عەبدوڵا كەریم مەحمود: تەرمی ئارامیان دزی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێوارەیەکى کانوونى یەکەم
بەیانییەکى مانگى کانوونى یەکەمى 1985، لە (گەڕەدێ)وە رووم کردە گاپیڵۆن، بەفر سەراپاى دۆڵى جافایەتى داگرتبوو، گاپیڵۆن پێشمەرگەکانى لەبنارى پیرئەلیاسدا خەونیان بەوەرزێکى نوێوە دەبینى، بارەگاى تیپى 47 ى پیرەمەگرون لەم گوندەدا بوو.
ناو بەناو مەفرەزە و کەرتی تیپەکە، بەپێى نەخشەیەکى دیاریکراو, خۆیان دەکرد بەناو شارداو چالاکییەکیان ئەنجامدەدا و دەگەڕانەوە، لەناو چایخانە نایلۆنەکاندا گوێیان لەسەرکەوتنەکانیان دەگرت.
ئێوارەکەى سێبەرى پیرئەلیاس بەسەر ئاواییەکەدا کشا، هەوایەکى ساردى کانوون تێکەل بە بەهەناسەى گەرمى ئەو پێشمەرگانە دەبوو کە لە ناو بەفرەکەدا پیاسەیان دەکرد، دواتر خۆیان دەخزانە ناو چایخانە نایلۆنەکانەوە بۆ ئەوەى گوێ لەهەواڵە پڕ لەحەماسە ئاگرینەکانى ئیزگەى دەنگى گەلى کوردستان بگرن، کەنازى هەموو خەونەکانى پێشمەرگەى هەڵدەگرت. هەر لە چایخانەکە نزیک دەبوومەوە، گوێم لەهۆ کاکى پێشمەرگە بوو، لەناکاو کاک فەرهاد سەنگاوى، هەواڵى پڕ لەتراژیدیاى گوللەبارانکردنى (ئارام، هیوا، سەردار)ى لەبەردەم ئامادەیی رۆشنبیردا راگەیاند.
لەو کاتەدا ئازارێکى توند بەقەدتیژیی سەرماکە هورژمى بۆ کاسەى سەرم هێنا، دەرگا نایلۆنەکەم کردەوەو ڕوومکردە گردەکەى خوار ئاوایی، بەتەنیا لەبەردەم چاوە رەشە هێمنەکانى (ئارام)دا وەستام، گریانێکى بێدەنگ ناخى هەژاندم.
دواتر رووەو هەورازەکەى گەڕەدێ هەنگاوم نا، ئەژنۆکانم قورس بوو، کە ئاوڕمدایەوە، باڵاى ئارام و هاوڕێکانیم لەسەر ئاسنگەرانەوە بینى، بەرەو لوتکەى پیرەمەگرون هەڵدەکشان، تالەچاو ونبوون.
هەر کەباڵى تاریکایی گوندەکەو سەراپا دۆڵى جافایەتى داگرت، تەنیا تروسکەى کزى چراى ئەو چەند ماڵەم دەبینى تێکەل بەقوڵایی شەوە زەنگەکەو ئاوێنەى سەرڕووى بەفرەکە دەبوو، ناوبەناو کزەى ساماڵى ئەو شەوە کپە، دیمەنى یادگارەکانى ئارامى دەگەیاندە کوخە بچکۆلەکەم، تا دواجار لەخەونێکى تردا ئارامیان لێ ون کردین.

باوک و دایک و خوشکەکانى زیندان کران
ئارام محەمەد کەریم ئەندامى کاراى ڕێکخراوى سلێمانى کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو، دەیزانى خۆى و هاورێکانى لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرە کۆلۆنیالییەکانەوە دەگیرێن، پێش ئەوەى خۆى دەرباز بکات، لەهەوڵى ئەوەدا بوو، ئەوانیش ئاگادار بکاتەوە.
ئێوارەى 20. 11. 1985 روودەکاتە ماڵى هیوا، هەر کە دەست بە زەنگەکەدا دەنێ(قوات خاسە) دەرگاى لێدەکەنەوەو دەسگیرى دەکەن، لەوێ سەردار و هیوا دەبینێ بە کەلەپچەکراوى.
هەرسێکیان ڕاپێچى ئەودیوى دیوارە ئاسنینەکان دەکەن. تۆمەتى کوشتنى جەلادێکى تەعریب کراویان دەخەنە پاڵ. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان لەسەر جەستەیان بەکارهێنا، بەڵام هیچیان نەدرکاند، دواى خۆیان هیچ کام لە رێکخستنەکانى ناوشارى سلێمانى نەگیران.
ئێوارەى 22. 11. 1985 خانەوادەی (ئارام و هیوا و سەردار) دەسگیرکران، شەش مانگ لە بەندیخانەى سەرەوەى سلێمانى بوون، دواتر بەدەست بەسەرى رەوانەى (سەماوە) کران، پاشان کەلوپەلى ماڵەکەیان تاڵان کرا.

