Derbaz-.-S

دەرباز سەرابی : حکومەت پێک دێت ؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نا … پێک نایەت … پێک دێت … نایەت … دێت … نایەت … ت  .

پارتی : بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن من زۆرینەم دەبێ پشکی شێر بۆ من بێت … وەڵا ڕاست دەکەی تۆ نەک پشکی شێر پشکی ئاسمانیشت بردوە ، باشتر وایە وەزیری گۆڕستانیش هەر بۆ خۆت بێت ، خۆ لەو هەڵبژاردنە مردوە فەقیرەکان مەجالی ئەوەیان نەبوو بچنە مەیدانی مەحشەریش …

یەکێتی : مێژو شایەدی ئەوە دەدات کە دەبێ من نیوەی بەشەکانم هەبێت ، ئەگەرچی شایستەی زیاترم بەڵام قەینا لەبەر خاتری سیمی سۆشیالەکەی خۆم لەبەشی خۆم دەبورم … وەڵا قسەکەت تەواوە مێژوی شاخت لەوانی تر باشترە ، بەڵام مێژوو لە ناخی خەڵک و لاپەڕەی کتێبەکان دەنوسرێتەوە نەک لەسەر کورسی وەزارەتەکان . ئەی چەند ساڵە لە گوێی گادا خەوتبوی ، هاوەڵەکەت کادیرەکانیشتی بە تورکیا فرۆشت تا بە بەشی خۆت ڕادەگا .

گۆڕان : خۆ بەچاوی خۆتان بینیتان من چوار مانگە لەبەرخاتری ئەوان ڕەشیشم هەر بە سپی بینی کەچی ئەوان هەر پێکیان نەکردم ، خەڵکینە خۆتان بزانن من نوێنەری شەقامم کەچی ئەوان کەلاوەی وەزارەتێکیان پێ ڕەوا نەبینیم … وەڵا بەینی خۆمان بێت تۆش ڕاست دەکەی ، چونکە ئەگەر نوێنەری شەقام بیت لەشەقام دەبیت نەک لە هۆڵە تاریکەکان .

ئیسلامیەکان : ئێمە فەتوای موفتی پیرۆزمان پێیە ، عەرز عەرزی خودایە ، ئێمەش نوێنەری نێردراوەکانی خوداین ، کەوابێ غەدرمان لێکراوە ، بە یەک دوعا هەمووتان بلیتی دۆزەختان بۆ دەبڕدرێت … وەڵا ئێوەش ڕاست دەکەن چونکە ئەگەر دوعاتان ئەوەندە گیرابوایە بارەگاکانی خۆتانی پێ دەپارێزرا ، هەر داعش و نوسرەو شتی وا نەهێنن ، قەیدی دیموکراسیەت بە تامی خەلافەتتان ناکات .

ئەوانی تر: وەڵا پێکمان بکەن هەر مەمنونین ، پێکمان نەکەن هەر مەمنونین ، وەڵا ڕاست دەکەن شوکر بۆ خوا نوێژ ناکەن دەنا نوێژی جومعەتان پێ تەواو نەدەبوو ، ئەو برادەرانەی سەرەوە دڵیان باشە دەنگی گۆڕستانێکتان دەدەنێ ، کەوابێ پێک بێت یان نێت ، بۆ ئێوە هەر بە ڕوبەی تەق تەقە .

میلەت : ……………….. قسەی میلەت بۆ خوێنەران جێ دەهێڵم .

  

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت