Kawe-Shirin

گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور : كاوه‌ گه‌رمیانی له‌ به‌رداشی بیری ته‌سكی شیوعی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كگرتوودا

ئه‌و شه‌ڕه‌ نائه‌خلاقییه‌ی كه‌ شیوعییه‌كان له‌ دوای شه‌هیدكردنی كاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كگرتوو و تا ڕاده‌یه‌كیش گۆڕان ده‌ستیان پێكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌واو پڕی كردووم، به‌ڵام وه‌ك ڕێزێك بۆ گیانی ئه‌و هاوڕێ ڕۆژنامه‌نووسه‌مان نه‌مویست شتێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بنووسم، تا ئه‌و كاته‌ی بینینی ئه‌م ڤیدیۆیه‌ ناچار به‌م چه‌ند قسه‌ی كردم .

ئێمه‌ له‌ كاتێكدا هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌نووسمان به‌ دڕندانه‌ ترین شێوه‌ شه‌هیدكراوه‌، له‌ جیاتی هه‌وڵ و فشار بۆ ئاشكرای كردنی تاوانباران و دواتر به‌سزاگه‌یاندنی تیرۆریست و ده‌سته‌كانی پشت ئه‌و تیرۆره‌، براده‌رانی یه‌كگرتوو ده‌ستیان كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی تا چه‌ند پابه‌ندی فه‌رمانه‌ ئایینییه‌كانی ئیسلام بووه‌و چۆن نوێژی كردووه‌و ڕۆژووی گرتووه‌و هه‌موو بابه‌ته‌كه‌یان له‌م ڕووانگه‌و بیره‌ بچووكه‌ی خۆیاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بچووك كردووه‌ته‌وه‌، با له‌وان گه‌ڕێم و ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ هاوڕێیه‌كی كاوه‌ ناتوانێت قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كات ئه‌و شه‌ڕه‌ نائه‌خلاقییه‌ی شیوعییه‌كانه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی كاوه‌ گه‌رمیانی، كاوه‌یه‌ك كه‌ هه‌رچی دین و ئایدۆلۆژیاو چین و توێژو ته‌مه‌نی جیاواز هه‌یه‌، پێكه‌وه‌ هاواری (ئێمه‌ هه‌موومان كاوه‌ین)ی بۆ ئه‌كه‌ن، كه‌چی براده‌رانی شیوعی هه‌ر ڕۆژه‌ په‌لاماری یه‌كێك ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مافی نییه‌ له‌ سه‌ری وه‌ده‌نگ بێت و شه‌قامی بۆ بجووڵێنێت و داوای به‌ سزاگه‌یاندنی بكوژانی بكات .

ئاخر له‌مه‌ نائه‌خلاقی تر ده‌بێت چی بێت؟!!!! تۆ به‌س بۆ ئه‌وه‌ی بته‌وێت شه‌هیدێكی وشه‌ كه‌ هه‌موو كورد شانازی به‌ ڕابردوو و كاره‌كانییه‌وه‌ ده‌كات بیكه‌ی به‌ موڵكی خۆت، ئابه‌م شێوه‌ یه‌خه‌ی خێزانه‌كه‌ی بگریت و هه‌وڵی ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی بده‌یت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بكه‌یت به‌ خاوه‌نی ؟

ئا به‌و شێوه‌یه‌ یه‌خه‌ی ژنێك بگرێت كه‌ ئاگری شه‌هید كردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی و هاتنه‌ دنیای ئه‌و منداڵه‌ی كه‌ باوكی نابینێت ده‌یكوڵێنێت و پێی بێژیت ئه‌و ڕاستیه‌ ڕوون بكه‌ره‌وه‌ كه‌ كاوه‌ گه‌رمیانی شیوعی بووه‌!! كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌وشتی بێت و ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌و ژنه‌ بێ كه‌س و چاره‌ ڕه‌شه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرێت و به‌ دڵی پڕ گریان و چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ بێنێته‌ سه‌ر شاشه‌و داوای لێ بكات كه‌ شیوعی بوونی كاوه‌ گه‌رمیان بسه‌لمێنێت، هه‌قی ئه‌وه‌مان نییه‌ ڕۆژی هه‌زار جار تف له‌ ڕه‌وشتی بكه‌ین ؟

ئاخر كاكه‌ خۆ ئێمه‌ به‌ كاوه‌ گه‌رمیانی غه‌ریب نین و هاوڕێی نزیكی هه‌موومان بوو و بایی ئه‌وه‌نده‌ نزیكایه‌تیمان هه‌بوو كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕاستی بزاین و ئێستا بۆ به‌رچاوی خه‌ڵكی ڕوونبكه‌ینه‌وه‌!

كاوه‌ یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ناو شیوعیدا به‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك دژایه‌تی ئه‌كرا تا گه‌شته‌ ئه‌وه‌ی نوسراوی شاره‌وانی ساخته‌ بكرێت بۆ ناشیرینكردنی و هه‌مووشتان ده‌زانن كه‌ مه‌به‌ستم له‌ كامه‌ نووسراوه‌و كاتی خۆی هات به‌وردی ئه‌وه‌ بڵاو ئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ كێ و چۆن و بۆچی ئه‌و كاره‌تان كرد بۆ ناشیرین كردنی !!!!

ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو هاوڕێیانی كاوه‌ شاهیدی ده‌ده‌ن ئه‌و كوڕه‌تان چۆن نان بڕاو كرد و بۆ نان بڕاوتان كرد و كێ كردی و له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌شی له‌ ساته‌وه‌ختی ناشتنه‌كه‌یدا بۆچی ڕۆژنامه‌نووسانی بێلایه‌ن نه‌یانهێشت به‌یاننامه‌ی شیوعی بخوێنرێته‌وه‌ و دواتر له‌ به‌ر حورمه‌تی هاوڕێكه‌یان بێ ده‌نگ بوون !

كاوه‌ ڕۆژنامه‌نووسێك بوو كه‌ به‌ بابه‌ته‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی خزمه‌تێكی زۆری به‌ هه‌موو چین و توێژو بیرو ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كان ده‌كرد بێ جیاوازی.

هه‌ر بۆیه‌ هه‌موان له‌سه‌ر تیرۆركردنه‌كه‌ی وه‌ده‌نگ هاتین و سه‌رباری ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كه‌شی هه‌مووان بێ ده‌نگ نابین .

به‌ڵام تكایه‌ ئیتر ئێوه‌ بێ ده‌نگ بن و له‌وه‌ زیاتر خۆتان ڕیسوا مه‌كه‌ن، چونكه‌ كاوه‌ ئه‌وه‌نده‌ بچووك نه‌بوو له‌ چوارچێوه‌ بیری ته‌سكی حزبایه‌تی و شیوعی و ئیسلامیدا له‌ قاڵب بدرێت و بچووك بكرێته‌وه‌ . 

  http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=78579&Jor=1