سێ کەسیان گوللە باران کرد
مامۆستا ئاواتى براى شەهید ئارام لەبارەى دەسگیرکردنى ئارام و کارەساتەکەوە وتى: نیوەرۆى 17. 12. 1985 بوو، لەبەردەم یانەى ئەندازیاران چەند شۆفلێک و ژمارەیەکى زۆر (قوات خاسە)م بینى، بەرەو سانەوى رۆشنبیر دەچوون، لەدڵى خۆمدا ووتم: ئێستا دەبێ ماڵى کام پێشمەرگە بەسەر یەکدا بڕوخێنێنن؟
ئێوارەکەى گوێم لەژنێک بوو ووتى: ئەمڕۆ سێ کەسییان گوللە باران کرد. کەوتمە گومانەوە، خۆم و هاوسەرەکەم سوارى تەکسییەک بووین، وتم: بمگەیەنە سانەوى رۆشنبیر. وتى: ناتوانم بگەمە ئەوێ، چونکە ئەو شوێنە بە قواتخاسە گیراوە.
لەچەند کۆڵانێک لەولاترەوە دابەزیم، کە گەیشتینە بەردەم دەرگاى سانەوییەکە، جۆگەلەى خوێنم بینى قەتماغەى بەستبوو، خورپەیەک کەوتە دڵمەوە، بڵێى ئارام و هاورێکانى گولـلە باران کرابن، بەڵام لەبەر ئەوەى خۆم رووداوەکەم نەدیبوو، دڵنیا نەبووم، کەوتمە پرسیارکردن لەم و لەو، کەس دڵى نەدەهات ئەو هەواڵە جەرگبرەم پێ بڵێت، دنیا تاریک داهات، لەدەرگاى ماڵى ناسیاوێکمانم دا کە لەنزیک شوێنى رووداوەکەوە بوو.
بەرێکەوت ئەو کچە دەرگاى لێکردینەوە کە لەگەل ئارامدا لەیەک دائیرە بوون، منى ناسى، چونکە شێوەم لە ئارام دەچوو، گوێم لێبوو، بەدەنگێکى نزم بە هاوسەرەکەمى وت: -وەک ئارام تیاچوو، بۆ ئەمیش تیا بچێت.

حەشارگەى تەرمەکە
لە 18. 12. 1985 مامۆستا ئاوات لەبەر دەرگاى ماڵى باوکیدا وەستابوو، دڵسۆز قادر گەیشتبووە لاى و پێى وتبوو: لێرە مەوەستە، بەخێرایى ئێرە بەجى بهێڵە، بچۆ بۆ لای کاک تحسن ی برام. لە ماڵى کاک نورى مەلا مەحموده. تحسین قادر هەر کە ( مامۆستا ئاوات)ى بینى، نەیتوانى نهێنییەکە بشارێتەوە، فرمێسک بەچاوەکانیدا هاتە خوارەوە، باوەشى بە مامۆستا (ئاوات)دا کردوو وتى: دەبێت هەول بدەین تەرمەکە بدۆزینەوەو لە گردى شەهیدان بەخاکی بسپێرین.
ئێوارەکەى مامۆستا ئاوات چووە لاى ناسیاوێک کە لە شارەوانى فەرمانبەر بوو، بۆ ئەوەى جێگاى حەشارگەى تەرمەکەی نیشان بدات، ئەویش ئامادەیى خۆى نیشاندا.
سەر لە بەیانى 19. 12. 1985 بەڵێنەکەى خۆى بەجێهێناو پێکەوە چووینە گۆڕستانى گردى جۆگە، شوێنى تەرمەکەى نیشانی مامۆستا ئاواتدا. ئەویش قەڵەم جافەکەى لەو شوێنەدا چەقاندو گەرایەوە بۆ ماڵەوە. تەرمەکەیان لە گردى جۆگەوە گەیاندە گردى شەهیدان.
20. 12. 1985 ئاواتى براى شەهید ئارام، بەهاوکاریى هاوڕێ و چەند خزمێکیان سەرقاڵى جێبەجێکردنى نەخشەى دزینى تەرمەکەى ئارام بوون، بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو کارە بوون بە دوو بەشەوە. بەشێکیان بریتى بوون لە (نورى محەمەد ئەمین، محەمەد نورى محەمەد ئەمین، تەیب محەمەدو شەهید عەلى حسێن) چەند کەسێکى تر ڕوویان کردە گردى شەهیدان بۆ ئەوەى گۆڕێکى بۆ ئامادە بکەن. بەشەکەى تریان پێکهاتبوون لە (ئاوات محەمەد كەریم، تەحسین قادر, سەردار قادر) چەند کەسێکى تر چوونە گردى جۆگە بۆ ئەوەى تەرمەکەى دەربهێنن.
ئەو رۆژە باران بەتاو دەبارى، خۆشکردنى بۆ نەبوو، دەستیان کرد بەهەڵدانەوەى حەشارگەکە، باران و قوڕ کارەکەى زیاتر لێ قورس کردن، چەند شان و قۆڵیان دەکوتا شوێن دەستیان دیار نەبوو، چونکە چاڵەکە بە حەفارە هەڵکەندرابوو، نزیکەى(3) مەتر قول بوو. نایلۆنێکیاندا بەسەر چاڵەکەدا بۆ ئەوەى پڕ نەبى لە ئاو.
لەوکاتەدا خەڵکێکى زۆر تەرمى ژنێکیان خستبووە سەرشانیان روویان کردە گۆرستانەکە بۆ ئەوەى بەخاکى بسپێرن، کە گەیشتنە ئەوێ زۆریان بەلاوە سەیر بوو، خەڵکێکى تر گۆڕ هەڵدەدەنەوەو سەرقاڵى دەرهێنانى تەرمن.کاک تەحسین رووداوەکەى بۆ گێرانەوە، ئەوانیش شانبەشانى ئەوان دەستیان کرد بە هەڵدانەوەى چاڵەکە، تەرمى ژنەکەیان لە نزیک چاڵەکە دانا. لەچوار دەورى شوێنەکەدا بازنەیان بەست، بۆ ئەوەى جاسوس و ئەمن بەکارەکەیان نەزانن، خەڵکەکە بە پەرۆشەوە هاوکارى تەواویان کردن.
دەستەى یەکەم ئارامگەکەیان لە گردی سەیوان ئامادەکردبوو، هاتبوون بەدواى ئەواندا، لەدوورەوە قەرەباڵغییەکیان دى بوو، کەوتبوونە گومانەوە، سەریان لەو خەڵکە زۆرە سوڕمابوو، لە دەورى ئەو چاڵەدا کۆببونەوە. کە تەرمەکەی ئارامى تیا حەشار درابوو، لەو دەوروبەرە، دوور بە دوور وەستابوون، تا دڵنیابوون ئەو خەڵکە خاوەن هەڵوێستە، بۆیە بەو شێوەیە وەستابوون تا دوژمن دەرک بە نهێنى کارەکەیان نەکات.
تەرمەکەیان دەرهێنا شەهید ئارام هەر بەجل و بەرگە خوێناوییەکەى خۆیەوە بوو، هێندە سروشتى جوان بوو، شەهید عەلى حسێن تووشى شۆك بوو، واى زانى کاک ئارام زیندووەو نەمردووە. نایلۆنێکیان تێوە پێچا، ماڵە خاوەن پرسەکە پەتوویەکەیان لە تەرمى مردووەکەى خۆیان کردەوە لەجەستەى ئارامیان پێچا.
بە هێمنییەوە تەرمەکەیان بردە پاسەکەى شەهید عەلى حسێن بەرەو گردى سەیوان بەڕێیان کرد. لە شەقامى برایم پاشا قوات خاسەیەک بۆسەیان دانابوو، یەک بەیەکی ئۆتۆمبیلەکانی سەر شەقامەکەیان ڕادەگرت، دەیان پشکنى، دواى ناسنامەو بەڵگەنامەیان دەکرد، ئەوان گەیشتنە بەردەمى ئەوان، پاسەکەیان راگرت، سەیری ناو پاسەکەیان کرد، تەرمەکەیان نەبینى، گەیاندیانە گردى شەهیدان.
دنیا بەرەو تاریکى دەچوو، تەرمەکەی ئارام یان داگرت. کلێتەیەکى عەسکەرى لەسەردابوو، لایان برد، هەر دوو دەست و قاچى و هەردوو چاوى و دەمى بەسترابوون، جل و بەرگەکەى خۆى لەبەردابوو، 13 دینار لە گیرفانێکیدا بوو، گوللـەیەک سەر سنگى پێکابوو لە پشتیەوە دەرچووبوو، گوللـەیەکى تریش بەر گوێچکەى راستى کەوتبوو.کفنیان تێوە پێچا و ئارامیان بە ئارامگاى شەهیدانی سەیوان سپارد.

* عەلى حسێن کامێرایەکى پێ بوو، چەند وێنەیەکى ئەو مەرگەساتەى گرت. عەلى حسێن هاوڕێی شەهید ئارام و کاک تەحسین قادر بوو، لەکاتى ڕاپەریندا لە 8/ 3دا لە هێرشێکدا بۆ سەر ئەمنە سوورەکە پێکراو دواهەناسەی سپارد.

تێبینی/ ئەم بابەتە لە بەرگی دووەمی (رەشەبای ژەهر و ئەنفال) وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت