ڕەووف محەمەد ئالانی: دەست درێژیکردنە سەرزەوییەکانی پەروەردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەماوەی ئەم سیودوو ساڵەی حوکمڕانی کوردیدا، ئەوەی من بەدیم کردبێت و بینیبێتم، ئەم دەسەڵاتە خواست وویستەکانی تەنها بۆ خزمەتی خۆی و بنەڵاکانیا و دارودەستەکانیان تەرخانکردووەو چۆنی بۆ لوابێت ئاوا پەلاماری حەرەمەکانی کۆمەڵگەی داوە، لەداگیرکردنی زەوی وزاری خەڵک و پاوانەکان و لەوەڕگەکان و زەوی کشتوکاڵی و ئەوزەویانەی زانیویانە خاوەنەکانیان لەشارەکان نەماون و سەفەریان کردوە یان کۆچیان کردوە بۆ هاندەران و شارەکانی تری عێراق، بەدواداچوونی وردیان بۆ کردن و پاشان کردیانن بەموڵکی حکومەت و پاشان هەرخۆیان بەناوی جیاجیا لەسەر خۆیان تاپۆکرد و بۆ پڕۆژەی قازانج ویستی خۆیان بەکاریان هێنان، ئەو قۆرخکاری و داگیرکاریانە هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە بۆ سەرموڵکی خەڵک و وەزارەتەکان.
چەند ڕۆژێک لەمەو پێش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند کە هەندێ کەس و لایەن و کۆمپانیا داوایان لێدەکەن زەویەکانی پەروەردەیان بدەنێ بە مەبەستی کردنیان بە پڕۆژەی بازرگانی، یان بە پشتگیری دەسەڵاتداران ئەو کارە دەکەن.
بەڕێزیان بەڕاشکاوانە وتی ئێمە ڕێگری ئەکەین لەو هەوڵانەی بیانەوێ دەست ببەن بۆ زەویەکانی پەروەردە، ئەم بڕیارە جێی دەستخۆشیە و هەقوایە خاوەن ویژدانەکان و هەموو نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسان و مامۆستایان هاوکار و پشتیوانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەبن، تا هەنگاوی تەماحی پاوانخوازی ئەوانەی مەبەستیانە لەجیاتی خزمەتکردنی پەروەردە زەویەکانی داگیربکەن.
لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 یەکەم شوێن کەدەست درێژی کرایە سەرلەلایەن حیزبەکانەوە بیناکانی قوتابخانەو خوێندنگەکان بوون، هەرئەوان بوون کرانە بارەگای حیزب و شوێنی کۆڕوکۆبوونەوە، دوای ئەوە ئەوبینایانەی کە پێیان باش بوو تیایدا مانەوەو کردیان بە بارەگای خۆیان، شوێنی مەکتەب سیاسی ئێستای یەکێتی وەک نموونەیەکی بەرچاوی خەڵکی شار دەهێنمەوە، کەپێشتر پەیمانگەی مامۆستایانی کچان بوو، نامەوێ ناوی شوێنەکان بنوسم نەبا هەندێکیانم بیربچێت، لە زۆربەی شار  و شارۆچکەکان ئەوە ڕویداوە،ئەوە وەک نموونەیەکی دیارباسم کرد، قوتابخانەی فریشتە و بیناکەی پشتی کە یادگاری سەدان لەو کەسانەیە لەو شوێنە خوێندکاربوون، کردیان بە شوێنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئێستاش چاویان لە زەویەکانی ئامادەیی بەکرەجۆیە ئەویش موڵکی پەروەردەیە کە پێکهاتووە لە( 182 ) دۆنم، لەگەڵ ئامادەیی سەرچنارو ئامادەیی پیشەسازی سلیمانی و چەند شوێنێکی تر کە چاوی تەماحی بازرگانەکانی لەسەرە، بینای کۆنی پەروەردەو شارستانی و ڕەگەزنامە کرا بە کاسۆمۆڵی ئێستا، هەموو مێژووی جیهان بخوێننەوە بزانن هیچ لە دکتاتۆر و ستەمکارەکانیش غیرەتی ئەوەیان کردوە بەو جۆرەی دەسەڵاتی کوردی دەست درێژی بکانە سەرموڵکی گشتی و پەروەردە؟
هەرزوو نییەتی حیزبەکان دەرکەوت چیان ئەوێ بۆ خۆیان و چی لەم ووڵاتە دەکەن، پێغەمبەری ئیسلام(محەمەد د.خ) لە فەرموودەیەکدا باس لە نییەت و خواست دەکات و دەفەرموویت (إنما الأعمال بالنيات، وإنما لكل امرئ ما نوى) وەک ئاماژەی بۆ دەکات، هەمووکارێک پێش ئەنجامدانی خواست و ویست و پلانی گەرەکە، ئەگەر بەپێی خواستەکە بێت و بۆ باشە بیت، هیچ گومان هەڵناگریت ئاکامی باشی دەبێت، پیرەمێردی مەزنیش لەم بارەوە وتووێتی (نییەتت باش بێت ئیش ئەبەیتە سەر، درەخت زڕ نەبێ هەر بۆت دێتەبەر).
