عەتا قەرەداخی : سرووشتی دەنگدان و سایکۆلۆجیای دەنگدەر لە کوردستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا مەبەست لە سرووشتی دەنگدان و سایکۆلۆجیای دەنگدەر چییە ؟ ئایا ئەم دوو چەمکە لە کۆمەڵگەى کوردیدا چۆن سەیر دەکرێن ؟ ئایا پاشخانی کۆمەڵایەتی ، سیاسی، فیکری و کەلتووری چی پەیوەندییەکی بەو دوو زاراوەوە هەیە؟ لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئایا جیاوازی ئەم دوو چەمکە لە نێوان کۆمەڵگە دیموکراسیەکان کە ئەزموونی دوورو درێژی هەڵبژاردنیان هەەیە لەگەڵ کۆمەڵگەکانی وەکو ئێمەدا چییە کە هێشتا لە سەرەتای رێگاداین؟

مەبەست لە سرووشتی دەنگدان شێوەو چۆنێتی دەنگدانی تاکە لە هەر جۆرە هەڵبژاردنێکدا، هەروەک مەبەست لە سایکۆلۆجیای دەنگدەر ئەو بارە دەروونیەیە کە دەنگدەری تێدایە چ لە پێش دەنگدان و چ لە ساتەکانی دەنگداندا ، لەگەڵ کاریگەریء ئاسەواری باری دەروونی تاکەکەس لەسەر بڕیاردانی بۆ دەنگدان و کردەی دەنگدانەکەو دیاریکردنی ئەو نوێنەرەی کە دەنگی دەداتێ . لێرەشدا پرسیارێکی تر سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە کە ئایا دەنگدەر دەنگ بەچی دەدات ؟ ئەو هۆکارانە چین کە رۆڵیان لە شێوەى دەنگدان و هەڵبژاردنەکانی تاکەکەسدا دەبێت ؟

ئاشکرایە لەو کۆمەڵگەیانەى کە تاکەکەسی خاوەن شووناس پێگەیشتووەو تاک خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکی خۆیەتی ، سرووشتی دەنگدان جۆرێک لە پێگەیشتن بەخۆریەوە دەبینێت بەجۆرێک کە هەست دەکرێت بەهای دەنگدان قورسایی ئەو تاکەکەسە دەردەخات کە دەنگ دەدات . لەبارێکی وەهاشدا کەسی دەنگدەر لە بارێکی دەروونی تا ئەنداوزەیەکی ئاشکرا جێگیردا دەبێت کە ئەوەش وای لێدەکات لە بری لایەنگری بۆ سۆزو عاتیفەو ناوچەچێتی و ئایدیۆلۆجیا دەنگ بە بەرنامە بدات . ئەوە ئاشکرایە تەنیا پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان و هاوبەشیکردنی هاووڵاتیان بەس نین بۆ ئەوەى سیستێمێکی دیموکراتی بوونی هەبێت ، بەڵکو هەڵبژاردن و دەنگدان لە پایە بنچینەییەکانی دیموکراسین بەڵام بە مەرجێک خودی هەڵبژاردن و دەنگدان و دەنگ خۆیان ئەو بەهایەیان هەبێت کە ببن بە بنچینە بۆ درووستکردنی سیستێمێکی دیموکراسی لە هەموو ئاستەکاندا .

ئێمە دەزانین لە کۆمەڵگە دیموکراسیەکاندا بەهای هەڵبژاردن و دەنگدان و بەهای دەنگ ، بەگشتی ئاستی تێڕوانینی ئەو سیستێمە دەردەخەن بۆ بەهای مرۆڤ چونکە هەم هەڵبژاردن و هەم دەنگ بەو مەبەستەن کە سیتستێمێک بەرهەم بهێنن کە دەنگدەر یان فراوانتر بڵێین هاووڵاتی لە سایەیدا هەست بەبوونی خۆی و پاراستنی کەرامەتی بکات . بەشێوەیەکی گشتی سرووشتی دەنگدان لە کۆمەڵگە بنیاد خێڵایەتییەکاندا جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ دەنگدان لە کۆمەڵگە پەرەسەندوو یان گەشە سرووشتیەکاندا . مەبەستمان لەم قسەیە ئەوەیە کە لە دوو رووەوە سەیری کۆمەڵگەکان بکەین ، لە کۆمەڵگە پەرەسەندووەکاندا لە رووی دیموکراسیەوە سرووشتی پەیوەندییەکان جۆرێک لە هاوسەنگی تێدایە ئەویش لەبەرئەوەیە لەو جۆرە کۆمەلگَەیانەدا تاکەکەسی خاوەن شووناس پێگەیشتووەو ئەوەش وایکردووە کە تاکەکان لە رووی ئەرک و ماف و ئامادەبوونەوە جیاوازی زۆریان نەبێت . لەبارێکی وەهاشدا ئاراستەى پەیوەندییەکان لە شاوڵیەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئاسۆیی . ئاسۆیی بوونیش لە پەیوەندییەکاندا زەمینەسازی دەکات بۆ بوون یان بنیادنانی یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵاَیەتی .

هەڵبەت کاتێکیش کە پەیوەندییەکان و ئاستی فەرمان دەگۆڕێت بۆ ئاسۆیی مانای وایە زۆرینەى دامەزراوە تەقلیدییەکانی نێو کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچن ، کە مەبەستمان لەمەش هەڵوەەشاندنەوەى دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەت و مەزهەب و ئایینە . دیارە لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە هاووڵاتی هیچ ئینتیمایەکی نەبێت بەڵکو مەبەستمانە ئینتیمای تاکەکەس گەورەتر بێت لە ئینتیما بۆ ئەو دامەزراوە ناوچەییە تەسک و سنووردارانە ، بەڵکو ئینتیما راستەخۆ لە کۆمەڵگەى پەیوەندی ئاسۆیدا بۆ نیشتیمان و نەتەوە دەبێت . هەر ئەمەش وادەکات کە بەو پێیە دەنگدان بۆ نیشتیمان و نەتەوە ، یان بۆ خاک و هاووڵاتی بێت ، کە ئەم دووانەش هەردووکیان شووناسێکی هێند گەورەترن کە شووناسی دامەزراوە ناوچەیی و لۆکاڵی و حیزبی مەزهەبی خێڵایەتی و بنەماڵەیی و تەنانەت کەسێتیە دیارو کاریزمییەکانیش لە خۆیاندا دەتوێننەوە .

هەر لە بارێکی وەهاشدا دەشێ سرووشتی دەنگدان سرووشتێکی درووست بێت چونکە لەگەڵ پانتاییەکی فراوانتردا هاوتا دەبێت کە پانتایی ئەو رووبەرەیە کە تاکە خاوەن شووناسەکانی تێدا دەژین کە لە کۆمەڵگە پەیوەندی ئاسۆییەکانیشدا کۆی تاکەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە .

بەڵام دەنگدان لە کۆمەڵگە پەیوەندی هەرەمیەکاندا سروشتێکی تەواو جیاوازی هەیە ، چونکە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا لە بری چینە کۆمەڵایەتییەکان ئەو دامەزراوانە هەن کە پێکهاتەى کۆمەڵگە لە شێوەى پلەدا رێکدەخەن کە ئەویش لە لوتکەى تیژی هەرەمەکەوە دەکشی بەرەو بنکەى فراوانی هەرەمەکە . ئەوەش ئاشکرایە لە کۆی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەى هەرەمیدا ئاراستەى فەرمان لە لوتکەوەیە بەرەو بنکە . هەمیشەش لوتکە تەسک و بنکە فراوانە . واتە فرەمان لە تاکەکەسێکەوە بەرەو خوارەوە دەچێت ، لە کاتێکدا لە دەنگداندا دەنگی هەمووان یەکسانە ، ئەگەر پەیوەندییەکان ئاسۆیی بن و تاکەکان لە ئاستی هاوشێوە یان تەریبدا خاوەنی شووناسی خۆیان دەبن . لە کۆمەڵگەى سرووشت هەرەمیدا دەنگ بەرەو لوتکە ناڕوات هەربۆیە ئەو دەنگەشی کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجۆرە کۆمەڵگەیانەدا بەرزدەکرێتەوە قورسی و بەهایەکی ئەوتۆی نابێت چونکە هەمیشە دەنگی لوتکەى هەرەمەکە لە دەنگی بنکە بەهێزتر دەبێت . بە مانایەکی تر دەنگ کاتێک بەهای راستەقینەی دەبێت کە لە کۆمەڵگەدا سرووشتی فەرمانی هەرەمی هەڵوەشێندرابێتەوە . ئەگەر سرووشتی پەیوەندی هەرەمی لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بەردەوام بێت ئەوا مانای وایە زەمینەى دەنگدانی درووست یان هەڵبژاردنی درووست غائیبە . چونکە کەلتووری باو لە کۆمەڵگەى پەیوەندی هەرەمیدا ئەو کەلتوورەیە کە تاک نەبووەتە خاوەنی شووناسی تاکەکەسی خۆی هەتا توانای ئەوەى هەبێت ئازادانە هەموو بڕیارەکانی خۆی بداتن بە بڕیاری بەشداریکردن یان بەشداری نەکردنی دەنگدان و بە هەڵبژاردنیشەوە . واتە لێرەوە لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا دەنگدان زیاتر بۆ ئەو پێکهاتەیە کە تاکەکانی کۆمەڵ سەربەون کە دەشێ ئەو پێکهاتەیە دامەزراوەى خێڵ ، حیزب ، ئایین ، مەزهەب بێت یان تەنانەت دەنگدان بە کەسی یەکەمی لوتکەى ئەو دامەزراوە هەرەمییە بێت .

لە کۆمەڵگەى کوردیدا تاکو ئێستا سرووشتی دەنگدان بەم شێوەیەیە واتە لەبری دەنگدان بە بەرنامە دەنگدانە بە دامەزراوەى حیزب یان تاکەکەسی لوتکەى هەرەمەکە . هەر لێرەوە ئاشکرایە بۆچی دەنگدەرانی حیزبەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر گۆڕانکاری گەورەىان بەسەردا نایەت . بۆ نموونە پارتی لە شارێکی وەکو سلێمانیدا پاشی چوار ساڵ لە سەدا دووی دەنگەکانی زیادی کردووە ، کە ئەمەش راستی ئەو قسەیەی سەرەوە دەسەلمێنێت کە گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئەو کەسانەدا رووی نەداوە کە پێشتر دەنگیان بە پارتی داوە لە سلێمانی ، بۆیە دیسان دەنگیان داوەتەوە بە پارتی ، هەروەک گۆڕانکاری لە دیدو بۆچوونی کەسانی تریشدا رووی نەداوە تا ئەمجارەیان لەبری ئەو لایەنەى پێشتر دەنگیان پێداوە دەنگ بدەن بە پارتی . ئەو رێژە کەمەی کە دەنگەکانی پارتی لە سلێمانی زیادی کردووە پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەى دەنگدەرانەوە هەیە . کەواتە بە ئاشکرا دیارە تەنانەت ئەو رووداوانەى کە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا روویان داوە وەکو حەڤدەى شووبات و هەوڵدان بۆ دەربازکردنی دەستوورو درێژکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم و رەخنەى تووندی ئۆپۆزسیۆن لە پارتی بەوەى کە کۆی پنتەکانی دەسەڵاتی هەرێمی قۆرخ کردووەو حیساب بۆ لایەنەکانی تر ناکات ، نەیانتوانیووە هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر هەڵوێست و سایکۆلۆجیای دەنگدەر هەبێت و ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕانکاری لەبەرچاو لە دەنگەکانی پارتیدا بە کەم بوونەوە یان بە زۆربوونی لەبارچاو .

بە گوێرەى دوو لایەنە ئیسلامییەکە گوایە ژمارەى دەنگەکانیان کەمی کردووە ، تا ئەندازەیەک ئەوە راستە کە ئەویش هۆکاری خۆیی هەیە ، بە گوێرەى یەکگرتوو لوتکەى هەرەمەکە گۆڕاوە ، کە دەشێ ئەوە هۆکارێک بێت ، لای کۆمەڵ ، رابەرو ئەمیر هەمان شێوەى حیزبەکانی تر جێگیرن و پۆستەکانیان بۆ هەتا هەتاییە . کە ئەوەش دەشێ رەنگدانەوەى نەرێنی هەبێت و جۆرێک لە هەوڵدان بۆ قۆرخکردنی پۆست و پایەکان بێت بە تایبەتی پۆستی پەرلەمانیز هەروەک چوونی ئەمیر بۆ پەرلەمانی عێراق و نەبوونی دەورێکی ئەوتۆش لەوێ ، هەروەها بوونی کوڕی رابەر بە ئەندام پەرلەمانی کوردستان و دیسانەوە پاڵاوتنی کچی رابەر لەم هەڵبژاردنەیاندا دەشێ کاریگەری نەرێنی لەسەر دەنگدەرانی کۆمەڵ هەبووبێت ، ئەمە سەرباری کاریگەری نەرێنی شکستی ئیخوان لە میسرو هەروەها هاوپەیمانێتی دوو حیزبە ئیسلامییەکە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕاندا کە بۆ بەشێک لە دەنگدەری ئیسلامییەکان ئەمەش هیچ دەلالەتێکی ئایینی لە پشتەوە نییە .

بە گوێرەى یەکێتی و گۆڕان وەکو جاری تریش نووسیوومە ، دەنگەکانیان پێکەوە کەمی نەکردووە بەڵگو دەنگی گۆڕان لەسەر حیسابی دەنگی یەکێتی زیادی کردووە ، کەواتە لێرەوە ئەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە دەنگدەری ئەوسای یەکێتی لەم جارەشدا دەنگی بە پارتی یان بە ئیسلامییەکان نەداوە ، بەڵکو دەنگی بە بزووتنەوەى گۆڕان داوە ، کەواتە ئینتیما ئەسڵیەکە هەروەکو خۆیەتی ، واتە وابەستەبوونی هەرەمی ، گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووەو پێموانییە دەنگدەری ئەم رووبەرەش دەنگیان بە بەرنامە دابێت ، بەڵکو دەنگیان بە هەرەمەکە یان زیاتر بە لوتکەى هەرەمەکە داوە . دەنگەکانی گۆڕان دەنگی بەڕِێز نەوشیروان مستەفایە ، دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی پیشتری یەکێتی دەنگی مام جەلال بوو ، لەم هەڵبژاردنەیاندا ، کە مام جەلال غائیب بوو ئومێدی گەڕانەوەشی لەلای دەنگدەر ئومێدێکی لاواز بووە ، کەواتە ئەوە کاریگەری هەبووە لەسەر چۆنێتی دەنگدان . وەکو دەزانین بەدرێژایی مێژووی یەکێتی نیشتیمانی ، کۆمەڵە دەنگی یەکەم بووە ، بەڵام کەسێتی بەهێزی مام جەلال لەسەرووى هەموو یەکێتیەوە بووە . لە کۆمەڵەشدا لەو رۆژەوە کە کاک نەوشیروان بووەتە سکرتێر لە رووی دەنگ و کەسێتی و بەهێزییەوە هەمیشە یەکەمی ناو کۆمەڵەو دووەمی ناو یەکێتی بووە . ئێستا لەم رووبەردا کە رووبەرەکەی ئەوسای کۆمەڵەو یەکێتییە کە مام جەلال غائیب بێت لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی رووبەری ئەوسا سەوزو ئێستا رەنگاڵەیدا نەوشیروان مستەفا کەسی یەکەمەو هەر بەو پێیەش لە رووی سایکۆلۆجییەوە دەنگدەری رووبەری یەکێتی بە قەد ئەو قورساییەى کە ئەوسا وەکو کەسی دووەمی یەکێتی و ئیستا لە غیابی مام جەلالدا وەکو کەسی یەکەمی ئەم رووبەرەیە دەنگ بەو دەدەن . کە پێموایە بۆ ئەمەو دواو لە غیابی مام جەلالدا تا نەوشیروان مستەفا ئامادەبوونی سیاسی هەبێت ، وەکو کەسی یەکەمی لوتکەى هەرەمی ئەم رووبەرە دەردەکەوێت و زیاترین دەنگ بۆ ئەو دەبێت ، چونکە وەکو پێشتر گوتم لێرە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەى ئێمەدا دەنگ بە بەرنامە نادرێت بەڵکو دەنگ بە هەرەمء لوتکەى هەرەمەکان دەدرێت . لە غیابی مام جەلالدا یەکێتی هەرمێکی بێ لوتکەیەو ژمارەی دەنگەکانی کوڕی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی بریتیە لە دەنگەکانی باوکی کە ئەوە بەرزترین ئاستی ناو یەکێتییە لە غیابی مام جەلالدا ، کە لە راستیدا هێشتا تارمایی مام جەلالیش ماوەو ئەگەر ئەو تارماییەش نەمێنێت ئەوا ئەو ژمارەیەش زیاتر دێتە خوارەوە . کەواتە بەئاشکرا دیارە سرووشتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا دەنگدانە لەسەر بنەمای وابەستەبوونی حیزبی یان وابەستەبوون و ئینتیما بۆ هەرەمەکانی حیزب و مەزهەب وخێڵ و کەسی یەکەمی ئەو دامەزراوانە .