عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئامۆزاکانی رەبات و هەزارکانی لە بەردەم ئێستا و ئایندەدا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، هەردووبرا ( ئەشەرەف ئاغا و عوبید ئاغا )، لە ناو گوندی رەبات، پێکەوە نەدەگونجان، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی و گرژیی لە نێوانیاندا روونەدات، عوبید ئاغا حەوت کیلۆمەتر لە خوار گوندی (رەبات)، گوندی (هەزارکانی) بنیات نا، گەر هەرکێشەیەک لە ناو رەباتیەکاندا رووی بدایە، هەردوو برا، بە ئیرادە و ئەزموونی کۆمەڵایەتی خۆیان، پێکەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکرد.
کارەساتی دڵتەزێنی 2019 ی نێوان ( ئامۆزاکانی رەبات و هەزارکانی)، ناخی هەموومانی هەژاندو ئازاری بە دەروونی هەموومان گەیاند.
* لە ماوەی ئەم چوارساڵەدا، (سەرکردەی حیزبەکان و مەکتەبی کۆمەڵایەتی حیزبەکان )، نەیانتوانیوە چارەسەری کێشەکەی رەبات و هەزارکانی بکەن، با (حەساسێتی حیزبی )، نەخەنە نێوانیانەوە و کێشەکانیان دژوار نەکەن.
* لێرەدا نابێت، رۆڵ و هەڵوێستی جوامێرانە و نیەت پاکی، کەسێتییەکانی گوندەکانی ( سەنگاوو گەرمیان و قەرەداخ )، بە (جاف و شێخەکان )ـەوە لە بیر بکرێن، پەرۆشی و خەم خۆری و ماندووبوونیان لەم تەنگانەیەدا، بۆ چارەسەری کێشەی رەبات و هەزارکانی، ( بۆ ئاشتی)، مایەی رێزو پێزانین و وەفاو ئەمەکە.
* گەرلاپەرەی مێژووی ( رەبات ) هەڵبدەینەوە، (خدرخانی قولی خان)، لە بەر هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی)، دژ بە پلان و بەرنامەو نەخشەی ژەهراویی ( شاعەباسی دەوڵەتی فارسی سەفەوی شیعە)، لە ( بیجاری رۆژهەڵاتی کوردستان)ـەوە، دەربەدەر بووە، رووی کردوە تەبناری سەگرمە و گوندی( رەبات )ی بنیات ناوە.
(خدر خان قولی خان ) لە گوندی رەبات، لە باشووری کوردستان لە هەڵوێستێکی بێ وێنەدا، دژ بە ( دەوڵەتی تورکی عوسمانی سونی ) وەستاوەتەوە، نەبووە بە کۆیلەی ( دەوڵەتی عوسمانی ) و باجی نەداوە و لەسەر ئەو هەڵوێستە شکۆمەندیانەی، دەسگیرو گولە بارانیان کردوەو گوندی رەباتیان خاپوور کردووە.
ئێستا ساڵی (2023) یە، هەموو هاوکاێشەکانی بواری ژیانی کۆمەڵایەتی، بەرەو گۆڕانکاری و نوێبونەوە و داهێنان هەنگاو دەنێن، دەبێت ( رەبات و هەزارکانی )، لە ئاستی (مێژووی شکۆمەندی رەبات ) و لە ئاستی ئەم (کارەساتە دڵتەزێنە)ی رەباتدا بن.
ئەرکی سەرەکی ( ئامۆزاکانی هەزارکانی) یە، لەم کارەساتەدا، نەک لە ئاستی گوندی ( هەزارکانی )دابن، بەڵکو دەبێت لە ئاستی جوگرافیای ( هەزارکانی و رەبات و سەنگاو و گەرمیان ) دابن، لە ئاستی بەهای ئامۆزا و برایەتی و یەک خوێنی رەبات دابن.
لە هەڵوێستێکی دیارو باڵادا، دەستپێشکەریەکی و هەنگاوی عەقڵانی لۆژیکانەی گەورە بۆ ئامۆزا رەباتییەکانی خۆیان بنوێنن، ببێتە مایەی تێرامانی سەرەری بۆ ( ئامۆزاکانی رەبات و هەموو سەنگاو و گەرمیان و کوردستان).
ئەرکی ( ئامۆزاکانی رەباتە)، بە دڵ و دەرونێکی گەورەوە، بە شەهامەتێکی باڵاوە، هەلوێستێکی وا بنوێنن، بەقەد باڵای لوتکەی چیای (سەگرمە ) بەرزو گەوە بێت، دەرگای پێشوازی لەو کەسایەتیە بەرێزانە بکەنەوە، روودەکەنە گوندی رەبات، بۆ ئەوەی ( ئامۆزکانی رەبات و هەزارکانی ) بە گفتوگۆو لێک گەیشتن، لاپەرەیەکی نوێی( برایەتی و ئاشتی ) بۆ خزمەتی ئێستاو ئایندەی (گەنجەکانی رەبات و هەزارکانی) تۆمار بکەن.
ئامۆزاکانی( رەبات و هەزارکانی)، چۆن خۆیان کلیلی چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکانی دەرەوەی (رەبات و هەزارکانی) بوون، ئێستاش خۆیان دەبێت لە ئاستی ئەم تەنگانەی رەبات دابن، بە هەماهەنگی کەسێتییە نمونییەکانی سەنگاو گەرمیان، خۆیان ئازایانەو بەجەرگانە، کلیلی چارەسەی کێشەی رەبات بن.
( رەبات، هەزارکانی یە و هەزارکانی، رەباتە )، ئەم کارەساتە تراژیدیایە هی هەموورەباتییەکان، هەموو هەنگاوێکی ( هەزارکانی بۆ رەبات)و قبوڵکردنی یەکتریی، هەنگاوی سەروەرییە، بەرەو ئاشتی.
دڵنیام ئامۆزا بەڕیزەکانی رەبات، لەم تەنگانەیەدا، لە ئاستی شەهامەتی رەباتی دان، بە ئیرادەو بە بەخشندەیی و گەورەییان بە بڕیارێکی ئازایانە، تەنیا لە کەسێتییە باڵاو گەورەکان دەوەشێتەوە، وانەیەکی عەقڵانی نوێ بۆ گەنجەکان تۆمار دەکەن، هەڵوێستی ئاشتی دەنوێنن، مایەی شانازی و سەروەری وشكۆمەندی بێت بۆ رەبات و سەنگاو گەرمیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت