سەردەشت محەمەد: ئەمجارەش ئێران پەلاماری کوردستان دەداتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێرشەکەی شەوی ڕابردوی ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى سه‌ربازى ئێران، دیسانەوە مەترسی دووبارە بونەوەی پەلامارەکانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی کوردستان زیندوکردۆتەوە. ئەم ترسە لە خۆڕانییە، چونکە لەماوەکانی ڕابردودا و بەتایبەت پاش بۆردمان کردنی ماڵی شێخ باز خاوەنی کۆمپانیای کارگروپ لە هەولێر، وەک تۆڵەیەکی ئێرانییەکان کە پێیان وا بوو هەولێر پاڵپشتی سەرەکیە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئیسرائیل، ئەم گومانە لەزاری ئیرەج مەسجدی باڵوێزی ئێران لە عێراق پشت ڕاست کرایەوە. بۆیە پێدەچێت جارێکی دیکە بۆ تۆڵەکردنەوە ئێران پەنا بباتەوە بەر هێرشکردنە سەر کوردستان و بەتایبەت هەولێر.
ئەوەش بۆ دامرکاندنەوەی ئەو توڕەییەی بەرامبەر بە ئیسرائیل، چونکە دەزانین پێشوتریش ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە بەرامبەر کوژرانی قاسم سولەیمانی و هەروەها کەمکردنەوەی توڕەی ئێران لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی دیسانەوە پەلاماری هەرێمی کوردستانی دایەوە، بۆیە پێدەچێت ئەمجارەش ئێران کوردستان بکاتەوە ئامانج، ئەوەش بۆئێرانییەکان ئاسانترە، چونکە ئێران دڵنییایە لەبەرامبەر بۆردومان کردنی کوردستان ڕووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەک نابێت، هەروەها خۆشی دەرباز دەکات لەو ڕەخنانەی کە ڕەنگە لەناوخۆی وڵاتەکەیەوە ڕووبەڕووی ببێتەوە و لە هەموی گرنگتر ئەوەیە، ئێران بەوکارەی خۆی لەو پیلانەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕزگاردەکات کە دەیانەوێت ڕایبکێشنە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە، چونکە لەم کاتەدا نە بارودۆخی ئابورییەکەی و نە بارودۆخی سیاسی ناوخۆیشی ڕێگە بەوە نادەن کە ئێران جەنگ دژی هیچ دەوڵەتێک ڕابگەیەنێت بەتایبەت ئەگەر وڵاتی شەڕکەر ئەمەریکا و ئیسرائیلی خاوەن هێزبن، بۆیە مەترسی ئەوە دەکرێت ئێران ڕێگا ئاسانەکە هەڵبژێرێت کە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت