عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیانزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند دڵۆپە فرمێسکێک بۆ دانەری دە مانگی

پێش هەموو شتێک پڕ بە دڵ سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە بە کۆمێنت و لایک بەسەریان کردوومەتەوە پشتگیریی خۆیان بۆ نووسینەکانم دەربڕیوە. نازانم چییان بۆ بنووسم لەوە زیاتر کە بڵێم دەست خۆشیتان لێ دەکەم کە ئەوەندە بایەختان بە خۆم و نووسینەکانم داوەو ئەوەش دەڵێم کە من گوزارشت لە دڵ و دەروونی ئەو خەڵکە ستەم لێکراوە دەکەم و دەڵێم: ئەگەر دوژمن و نەیار غەدرت لێ بکەن کارێکی زۆر ئاساییە, بەڵام ئەگەر براکەی خۆت, ئەوەی تۆ بە پشت و پەنای دەزانی و خۆتت بۆ بەکوشتن داوە, دوژمنئاسا ڕەفتارت لەگەڵ بکات گەلێک قورسەو قسەیەکی ڕەقی ئەو زۆر کاریگەرترە لە خەنجەرێکی دوژمن. کاری خراپیش دوژمن بیکات یان دۆست هەر خراپە و ئەوەى دۆست بە چاکەو پیاوەتی دانانرێ.
زۆر سوپاسی کاک ( ئیحسان خەیات ) دەکەم بۆ ئەو وێنە هێڵکارییەى بۆی کێشابووم کە ئەمەش نیشانەی ئەمەکداری ئەو برا بەڕێزەیە بەرانبەر من و بێ ئەوەی من ئاگام لێ بێ بڵاوی کردبووەوە. نازانم بە چ زمانێک پێزانینی خۆمی بۆ دەربڕم کە لە ئاستىى ئەو کارەی ئەودا بێ, هیوای سەرکەوتن و تەمەندرێژی و لەشساغی بۆ دەخوازم و لە خوای پەروەردگار دەپاڕێمەوە خێر و خۆشیی بەسەردا ببارێنێ.
ئێمە زۆر جار دەردەدڵ دەردەبڕین و دەڵێین:
زەمانە گۆڕاوە و هیچ شتێک وەکو جاران نەماوە. ئیدى ئەوە ڕۆژگارە و ئێمەش بەر ئەو شاڵاوی گۆڕانە کەوتووین ناتوانین ڕێگەی لێ بگرێن و ئەگەر بچینە پێشی پانمان دەکاتەوە. جاران کچ بۆی نەبوو لە کونی ژوورێ بچێتە دەڕێ, کەچی ئێستا لەبەر چاوى باوک و برای ئارایشت دەکات و دەچێتە دەر بۆ قوتابخانەو زانکۆ و فەرمانگە و ڕەنگە لەگەڵ گەنجێک دڵیان لێک بچێ و ڕێکیش بکەون و ئینجا پرسە خەسوانەیەک بە باوک و کەسوکاریان بکەن. جاران کەس کچی لە دەرەوە نەدەبینی, کەچی ئێستا ئەو کچە لەسەر شانۆ گۆرانی دەڵێ یان تەمسیل دەکات, لە کاتێکدا زەمانی زوو کوڕ دەوری کچی دەبینی و هەموو کوڕێکیش ئەوەی نەدەکرد, چونکە هاوڕێکانی تانەیان لێ دەدا.
هەر لەسەر ئەو گۆڕانە حەز دەکەم شتێکتان بۆ بگێڕمەوە. پێم وایە ساڵێ 1990 بوو وانەبێژ بووم لە دواناوەندیی ئاشتیی کچان لە سلێمانی و بەسوارێ پاسی پۆڵۆنی دەچووم بۆ قوتابخانە. پاسی پۆڵۆنی دوو کورسییەکەی ناوەڕاست بەڕانبەر یەکن. دوو پیاوى جەمەدانی زڵ لە تەنیشتم دانشتبوون. سێ چوار کچی جوان دەرکەوتن, قسەیان دەکرد و دەتریقانەوە و سووکە ماکیاجێکیشیان کردبوو و لێویان وەک خونچەگوڵی تازە پشکوتوو سوور دەچووەوە. بەکێک لەو دوو پیاوە کە جەمەدانییەکەی سەری دەتگوت لینگە دەستاڕە و وا دیاریش بوو لە ئەقڵا کەمێک هەژارە گوتی: ئێمە جاران لە لادێ ئەو رەنگە سوورەمان دەدا لە پشتی بەرخ بۆ ناسینەوە, کەچی ئێستا کچەشاری لە لێویانی دەدەن. قسەکەیم پێ ناخۆش بوو و بەدەست خۆم نەبوو گوتم: برا ئەو ڕەنگەی تۆ دەیڵێی جیایە لەگەڵ هى کچەکان. لچێکی داچۆڕاند و خواری کردەوەو گوتی: وەڵڵا گشتی یەکێکە. تازە من شەڕەکەم بۆ خۆم کڕی و کورد دەڵێ شەڕ و نیوە شەر وەکو یەکن, بۆیە گوتم: برا دنیا گۆڕاوە, تۆ جاران لە لادێ سیغارت دەپێچایەوەو پەڕە سیغارەکە تووتنت تێ دەکرد و هەڵت دەپێچاو ئینجا زمانت پێدا دەهێنا دەتگوت مانگای گوێرەکە دەلێسیتەوە، بەڵام رەنگە ئێستا لە جیاتی ئەوە جگەرەی سۆمەرو دیمۆرێ بکێشی . دنیا گۆڕاوە برا. قسەی خۆمان بێ ترسم لێ نیشت, ئەوان دوو و من بە تەنیا و ئەوان مەیلە و کەر و منیش گوایا خۆم بە ئاقڵ دەزانم, ئەگەر وەڵامیان هەبایە شل و کوتی مەرگیان دەکردم, بەڵام وا دیار بوو قسەکەم وەک گوللــە جێی کارێی گرتبوو, قسەیان نەکرد و ئەوەندەشمان نەمابوو بۆ قوتابخانە. باش بوو بە سەلامەتی ڕزگارم بوو. بەخوا ئەمەشتان بۆ دەگێڕمەوە و داوای لێ بوردنیش دەکەم ئەگەر قسەکەم بە بێ ئەدەبی دابنێن. بێ گومان ئەو گۆڕانە جل و بەرگیشی گرتۆتەوە و حاڵ گەیشتووەتە ( مینی جۆب ) کە هەڵدەکشێ یۆ هەوراز ئەژنۆ و مامۆستا هیمنی نەمر دەڵێ:
هەتا کۆمتر دەبێ پشتم, پتر هەڵدەکشێ ( مینی ژۆب)
ئیتر دەستم بە دامێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا
جارێکیان کچێکی مینی جۆبلەبەر لەناو پاسی ئەمانە لە بەغدا لە تەنیشت پیاوێکی پیری وەکو من دادەنیشێ. هەر مینی جۆبەکەی ڕادەکێشێ, بەڵام خۆ لاستیک نییە بکشێ و هەتا ژوور ئەژنۆی دیارە. کابرای پیرە دەڵێ: بنتی ماکان لازم یکون شویە أطول؟ کچەکە دەڵێ: عمى مودە مال هسە لازم الصابونە تبین، بە عەڕەبی بە کڵاوەی ئەژنۆ دەڵێن صابونە، مامە پیرە دەڵێ: بنتی مو الصابونە, اللیفە هم مبینە. با بۆتان بکەم بە کوردی، چونکە جارێکیان برادەرێک بۆ شتێکی لەم بابەتە گلەیی لێ کردبووم. مامە پیرە پێی دەڵێ: کچم ئەوە نەدەکرا کەمێک درێژتر بوایە. کچەکەش دەڵێ: مامە ئێستا مۆدەی ئەوەیە کە دەبێ صابونە, واتە کڵاوەی ئەژنۆ, بەدەرەوە بێ. مامە پیرە دەڵێ: کچەکەم بە خوا نەک هەر صابونە, بەڵکو لیفکەکەش بەدەرەوەیە.
ئەو بارانەی لەو چەند ڕۆژەی پێشوو باری, دەمێک بوو دوعامان دەکرد و لەخوا دەپاڕاینەوە بۆ بارانێکی ڕەحمەت, بەڵام بە داخەوە هەندێک ڕووداوی زۆرهەستهەژێنی جەرگبڕی ماڵ وێرانکەری لێ کەوتەوە. بڕواتان بێ ئێستا کە ئەمە دەنووسم چاوم بە فرمێسکە و گریان قوڕگی گرتووم بۆ( دانەر)ی شەهیدی بچکۆلەو کە سەیری وێنەکەی دەکەم سۆزێک دامدەگرێ هەر دەڵێی شیوەن بۆ جەرگسووتانی خۆم دەکەم. ئەو هەستەم لەم چەند دێڕە شیعرەدا دەربڕی.
ڕۆڵە شیرینەکەم دانەر
ئەتۆ بە تەنیا هەر ڕۆڵەی
ئەو دایک و ئەو باوکەی خۆت نی
ئەتۆ چەند ڕۆڵەی ئەوانی
ئەوەندەش وەک جەرگی منی
ڕۆڵە شیرینەکەى گشتمان
دایک و باوکت کردبوو خەنی
بە داخەوە داخی گران
ئێستا لەبەر چاوان ونی
ڕاستە دەڵێن قەدەری خوا
فەرمانی ئەوە و ڕوو دەدا
بەڵام لە وڵاتێکدا دەژین
چەندی بلێی بێ خاوەنە
دەسەڵاتدار شێتی دۆلار و پاوەنە
ئەوەی لێرە و لە پەرلەمان
سوارمان بووە و هەموو ڕۆژێک
سوارمان دەبێ و دەمانکاتە
پەندی ڕۆژگار و زەمان
ئاگای لە من و تۆ نییە
ئەو نازانێ میللەت چییە
ئەو هەر چاوی لە دۆلاری ئەمریکییە
فیرعەونەکان لەم وڵاتە
هەر مەستی باخ و سامانن
لە بۆ گیانی ئەم میللەتە
ئاگر وئاوی بێ ئامانن
باخی ئەوان هەر وەکو باخی بەهەشتە
دەرگای پارە دزین لایان
وەکو دەرگای بەهەشت هەشتە
باسى حۆری لە باخییان هەر ناکرێ
چوار وەرزە حۆرییان لێ نابڕی
مۆدێلی جوانن ئەوانە
خەڵات دەکرێن بە ئۆتۆمبیل
کەوا مۆدێلی تازەیە و
هەر وەک خۆیان شیک و جوانە
بەڵام بۆ خەڵکی هەژار بێ ئاگان
یۆ هەڵکوتانە سەرخەڵک
دەڵێی پانێر و جوانەگان
هەستی مرۆڤدۆستی لایان
باری کردووە و نەماوە
مرۆڤدۆستی کپ کراوە
تەواو نووزەی لێ بڕاوە
دانەرەکەی بابە و دایە
ئەى شەهیدە دە مانگییەکە
شێوە و ڕووی گەشی جوانت
لە نێو دڵی گشتماندایە
دانەرەکەم , ئەى شەهیدە بچکۆلەکە
ئەوانەی کە سوارمان بوون
گەلێک بێ هۆش و نەزانن
ئەوان هەموو هەر خەریکى
پڕکردنی ورگ و گیرفانن
تاڵانکەرن , ساماندزن
لەبۆ سەرکوت کردنی خەڵک
وەک هۆلاکۆ و جەنگیزخانن
دەک لێی نەخۆن , بینیان بگرێ
یاخوا لەپاشیان جێ مێنێ
خودای خاوەن دادپەروەری
تۆڵەی گەلیان لێ بستێنێ
هیوام وایە ڕۆژێک دابێ
هیچ کامێکیان لە ڕووی نەیە
لەئاست تۆدا سەر دەربێنێ
ئەوەی ئەوان دەیکەن ڕوونە
کاری دزێو ئەنجامەکەی
پێت بڵێم ئاشکرابوونە
هەر ڕەوشتێکی بەد هەبێ
ڕۆژێک هەر ئاشکرا دەبێ
خودا کارێکیان پێ دەکا
لە نێو خەڵک حەیایان دەچێ
لەسەر لاپەڕەی مێژوودا
شەرمەزار دەبن و ڕووسیا
شاردنەوەو پەردەپۆش کردن
گەوجاندن و بێ هۆش کردن
هەرگیز هەرگیز دادیان نادا
مانگا بە ئاشکرا دەزێ
ئەگەر بە دزیش کەڵ بخوا
ڕۆڵە شیرینەم دانەر
ژیان بۆ کەس نییە تاسەر
ڕۆژێک دێ گیانیان دەردەچێ
ئەو خۆشییەیان بەسەر دەچێ
لەگەڵ هەژارێکی چڵکن
کە پاکترین چینی خەڵکن
بۆ ناو گۆڕ شۆڕ دەکرێنەوە
دەڕۆن هەرگیز نایەنەوە
پارەو سامان ماڵی دنیا
لێیان نەخوارد گشتی جێ ما

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت