کەمال محەمەد: مرۆڤ و نەرجسییەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە گەشە سەندنی نەرجسییەتدا فرۆید ھەوڵی داوە ھێڵکارییەکی گشتی بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی نەرجسییەت لە مرۆڤدا بکات و بیکاتە داھێنانێکی نوێ،چون فرۆید پێی وایە مرۆڤ پێش ئەوەی لەدایک بێت تۆوە و لەسکی دایکیدا نەرجسییەتێکی رەھای ھەیە و لەگەڵ لەدایک بونیدا ھەنگاوی نوێ بۆ جیھانی دەرەکی و ناسینی شتەکان ئەنێت.
ئەم شتگەلانە لەدەرەوەی بازنەی من دان، ئا لێرەویە نەرجسییەت بەرەو جیھانی دەرەکی و یاساکانی گەردون زیاتر ئەبێت، خودی پێویستی مرۆڤیشە ئەبێتە ھۆی خۆشەویستی بۆ شتەکان و گەشەسەندنیان و ئەمەش ھەنگاو ئەنێت بۆ بەھێزی لیبدۆ و نەرجسییەتێکی زیاتر. ئێمەی مرۆڤ ھەست بە بونی نەرجسییەکی شارەوەی ناخمان ئەکەین کە سروشت پێی بەخشیوین بۆ ئەوەی کار بۆ مانەوەی خۆمان بکەین، لەروی رۆحانییەوە نەھێشتنی نەرجسییەت لە ناواخنی مرۆڤەکان ئەگەر تارادەیەک گرنگ بێت، بەڵام لەروە دنیاییەکەوە نەمانی گەورەترین ترسە بۆ مانەوە چون خودی نەرجسییەتە بوە بە ئەرکێکی گرنگ و بیۆلۆژی پر بایەخ لە مانەوەی مرۆڤدا، بەڵام ئەگەر سەرنەکێشێت بۆ نەرجسییەتێکی توندرەوانە، چون نەرجسییەتی توندرەوانە لە ھەر مرۆڤێکدا ناتوانێت بوار و ھەل بداتە سەنتەری دوەمی پێداویستییەکانی کە خەڵک و ھاوکارییەکانی خەڵکە ،نەرجسییەتی مرۆڤ ئەگەر نەگاتە ئاستێک دژی پرەنسیبەکانی مانەوە بێت ئەوا ئەتوانێت زیاتر و باشتر تاک لەنێو کۆمەڵدا رێک بخات و خودی ئەمەش بە کەمکردنەوەی بواری بیۆلۆژی و روکردنە نەرجسییەتی نمونەیی ئەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتیش زیاتر دەستەبەر ببێت ،گۆرینی تاک بۆ کۆمەڵایەتیش زیاتر ئەتوانێت ئەو نەرجسییەتە دروست بکات کە پارێزگاری لە تاک و کۆمەڵیشدا بکات.
نەرجسییەت لە تاکدا ھەندێ جار وا لە مرۆڤ دەکات ھەستێکی وای لا دروست بکات کە ئەو لە لوتکەی جیھانەو تەنھا ئەوە گەورەی جیھانە، بەلام لە راستیدا ئەو جۆرە کەسانە تەنھا لە بارێکی دەرونیدان و شتەکانی خۆیان بەگەورە نیشان ئەدەن و لەسروشتی بریارە خراپەکانی خۆیان ھوشیار نیین و باکیان بە دەرەنجامە خراپەکانی خۆشیان نییە دواجار ئەمەش ئەبێتە ھۆی شێواندن و کەمی توانای بیرکردنەوەو حکومدانیان لەسەر مەسەلەکان و توانای روبەروبونەوەی ھەڵوێستەکان نابێت کە روبەروی ئەبێتەوە ،لە ھەموی ترسناکتر کەسی نەرجسی لەم جۆرە توانای قبوڵی رەخنەگرتنیان نابێت چون رەخنە لای ئەوان جۆرێکە لە ھێرشی دوژمنانی و بەھۆی سروشتە نەرجسییە توندەکەیانەوە توانای ئەوەیان نییە رەنگە رەخنەکان ھۆکارێکی بابەتیانەی ھەیە، ھەمیشە ئەم جۆرە لە مرۆڤانە ترسی گۆشەگیری و ترسی ھەبونی خۆیان لە گەورەکردنی خۆیان بەتاڵ ئەکەنەوە.
ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە نەرجسییەتی توندرەوی رزگارمان بێت پێویستە دور بکەوینەوە لە دروستکردنی ناسنامەیەکی گەورە بۆ خۆمان کە پێمان وابێت جیھانی گەورە لای خۆمان ھیچ نەبێت، ئێمە پێویستە وانە لە ھیتلەر و کالیگۆلاو ستالین و نیرۆن و نمونەکانی وەرگرین بۆ ئەوەی دواتر روخانی وێنە نەرجستییەکان ناچار بە دۆخێکی نەخوازراومان نەکات، حێمەی مرۆڤ پێویستە لە نێوان نەرجسییەتی باش و پیسدا یەکەمیان ھەڵبژێرین بۆ ئەوەی سنورداری نەرجسییە تاکەکەی پێ بکەین و پەیوەندی بە واقعەوە بکەین و لە رێگە باشەکەوە ببینە خاوەن داھێنانی گەورە بە عەقڵ و بیرکردنەوەو کارەکانمان و دوربین لە نەرجسییەتی پیس کە ھیچ رەگەزێکی داھێنەرانەی تێدا نییە.
پێویستە ئێمە بازنە داخراوەکەی تاک جێبھێڵین و بەرەو کۆمەڵ ھەنگاو بنێین و لە ھەر چین و توێژێکین ئینتیمامان بۆ جوانترین و باشترین کۆمەڵ ھەبێت و جەوھەری توندرەویکردن لەبەری خۆت و رق لێبون لەو کەسانەی کەلەگەڵیان جیاوازیت ئەمە خودی خودی نەرجسییەتە پیسەکەیە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە زۆر ئاگاداری بین ئەوەیە ھەمو نەرجسییەتێکی کۆمەڵیش مەرج نییە دەرەنجامەکەی باشە بێت چون لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی رێنسازیشدا چەندین کێشە گەورە بون و پێشکەوتنی نەرجسییەتی کۆمەڵ پێش پێشکەوتنی بزاڤی ھومانیزم کەوت و کۆمەڵێک کارلێکی خراپ داھاتوی داگیر کرد وەکو شەری پرۆتستانییەکان دژ بە کاتۆلیکییەکان و فەرەسییەکان دژ بە ئەڵماکان و سپی پێستەکان و رەش پێستەکان و کۆمۆنیستەکان دژ بە کەپیتاڵستەکان،ھەمو ئەمانە لە کاتێکدا بون مرۆڤایەتی لە گەشەسەندن بودواجار بزاڤی ھیومانیستی بە سەرھەڵدانی نەرجسییەتی کۆمەڵ کۆتایی ھات و ھیستریای نەتەوەیی بەدواداھات و جیھانیان بەرەو دارمان برد.
ئێمەی مرۆڤ پێویستە لەرێگەی گەشەسەندنی ھزری زانستی و عەقڵییەوە نەرجسییەتی خراپ نەھێلین و کەمی بکەینەوە و نەکەوینە ژێر باری حەز و ترسەکانەوەو واز لە خەون و خورافیات بھێنین و دژی تەوژمی نەرجسیانە بین و نەھێڵین سیاسەت و سیاتمەدارانیش کاریگەری لەسەر گەورەکردنی نەرجسییەتی تاک و کۆمەڵ دروست بکەن و لە بابەتە فیکری سیاسی و ستراتیژییەکانی پەیوەست بە ژیانەوە دورمان بخەنەوە و سەرۆک و حیزبەکانی خۆیان نەکەن بە سەنتەری نەرجسییەت، لە کۆتاییدا بە ڵێ بۆ نەرجسییەتی باش و نەخێر بۆ نەرجسییەتی پیس.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت