عەتا قەرەداخی : نەوەى کۆنسێرڤەتیڤ ونەوەى نوێ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لە خاسێتە دیارەکانی رەوت و جوڵەی نێو ئەم گەردوونە بەردەوامی و نوێ بوونەوەیە . بەو ئەندازەى کە هەموو رەگەزەکانی نێو سرووشت پێکەوە کاردەکەن و دەسازێن بۆ بەرهەمهێنانی هارمۆنیای سرووشت ، بەهەمان شێوە یاسانی نوێ بوونەوەو لە ناوچوونیش یەکتری تەواو دەکەن و راگری هارمۆنیای سرووشتن ، لە هەمان کاتدا ئەوەى کە بەردەوامی سرووشتی راگرتووەو ئەو هارمۆنیایەی پێ بەخشیووە درێژەدانە بە بوون و نوێ بوونەوەى بەردەوام کە ئەوەش بەشێکە لەو جوڵە دیالکتیەیەى کە پێی دەوترێت دیالکتیکى سروشتی . هەروەک روانگەى ماتریالیزمانەش لەسەر بنەمای ئەو جوڵەو بزاوتە هەمیشەییە رەوتی مێژوو رێک دەخات ، چ مێژووى گەردوون بە هەموو رەگەزەکانییەوە ، چ مێژووى بوونەوەران لە گەردووندا ، دیارە لە نێو ئەویشدا مێژووى پەرەسەندنی مرۆڤ لە رووی کۆمەڵایەتی و عەقڵیەوە لە چوارچێوەى هەمان پرۆسێسدا دەبینرێت . یەکێک لە خاسێتە دیارەکانی دیالکتیکی مێژوو ئەوەیە کە راوەستانی تێدا نییەو گۆڕانکارییەکان لە ناوەوەڕا پێدەگەن و جوڵەی بەرەو دەرەوە دەست پێدەکەن و وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو بە شێوەیەکی هێواش و هەمەلایەن و گشتگر کۆی پێکهاتەکە دەگۆڕێت کە ئەو گۆڕانکارییەش بەجۆرێکی ئەوتۆ روودەدات کە ئاسایی و سرووشتی ببینرێت . لەم روانگەیەوە لە هەر قۆناغێکی مێژوویدا لە ناوەوەڕا گەرای لە دایکبوونی نوێ دادەنرێت و بە هێمنی گەشە دەکات ، هەتا زەمینەى لە دایکبوونی ئەو نوێیە فەراهەم دەبێت و ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە مارکس بە گۆرینی ماتریالیزمانەى مێژووى ناوزەن دەکات و پێی وایە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هەر چینە گۆڕهەڵکەنەکەى خۆی لە هەناویدا پەروەردە دەکات .

لە راستیدا رەوتی مێژوو لە بارە سرووشتیەکەیدا بەوجۆرەیە کە هەمیشە ئەو نەوەى کە ئێستا باڵادەستە لە روانگەى نەوەی دوای خۆیەوە کۆنەو ناتوانێت ویست و داواکارییەکانی نەوەى نوێ جێبەجێ بکات ، چونکە هەر نەوەو چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی کوڕی سەردەمەکەى خۆیەتی و ناتوانێت نوێنەرایەتی نەوەکانی تر بکات ، هۆکەشی ئەوەیە کە هەر نەوەیەک خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و هەڵگری عەقڵ و تێگەیشتن و روانینێکە ، جیاواز لە روانین و عەقڵ و لێکدانەوەى نەوەى دوای یان پێش خۆی . هەر چۆن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هەر چینەو شۆڕشگێڕی قۆناغێکەو لە قۆناغی دواتردا شەرعیەتی خۆی بۆ رابەرایەتیکردن لەدەست دەدات ، بە گوێرەى نەوەکانیش هەمان بۆچوون و لێکدانەوە راستە . بێگومان پێچەوانەى ئەم قسەیەش دیدێکی کۆنسێرڤەتیڤە یان تێڕوانینێکی کۆنەپارێزانەیەو بە گشتی ئەوانە بەرگری لێدەکەن کە لەگەڵ مانەوەى باری باوو جێگیردان و هەمیشە بە گومانەوە سەیری گۆڕانکاری دەکەن و لە هەر جۆرە گۆڕانێکیش دەترسن .. دیارە بە گشتی لەو کۆمەڵگەیانەدا کە ئەم دیدو بۆچوونە دیدوبۆچوونی باوو جێگیر بێت هەمیشە ئەوەى دواتر دێت بە تووندی رەت دەکرێتەوەو هەوڵدەدرێت پاسیڤ بکرێت ، کە لەراستیدا پاسیڤکردن و بەلاوەنانی دیدو بۆچوون و لێکدانەوەکانی نەوەى نوێ یەکێکە لەبەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم هەر گەشەکردنێک ، چ لە ئاستی زانستیدا بێت ، یان لە ئاستی فیکری و ئەدەبی یان لە ئاستی کۆمەڵایەتیء عەقڵی و کەلتووریدا .

ئەم لێکدانەوانە هەرچۆن بۆ باری کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی و فیکری و عەقڵی راستن ، بێگومان بۆ باری سیاسی و حیزبایەتی و بەڕێوەبردنیش راستن . واتە یەکێک لە کێشە دیارەکانی نێو دامەزراوە حیزبی و سیاسی و بەڕێوەبەرییەکانی جیهان کێشەى نێوان نەوەکانە ، نەوەى کۆنی دەسەڵاتکردو بەسەر کۆی پنت و جومگەکانی ژیانی ئابووریء حیزبی و سیاسی و فەرهەنگی و بەڕێوەبەرێتیداو نەوەى نوێی رێگا لێگیراو بۆ ئەوەى بێتە پێشەنگ و رۆڵی خۆی ببینێت لە دامەزراندنی ئەو دامەزراوە رێبەرێتی و عەقڵی و فەرهەنگییەدا کە خۆی دەیەوێت و هەوڵدەدات بەجۆرێک بینایان بکات دەربڕو بەرجەستەکەری خواست و ویستەکانی ئەو بن . لەراستیدا کۆمەڵگەى تەندرووست ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تیایدا هەر نەوەیەک چ وەکو تاکەکەسء چ وەکو دەستەو گروپ و چ وەکو پێکهاتەى گەورەى کۆمەڵایەتی دەزانێت بە گوێرەى ئەو لوتکە کوێیەو تاکەى دەتوانێت بە وزەو توانای جەستەیی و عەقڵی و فیکرییەوە کاربکات . هەروەک لەو جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئەوەى هەستی کرد گەیشتووەتە لوتکەى تواناکانی و چیتر ناتوانێت هەڵکشێت ئیتر دەستبەرداری پۆست و پێگەی دەسەڵاتء رێبەرێتی و فیکری و عەقڵی خۆی دەبێت و جێگا بۆ دوای خۆی چۆڵ دەکات ، کە ئەم بارە بۆ تاکەکەس و بۆ دەستەو گروپ و حیزب و پێکهاتە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش راستە . کە بێگومان بەبێ بوونی ئەم جۆرە تێڕوانینەو جێبەجێکردنی لەسەر زەمینەى واقیع ناتوانرێت باس لە بنیادنانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بکرێت . نموونەیەکی زیندووی نێو مێژووى نزیک وەکو تاکەکەس تۆنی بلێرە . تۆنی بلێر کە لە تەمەنێکی هێشتا گەنجیدا دەستبەرداری سەرۆکایەتی وەزیرانی زلهێزێکی وەکو بەریتانیا بوو ، لە کاری حیزبیشدا هەر لەو تەمەنەدا وازی لە پۆست و پێگەى سەرۆکایەتی پارتی کاری بەریتانی هێنا ، لەوەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: من تێگەیشتم کە هیچ وزەیەکی شاراوەم نەماوە کە بەکارم نەهێنابێت ، واتە ئەوەى تاکو ئێستا پێمکراوە هەر ئەوەیەو لەوە زیاترم پێناکرێت ، چ لە بواری سەرۆکایەتی حکومەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا چ لە بەڕێوەبردنی حیزبدا ، بۆیە هەڵوێستی راست ئەوەیە کە من ئەو جێگایانە چۆڵ بکەم بۆ کەسانێکی تر کە دەشێ ئەوان بتوانن قۆناغێکی تر حکومەت و حیزب بەرەو پێشەوە ببەن . لەراستیدا ئەگەر سەیری ئەم تێڕوانینەى تۆنی بلێر بکەین ئەوا بە ئاشکرا تێدەگەین کە مرۆڤی پێگەیشتوو تێگەیشتوو چۆن سەیری خۆی و دنیا دەکات و چەند بە وردیش هەڵسەنگاندن بۆ خۆی دەکات و چەند بەوردیش لە خۆی تێدەگات و ناترسێت لەوەى کە لە خۆی و تواناکانی بدوێت . هەروەک چەند بە ئومێدیشەوە سەیری ئەوانەى دوای خۆی دەکات بۆ ئەوەى بتوانن هەنگاوی زیاتری بەرەو پێشەوە بنێن و کۆمەڵگەکەى یان دەسەڵات و ئیدارەى وڵاتەکەى بگەیەننە شوێنێک کە ئەم خۆی دان بەوەدا دەنێت ئەو توانایەی نەماوە بتوانێت کاری لەو جۆرە بکات. بێگومان ئەوە نموونەى راستەقینەى تێگەیشتنە لە خۆو لەوانی ترو لە رەوتی مێژوو ، کە چۆن دەبێت کۆن جێگا بۆ دوای خۆی چۆڵ بکات . هەروەک دەبێ ئەو راستیەش بدرکێنین کە کۆمەڵگەى تەندرووست ئەو کۆمەڵگەیەیە کە هەمیشە لەگەڵ هاتنی هەر نەوەیەکی نوێدا خۆی نوێ دەکاتەوە کە ئەویش نوێکردنەوەیەکە هەموو ئاستەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەگرێتەوە .

ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری کۆمەڵگەى کوردیء کۆی دامەزراوەکانی بکەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەو شێوازە سرووشتیەى گۆڕانکاری نابینرێت ، بە تایبەتی ئەوەى کە پەیوەندی بە ململانێ و ناکۆکی نێوان نەوەکانەوە هەیە ، هەمیشە نەوەى کۆن نەوەیەکی خۆپارێزی دەسەڵات پارێزە ، ئەویش نەک لە پێناوى بەرژەوەندییەکانی گەل ، یان گشتدا ، بەڵکو لە پێناوی بەرژەوەندییە تاکەکەسیەکاندا کە ئەویش هەڵقوڵاوی ئەو عەقڵە کۆنسێرڤێتیڤەیە کە نەوەى پێشوو هەڵگرێتی و نایەوێت لە دەستی بچێت . ئێستا پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەم عەقڵیەتە لە سەردەمی ئێستادا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە یان هەروەکو خۆی ماوەتەوە ؟ بۆ ئەم مەبەستەش سەیری دووجۆر لە دامەزراوە دەکەین کە یەکەمیان دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەتە کە سیمای ئاشکرای کۆمەڵگەى کوردییە لە رابردووى دوورەوە بۆ ئێستا . ئەم دامەزراوانە هەروەک خۆیان ماونەتەوەو بە هەمان عەقڵ و تێڕوانینەوە کاردەکەن ، تاکە شتێک کە لەم دامەزراوانەدا بە تایبەتی بە گوێرەى سەرخێڵ و ئاغاو بەگ و شێخ گۆڕاوە بارگاوی بوونیانە بە بەرهەمەکانی مۆدێرنێتە ، نەک بە عەقڵی مۆدێرنێتە ، لە بری خانووی دار ، ئێستا ڤیلاو ئاپارتمانیان هەیە ، لەبری ئەسپ و ماینی ئەوسا ئێستا ریزە ئۆتۆمۆبێلی دوا مۆدێلیان هەیە ، لەبری کێڵگەو زەوی کشتوکاڵی ئێستا کۆمپانیاو بازاڕو بەنزینخانەء ئوتێلیان هەیە .

دامەزراوەى دووەم حیزبە کە لە کوردستاندا وەکو چەندین جاری تر نووسیوومە حیزب جێگرەوەى دامەزراوەى خێڵەو لەسەر هەمان سیستێمی هەرەمی پێکهاتنی خێڵ پێکهاتووەو لەو هەرەمەشدا هەتا سەرخێڵ و پیاوماقوڵانی خێڵ هەبن ، نەوەى نوێ و عەقڵی نوێ و دیدی نوێ نە بوونی هەیەو نە جێگا . ئێستا بە ئاشکرا لە کۆی حیزبەکانی کوردستاندا ئەم دیاردەیە لەبەرچاوە . بۆ نموونە ئەگەر تێکڕایی تەمەن وەربگرێت لە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و زۆربەی حیزبەکانی تریشدا ئەوا تەمەنی بایۆلۆجی دەگاتە سەرووی شەست ساڵ کە ئەوەش تەمەنی خانە نشینییە لە خزمەتی مەدەنیدا ، هەروەک تەمەنی عەقڵی و فیکری و رۆشنبیری و ئەخلاقی زۆرێکیشی لە ئاستی تۆمارکردندا نییە . واتە بە گشتی ئەو نەوەیەی ئێستا لە مەکەتبی سیاسی حیزبەکاندا بە تێکڕایی چوار دەیەیە لە کاردان و لەو ماوە دوورو درێژەشدا لەسەر هەمان ریتم و بە هەمان دیدوبۆچوون و عەقڵەوە کاردەکەن و پێیشیان وایە دەبێ تا مردن لەو پلەو پایانەدا بمێننەوە ، هەرچەندە زۆربەکەمیش دان بە مردندا دەنێن، کە هەمان ئەم عەقڵیەتە لە نێو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرێتیشدا کاردەکات . کەواتە لەبارێکی ئاوەهادا نەوەى پێشوو کۆنترۆڵی کۆی جومگەو پنتەکانی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی حیزب و حکومەتی کردووەو هەموو هەوڵێک دەدات پێگەى خۆی بپارێزێت ، لەو پێناوەشدا رێگا نادات نەوەى نوێ و عەقڵی نوێ و دیدی نوێ بێتە پێشەوە . دیارە ئەگەری ئەوە هەیە لە رووی تەمەنەوە کەسانێکی تەمەن کەمیش لە ناو ئەو دامەزراوانەدا جێگایان بێتەوە بەڵام گومانی تێدانییە ئەوانەش هەڵگری هەمان عەقڵ و دیدو بۆچوونی نەوەى کۆنن . ئاشکراشە هەتا ئەم ستراتیژە لە کۆمەڵگەى کوردی و لە دامەزراوەى حیزبی و بەڕێوەبەرێتی کۆمەڵگەى کوردیدا کار بکات و نەوەى بە عەقڵ و تێڕوانین و دیدوبۆچوونیش نوێ پاسیڤ بکرێت ، ئەوا ئەگەری گۆڕانکاری زۆر لاوازەو هەر بەوپێەش رەوتی بەرەو ئایندەیەکی گەش زۆر سست دەبێت. ،