دەرکەوت ئاغاکانی کوردایەتی چ مەرام و نییەتێکی پاوانخوازی دڵ و هزری داگیرکردوون، خۆزیا من وەک نوسەرێک و مامۆستایەک و ڕۆژنامەنوسێکی چاودێر، ئەو پڕۆژانەی کەبەناوی وەبەرهێنانەوە دراون بەو کۆمپانیایانە، لەجیاتی ڕەخنە و سەرنج لەسەریان، وایان بکردایە بەشان و باڵیاندا هەڵم بدایە و بمووتایە خزمەتەکانیان بەرچاوە بۆ هەژارانی مەملەکەت، بەڵام نەمبینیوە هەژاران لەو باڵاخانە گەورانەدا ئارام بگرن.
ئەوەندەی من بزانم و ئاگاداربم بەشێک لەو کۆمپانیایانەی خەریکی بەناو وەبەرهێنانن، فێڵەڕێیەک ئەدۆزنەوە تا ئەو زەویانە لە ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتی تایبەتمەند وەربگرن، هەندێکجار هیچ پرس و ڕایەک و ڕەزامەندیەک لە لایەنی تایبەت بەو زەویانە وەرناگرن، هەمووشمان دەزانین تائێستا زۆنەکان دابەشکراوون لەبەر ململانێی حیزبی کارکردن و بڕیاری دژ بەیەک جێبەجێ دەکرێت، لەم ناوەشدا زەرەرمەندی یەکەم خەڵک و خاوەنی زەویەکانن، ئەوەی بۆ من و هەموو خەڵک بۆتە مایەی نیگەرانی، دەسەڵاتی کوردی لەماوەی سێ دەیە نەیتوانی نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات.
بەداخەوە هەر ئەو هۆکارەیە وایکردوە زۆربەی خەڵکی کوردستان، پشتییان لەم دەسەڵاتە کردووەو ئاوات بە چوونە سەرمەرکەز دەخوازن. چانسی نەتەوەکان و گەلانی ئەم ڕۆژهەڵاتە ئەونادادی و پاوانخوازیەیە کە دەسەڵاتداران دەیکەن و ئەنجامی دەدەن.
وەک نوسەری دیاری عەرەب (جەلال ئەمیر) دەڵێت: (لە ووڵاتانی جیهانی سێیەمدا فەرمانڕەوا خاوەنی دانایی لوقمانی حەکیمی هەیە، بازرگانیش خاوەنی پارەودارایی قارونی هەیە، خەڵکەکەشی ئارامگری ئەیوبیان هەیە).
دڵنیام ئەو نوسەرە کە ئەو وتەیەی دەربڕیوە، دەزانێ هەموو ناوچەکە بە هەمان دۆخی ڕامیاری و ئەقڵیەتی سیاسیە پاوانخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەند هاوشێوەن، ئەمانەی خۆمان ئەوانەشیان تێپەڕاندوە.
بەهیوام هەموومان دەنگ و هاوار و پێنووسەکانمان لەئاست ئەو غەدرەی بەرامبەر زەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی دەکرێت بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبین، داواش لەو کۆمپانیایانە دەکەم ببنە هاوکاروپشت و پەنا بۆ خزمەتی پەروەردە و نەوەکانی داهاتوو، واز لەو چاوتێبڕینە نایاساییە بێنن کە زەوییەکانی پەروەردە بکەنە پڕۆژە، تا مێژوو بەناشیرین ناویان نەبات، داواشم لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانە ئەو یاساشکێنیانە ڕابگرن و نەهێڵن تاڵانی جێی ئاوەدانی بگرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت