەیشتنە ئاوەژووەی دەوڵەتی میدیا بۆ رەفتارکردن و هەڵوێستوەرگرتن بەرامبەر بە ئەرستۆکراتەکان وەکو خاسێتێکی بۆماوەی لێهاتووەو تاکو ئێستا لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردیدا ئامادەبوونی هەیەو رووبەرێکی فراوان یان ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگای کوردی دەوڵەمەندو خاوەن سەرمایەو چینی ناوەندی کوردی وەکو نەیارو ئەویترو دۆستی نەیارانی کورد سەیر دەکات. هەڵبەت لە ئاستێکی لاوازدا ئەمە هاوشێوەبوونێکە لە نێوان کوردو میدیادا، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە کورد نەوەی میدیەکانە.